دیموكراسییه‌كی خۆمانه‌، بۆ حوكمڕانیی
دیموكراسییه‌كی خۆمانه‌، بۆ حوكمڕانیی ‌ سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ 13/8/2017
25 ساڵی رابردووی حوكمڕانی له‌هه‌رێمی كوردستان، دیموكراسی «وه‌ك خۆی» نه‌یتوانی جێی‌ خۆی بكاته‌وه‌، واته‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ژماره‌ی‌ كورسی له‌په‌رله‌مان پێوه‌رنه‌بووه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ر مشتومڕێك كه‌ له‌باری سیاسی‌و ئیداریی كوردستان.
له‌ساڵی‌ 2013 یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان 18 كورسی به‌ده‌ستهێنا، كه‌چی پارتی و گۆڕان نه‌یانتوانی به‌بێ‌ یه‌كێتی‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تی نوێ‌ له‌په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنن، كاتێك ئۆپۆزسیۆن له‌نێو په‌رله‌مانی كوردستان له‌هه‌ڕه‌تیدا بوو، دونیایه‌ك بانگه‌شه‌ی ده‌كرد بۆ دیموكراسی و باشتركردنی ژیانی خه‌ڵك، كه‌چی كاتێك یه‌كێتی‌ و پارتی به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ بڕیارێك یان بڕگه‌ی قانونێكیان په‌سند ده‌كرد، ئۆپۆزسیۆن له‌هۆڵی په‌رله‌مان ده‌چونه‌ ده‌ره‌وه‌!، ئه‌مه‌ش رێك پێچه‌وانه‌ی‌ مه‌بده‌ئی زۆرینه‌و كه‌مینه‌یه‌ له‌دیموكراسیدا. یان ده‌بینین له‌ 2015 كاتێك یه‌كێتی‌و گۆڕان‌و به‌شێك له‌ ئیسلامییه‌كان ویستیان قانونی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌مواربكه‌نه‌وه‌، پارتی په‌رله‌مانی په‌كخست!
ته‌ماشای هه‌رسێ‌ نمونه‌ بكه‌ین، تێده‌گه‌ین هێشتا دیموكراسی لای سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد «وه‌كو خۆی» پێنه‌گه‌یشتوه‌، چجای له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا! له‌راستیشدا دیموكراسی به‌رله‌وه‌ی‌ سیستمێكی حوكمڕانیی یان مه‌بده‌ئێك بێت بۆ حوكمكردن، بریتییه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی كۆمه‌ڵگه‌و ئاكاری كۆمه‌ڵایه‌تیی، واته‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا دیموكراسی قۆناغێكی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نه‌ك سیستمێكی نوسراوه‌ی (ده‌قێكی) دیاریكراو بۆ حوكمڕانیی، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ نه‌گه‌یشتبێته‌ ئه‌و قۆناغی خۆی، ئه‌وا بێگومان دیموكراسی له‌بارودۆخێكی ناهه‌مواردا ده‌بێت و پێویست ده‌كات به‌دوای‌ ده‌ریچه‌و شێوازێكی نوێی به‌یه‌كه‌وه‌ژیان بگه‌ڕێین تا بتوانین هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ین، نه‌خاسمه‌ بۆ میلله‌تێكی وه‌ك ئێمه‌ كه‌ هێشتا ره‌نگ و رووی كیانه‌كه‌مان دیار نییه‌و هێشتا نه‌گه‌یشتون به‌ دواقۆناغی رزگاریی نیشتیمانیی.
له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه‌ دیموكراسی به‌هه‌موو پره‌نسیپه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی قه‌بوڵكراو نییه‌، پێویسته‌ به‌دوای‌ سیغه‌یه‌كی نوێدا بگه‌ڕێن بۆ هه‌ڵكردن و ته‌وافوقكردن. باشترین رێگه‌چاره‌ بۆ ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌، په‌نابردنه‌ بۆ دیموكراسی ته‌وافوقیی، واته‌ دیموكراسییه‌ك بتوانێت هه‌م زۆرینه‌ی‌ سته‌مكارو هه‌م كه‌مینه‌ی‌ دیكتاتۆر بتوێنێته‌وه‌، هه‌م هه‌م سندوقی ده‌نگدان سه‌نگی مه‌حه‌ك بێت، هه‌میش هه‌موان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شداربن له‌ حوكمڕانیی.
دیموكراسی ته‌وافوقیی، له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ جێبه‌جێده‌كرێت كه‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌ب و ئاینن، ناگه‌نه‌ یه‌كترو ترسیان له‌حوكمڕانی زۆرینه‌ هه‌یه‌، ده‌توانین بڵێین هه‌مان گرفتمان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ كوردستان گرفتی گه‌وره‌ له‌شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ له‌حوكمڕانیی و ترسێكی زۆر له‌ حوكمی زۆرینه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ باشترین رێگه‌ بۆ حوكمڕانییه‌كی هێمن بۆ قۆناغێكی راگوزه‌ر له‌ كوردستان، په‌نابردنه‌ به‌ر مۆدێلێكی جیاوازی دیموكراسییه‌، ئه‌ویش دیموكراسی ته‌وافوقییه‌.
پره‌نسیپه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م شێوه‌ دیموكراسییه‌ جیاوازه‌، سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی حوكمڕانیی به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، ده‌رنه‌كردنی هیچ بڕیارو قانونێك له‌په‌رله‌مان به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی هه‌موان، مافی ره‌تكردنه‌وه‌ «ڤیتۆ» ده‌داته‌ هه‌موان، واته‌ له‌م شێوه‌ دیموكراسییه‌دا، زۆرینه‌ ناتوانێت هه‌رچی ویستی بیسه‌پێنێت، كه‌مینه‌ش ناتوانێت ببێته‌ دیكتاتۆر.
به‌كورتی و كرمانجی، ده‌شێت ئێمه‌ ئه‌و شێوازه‌ بگرینه‌به‌ر، رێكه‌وتنێكی سیاسیشی له‌پێناودا بكرێت، به‌مه‌رجی په‌راوێز نه‌خستنی هیچ لایه‌ك له‌و رێكه‌وتنه‌دا، به‌جۆرێك هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی بكرێت و سندوقی ده‌نگدان ببێته‌ پێوه‌ر بۆ به‌ركه‌وته‌ی‌ جومگه‌كانی حوكمڕانیی، هاوكات هیچ بڕیارێكیش ده‌رنه‌كرێت به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی هه‌موان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتن بوو، سه‌ركه‌وتنی هه‌موان بێت، ئه‌گه‌ر شكستیش بوو ئه‌وا شكستی هه‌موان بێت، نه‌ك چاره‌نوسی میلله‌تێك بكه‌وێته‌ ده‌ست لایه‌نێك و یان كه‌سێكی دیاریكراو.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP