رێكخراوه‌كان:  دانیشتووانی‌ ره‌قه‌ له‌ ره‌وشێكی‌ مرۆیی‌ خراپدان
نیوه‌ی‌ شاره‌كه‌ رزگاركراوه‌ رێكخراوه‌كان: دانیشتووانی‌ ره‌قه‌ له‌ ره‌وشێكی‌ مرۆیی‌ خراپدان ‌ 7/8/2017
كوردستانی‌ نوێ‌-ره‌وته‌كان

له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی‌ شه‌ڕوپێكدادانه‌كان، رێكخراوه‌ مرۆییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هۆشداریی‌ ده‌ده‌ن له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ مه‌وادی‌ خۆراكی‌ له‌نێو شاری‌ ره‌قه‌ی‌ سوریا كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ داخستنی‌ بازاڕه‌ بازرگانییه‌كان، ئه‌وه‌ش وای‌ له‌ دانیشتوان كردووه‌، به‌ ته‌واوه‌تی‌ پشت به‌و خۆراكه‌ عه‌مباره‌كراوه‌ كه‌مه‌ ببه‌ستن كه‌ پێشتر له‌ ماڵه‌كانیاندا كۆیان كردبووه‌وه‌. 
ئه‌و رێكخراوانه‌ كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری‌ شاری‌ ره‌قه‌ چالاكییان هه‌یه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستپێشخه‌ریی‌ «ریچ» كارده‌كه‌ن، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیاندا رایانگه‌یاندووه‌»گه‌ر دانیشتوان له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوودا توانای‌ ئه‌وه‌یان هه‌بوبێت هه‌ندێك خۆراك له‌ بازاڕه‌كان بكڕن، له‌ئێستادا به‌ ته‌واوه‌تی‌ پشت به‌و خۆراكه‌ كه‌مه‌ ده‌به‌ستن كه‌ له‌چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوودا كۆیان كردووه‌ته‌وه‌». 
رێكخراوه‌كان هۆشداریی‌ ده‌ده‌ن له‌ خراپی‌ ره‌وشی‌ مرۆیی‌ دانیشتوانی‌ ره‌قه‌ و رونیده‌كه‌نه‌وه‌، بازاڕه‌كانی‌ فرۆشتنی‌ مه‌واده‌ خۆراكییه‌كان كه‌ له‌چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوودا ناوبه‌ناو ده‌كرانه‌وه‌، له‌ئێستادا به‌ ته‌واوه‌تی‌ داخراون و كارناكه‌ن. 
له‌نێو گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ شاری‌ ره‌قه‌، نان ده‌ستناكه‌وێت و نرخی‌ خۆراكیش به‌ ته‌واوه‌تی‌ رووی‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ش دانیشتوانی‌ ناچار كردووه‌، ژه‌مه‌كانی‌ خواردن كه‌مبكه‌نه‌وه‌، یان به‌ ته‌واوه‌تی‌ ده‌ستبه‌رداریی‌ نان خواردن ببن، ئه‌مانه‌ له‌ به‌یاننامه‌ی‌ رێكخراوه‌ مرۆییه‌كاندا باس كراوه‌.
شاری‌ ره‌قه‌ی‌ سوریا كه‌ به‌ مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ داعش داده‌نرا، بۆ نزیكی‌ دوو مانگ ده‌چێت، شه‌ڕ و پێكدادانی‌ توند له‌نێوان هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات (له‌ هێزه‌ كوردی‌ و عه‌ره‌بی‌ پێكدێت و له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێن) و چه‌كدارانی‌ رێكخراوه‌كه‌ به‌خۆوه‌ده‌بینێت. له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕه‌كانیشه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا، توانراوه‌ نیوه‌ی‌ شاره‌كه‌ له‌ چنگی‌ چه‌كدارانی‌ داعش رزگاربكرێت. 
هه‌ڵمه‌تی‌ «ره‌قه‌ به‌بێ‌ ده‌ه‌نگی‌ سه‌رده‌بڕدرێت» كه‌ چالاكوانانی‌ شاره‌كه‌ له‌خۆده‌گرێت و سه‌رچاوه‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ نێو شاری‌ ره‌قه‌یه‌، هۆشداریی‌ ده‌دات له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ مه‌وادی‌ خۆراكی‌ له‌و شاره‌. 
حوسام عیسا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ چالاكوانانی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌، له‌ مانگی‌ رابردوودا به‌ ئاژانسی‌ «فرانس پرێسی‌» راگه‌یاندبوو»به‌هۆی‌ نه‌مانی‌ ئارد و سوته‌مه‌نییه‌وه‌، هه‌موو فڕنه‌كان داخران و خاوه‌نه‌كانیشیان هه‌ڵاتوون، ئه‌و ئارده‌ی‌ عه‌مباریش كرابوو له‌ئێستادا تێكچووه‌ و به‌كه‌ڵكی‌ خواردن نه‌ماوه‌». 
به‌ وته‌ی‌ ئه‌و چالاكوانه‌ «به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ كاره‌باشه‌وه‌، خه‌ڵك ناتوانێت هیچ خۆراكێك له‌ به‌فرگره‌كاندا عه‌مبار بكات، نه‌بوونی‌ ئاویش وایكردووه‌ نه‌توانن خواردن ئاماده‌ بكه‌ن». 
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئێستای‌ نێو شاری‌ ره‌قه‌ به‌ بیست هه‌زار بۆ په‌نجا هه‌زار كه‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌كات، له‌كاتێكدا ده‌ستپێشخه‌ری‌ «ریچ» باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌نێو شاره‌كه‌دا ماون، ده‌ هه‌زار كه‌س تێناپه‌ڕێنێت و 14 گه‌ڕه‌كی‌ ره‌قه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ چۆڵكراون، یان نیمچه‌ چۆڵن. 
به‌یاننامه‌ی‌ رێكخراوه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ته‌نیا به‌شێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ حكومی‌ ره‌قه‌ كارده‌كات و ته‌نیا خزمه‌تگوزاریی‌ فریاكه‌وتنی‌ سه‌ره‌تایی‌ پێشكه‌ش ده‌كات. 
رێكخراوی‌ پزیشكانی‌ بێسنوریش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیدا كه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوو بڵاویكرده‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌»ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ نه‌خۆش و برینداره‌كان له‌ شاری‌ ره‌قه‌ گیرییان خواردووه‌ و به‌ده‌ست نه‌بوونی‌ چاودێری‌ پزیشكییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و هه‌لێكی‌ كه‌مییان له‌به‌رده‌مدا ماوه‌ تا بتوانن شاره‌كه‌ به‌جێبهێڵن وخۆیان قوتار بكه‌ن». 
نه‌خۆشێكی‌ ته‌مه‌ن (41 ساڵ) كه‌ پارچه‌یه‌ك به‌ر سنگی‌ كه‌وتووه‌ و برینداربووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ر له‌وه‌ی‌ شاری‌ ره‌قه‌ به‌جێبهێڵێت حه‌وت ئه‌ندامی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ له‌ده‌ستداوه‌ ده‌ڵێت،»گه‌ر به‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان نه‌كوژرێیت، ئه‌وا گوللـه‌ هاوه‌نێك ژیانت ته‌واو ده‌كات، گه‌ر به‌ گوللـه‌ هاوه‌نیش تیانه‌چیت، ئه‌وا به‌ گوللـه‌ قه‌ناس، گه‌ر له‌ گوللـه‌كانی‌ قه‌ناسیش قوتارت ببێت، ئه‌وا به‌ مینێكی‌ چێنراوه‌وه‌  ده‌بیت و ده‌مریت».   
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت»گه‌ر سه‌ركه‌وتووبویت له‌وه‌ی‌ به‌ زیندوویی‌ بمێنیته‌وه‌، ئه‌وا دووچاری‌ ئابڵوقه‌ و برسێتی‌ و تونێتی‌ ده‌بیت، نه‌ خواردن هه‌یه‌ نه‌ ئاو نه‌ كاره‌با».  

هه‌ڵمه‌تی‌ رزگاركردنی‌ ره‌قه‌ 
هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات  چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ژێر ناوی‌ «توڕه‌بوونی‌ فورات» ئۆپه‌راسیۆنێكی‌ فراوانیان بۆ رزگاركردنی‌ شاری‌ ره‌قه‌، مۆڵگه‌ی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ «داعش» ده‌ستپێكرد، ده‌ستپێكردنی‌ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ش له‌كاتێكدابوو كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ رزگاركردنی‌ شاری‌ موسڵدا له‌ چنگی‌ داعش، زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌یان كۆنترۆڵكردبۆوه‌. 
له‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ رزگاركردنی‌ شاری‌ ره‌قه‌، نزیكه‌ی‌ 30 هه‌زار شه‌ڕڤان كه‌ له‌ لایه‌نه‌ كوردی‌ و عه‌ره‌بییه‌كان پێكهاتوون و له‌ژێر ئاڵای‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكراتدان به‌شداریی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ وته‌ی‌ جیهان شێخ ئه‌حمه‌د وته‌بێژی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ كه‌ له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا له‌ شاری‌ سه‌رێ‌ كانی‌ (50 كلم باكووری‌ ره‌قه‌) رایگه‌یاندبوو.
ته‌ڵاڵ سه‌لۆ وته‌بێژی‌ سه‌ربازی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكراتیش رایگه‌یاندبوو، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌، له‌و رووه‌شه‌وه‌ له‌گه‌ڵ واشنتۆن له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی‌ رۆڵی‌ توركیا و گروپ و لایه‌نه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ له‌ شه‌ڕی‌ رزگاركردنی‌ ره‌قه‌دا، رێكه‌وتوون.   
ژووی‌ عه‌مه‌لیاتی‌ «توڕه‌یی‌ فورات» یان غه‌زه‌بی‌ فورات، داوای‌ له‌ كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كردبوو، یارمه‌تی‌ لۆجستی‌ و مه‌عنه‌وییان پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام پێداگریی‌ له‌سه‌ر «رزگاركردنی‌ شاره‌كه‌ كردبۆوه‌ به‌ ده‌ستی‌ رۆڵه‌كانی‌ له‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركمان له‌ چنگی‌ هێزی‌ تیرۆریستی‌ جیهانی‌ تاریك په‌رستی‌ داعشی‌». 
ئه‌و راگه‌یاندنه‌ دوای‌ چه‌ند كاتژمێرێك بوو له‌ داواكارییه‌كه‌ی‌ فه‌ره‌نسا له‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕی‌ رزگاركردنی‌ شاری‌ ره‌قه‌ كه‌ له‌و ده‌مه‌دا شه‌ڕه‌كانی‌ رزگاركردنی‌ شاری‌ موسڵ له‌ عیراق به‌ڕێوه‌ده‌چوون كه‌ له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 2014دا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ داستی‌ به‌سه‌ردا گیرابوو.  
فه‌ره‌نسا له‌پاش ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، دووه‌م گه‌وره‌ترین به‌شداربووی‌ نێو هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌ دژی‌ داعش. 
داعش له‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2014دا ده‌ستی‌ به‌سه‌ر شاری‌ ره‌قه‌دا گرت و له‌ مانگی‌ ئابی‌ هه‌مان ساڵدا پارێزگاكه‌ی‌ كۆنترۆڵ كرد كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ كێڵگه‌ی‌ نه‌وت و لۆكه‌ و گه‌نم، دواتر زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی‌ سنوری‌ پارێزگاكه‌ به‌ده‌ستی‌ كورده‌كان رزگاركران كه‌ ده‌ركه‌وتووترینیان، گرێ‌ سپی‌ و سه‌رێ‌ كانێ‌ بوون.   

نیوه‌ی‌ شاره‌كه‌ رزگاركراوه‌ 
روانگه‌ی‌ سوریا بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ رایگه‌یاندووه‌، هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات كه‌ له‌ كورد و عه‌ره‌ب پێكدێن و له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێن، توانیویانه‌ نیوه‌ی‌ شاری‌ ره‌قه‌ له‌ماوه‌ی‌ دوو مانگدا له‌ چنگی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ «داعش» رزگاربكه‌ن. 
رامی‌ عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ روانگه‌ی‌ سوریا ده‌ڵێت، هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات له‌ئێستادا 50%ی‌ شاری‌ ره‌قان كۆنترۆڵكردووه‌، وێڕای‌ ئه‌و مقاوه‌مه‌ تونده‌ی‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ داعشه‌ له‌ شاره‌كه‌دا هه‌یه‌.
هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات، دوای‌ چه‌ند مانگێك له‌ شه‌ڕو پێكدادان له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ ده‌وروبه‌ری‌ شاره‌كه‌، توانیان له‌ 6ی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوودا بچنه‌ نێو شاری‌ ره‌قه‌ كه‌ به‌ مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ «داعش» له‌ سوریا داده‌نرا. 
  له‌و ده‌مه‌وه‌ شه‌ڕڤانان توانییان به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر پێشڕه‌وییه‌كانیان تا ئه‌و كاته‌ی‌ ده‌ستییان به‌سه‌ر ناوه‌ڕاستی‌ شاره‌كه‌دا گرت. 
ئۆپه‌راسیۆنی‌ رزگاركردنی‌ شاری‌ ره‌قه‌ له‌ چنگی‌ داعش، به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، وێڕای‌ كۆمه‌كی‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌ و به‌شداریی‌ راوێژكاره‌ تایبه‌ته‌كان له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا. 
له‌ئێستادا داعش هیوابڕوا بووه‌ له‌وه‌ی‌ بتوانێت له‌ شاره‌كه‌دا بمێنێته‌وه‌ و له‌ ڕووبه‌ڕبوونه‌وه‌كانیدا، ئۆتۆمبێلی‌ بۆمبڕێژكراو و كه‌سانی‌ خۆكوژ و ئه‌و فڕۆكه‌ بچوكانه‌ به‌كارده‌هێنێت كه‌ به‌ ریمۆنت كۆنترۆڵ به‌ڕێده‌خرێن.   
  
 پێگه‌ی‌ شاری‌ ره‌قه‌ 
شاری‌ ره‌قه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكووری‌ سوریا و سه‌نته‌ری‌ پارێزگای‌ ره‌قه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ كه‌ناری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ روباری‌ فورات و نزیكه‌ی‌ 160 كیلۆمه‌تر له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ شاری‌ حه‌ڵه‌به‌وه‌ دووره‌.
له‌ ناوه‌ڕاستی‌ ساڵانی‌ حه‌فتای‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌، ئابوری‌ ره‌قه‌ پشت كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان و به‌ ئاوی‌ فورات ده‌به‌ستێت بۆ كشتوكاڵ.
ره‌قه‌ مۆزه‌خانه‌یه‌كی‌ مێژوویی‌ بچوك له‌خۆده‌گرێت و پرۆسه‌كانی‌ هه‌ڵكۆڵین له‌و شاره‌دا بووه‌ مایه‌ی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ چه‌ندان شوێنه‌واری‌ گرنگ كه‌ مێژووه‌كه‌یان بۆ سه‌رده‌می‌ عه‌باسییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ (1258 ز). 
گرنگترین ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی‌ ماونه‌ته‌وه‌ له‌ شاره‌كه‌دا، كۆشكی‌ عه‌زارا یان كۆشكی‌ به‌نات، مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ كه‌ له‌ سه‌ده‌ی‌ نۆی‌ زاینی‌ دامه‌زراوه‌. شاره‌كه‌ نزرگه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك پیاوه‌ گه‌وره‌كانی‌ تێدایه‌ له‌وانه‌ (عه‌مماری‌ كوڕی‌ یاسر و وه‌یسی‌ قه‌ره‌نی‌). 
به‌پێی‌ دوایین ئامار، ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ شاری‌ ره‌قه‌ به‌ زیاتر له‌ 220 هه‌زار كه‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت. 

مێژووی‌ دروستبوونی‌ شاری‌ ره‌قه‌
 ره‌قه‌ له‌ ساڵی‌ 244 یان 242ی‌ پێش زایین دامه‌زراوه‌ و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ناوی‌ كالینیكۆسی‌ لێنراوه‌ كه‌ بۆ سلۆقسی‌ یه‌كه‌م دامه‌زرێنه‌ری‌ شاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌ هه‌مان ناویش ده‌ناسرێت (هه‌ندێك ده‌ڵێن، ناوه‌كه‌ بۆ  كالینیكۆس فه‌یله‌سوفی‌ یۆنانی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ پێده‌چێت له‌ شاری‌ ره‌قه‌ كۆچی‌ دوایی‌ كردبێت). 
له‌ سه‌رده‌می‌ بیزه‌نتینییه‌كاندا شاره‌كه‌ سه‌نته‌ی‌ ئابوری‌ و سه‌ربازیی‌ بووه‌. 
له‌ ساڵی‌ (639 ز) دا له‌لایه‌ن سوپای‌ عه‌ره‌بی‌ ئیسلامی‌ شاره‌كه‌ كۆنترۆڵكراوه‌ و ناوی‌ ره‌قه‌ی‌ به‌سه‌ردا دراوه‌ كه‌ له‌ڕووی‌ زمانه‌وانییه‌وه‌ مانای‌ به‌ردێكی‌ رووته‌خت ده‌گه‌یه‌نێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP