״كه‌ژاڵ״ بۆ واتـكرد بتكوژم!!
״كه‌ژاڵ״ بۆ واتـكرد بتكوژم!! ‌ 12/8/2017
نازم دڵبه‌ند
2-2
-مه‌حاڵه‌..چونكه‌ دڵنیام من‌و تۆ بۆ یه‌ك ده‌بین.    
به‌پێكه‌نینه‌وه‌ هه‌ڵسایه‌وه‌‌و هه‌ردووكمان بڕیارماندا بچینه‌ یانه‌ی خوێندكاران دوو له‌فه‌ی (فه‌لافل) بخۆین، دیسان مه‌رجی ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌بێ ئه‌و پاره‌ بدات.
سه‌رباری هه‌موو رێگه‌ییه‌ك له‌ ماڵی ئێمه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی بێبه‌شی كردنم له‌ خانه‌واده‌‌و ماڵ‌و سه‌رمایه‌‌و موڵك‌و ماڵ، هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ندێ له‌ خزمانم، هاتنیان بۆ لای (كه‌ژاڵ)‌و دروستكردنی قسه‌ی جۆراوجۆر، به‌ڵام من بڕیاری خۆمدا‌و دواجار به‌ته‌نها چوومه‌ ئه‌و ماڵه‌ ئاساییه‌ی (داره‌تو) ‌و داوای ده‌ستی (كه‌ژاڵ)م كرد، ئه‌وه‌ی ته‌نها دڵی خۆشده‌كردم (ئاوات) بوو، هه‌میشه‌ بۆم ده‌گریا‌و پشتی ده‌گرتم، ئه‌ویش وه‌كو من بیری ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام زۆر به‌ دزییه‌وه‌، هه‌رهێنده‌ی ده‌رفه‌تی بۆ بڕه‌خسایه‌ ده‌هاته‌ ژووره‌كه‌م‌و دڵی ده‌دامه‌وه‌‌و هانی ده‌دام‌و ده‌یگوت:
(زه‌مانێكی سه‌یره‌ مرۆڤه‌كان ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی پاره‌ن ئاماده‌ن رێگا له‌ دڵه‌كانیش بگرن، برای ئازیزم را‌و ئاره‌زووی خۆت هه‌مووش تێكه‌ لێی په‌شیمان مه‌به‌وه‌)
یه‌ك، دووجاریش هه‌ر به‌ دزییه‌وه‌ له‌ زانكۆ، (كه‌ژاڵ) ی بینی، بۆ ته‌واوی چووبوه‌ ناو دڵیه‌وه‌ هه‌م له‌ جوانی‌و هه‌م له‌ هه‌ڵسوكه‌وت‌و خۆڕه‌وه‌شته‌وه‌.
من‌و(كه‌ژاڵ) ژیانمان دروستكرد
دوای چه‌ند رۆژێك من‌و(كه‌ژاڵ) پێكه‌وه‌ رێگای دادگامان گرته‌به‌ر‌و به‌پێی یاسا ژیانی هاوسه‌رێتیمان دروستكرد، ئه‌و رۆژه‌ هیچ كه‌سێكم نه‌هاته‌ به‌رچاو ته‌نها (كه‌ژاڵ) نه‌بێ، به‌پێكه‌نینه‌وه‌ چووینه‌ به‌رده‌م دوكانی(گه‌س‌و فه‌لافل) فرۆشێكه‌وه‌ گوتی:
هاوڕێ گیان..با دوو له‌فه‌ی فه‌لافل بخۆین، چونكه‌ ده‌بێ من‌و تۆ له‌ له‌فه‌ی فه‌لافل-ه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین، بووبه‌ پێكه‌نینی هه‌ردووكمان، زه‌نگی مۆبایله‌كه‌م هات (ئاوات) بوو به‌گریانه‌وه‌ پیرۆزبایی لێكردم‌و گوتی: گه‌وره‌ترین ئاواتی من ئه‌وه‌بوو له‌ ئاهه‌نگی بوك گواستنه‌وه‌ی برا تاقانه‌كه‌م ئاماده‌بم، به‌ڵام مێشكه‌ ژه‌نگرتووه‌كان نه‌یانهێشیت، زۆر ده‌ترسم چاره‌نوسی منیش وه‌كو تۆ بێ.
چاوه‌كانم سورهه‌ڵگه‌ڕان‌و له‌ناخه‌وه‌ به‌ كوڵ ده‌گریام، به‌ڵام له‌و شه‌قامه‌ جه‌نجاڵه‌دا به‌سه‌رخۆم نه‌ده‌هێنا، (ئاوات) زۆری گریاندم له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر به‌زه‌حمه‌ت له‌مه‌ودوا (ئاوات) ببینمه‌وه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌م پێگوت: با جارێ تا چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ ماڵه‌وه‌ نه‌زانن تاخۆم كۆ ده‌كه‌مه‌وه‌، ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ناوی خۆم بوو، خانوێكی كۆن گه‌ڕه‌كی(ته‌یراوه‌) له‌ شه‌قامی(ته‌جنیدی كۆن) به‌ناوی من كرابوو، بڕیارمدا ئه‌وانه‌ وه‌كو مافێكی یاسایی خۆم بۆ كه‌س نه‌گێڕمه‌وه‌، ملوانكه‌یه‌كی ئاڵتونی زۆر باشم له‌مل بوو ئه‌وه‌شیانم بۆ (كه‌ژاڵ) دانا، به‌ڵام زۆر به‌زه‌حمه‌ت لێی وه‌رگرتم، ئه‌و رۆژه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ دایكم له‌ هۆڵه‌كه‌ دانیشتبوو، وه‌ك منی له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌ دیبێ دێمه‌وه‌ ژووره‌وه‌، له‌گه‌ڵ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنمه‌ لای ده‌رگای هۆڵه‌كه‌ یه‌كسه‌ر ده‌رگاكه‌م لێكرایه‌وه‌‌و دایكم گرتمیه‌ باوه‌ش‌و فرمێسك به‌ چاوه‌كانیدا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، هه‌رچۆنێ بوو هیۆرم كرده‌وه‌، تاوێ لای دانیشتم، به‌ڵام زۆر به‌بێ ده‌نگی، هیچ قسه‌یه‌كم نه‌كرد، ئه‌و ده‌یگوت، كوڕه‌كه‌م وای لێهات به‌ هه‌فته‌ش له‌ باوه‌شت نه‌گرم؟
به‌هه‌رحاڵ زۆر به‌ جورئه‌ته‌وه‌ هه‌موو شتێكم له‌ دایكم گه‌یاند، له‌ ماوه‌ی چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك ئه‌و هۆڵه‌ی من‌و دایكم لێی دانیشتبووین به‌لای دایكمه‌وه‌ بوو به‌ دۆزه‌خێكی سامناك، من له‌لای خۆمه‌وه‌ هه‌یمشه‌ دایكم ئارام ده‌كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ جه‌ره‌سی ده‌رگاكه‌ی ده‌ره‌وه‌ من له‌ شوێنی خۆم هه‌ڵسام، به‌ره‌و ژووری خۆم رۆیشتم‌و دایكیشم به‌ چاوی گریانه‌وه‌ هۆڵه‌كه‌ی به‌جێهێشت، ئه‌و كچه‌ (به‌نگلادیش) ییه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ كاری ده‌كرد چوو ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه‌، من له‌ په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌م له‌سه‌ره‌وه‌ سه‌یرم كرد باوكم به‌ ئۆتۆمۆمبێله‌كه‌یه‌وه‌ هاته‌ ژووره‌وه‌‌و گوێم لێبوو زۆر به‌هێز ده‌رگای ئۆتۆمۆمبێله‌كه‌ی داخست‌و به‌خێرایی هاته‌ ژووره‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م زانی به‌جۆرێك له‌ هیستیریاوه‌ ده‌رگای ژووره‌كه‌ی منی كرده‌وه‌:
(ئه‌مڕۆ خۆت‌و ئه‌و كچه‌ چاوشینه‌ ره‌ش ئه‌سمه‌ره‌ له‌ دادگا چیتان ده‌كرد)
منیش له‌سه‌رخۆ گوتم: (چۆنیان تێگه‌یاندی هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ له‌ دادگا بووین) به‌هێزه‌وه‌ ده‌رگاكه‌ی داخسته‌وه‌‌و به‌خێرایی به‌ په‌یژه‌كاندا چوومه‌ خواره‌وه‌، ده‌نگی قاچه‌كانی یه‌كه‌مجار بوو له‌و ماڵه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌نگی بێت، منیش كه‌ زانیم مه‌سه‌له‌كه‌ی هیچی تیا نه‌ما ده‌ستم كرد به‌ كۆكردنه‌وه‌ی جل‌و به‌رگ‌و شتومه‌كه‌كانم.

ئۆتۆمۆمبێله‌كه‌م گۆڕیه‌وه‌، پاره‌م له‌سه‌ر وه‌رگرت
*تا به‌یانی خه‌و نه‌چووه‌ چاوم، هه‌ر شه‌ویش هه‌موو شته‌كانم به‌ (كه‌ژاڵ) گوت: تا سه‌عات سێی شه‌و من‌و ئه‌و ناوه‌، ناوه‌ مۆبایله‌كه‌مان ده‌كه‌وته‌وه‌ كار..واده‌زانم سه‌عاتی شه‌شی به‌یانی بوو چاوم چووه‌ خه‌و، چونكه‌ به‌ته‌واوی وه‌ڕسبووم، هیلاكیه‌كی زۆر جه‌سته‌ی داگرتم، كه‌ هه‌ڵسامه‌وه‌ سه‌یری سه‌عاته‌كه‌م كرد كاته‌كه‌ی دره‌نگه‌، ته‌ماشایه‌كی خواره‌وه‌م كرد ئۆتۆمبێله‌كه‌ی باوكم نه‌ماوه‌، دڵنیابوووم كه‌ رۆیشتوه‌، خۆم گۆڕی‌و خۆم ئاماده‌ كرد‌و جانتاكه‌م هه‌ڵگرت، هاتمه‌ ناو هۆڵه‌كه‌ دایكم‌و ئاوات، به‌ ماته‌مینی له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌كه‌ دانیشتبون، كه‌ چاویان به‌ من‌و جانتاكه‌ كه‌وت شڵه‌ژان، چاوه‌كانیان پڕبوو له‌ فرمێسك، دایكم خۆی پێدادام، زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵمدا كه‌ له‌و هه‌ڵوێسته‌ی خۆم په‌شیمان ببمه‌وه‌، به‌ڵام لای من هه‌موو شتێك بڕابۆوه‌، سه‌ری (ئاوات)م ماچكرد، ده‌مزانی له‌ ناخه‌وه‌ بۆم ده‌گری، ده‌مزانی ئه‌و حه‌قه‌م ده‌داتێ، ده‌شمزانی ئه‌ویش چاوه‌ڕێی رۆژێكی وا له‌و ماڵه‌ ده‌كات، هه‌ر ته‌نها ئه‌وه‌نده‌م به‌ دایكم گوت: (ئێستا دڵم له‌هه‌موو سامانی باوكم ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌) ماڵئاواییم له‌و ماڵه‌ كرد، پێشتر ئه‌و خانوه‌ی (ته‌یراوه‌)مان به‌تاڵبوو به‌و نیازه‌ی كه‌ ده‌سكاری بكه‌ین، ئۆتۆمۆمبێله‌كه‌م گۆڕیه‌وه‌‌و پاره‌م له‌سه‌ر وه‌رگرت، ده‌ستم كرد به‌ رێكخستنه‌وه‌ی خانوه‌كه‌‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی له‌گه‌ڵ رۆیشتنم دایكم بۆی خستبوومه‌ ناو زه‌رفێكه‌وه‌ خستمیه‌ گیرفان، توانیم ماڵێكی رێك‌وپێك له‌گه‌ڵ (كه‌ژاڵ) پێك بهێنم، دوای ئه‌وه‌ی له‌و هه‌موو شتانه‌ بوینه‌وه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌یه‌كمان دانا‌و هه‌ردووكمان چووینه‌ یه‌كێ له‌ ستۆدیۆكان، (كه‌ژاڵ) هه‌رله‌وێ جلی بوكێنی له‌به‌ر كرد‌و منیش ئه‌و رۆژه‌ جوانترین قاته‌ جلی خۆم له‌به‌ركرد‌و چه‌ند وێنه‌یه‌كی بوك‌و زاوایه‌تیمان گرت‌و بۆ یه‌كه‌مجاریش هه‌ردووكمان پێكه‌وه‌‌و به‌ته‌نها چووینه‌ ناو ئه‌و ماڵه‌ كه‌ وامان بینی ئه‌وپه‌ڕی دڵخۆشی پێبه‌خشین، وامده‌زانی هه‌موو دنیا هی من‌و (كه‌ژاڵ)ه‌.
بووین به‌ دوو هاوسه‌ری ئازیزی یه‌كتر، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ش بوو زانكۆمان ته‌واو كردبوو، به‌دوای ئیش ده‌گه‌ڕاین، من له‌ وه‌زاره‌تی (.....) دامه‌زرام‌و(كه‌ژاڵ) یش كاری ژمێریاری له‌ یه‌كێ له‌ كۆمپانیاكان دۆزییه‌وه‌، هیچ گرفتێكی ژیانمان نه‌بوو، ساڵ سوڕایه‌وه‌ یه‌كه‌م منداڵمان بوو ناومان لێنا(ره‌هێڵ) كچێكی جوان، كت‌و مت له‌ خۆم ده‌چوو، ئه‌وه‌نده‌ دڵمان خۆشبوو نه‌بێته‌وه‌.
*به‌ دزییه‌وه‌ دایكم ‌و ئاوات ره‌هێڵ –یان بینی*
رۆژێكیان (ئاوات) زه‌نگێكی بۆ لێدام كه‌ هه‌میشه‌ به‌ دزی باوكم خۆی‌و دایكم منیان به‌سه‌رده‌كرده‌وه‌‌و ئاگایان له‌ ژیان‌و گوزه‌رانم بوو، ئه‌و رۆژه‌ی رۆژی له‌دایكبوونی (ره‌هێڵ) بوو، هه‌ردووكیان به‌ درێژایی ساته‌كان ئاگایان له‌من‌و (كه‌ژاڵ) بوو تا دواجار هه‌واڵی ئه‌وه‌م پێدان كه‌ كچێكمان بوو ‌و ناومان لێنا(ره‌هێڵ).. هێنده‌ی پێنه‌چوو له‌ سه‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌وه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ شوشه‌كه‌وه‌ سه‌یرم كرد دایكم‌و (ئاوات) له‌ ئۆتۆمۆبێل كه‌ (ئاوات) لێده‌خۆڕی، دابه‌زین‌و زۆربه‌خێرایی خۆیان به‌ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌ كرد. منیش به‌ خێرایی رووبه‌روویان چووم، هه‌ر له‌سه‌ر په‌یژه‌كاندا دایكم باوه‌شی پێداگرتم‌و دایه‌ پرمه‌ی گریان، ئینجا (ئاوات)، به‌خێرایی سه‌ركه‌وت‌و (كه‌ژاڵ) ‌و (ره‌هێڵ) یان بینی‌و هه‌ر زوو گرتیانه‌ باوه‌ش، چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك مانه‌وه‌ ( ئاوات) ملوانكه‌كه‌ی گه‌رده‌نی خۆی داكه‌ند‌و له‌ گه‌ردنی (ره‌هێڵ) ی كرد، دایكم زه‌رفێكی پڕی پاره‌ی خسته‌ ژێر سه‌رینی (كه‌ژاڵ)‌و سه‌فته‌یه‌ك دۆلاریشی خسته‌ گیرفانی من له‌ دوایدا ژماردم (4800) دۆلار بوو، (ئاوات) به‌ مۆبایله‌كه‌ی چه‌ند ره‌سمێكی (ره‌هێڵ)ی گرت‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه‌ هه‌ردووكیان گوتیان:(كت‌و مت خۆته‌).
ته‌نها ئه‌و شه‌وه‌ ماینه‌وه‌، گه‌ڕاینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، ماوه‌یه‌كیش بوو ماڵی باوكی (كه‌ژاڵ) لای خۆمان خانوێكمان بۆ به‌ كرێ گۆتبوون ببون به‌ دراوسێمان، زۆر دڵخۆشبووین به‌ (ره‌هێڵ) نزیكه‌ی (3) مانگ (كه‌ژاڵ) نه‌چووه‌ كۆمپانیا، بڕیارمدا تا(ره‌هێڵ) به‌ته‌واوی به‌سه‌رپێ ده‌كه‌وێ له‌ ماڵه‌وه‌ بێت، چونكه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی گوزه‌رانی ژیانمان نه‌بوو، دایكی‌و خوشكه‌كه‌ی زۆر ئاگایان لێبوو، من‌و ئه‌ویش ئاگامان له‌ ئه‌وان بوو، هه‌میشه‌ دایكم‌و (ئاوات) دووپاتی ئه‌وه‌یان ده‌كرده‌وه‌ ئاگام له‌ (كه‌ژاڵ) بێت، هه‌موو جارێكیش پێیان ده‌گوتم: باوكت خه‌ریكه‌ شێت ده‌بێ بۆت، چونكه‌ زۆرجار بینیومه‌ سه‌ردانی ژووره‌كه‌ت ده‌كات‌و كه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ چاوه‌كانی پڕن له‌ فرمێسك، بڕیارمانداوه‌ رۆژێكیان (ره‌هێڵ) بهێنین له‌ حه‌وشه‌ به‌ره‌ڵڵای بكه‌ین با بیبینێ تا هه‌موومان به‌یه‌كتری شاد بینه‌وه‌، منیش له‌ناخه‌وه‌ پێم خۆشبوو، به‌ڵام كه‌ ئه‌و قسانه‌م به‌ (كه‌ژاڵ) ده‌گوت:
هه‌ستم ده‌كرد زۆری پێناخۆشه‌، هه‌ستم ده‌كرد خه‌ریكه‌ ماڵی باوكی له‌سه‌ر من ده‌سه‌پێنێ، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ خه‌می ئه‌وانه‌ له‌ خه‌می مندا نیه‌، هه‌موو جارێكیش پێی ده‌گوتم: (به‌خوا به‌و مووچه‌یه‌ی تۆ ناگه‌ین به‌هیچ، هه‌موو هاوڕێكانم ئۆتۆمۆمبێلیان هه‌یه‌، ته‌نها من نه‌بێ، نازانم كه‌ی تۆ ده‌بیه‌ خاوه‌ن پاره‌، چاوت هه‌ر له‌وه‌یه‌ باوكت بمرێ‌و میراتت بۆ بمێنێته‌وه‌، دڵت به‌و كه‌لاوه‌یه‌ی (ته‌یراوه‌) خۆشه‌..) به‌و قسانه‌ی كۆڵێ خه‌م ده‌كه‌وته‌ سه‌رم، به‌ڵام هه‌موو جارێ كه‌ سه‌یری (ره‌هێڵ) م ده‌كرد هه‌موو شته‌كانم به‌لا ده‌دا‌و ده‌مگوت: خوا كه‌ریمه‌. تۆ زۆر ئارامت گرتووه‌ با هه‌ندێكی تریشی له‌گه‌ڵدا بێت.
دوای (3) مانگ دووركه‌وتنه‌وه‌ی له‌ كۆمپانیا شه‌وێكیان له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ دانیشتبوو زه‌نگی مۆبایله‌كه‌ی لێدا‌و سه‌یرێكی كرد به‌خێرایی ده‌رپه‌ڕیه‌ ده‌ره‌وه‌، من له‌ شوێنی خۆم حه‌په‌سام (بۆ لای من وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌..لێم نه‌پرسی، به‌ڵام لای خۆم به‌ته‌واوی هه‌ستم به‌ نهێنی ئه‌و ته‌له‌فۆنه‌ كرد، گه‌ڕایه‌وه‌.. روخساری جۆرێك له‌ ترسی ده‌نواند، خۆی قسه‌ی كرد گوتی: ئه‌وه‌ رێزانی هاوڕێم بوو، گوتی: بۆ ناگه‌ڕێیه‌وه‌ كۆمپانیا، خاوه‌نی كۆمپانیا گوتویه‌تی با بێته‌وه‌ پاره‌ی ئه‌و (3) مانگه‌شی بۆ سه‌رف ده‌كه‌ین، چونكه‌ ژمێریارێكی به‌توانایایه‌.
هیچ وه‌ڵامم نه‌دایه‌وه‌، له‌ناخه‌وه‌ شڵه‌ژام، به‌ته‌واوی هه‌ڵسوكه‌وتێكی نامۆی (كه‌ژاڵ) م ده‌هاته‌ به‌رچاو،، ماوه‌یه‌كیش بوو وه‌كو جاران نه‌مابوو، جۆرێك له‌ گۆڕانم پێوه‌ ده‌دی، چونكه‌ جاران هه‌میشه‌ ئاگادارم بوو، هه‌ستم ده‌كرد زۆری خۆشده‌وێم، له‌م دواییانه‌ ئه‌و گه‌رم‌و گوڕیانه‌ی تیا نه‌مابوو هه‌تا له‌كاتی(سێكس) یشدا، به‌ڵام من وام لێكده‌دایه‌وه‌ تازه‌ بۆته‌ خاوه‌نی منداڵ زیاتر خه‌ریكی ئه‌وه‌‌و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ماندوه‌... دیسان رووی تێكردمه‌وه‌ گوتی: بۆ حه‌په‌سای ده‌ڵێی چی؟ ئێ ئه‌و سێ مانگه‌ش زۆرباشه‌ هه‌ندێكی تری له‌سه‌ر داده‌نێین‌و ئۆتۆمۆمبێلێك بۆ خۆم ده‌كڕم.
 سه‌یرێكی به‌خێراپیم كرد‌و له‌ شوێنی خۆم هه‌ڵسام‌و چوومه‌ ژووری نوستنه‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر نه‌هات، ئاگاشم لێبوو ماوه‌یه‌كی باش له‌ حه‌وشه‌كه‌ به‌ فێڵی یاری كردن له‌گه‌ڵ (ره‌هێڵ) خه‌ریكی ته‌له‌فۆن بوو، شه‌و دره‌نگ هاته‌ ژووره‌وه‌‌و منیش له‌گه‌ڵ ته‌قه‌ی هاتنی ئه‌و خۆم له‌خه‌و كرد، لێره‌وه‌ درزی ده‌رگای نهێنیه‌ك ده‌ركه‌وت، به‌ڵام دڵنیا نه‌بووم مه‌به‌ستی (كه‌ژاڵ) چیه‌، ئه‌وه‌ی بیرم لێنه‌كرده‌وه‌، (خیانه‌ت) بوو ئه‌و به‌رامبه‌ری من بیكات، هه‌ر كه‌ ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌م بۆ ده‌هات به‌ته‌واوی نه‌فره‌تم له‌ خۆم ده‌كرد ده‌مگوت: من قوربانی هه‌موو سه‌ڵته‌نه‌تی گه‌نجایه‌تیم بۆ ئه‌و داوه‌ ماقوله‌ ئه‌و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ هه‌ڵبژێرێ.. نه‌خێر(كه‌ژاڵ) قه‌ت ئه‌و كاره‌ ناكات.
ئه‌مشه‌وه‌ خه‌وه‌ نه‌ده‌چووه‌ چاوه‌كانم، تابه‌یانی هه‌ڵگێڕ‌و وه‌رگێڕم ده‌كرد، به‌یانی هه‌ڵسام ، به‌ڵام كه‌ژاڵ هه‌ر خه‌وتبوو، چوومه‌ دایه‌ره‌، به‌ته‌واوی شڵه‌ژابووم، خه‌وم ده‌هات، ناچار بووم له‌ كۆتاییه‌كانی ده‌وام مۆڵه‌ت وه‌ربگرم، گه‌ڕامه‌وه‌ (كه‌ژاڵ) له‌ماڵ نه‌بوو، هێنده‌ی پێنه‌چوو گه‌ڕایه‌وه‌ گوتم:له‌ كوێ بووی له‌ وه‌ڵامدا زۆر به‌ سه‌ربه‌ستانه‌ گوتی: چوومه‌ كۆمپانیا، ئه‌ی پێم نه‌گوتی ده‌چمه‌وه‌ سه‌ركاره‌كه‌م، سێ مانگه‌كه‌شم بۆ سه‌رف ده‌كه‌ن، بڕیاره‌ به‌یانی بۆمی سه‌رف بكه‌ن، ره‌هێڵ-یش لای دایكمه‌.

لێره‌وه‌ بۆ ئۆتۆمۆمبێل (كه‌ژاڵ)  رێگای خیانه‌تی هه‌ڵبژارد
كه‌وتمه‌ قسه‌كردن له‌گه‌ڵیدا، ئه‌وقسه‌كردنه‌ی نێوانمان زۆری خایاند، هیچ بایه‌خێكی بۆ من نه‌هێشته‌وه‌، گه‌ڕایه‌وه‌ كۆمپانیاكه‌، كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی رۆژێكیان ئۆتۆمۆمبێلێكی (سۆناتا)ی كیلۆمه‌تر سفری هێنایه‌ به‌رده‌رگا، له‌ مۆبایلێكیش ئاگام لێبوو كردبووی به‌ دوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تریان له‌ناو ئۆتۆمۆمبێله‌كه‌ی به‌جێده‌هێشت، زۆربه‌ی كاته‌كان دره‌نگ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ ده‌مگوت له‌كوێ بووی؟
ده‌یگوت: ئیشمان زۆر بوو له‌دوایدا خاوه‌نی كۆمپانیاكه‌مان له‌ فڵان چێشتخانه‌ داوه‌تی كردبوین.. ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ ده‌شهاته‌وه‌ ماڵ یان ده‌خه‌وت یان خه‌ریكی فه‌یسبوك بوو له‌سه‌ر مۆبایله‌كه‌ی.. چه‌ند جاری لێشم ده‌پرسی تۆ ئه‌و هه‌موو مه‌سروفاته‌ به‌ چ ده‌كه‌ی له‌ وه‌ڵامدا ده‌یگوت: له‌هه‌موو قازانجێكی كۆمپانیا پشكێكی بچوكمان ده‌ده‌نێ. تا گه‌یشتنه‌ ئه‌وه‌ی نه‌ بایه‌خی بۆ من هێشته‌وه‌ نه‌ ئه‌وه‌نده‌ بایه‌خیشی به‌ (ره‌هێڵ) ده‌دا. ته‌واو له‌ ژیانی خۆم وه‌ڕس بووم، زۆرجار بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ من چ قوربانیه‌كه‌م بۆ (كه‌ژاڵ) داوه‌، ئه‌و له‌ دۆزه‌خه‌وه‌ بۆ به‌هه‌شت، من له‌ به‌هه‌شتی ماڵی باوكمه‌وه‌ بۆ دۆزه‌خ، به‌ڵام ئه‌وه‌ زۆری نه‌خایاند، رۆژێكیان له‌گه‌ڵ براده‌رێك رێككه‌وتین بچینه‌ كافیتریای(كۆ.....)، چونكه‌ به‌راستی من مه‌به‌ستم بوو ئه‌وه‌ی له‌دڵمایا بۆ ئه‌و براده‌ره‌ی هه‌ڵڕێژم، به‌ كه‌سێكی زۆر نزیكی خۆم ده‌زانی، له‌ زانكۆ هاوڕێی هه‌ردووكمان بوو، گه‌یشتینه‌ ئه‌وێ. ئۆتۆمۆمبێله‌كه‌م راگرت ئاوڕێكم دایه‌وه‌ دیتم ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ی (كه‌ژاڵ) له‌وێ وه‌ستاوه‌، له‌ شوێنی خۆم تاسام. هه‌ر زوو ئه‌وه‌شم لێكدایه‌وه‌ ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌خوشكه‌كانی هاتبێ بۆ حه‌سانه‌وه‌، ئاساییه‌، به‌ هاوڕێكه‌شم نه‌گوت ..سه‌یرێكی ناو ئۆتۆمۆمبێله‌كه‌م كرد مۆبایلی لای(گێڕه‌كه‌) لێی ده‌دا، سه‌رم سوڕما، ئه‌و مۆبایله‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ له‌ ده‌ستیه‌تی، به‌هه‌رحاڵ به‌وپه‌ڕی دڵ پڕیه‌وه‌ ده‌رگای كافتیریامان كرده‌وه‌، چ ببینم!!
له‌ شوێنی خۆم حه‌په‌سام، تووشی گه‌وره‌ترین له‌رزین بووم، (كه‌ژاڵ) پشتی كه‌وتبوه‌ من جگه‌ره‌ی له‌ده‌سته‌‌و له‌گه‌ڵ پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن دانیشتوه‌، ئارامم گرت له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌م به‌لایاندا تێپه‌ڕین، ئاوڕێكم له‌ (كه‌ژاڵ) دایه‌وه‌. روخساری به‌ته‌واوی تێكچوو، به‌خێرایی جگه‌ره‌كه‌ی كوژانده‌وه‌‌و هه‌ڵسایه‌وه‌، به‌ شپرزه‌یی چاك‌و خۆشی له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌م كرد، به‌ ده‌نگێكی له‌رزۆكه‌وه‌ گوتی: ئه‌وه‌ خاوه‌ن كۆمپانیاكه‌مانه‌، چاوه‌ڕێی ستافی كۆمپانیایه‌كی بیانی ده‌كه‌ین، گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌، له‌شوێنی خۆم تووشی گه‌وره‌ترین هه‌ڵچون هاتبووم، ده‌مویست هه‌ر له‌وێ بیخنكێنم، كابرا هه‌ستی كرد‌و له‌ شوێنی خۆی هه‌ڵسایه‌وه‌ زۆر به‌بێ منه‌تیه‌وه‌ گوتی:
(كه‌ژاڵ) من ته‌له‌فۆنیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م با دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژێكی تر دوا بخه‌ن، به‌بێ دوعاخوازی به‌خێرایی پاكه‌ت‌و چه‌رخ‌و مۆبایله‌كه‌ی هه‌ڵگرت، رۆیشت، (كه‌ژاڵ) نه‌یده‌زانی چۆن ره‌فتار بكات..گوتم: باشه‌ تۆ ئازاد به‌، چونكه‌ من له‌گه‌ڵ(...........) هاتووم هه‌ندێ كارمان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌توڕه‌ییه‌وه‌ جانتاكه‌‌و مۆبایله‌كه‌ی هه‌ڵگرت‌و رۆیشت. له‌ جامه‌كه‌وه‌ سه‌یرم كرد كه‌ چووه‌ ناو ئۆتۆمۆمبێله‌كه‌ یه‌كسه‌ر مۆبایلی ناوه‌وه‌ی هه‌ڵگرت‌و كه‌وته‌ قسه‌‌و لێی خۆڕی(له‌وێوه‌ دڵنیابووم ئه‌و ئۆتۆمۆمبێله‌ رێگای خیانه‌تی بۆ كه‌ژاڵ هه‌ڵبژارد) 

(بۆ كه‌ژاڵ –م كوشت)
به‌ رۆحێكی روخاو گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵ، كه‌ژاڵ له‌ ماڵی دایكی بوو، چوومه‌ ژووره‌وه‌، چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك كه‌وتمه‌ بیركردنه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌م ده‌هێنایه‌وه‌ به‌رچاوی خۆم، بۆچی من گه‌نجێكی ناشیرینم؟ بۆچی من كه‌سێكم هیچ رۆژێ خیانه‌تم له‌ (كه‌ژاڵ) كردوه‌؟ هیچ كاتێك عه‌شقی (كه‌ژاڵ) م به‌هه‌موو دونیا نه‌گۆڕیوه‌ته‌وه‌، قه‌ت باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد نێوانی من‌و ئه‌و خیانه‌تی به‌دواوه‌ بێت، من هه‌موو خۆشگوزه‌رانی‌و ناز‌و نیعمه‌تی ماڵی باوكمم قوربانی چاوه‌كانی (كه‌ژاڵ) كرد، تا ئێستاكه‌ نه‌مهێشتووه‌ رۆژێ پێویستی به‌ هیچ شتێك بێت، (ره‌هێڵ) لای من هه‌موو شتێك بوو، له‌ دووره‌وه‌، به‌دزییه‌وه‌ دایكم‌و (ئاوات)ی خوشكم هه‌موو یارمه‌تیه‌كی ئێمه‌یان ده‌دا به‌تایبه‌ت (كه‌ژاڵ) . (ئاوات) ملوانكه‌ی گه‌رده‌نی خۆی له‌ گه‌رده‌نی (كه‌ژاڵ) كرد.
جارێكی تر هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌خێرایی ته‌له‌فۆنێكی كاك(....) گوتم: له‌كوێی؟ زۆر پێویستیم پێته‌، خۆت مه‌گۆڕه‌، دێمه‌ دوات، ده‌چینه‌ شوێنێك داده‌نیشین. چووم، هه‌ڵمگرت، چووینه‌وه‌ شوێنه‌كه‌ی خۆمان، كافیتریای (كو...) له‌ ده‌روازه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ ئه‌وه‌نده‌ لام سیمایه‌كی ناشیرینی هه‌بوو وه‌كو سیمای پڕ خیانه‌تی (كه‌ژاڵ)م ده‌هاته‌ به‌رچاو، چونكه‌ لێره‌وه‌ هه‌موو نهێنییه‌كانی خیانه‌تی (كه‌ژاڵ) ده‌ركه‌وت، له‌گه‌ڵ كاك (....) دانیشتم، دووباره‌ هه‌موو شتێكم بۆ باسكرد، دواجار بڕیارمدا من هیچ شتێكم بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ (كه‌ژاڵ) بژیم. ئه‌وه‌نده‌ رووخابووم چه‌ند جارێك بڕیاری كوشتنی (كه‌ژاڵ) م بۆ هاوڕێكه‌م دووباره‌ كرده‌وه‌، به‌ڵام هاوڕێكه‌م هه‌موو جارێ ئه‌و بڕیاره‌ی زۆر پێ هه‌ڵه‌ بوو، هه‌میشه‌ ده‌یگوت: ئارامت ببێ، خێرا مه‌به‌ له‌و جۆره‌ بڕیارانه‌، رۆحی لێبوردنیش هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش راستبێ، (كه‌ژاڵ) ئاسان نییه‌، ئه‌و پیاوه‌ له‌ خشته‌ی بردوه‌، من ئه‌و قسانه‌ هیچیان ساردیان نه‌ده‌كردمه‌وه‌، به‌هه‌رحاڵ هه‌ڵساین، زۆر له‌به‌رم پاڕایه‌وه‌ كه‌ ئارام بگرم، ئه‌وم گه‌یانده‌ ماڵه‌وه‌‌و خۆشم گه‌یشتمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ چوومه‌ ژووره‌وه‌ دیتم (ره‌هێڵ) له‌ ژووری دانیشتنه‌كه‌مان به‌ ته‌نهایه‌‌و (كه‌ژاڵ) له‌ ژووره‌كه‌ی ترخه‌ریكی مۆبایله‌‌و قسه‌ ده‌كا‌و به‌ ده‌نگ پێده‌كه‌نێ، چوومه‌ ژووره‌وه‌، یه‌كسه‌ر گوتی: باشه‌ دوایی قسه‌ ده‌كه‌ین، هه‌وڵمدا مۆبایله‌كه‌ی به‌زۆری لێبستێنم، كردیه‌ قیژه‌‌و هاوار، به‌ڵام من لێم سه‌ند بینیم ناوی ئه‌و پیاوه‌ی له‌سه‌ره‌، مۆبایله‌كه‌م لێوه‌رگرت ئه‌و یه‌كسه‌ر چوه‌ ده‌ره‌وه‌‌و چه‌قۆیه‌كی گه‌وره‌ی هێنا‌و هێرشی كرده‌ سه‌رم‌و ئه‌وه‌تا ده‌ستم به‌ستراوه‌ته‌وه‌ هه‌مووی برینداره‌، ده‌یویست به‌سه‌ر دڵم بدا‌و بمكوژێ..ناچار بووم چه‌قۆیه‌كه‌م لێسه‌ند، تووشی گه‌وره‌ترین هیستریا ببووم، ده‌ستیكرد به‌ جوێندانی زۆر ناشیرین، دواجار به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شعورم له‌سه‌رخۆم نه‌ما، شاڵاوم بۆ برد دوو چه‌قۆم لێدا.
(كه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ ره‌هیڵ پێده‌كه‌نی)
به‌خێرایی هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام دواجار كه‌ (ره‌هێڵ)م دی سه‌یری منی كرد‌و به‌پێكه‌نینه‌وه‌ باڵی خۆی كرده‌وه‌ تا هه‌ڵیبگرم، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌متوانی له‌ باوه‌شی بگرم. 
(لێره‌دا چاوه‌كانی پڕ فرمێسك بوون)
سواری ئۆتۆمۆمبێله‌كه‌م بووم، نه‌مزانی چۆن ئه‌و شوێنه‌م جێهێشیت، زه‌نگێكم بۆ هاوڕێكه‌م لێدا گوتم: كه‌ژاڵ-م كوشت. زۆر حه‌په‌سا، زۆر دڵگیر بوو، چه‌ند جارێك لێی دووپاتكردمه‌وه‌ (ئه‌ی نه‌مگوت دان به‌خۆتا بگره‌..ئارام به‌وه‌)..گه‌یشتمه‌ به‌رده‌م بنكه‌ی پۆلیسی(.....) خۆم راده‌ستی پۆلیس كرد، هێشتا هیچ قسه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ نه‌كردبووم، یه‌كه‌م كه‌س باوكم بوو گه‌یشته‌ لام، باوه‌شی پێداكردم‌و گریا، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاند پۆلیسێك هات، وا دیاربوو له‌ شوێنی روداوه‌كه‌ هاتبوو گوتی:ئه‌و ژنه‌ له‌ خه‌سته‌خانه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.
(دیسان هاوڕێ جارێكی تر چاوه‌كانی پڕ فرمێسك بوو..كه‌ژاڵ بۆچی واتكرد من بتكوژم..)
له‌گه‌ڵ ده‌نگی چاودێره‌كه‌ گوتی: سه‌عات دوانزه‌ی شه‌وه‌ هه‌ركه‌س بچێته‌ شوێنی خۆی، هاوڕێ راپه‌ڕی، شوێنی خه‌وتنه‌كه‌یان پیشاندا، به‌خێرایی چووه‌ سه‌ر قه‌روێله‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ساته‌وه‌ختی راكشانی به‌ته‌واوی نقومی بیركردنه‌وه‌كان بوو.

توخوا كه‌ژاڵ تۆ شایانی ئه‌وه‌ بووی؟     
نه‌تده‌زانی من قه‌ت جیاوازیم له‌ عه‌شقی تۆ‌و نیشتمانم له‌ هه‌ستی خۆشه‌ویستیم نه‌ده‌كرد..كه‌ژاڵ  چ خه‌تایه‌ك له‌ من روویدا رووت له‌من وه‌رگێڕا، ده‌رگای (خیانه‌ت) ت كرده‌وه‌.. كه‌ژاڵ بیرت چوو ئه‌و شه‌وانه‌ی (ره‌هێڵ) له‌نێوانمان بوو، وامانده‌زانی ئاڵای وڵاتێكمان هه‌ڵكردووه‌؟ بۆچی هانات بۆ له‌زه‌تی (خیانه‌ت) برد.كه‌وتیه‌ نێو زه‌لكاوی گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌..چۆن بڕوا بكه‌م ئه‌وه‌ رۆحی (كه‌ژاڵ) بوو؟
ئه‌وه‌ سیمای ته‌ڵخی (كه‌ژاڵ)بوو.؟(كه‌ژاڵ) بۆچی واتكرد.خۆ چ خه‌تایه‌ك له‌من‌و (ره‌هێڵ) رووینه‌دابوو. به‌هێمنی چاوه‌كانی نقومی فرمێسك بوون‌و خستیه‌ سه‌ریه‌ك‌و دواجار گوتی: ئه‌ی من وێنه‌ی كێ له‌ ژووره‌سه‌رم هه‌ڵواسم؟ نا..ته‌نها ئه‌وه‌ی (ره‌هێڵ) ئه‌و وێنه‌یه‌ی به‌ته‌نها له‌ باوه‌شمه‌. ئه‌وه‌ی تریشیان كه‌ خه‌ریكم تێر تێر، ماچی ده‌كه‌م. ئه‌ی وێنه‌ی‌(كه‌ژاڵ)؟ نا..نا..ئه‌وه‌ ناكه‌م
دیسان سه‌یرێكی بنمیچی قاوشه‌كه‌ی كرد‌و خه‌ریكبوو به‌تانیه‌كه‌ شڕه‌كه‌ به‌ چاوی خۆیدا دابدا سه‌یرێكی منی كرده‌وه‌‌و نقومی خه‌یاڵ بوه‌وه‌.
من چۆن كه‌ژاڵ –م كوشت؟؟ تۆ بڵێی ئه‌و كه‌ژاڵ-ه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ عه‌شق تۆرابێ تا هانای بۆ خیانه‌ت بردبێ؟


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7347
22/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ جارێكی تر هالیپ شكستی هێنا بچێته‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندییەوە 22/8/2017
‌ ریاڵ مه‌درید گرێبه‌ستی كه‌ریم بنزیمه‌ نوێ ده‌كاته‌وه‌ 22/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP