شتێك ده‌رباره‌ی ئازادی
شتێك ده‌رباره‌ی ئازادی ‌ دکتۆر لوئەی جاف‌ 13/8/2017
سه‌ده‌ی بیست، ئه‌توانرێت به‌ سه‌ده‌ی كۆتایی كۆلۆنیزاسیۆن ناوبنێن. له‌ رۆژئاوا، به‌ هۆی كێشه‌ی قوڵی سیاسی‌و ئابوری‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دیموكراسیه‌ت، دوو جه‌نگی گه‌وره‌ی جیهان ڕوویدا. له‌ ئه‌نجامدا، ئه‌وروپا به‌ ئاگاهاته‌وه‌‌و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ باوه‌شی دیموكراسی . دواتر ده‌ستیان كرد به‌ بیناكردنی ئه‌وروپای نوێ‌و دروستبوونی یه‌كێتی ئه‌وروپا‌و ناوچه‌ی ئابووری ئه‌وروپی‌و ناوچه‌ی شنگن‌و چه‌نده‌ها ده‌سكه‌وتی تر كه‌ ئه‌وروپای كردووه‌ به‌ به‌هه‌شتی به‌رین له‌سه‌ر ئه‌رزی سه‌وز. له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست میلله‌تی كورد زه‌ره‌رمه‌ند بوو ‌و نه‌یتوانی مافه‌كانی خۆی به‌ده‌ست بهێنێت. به‌ڕای به‌نده‌، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان تێنه‌گه‌یشتنمان بوو له‌ سیاسه‌تی زلهێزه‌كان‌و خۆ نه‌گونجاندنمان بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌تانه‌.
سه‌ده‌ی بیست‌ویه‌ك كه‌ به‌ ڕووداوه‌كانی یانزده‌ی سێپته‌مبه‌ریی 2001 له‌ ویلایەته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ستیپێكرد، ئه‌كرێت به‌ سه‌ده‌ی ته‌شه‌نه‌كردنی دیموكراسی‌و ئازادی ناوبنێین. بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی زلهێزه‌كان هێرشیان كرده‌ سه‌ر دوو رژێمی دیكتاتۆری‌و تیرۆریستی له‌ ئه‌فغانستان‌و عێراق. ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێك بوو بۆ كورد خۆی بگونجێنێت‌و هه‌ڵه‌كه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوو ڕاست بكاته‌وه‌.
بوونی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆز وه‌كو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ سه‌رچاوه‌ی سروشتی، به‌ڵام پڕ له‌كێشه‌و پڕ له‌ئه‌جێندای جیاوازی وڵاتانی ناوچه‌كه‌، خۆی بۆ خۆی كێشه‌یه‌كی جیۆپۆلیتیك كه‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا ئاسان نییه‌. ئه‌م خاڵه‌ ئه‌بێت سه‌رنجی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رابكێشێت بۆ پاراستنی ئازادییه‌كان به‌ تایبه‌ت ئازادی ده‌ربڕینی بیروڕا كه‌ نه‌بوونی واتای نه‌بوونی دیموكراسیه‌‌و لاربوونه‌وه‌یه‌ به‌لای ڕێگایه‌كی تر كه‌ به‌ره‌و كۆڵانێكی داخراومان ده‌بات‌و له‌هه‌ل‌ومه‌رجی وه‌رگرتنمان له‌ جیهانی سه‌ده‌ی بیست‌ویه‌ك دوورمان ئه‌خاته‌وه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ به‌ڕێزه‌وه‌ فیزای چوونه‌ ناوه‌وه‌ی جیهانی نوێمان ده‌ستكه‌وێت، به‌ تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان له‌ جیهاندا ناوبانگی ده‌ركردووه‌ به‌ هێزی پاراستنی ئازادی، پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵدا بین‌و خه‌بات بكه‌ین بۆ پاراستنی مه‌رج‌و پرانسیپی جیهانی نوێ، كه‌ ئه‌ویش خۆی له‌ ئازادی‌و دیموكراسی ده‌بینێته‌وه‌.
له‌ ئه‌ده‌بیات‌و مێژووی وڵاتانی دیموكرات هه‌میشه‌ ئازادی قودسیه‌تێكی تایبه‌تی هه‌بووه‌. هه‌ر ئه‌و قودسیه‌ته‌ وایكردووه‌ وڵاتانی ئه‌وروپا پێشبكه‌ون له‌ بواره‌كانی مافی مرۆڤ‌و مافه‌ گشتیه‌كان. داوامان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان درێغی نه‌كات له‌ كۆڵنه‌دان‌و خه‌باتكردن بۆ چه‌سپاندنی مافه‌كانی تاك‌و كۆمه‌ڵ، ژن‌و پیاو، منداڵ‌و پیر. له‌گه‌ڵ ئاڵۆزبوونی ژیانی مۆدێرن‌و پێداویستیه‌كانی پێویسته‌ له‌مه‌ولا به‌ گه‌رمی باسی ژینگه‌و پاراستنی ژینگه‌ بكه‌ین‌و بخرێته‌ به‌رنامه‌ی خوێندنی منداڵه‌كانمان.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌، داواكارین له‌ داموده‌زگاو سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ به‌رده‌وامی ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێنن‌و بابه‌تی ئازادی بكه‌نه‌ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی سیمینارو كۆنفرانس‌و كۆبوونه‌وه‌كانیان. زۆر گرنگه‌ بۆ سیسته‌می سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان له‌لایه‌كه‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ وێنه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كه‌ ئازادی‌و دیموكراسی‌و خه‌باتكردن بۆ به‌ده‌ستهێنانیان ببێته‌ خاڵێك له‌و خاڵانه‌ی كه‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كورد پێوه‌ی گرێدرابێت.
له‌ئێستادا ‌حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گفتۆگۆدان بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان‌و بڕیاردانی كۆتایی له‌سه‌ر ریفراندۆم، كه‌ مافێكی سروشتیی هه‌موو گه‌لێكه‌. بۆ ئه‌وه‌ی ریفراندۆم‌و ئه‌نجامه‌كانی قبوڵ بێت لای ڕای گشتی جیهانی، پێویستمانه‌ به‌ هه‌مان زمانی زلهێزه‌كان قسه‌بكه‌ین. پێویستمانه‌ پێیان بڵێین‌و تێیانگه‌یه‌نین كه‌ ئێمه‌ به‌ڕاستی خه‌بات ده‌كه‌ین بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی‌و دیموكراسی‌و ئێمه‌ به‌شێكین له‌جیهانی نوێ، به‌شێكین له‌جیهانی ئازاد، كه‌ ئه‌وان رابه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن.
نوێنەری یەکێتی لە فەرەنسا


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP