چوونە زانكۆ چیتر بڕیارێكی ئاسان نییە
چوونە زانكۆ چیتر بڕیارێكی ئاسان نییە ‌ فه‌یسه‌ڵ عه‌لی‌ 10/8/2017
بە حوكمی كۆمەڵێك هۆكار، زۆرێكمان، دوای راگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی شەشی ئامادەیی، رووبەڕووی پرسیارێكی ئاسان لە هەمان كاتیشدا زۆر قورس دەبینەوە، ئەویش چ كۆلیجێك یان بەشێك باشە مناڵەكەم تێیدا درێژە بە خوێندنەكەی بدات.

پەرەسەندنی شێوازی ژیان‌
كورتەی تویژینەوەیەكم بەرچاوكەوت كە لەلایەن (سەنتەری پەروەردەو بازاڕی كار) سەر بە زانكۆی (جۆرج تاون)ی ئەمێركییەوە، بە ناونیشانی (رێگەكان بۆ بازاڕی كار ... پێنج رێگەی پەیوەندیی نێوان كۆلیج‌و وەزیفەیە) بڵاوكراوەتەوە، كە یارمەتیدانی خوێندكاران‌و خێزانەكانیان‌و خاوەنكاران بە زەرور دەزانێت، كە قۆناغی دوای ئامادەیی (زانكۆ)یان بۆ بخرێتەڕوو و بەهای ئەو قۆناغە لەبازاڕی كار روون بكریتەوە. 
توێژینەوەكە نیشانی دەدات، لەگەڵ ئەوەی دەرچووانی ئامادەی دڵخۆشن بەوەی پەیوەندییان بە زانكۆكانەوە كردووە، هەندێكیان پەشیمانییان پێوە دیارە، زیاتر لە نێوەشیان ئارەزووی گۆڕینی پسپۆڕی یان كۆلیجەكەیان دەكەن، ئەگەر هاتوو دەرفەتیان هەبێت. ئەوەی ئەم پرسە ئاڵۆزتر دەكات لای خۆمان ساڵ بەساڵ رێژەی دەرچووانی ئامادەیی زیاد دەكات. هەمووان كۆكین لەسەر ئەوەی خوێندنی دوای ئامادەیی‌و راهێنان زۆر پێویستە بە ئاستێكی ئێجگار زۆر لەگەڵ پێداویستییەكانی بازاڕدا لێكنزیك بن، بۆ ئەوەی خوێندكاران‌و راهێنراوان شارەزایی پێویست‌و كارامەیی گونجاویان پێ بدرێت‌و بتوانن لێوەی پێداویستییەكانی ئابووریی سەدەی بیست‌و یەك پڕبكەنەوە، ئەو بۆشایی لێهاتوویی‌و كارامەییەی هەیە نەهێڵن، بەتایبەتی كە بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی بازاڕی كار بەخۆیەوە دەیبینێت‌و بەهۆی گۆڕانی تەكنەلۆجیاو پەرەسەندنی شێوازی ژیان‌و پێداویستییەكانی پیشەسازی، بەردەوام پیشەی نوێ دروست دەبێت. 

هەڵكشانی رێژەی بێكاری
لای خێزانەكانەوە دەرچوونی خوێندكارەكانیان لە ئامادەیی‌و چوونە زانكۆیان بە گەورەترین سەرمایەگوزاریی خۆیان دەزانن كە بەشداری لە بەرزكردنی ئاستی داهاتی تاك‌و خێزانەكانیان دەكات، سەرەتای چوونە نێو چینی مامناوەندەوەیە، لێرەدا ئەمە وردەكارییەكی زۆری دەخوازێت كە چۆن ئەو پسپۆڕی‌و كۆلیجە دەستنیشان دەكرێت كە لەگەڵ بازاڕی كاردا دەگونجێت، بەوەی لەگەڵ مەیل‌و تواناو لێهاتوویی كەسی خوێندكاریشدا بگونجێت، ناكرێ لەمەدا نەرمی بنوێنرێت، چونكە ئەم بڕیاری چارەنوسسازەو رێڕەوی ژیانی مرۆڤەكان دەگۆڕێت.
لەلایەن زانكۆكانیشەوە. دەبێ بەردەوام هەوڵی دەستەبەركردنی پێداویستییەكانی بازاڕی كار بدەن‌و بژاردەكانی بەردەم خوێندكاران فراوان بكەن، هاوكات یارمەتیدەریان بێت بۆ دەستنیشانكردنی ئەو پسپۆڕییەی كە دەبێتە یارمەتیدەریان لە بازاڕی كاردا، بۆئەوەی دوای دەرچوونیان  وەزیفەیەكی گونجاو بدۆزنەوە، ئەمەش دەخوازێت هەماهەنگی زۆر ورد لەنێوان وەزارەتەكاندا هەبێت بۆ دەستنیشانكردنی ئەو پسپۆڕییانەی لانیكەم كە تا 10 ساڵی تر بازاڕی كار پێویستی پێی دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانگارییانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێكرا. نەبوونی ئەم هەمانگییە بەرپرسی یەكەمی هەڵكشانی رێژەی بێكارییە، بەتایبەتی كە ئێستا زۆرینەی ئەوانەی بێكارن دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكانن.

سیستمی خوێندن‌و بازاری كار
 لێرەدا ئەوە ئەركی وەزارەتی خوێندنی باڵایە كە هەنگاوی كارا بۆ دروستكردنی ئەو هەماهەنگییە بدات لەگەڵ وەزارەتەكانی تردا، هەروەها بەدیوەكەی تریشدا ئەم كارە بەرپرسیارێتی دوو وەزارەتی تریشە، كە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتییە، كە هەست ناكرێ بایەخی بەم لایەنە دابێت، ئەویتریشیان وەزارەتی پلاندانانە كە هیچ حزورێكی لەهیچ كێشەو گرفتێكی ئەم هەرێمەدا نییە، پێكەوە سیستمێكی گشتگیر بۆ تەوزیف دابنێن، كە ئاسانكاری بۆ خوێندنی باڵاو پەروەردەو لایەنەكانی تەوزیف، خوێندكاران‌و خێزانەكانیان، بكات‌و بەرچاویان روون بكات كە خوێندكاران بە چ ئاراستەیەكدا هەنگاو بنێن، چونكە ئیستا هیچ شتێك فەراهەم نییەو هیچ داتاو زانیارییەك نییە كە لە پڕۆسەی بڕیاردان هاوكار بێت، خوێندكاران ئارەزووی ئەو كۆلیج‌و پسپۆڕییانە دەكەن كە دوای دەرچوونیان وەزیفەیان لێوەی دەست بكەوێت، ئەم ئارەزووە پشت ئەستور نەكراوە بەداتاو زانیاری، بەڵكو لەسەر بنەمای یەك دوو پرسیاری‌و خۆی خێزانەكەی كە زۆربەی كات پرسیارو وەڵامەكەیشی كە وەریدەگرن سەرپێین،  لەبەر ئەوە بوونی بەرنامەی رێنوێنی خوێندكارانی ئامادەیی‌و چۆنێتی دەستنیشانكردنی پسپۆڕیی، هەروەها ئەو وەزیفانەی بۆیان رەخساوە، چۆنێتی دەستنیشانكردنی پیشە كە لەگەڵ لێهاتوویی‌و ئارەزوو و مەیلی كەسەكاندا گونجاو بێت، ئێجگار پێویستە.
هەماهەنگی‌و تەواوكاریی نێوان سیستمی خوێندن‌و بازاری كار، بۆ رێكخستنی خستنەڕوو و خواست، پاشان رەخساندنی داتاو زانیاریی ورد بۆ دەرچووانی ئامادەیی‌و خێزانەكانیان شێواوی‌و دوودڵی خوێندكاران لەگەڕان بەدوای پسپۆڕییەكی گونجاو كەم دەكاتەوە، زامنی بەدەستهێنانی وەزیفەیەكی گونجاوی بۆ دەكات دوای ئەوەی زانكۆ تەواو دەكات.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP