پزیشكێك: له‌ %99 ی‌ كێشه‌ی‌ ژن‌و مێرد له‌ ژووری‌ نـووسـتـنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت
پزیشكێك: له‌ %99 ی‌ كێشه‌ی‌ ژن‌و مێرد له‌ ژووری‌ نـووسـتـنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت ‌ 12/8/2017
ئازاد جەلال
به‌شێك له‌ژنان گله‌ییان له‌پیاوه‌كانیان هه‌یه‌، به‌وه‌ی‌ كه‌ له‌مه‌سه‌له‌ سه‌رجێیدا خۆپه‌رستن‌و هیچ حسابێك بۆ ژن ناكه‌ن. به‌وته‌ی‌ هه‌ندێك له‌ ژنان به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌ردانی‌ سه‌نته‌ره‌ خێزانیه‌كانیان كردووه‌‌و به‌شێكیشیان داوایان له‌دادگا تۆماركردووه‌ ‌و داوای‌ جیابوونه‌وه‌یان كردووه‌. 
شاره‌زیانی‌ بواری‌ كۆمه‌ڵایه‌ت‌و ده‌روونیش هۆكاری‌ سارد و سڕیه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماندوویی و ڕۆتینی‌ ژیانی‌ ڕۆژانه‌‌و نه‌شاره‌زایی له‌ده‌روونی‌ یه‌كتری‌.
د. هیبه‌ قوتب، پسپۆڕی‌ بواری‌ خێزانی‌  له‌گرته‌یه‌كدا كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوبوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: له‌%99 ی‌ كێشه‌ی‌ نێوان ژن‌و پیاو له‌ژووری‌ نووستنه‌وه‌ ده‌ست پیده‌كات. هه‌ر ژنێك وتی‌: پیاوه‌كه‌م ڕزیله‌، یان دڵیپیسه‌، یان ڕێزی‌ باوك‌و دایكم ناگرێ‌،  هۆكاری‌ بنه‌ڕه‌تی‌ نیه‌ بۆ بڕیاردانی‌ جیابوونه‌وه‌، چونكه‌ بڕیاردان بۆ جیابوونه‌وه‌ قورسه‌. 
  توێژه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ دادگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش دووپاتی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ سێكسی‌  په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌ جیابوونه‌وه‌وه‌وه‌. 

پاساوی‌ ژنان بۆ جیابوونه‌وه‌
نازه‌نین، ناوزی‌ خوازاوه‌ بۆ ژنێك كه‌ داوای‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر مێرده‌كه‌ی‌ به‌ هۆكاری‌ فه‌رامۆشكردنی‌ له‌ لایه‌ن پیاوه‌كه‌یه‌وه‌ تۆماركردووه‌. وتی‌: به‌شێكی‌ زۆری‌ پیاوانی‌ كورد خۆپه‌رستن، ته‌نیا به‌ شوێن خۆشی‌ خۆیانه‌وه‌ن. هه‌روه‌ها وتی‌: كه‌ له‌ په‌یوه‌ندی‌ سه‌رجێی‌ ته‌واو بوون بێ‌ گوێدانه‌ خواستی‌ به‌رامبه‌ر ده‌ڕۆنه‌ دواوه‌. من وه‌ك خۆم  هه‌ستم به‌تاوان ئه‌كرد، ئه‌ویش وای‌ ئه‌زانی‌ هاتۆته‌ لای‌ له‌شفرۆش،  یه‌كسه‌ر ده‌ڕۆیشت جا بۆ ده‌ستی‌  خۆم ماچ نه‌كه‌م  له‌منه‌تی‌ مێرده‌كه‌م باشتره‌....
به‌شێكی‌ تر له‌ ژنان جه‌خت له‌ قسه‌كانی‌ نازه‌نین ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن: پیاوان به‌ ئاره‌زووی‌ خۆیان ده‌جووڵێنه‌وه‌.
ئاواز، ناوی‌ خوازراوه‌ بۆ ژنێكی‌ ته‌مه‌ن (35) ساڵ  وتی‌: خۆ بۆ برنج‌و شله‌ شووم نه‌كرده‌، له‌ ماڵی‌ باوكیشم پاروویه‌ك نان هه‌بوو.  پیاوه‌كه‌م سارده‌ له‌گه‌ڵم. زیاتر وتی‌:  من هه‌ست به‌ توانای‌ جنسی‌ خۆم ده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌و ته‌نیا به‌  پانزه‌ ڕۆژ جارێك ده‌هاته‌ لام، ئه‌ویش ئه‌و كاتانه‌ی‌ كه‌ من هه‌ستم نه‌بوو، ده‌كه‌وتمه‌ ژێر پاڵه‌ستۆی‌ ده‌روونیه‌وه‌، هه‌ستم به‌ كه‌می‌ ده‌كرد، ئه‌م باسه‌م بۆ ده‌سته‌ خوشكێكی‌ خۆم كرده‌وه‌ ئه‌ویش به‌لایه‌وه‌ سه‌یر بوو. كه‌  ئێمه‌ له‌و ته‌مه‌نه‌داین و به‌و شێوه‌ ژیان ده‌به‌ینه‌ سه‌ر. جا من كه‌ بۆ خۆم نه‌ژیم منداڵ چیه‌. خۆ من كارگه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ منداڵ نیم، بۆیه‌ بڕیارمداوه‌ ده‌ست له‌ هه‌موو مافێكی‌ خۆم هه‌ڵگرم و داوای‌ جیابوونه‌وه‌ بكه‌م...
شاره‌زیانی‌ بواری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هۆكاری‌ ساردو سڕی‌ نێوان خێزان ده‌گه‌ڕێنه‌ بۆ ڕۆتینی‌ ژیانی‌ ڕۆژانه‌..
توێژینه‌وه‌كان باسله‌وه‌ ده‌ه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندی‌ سۆزداری‌ نێوان ژن‌و مێرد ته‌نیا دوو ساڵ و چه‌ند مانگێگ بڕ ده‌كات، دوای‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بارگاوی‌ بوونه‌وه‌ی‌ سۆزداری‌ له‌نێوان خێزانه‌كاندا  نه‌بێت ورده‌ ورد ساردو سڕی‌ ڕوویان تێده‌كات. كه‌ شاره‌زایانی‌ بواری‌ ده‌روونی‌ ناویان ناوه‌ جیابوونه‌وه‌ ڕۆحی‌. 
ئێستا بۆ زۆر له‌ ژنان دوای‌ ده‌ ساڵ له‌ پڕۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیریی  مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌رجێیی‌ ده‌بێته‌ شتێكی‌ كه‌م بایه‌خ‌و گرنگی‌ پێناده‌ن. 
ئاشتی‌ ته‌مه‌ن (45) ساڵ  ماوه‌ی‌ (18) ساڵه‌ شوویكردووه‌. له‌سه‌رتادا  ژیانێكی‌ ئارامیان به‌ڕێكردووه‌. وتی‌:  به‌ڵام له‌ ئێستادا پیاوه‌كه‌م له‌سه‌ربان ده‌خه‌وێ‌ و من له‌ خواره‌وه‌. ئه‌و له‌ سه‌رقه‌نه‌فه‌ و من له‌سه‌ر ئه‌رز، ئیتر نازانم خێزانم خێزانه‌كانی‌ تریش وه‌ك من وابن، یان نا، به‌ڵام  ژن كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ت لێ‌ ده‌رهێنا هه‌ست به‌ زیاده‌یی ده‌كات، ئێ‌ قۆڕی‌ كوێ‌ بكه‌م به‌سه‌رما. 
توێژه‌رێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هۆكاری‌ جیابوونه‌وه‌ و سێكس ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ڕێژه‌ی‌ كێشه‌ی‌ نێوانیان‌و ئه‌و تێڕوانینه‌ی‌ پیاو بۆ ژن هه‌یه‌تی‌ وه‌ك ئامڕازی‌ خۆ خاڵیكردنه‌وه‌. 
به‌ بڕوای‌ ئه‌و پیاو كه‌ ناتوانێ‌ په‌یوه‌ندی‌ سه‌رجێی‌ بكات له‌وانه‌یه‌ ماندوو بێت، یان ڕۆتینی‌ ژیانی‌ ڕۆژانه‌  هه‌موو ڕۆژێك وه‌ك یه‌ك، گۆڕانكاری‌ تیا نیه‌، ئیتر به‌و هۆیه‌وه‌ كێشه‌ دروست ده‌بێت. زۆر جار نه‌خۆشیش له‌وانه‌یه‌ هۆكار بێت، خۆ له‌م وڵاته‌ پشكنین ناكه‌ن... 
ئاراز ئه‌نوه‌ر ـ له‌ ڕێكخراوی‌ خێزان بۆ ڕۆشنبیری تاك، به‌ كوردستانی‌ نوێی‌ وت:  لێره‌ سێكس وه‌ك شتێكی‌ لاوه‌كی‌ له‌ ناو خێزاندا سه‌یر ده‌كرێ‌، گرنگی‌ پێنادرێ‌،  ته‌نیا له‌ بیركردنه‌وه‌ماندا هه‌یه‌ و له‌ سه‌رئاو گه‌رمادا  ده‌مێنێته‌وه‌ و نایه‌ته‌ ناو ژووری‌ نوستنه‌وه‌‌و فه‌نتازیای‌ تیانیه‌  بۆیه‌  ئه‌م كێشانه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ن. وتی‌: سێكس دڵنیایی ئارامی‌ و ده‌روونیه‌ بۆ ژن هه‌ر ژنێك ڕێژه‌ی‌ مێنیه‌یی خۆی‌ به‌نده‌ به‌ توانای‌  جا ئه‌و توانایه‌ خۆی‌ ناتوانێت وه‌گه‌ڕی‌ بخات، داینه‌مۆی‌ ئیشكردنه‌كه‌ی‌ پیاوه‌. پیاو كه‌ هیچ شاره‌زاییه‌كی‌ نه‌بوو، ئه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ ده‌بی. پیاو كه‌ تێر بوو شه‌ڕ ده‌فرۆشێ‌.  
قبووڵی‌ ناكه‌ن 
ئه‌و توێژه‌ره‌ زیاتر وتی‌: ئێستا كرانه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌: تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، گۆڤار، ته‌له‌فزیۆن هه‌یه‌. وشه‌ و زاراوه‌ ده‌بیستن جاران باوه‌ڕ ناكه‌م یه‌ك ژنی‌ كورد گله‌یی ئه‌وه‌یكردبێت، به‌ڵام ئێستا ژنان مافی‌ خۆیانه‌  كه‌ داوا له‌پیاوه‌كانیان بكه‌ن ئه‌و مافه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات..
زۆر له‌ ژنان گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پیاوه‌كانیان له‌ په‌یوه‌ندی‌ سه‌رجێی‌ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ داوای‌ جیابوونه‌وه‌یان كردووه‌ به‌دوای‌ مافی‌ یاسایی خۆیان كه‌وتوون. شاره‌زایانی‌ بواری‌ یاسایش بۆچوونی‌ خۆیان هه‌یه‌.   
ئه‌رده‌ڵان فاتیح ـ پارێزه‌، به‌ كوردستانی‌ نوێی‌ وت:  ئه‌گه‌ر ژن به‌هۆی‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ سێكسییه‌وه‌ سكاڵا له‌ پیاوه‌كه‌ی‌ بكات پیاوه‌كه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ پزیشكی‌ ئه‌كرێ‌، ئه‌گه‌ر ڕاپۆرتی‌ پزیشكی‌ وتی‌: چاره‌سه‌ری‌ هه‌یه‌، پیاوه‌كه‌ ناتوانێت داوای‌ جیابوونه‌وه‌ بكات، به‌ڵام ژنه‌كه‌ ده‌توانێت داوای‌ جیابوونه‌وه‌ بكات. 
له‌باره‌ی‌ ئه‌و پیاوانه‌ی‌ كه‌ مافی‌ سێكسی‌ ژنه‌كانیان  ناده‌ن وتی‌: ئه‌مه‌ هۆكارێكه‌ بۆ جیابوونه‌وه‌.

ڕێنمایی توێژه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌: 
ژنان گرنگی‌ به‌ ڕووخساری‌ خۆیان بده‌ن‌و به‌ پاساوی‌ منداڵبوون خۆیان به‌ركه‌نار نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر مه‌كسییه‌كی‌ پرته‌قاڵی‌ یان په‌مه‌یی له‌به‌ركه‌ی‌  كاتێك هاوسه‌ره‌كه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڕووی‌ خۆشه‌وه‌ به‌ پیاوه‌كه‌ی‌ بڵێ: پیاوه‌كه‌ به‌خێر بێیته‌وه‌  له‌وانه‌یه‌ وا نه‌كه‌وێته‌وه‌. 
وه‌ك سه‌رده‌می‌ كچێنی‌ تۆزێك ناز بكه‌، هه‌وڵ بده‌ بۆنی‌ تام‌و پیازت لێنه‌یه‌ كه‌ پیاوه‌كه‌ت هاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وه‌سڵی‌ پاره‌ی‌ موه‌لیده‌كه‌یش هاتبوو، یه‌كسه‌ر مه‌ڵێ‌، ئه‌وا پاره‌ی‌ موه‌لیده‌یش هاتووه‌ تۆزێك چاوه‌ڕوان كه‌ با پشووو بدات، مه‌ڵێ‌ ئه‌وه‌ یه‌ك ده‌نك زه‌خیره‌ له‌م ماڵه‌دا نه‌ماوه‌ په‌رداخێك ئاوی‌ بۆ بێنه‌.   
بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ لاوانمان به‌شداری‌ ئه‌و خولانه‌ بكه‌ن كه‌ پێش گواستنه‌ی‌ ژن بۆیان ده‌كرێته‌وه‌  مامۆستای‌ خوله‌كانیش كه‌سانی‌ شه‌رمن نه‌بن به‌ڕاشكاوی‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ سێكسیه‌كان بدوێن و ڕۆشنبیری‌ سێكسی‌ زانستی‌ ببه‌خشن به‌و ژن‌و مێردانه‌ی‌ تازه‌ ده‌چنه‌ پڕۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیرییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕۆشنبییریی سێكسی‌ به‌ڕه‌ڵایی وه‌رنه‌گرن، له‌سه‌ر پیاوانیش پێویسته‌ ڕه‌چاوی‌ باری‌ ده‌روونی‌ ژن بكه‌ن، ده‌مه‌ چیت لێ‌ كه‌مه‌، تۆیش چه‌ند سه‌عاتێك بۆ خێزانه‌كه‌ت دانێ‌، جه‌ریده‌یه‌ك مه‌نێ‌ به‌سه‌رته‌وه‌ بیخوێنیته‌و تۆزێك باسی‌ ژیانی‌ ئه‌و ڕۆژه‌تی‌ بۆ بكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ چیت بینیوه‌ بۆی‌ بگێڕه‌ره‌وه‌‌و گه‌شبینانه‌ بدوێ‌. ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ بێت ئه‌وا  ژن یه‌كسه‌ر سكاڵاكه‌ی‌ ده‌كشێنێته‌وه‌، ته‌نات  ئه‌گه‌ر كه‌ل‌و په‌له‌كانی‌ كۆكردبوه‌وه‌‌و ویستبووی‌ بڕواته‌وه‌ بۆ ماڵی‌ باوكی‌ ته‌كسیه‌كه‌ ئیزن ده‌دا، ئێ‌ خۆ حه‌رام نیه‌ 
ماچێكی‌ بكه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7346
21/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ وه‌رزی نوێی NBA -دا (1230) یاریی دەکرێت 21/8/2017
‌ شاراپۆڤا داوه‌تنامه‌ی‌ گراندسلامی ئه‌مریكای پێشكه‌ش كرا 20/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP