كات فیگه‌رێكی گرنگه‌، نه‌یبڕی ده‌تبڕێ! ‌
كات فیگه‌رێكی گرنگه‌، نه‌یبڕی ده‌تبڕێ! ‌ ‌ ئازاد تۆفیق‌ 13/8/2017
كات یه‌كێكه‌ له‌ فیگه‌ره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی ناو كایه‌ی سیاسی، كه‌ پێویسته‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی تابڵێی هه‌ستیارانه‌ی له‌ ته‌كدا بكرێ. چونكه‌ زۆرجار هه‌ندێ روداو له‌ هه‌ندێ كاتدا روده‌ده‌ن و گۆڕانكاری هێنده‌ گه‌وره‌یان لێده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌یان له‌ مێژودا مه‌حاڵه‌! به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ زۆرجار له‌ده‌ستدانی هه‌له‌كان له‌ كات و زه‌مینی خۆیدا، ده‌شێ له‌ ئه‌نجامدا ببێته‌ به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ و گورزی كاریگه‌ر له‌ دیاریكردنی پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا بگێڕێ! بۆیه‌ مرۆڤی هوشیار ئه‌و كه‌سه‌یه‌، له‌و هاوكێشه‌یه‌ بگات، كه‌ له‌نێوان كات و هه‌له‌كاندا هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش مانایوایه‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ كردن له‌ته‌ك كاتدا بۆ به‌گه‌ڕخستنی هه‌لومه‌رجه‌كان به‌ قازانجی خۆت، ئه‌قڵ و سه‌لیقه‌ی سیاسی گه‌ره‌كه‌! ئاخر كه‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ جێیهێشتین، ده‌بێ  بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا بین! ئه‌و كاته‌ش پێموانیه‌ مێژوو هه‌روا به‌ ئاسانی لێمان خۆش بێ! 
دیاره‌ كات كوشتن و به‌فیڕۆدانی كاتیش له‌ قۆستنه‌وه‌ی فرسه‌ته‌كان و هاوكات لێكه‌وته‌ی هه‌ر ئه‌نجامێكی نوێ، دوو جۆره‌! هه‌ندێ جار كات به‌ فیڕۆدان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی وشیاری سیاسی و ده‌رك نه‌كردن به‌ واقیعه‌كه‌، یان ده‌ستكورتی له‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجه‌كان وه‌ك خۆی، كه‌ ئه‌مه‌یان له‌ رووی بابه‌تیه‌وه‌ هێنده‌ بۆ بێ سه‌لیقه‌یی سیاسی و هه‌ژاری فیكر لای ئه‌و كاراكته‌ره‌ سیاسیانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، نیو هێنده‌ بۆ كاری ئه‌نقه‌ست و بۆ هه‌نگاوی هه‌ڵه‌ی ئه‌و نوخبانه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌نێوه‌نده‌كه‌دا رۆڵیان هه‌یه‌! ئه‌مه‌ش به‌لای منه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵه‌ و گوناهه‌، به‌ڵام گوناهێكی سیاسی هێنده‌ گه‌وره‌ نیه‌، تا كه‌سی له‌سه‌ر سه‌ركۆنه‌ بكرێ! چونكه‌ ده‌كرێ مرۆڤ له‌ قۆناغێكدا روئیای بۆ بینینی شته‌كان و پێشوه‌خت هه‌ستكردنی به‌ گۆڕانكارییه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ ده‌رنه‌چێ، كه‌ ئه‌و مه‌زه‌نده‌ی بۆ كردووه‌!  
 هه‌رچی جۆری دووه‌می كات كوشتن و كات به‌ فیرۆدانه‌، كه‌ ئه‌مه‌یان گوناهێكی گه‌وره‌ و خه‌تایه‌كی لێنه‌بورده‌ی سیاسیه‌ و به‌ هیچ پاساوێك قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرجار حزب و بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌كان به‌ ئه‌نقه‌ست و به‌ مه‌رام و بۆ به‌دیهێنانی داوا و ته‌ڵه‌بێكی كاتیی پێ له‌سه‌ر جۆرێ له‌ به‌رنامه‌ی كار داده‌گرن، كه‌ زیاتر له‌ژێر زه‌بری هه‌ندێك دروشمی باق و بریقی سیاسی و ئابوریی و له‌ژێر كاریگه‌ری هه‌ندێ خواستی پۆپۆلیستانه‌ی به‌ رووكه‌ش ئازاد و ریفۆرمیستانه‌ دا خۆیده‌بینێته‌وه‌! به‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مێژویی ده‌كه‌ن، چونكه‌ جێگۆڕكێ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی ئه‌ركه‌كان له‌ قۆناغێكی دیاریكراودا ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ش كارێكی نه‌كرده‌یه‌! چونكه‌ راسته‌ له‌و ساته‌ وه‌خته‌دا ئه‌و دروشمانه‌ ده‌بنه‌ داوایه‌كی گشتی و كه‌شێ ده‌خوڵقێنێ، كه‌ له‌ ناو شه‌قام و عامه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا كڕیاری زۆر و سه‌رفكردنی ئاسان بێت، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و دروشمانه‌، ستراتیژ و خه‌ونه‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌كرێته‌ قوربانی تاكتیك و هه‌ندێ قسه‌ی باق و بریقی بێ ئه‌رزش، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌نجام له‌باتی وه‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ و گرنگ، ده‌بینین قازانج سه‌ری مایه‌ ده‌خوات! دیاره‌ ئه‌وه‌ش به‌ هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌ ده‌درێ له‌ قه‌ڵه‌م، كه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست و بۆ هه‌ندێ خواستی تاكتیكی سوود له‌و هه‌ڵكه‌وتانه‌ وه‌رناگرن، كه‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌یان له‌ مێژوودا ده‌چێته‌ خانه‌ی مه‌حاڵه‌وه‌!    
چونكه‌ قۆستنه‌وه‌ی هه‌له‌كان و سوود وه‌رگرتن له‌ كات و ده‌رفه‌ته‌كان سه‌رباری ئه‌وه‌ی، كه‌ تێڕوانینی ورد و روئیای روون و پشتكردنه‌ هه‌ندێ داوای حزبیی - با راست و ره‌واش بێت - گه‌ره‌كه‌، هاوكات پیاده‌كردنی ئه‌و كاره‌ به‌ سیاسه‌تی سواربوون عه‌یبێك و دابه‌زین دوو عه‌یبیش نایه‌ته‌دی! چونكه‌ ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌ی كه‌ پێداگرتنی له‌سه‌ر هه‌ندێ دروشمی خه‌یاڵاوی ده‌كاته‌ ئامانجی ئه‌وه‌ڵ و ئاخیری خۆی، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ له‌ هه‌موولا باشتر ده‌زانێ، كه‌ بواری جێبه‌جێكردنیان له‌م كاته‌ ناسكه‌دا گه‌ر نه‌ڵێین مه‌حاڵه‌، ئه‌وا هێنده‌ش ئاسان نیه‌ به‌ كونفه‌یه‌كونێ بێته‌دی! ئه‌ی بۆ ئه‌و سیاسه‌ته‌ پیاده‌ ده‌كه‌ن و بۆ له‌كه‌لی شه‌یتان نایه‌نه‌ خواره‌وه‌؟ دیاره‌ ئه‌مه‌ ئیشكال و گرێ سیاسیه‌كه‌یه‌! كه‌ به‌ڕای من زیاتر بۆ موزایه‌ده‌ و بۆ له‌خشته‌ بردن و چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك و سواڵی ده‌نگه‌ و هیچی دی! ده‌نا گه‌ر وانیه‌ چۆن ده‌كرێ ئه‌مڕۆ پرسێكی گه‌وره‌ی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی بكرێته‌ قه‌زاوه‌گێڕی هه‌ندێ دروشمی تاکتیکی موزەیەف! چۆن ده‌بێ مرۆڤ ئۆتۆنۆمی له‌ سه‌ربه‌خۆیی لا باشتر بێت! گه‌ر وانیه‌ چۆن ده‌بێ بۆ رازیبوونی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ده‌نگدان به‌ سه‌ربه‌خۆیی، سه‌دان تكاو رجا له‌م هێز و له‌و لایه‌نی سیاسی بكرێ، چیه‌ وه‌ڵا سه‌ربه‌خۆیی له‌ قازانجی گه‌له‌كه‌مانه‌ و وه‌رن با هه‌مومان له‌سه‌ری كۆ ده‌نگ بین! من ده‌زانم ئیشكالی سیاسی له‌م هه‌رێمه‌دا، یه‌ك ساڵ و ده‌ مانگه‌ تاسه‌ر ئێسك له‌ گرێژنه‌ چووه‌، به‌ڵام خۆ كفریش نابێ گه‌ر له‌به‌ر خاتری پرسێكی گشتگیر تر، دوو مانگی تریش بخایه‌نێ! ئاخر نابێ ئه‌و لایه‌نانه‌ بزانن پێداگرتن له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ سیاسه‌ته‌، له‌ دوارۆژدا زه‌ره‌ری بۆ هه‌مووان ده‌بێت و مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ش له‌سه‌ر ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌مان و دۆزه‌كه‌مان دروست ده‌كات! بۆیه‌ به‌لای منه‌وه‌ هه‌رچۆن به‌فیڕۆدانی كاته‌كان به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌چێته‌ خانه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی مێژوییه‌وه‌، كه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ لێی به‌رپرسن، ئه‌وا دیماگۆگیه‌تی فریوده‌رانه‌ی سیاسیش هیچ نیه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ درووشمه‌كان له‌نێوان زار و كاردا له‌ دوو هێڵی ته‌ریب بچن و هیچی دی!
 ئێستا ئیتر من پێموایه‌.. ئه‌مڕۆ دۆزی گه‌له‌كه‌مان له‌ ناو گه‌مه‌ تیژڕه‌وه‌ ناوچه‌یی و جیهانیه‌كاندا، هێنده‌ پێویستی به‌ هه‌نگاوی عه‌مه‌لی و ده‌ره‌نجامی واقیعی راست و دروست هه‌یه‌، نیو هێنده‌ بانگه‌شه‌ی دروشمی فریوده‌رانه‌ دادی نادا! بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌مڕۆ هه‌ندێ لایه‌ن واز له‌هه‌ندێ دروشمی دێماگۆگیانه‌ بهێنن و خۆیان بۆ گۆڕانكاریه‌ گه‌وره‌كه‌ و بۆ هه‌ر ئه‌گه‌ر و روداوێكی خوازراو و نه‌خوازراو ئاماده‌ بكه‌ن. چونكه‌ ناوچه‌كه‌ له‌سه‌ر لێواری گۆڕانكاری و هه‌لومه‌رجی گه‌وره‌ی سیاسی و هه‌رێمایه‌تی نوێدایه‌ و ناكرێ نوخبه‌ی سیاسی كورد، وه‌ختێك لابكاته‌وه‌ حیكایه‌ته‌كه‌ كۆتایی هاتبێت و كه‌چی ئه‌م تازه‌ له‌ سه‌فسه‌ته‌ی ئه‌رێ (رۆسته‌م نێر بوو یامێ)دا، بێت! ئاخر له‌ هه‌ڵكه‌وتنی هه‌لومه‌رجه‌كاندا هه‌رچۆن كاته‌كان دووباره‌ نابنه‌وه‌، ئه‌وا هه‌ل و فرسه‌ته‌كانیش له‌كیس ده‌چن. به‌مه‌ش له‌باتی ئاینده‌ی گه‌ش ئاینده‌یه‌كی پڕ له‌ كاره‌سات چاوه‌ڕوانمان ده‌كات! 
حا بۆ رێگرتن له‌ رودانی هه‌ر جۆرێ له‌ كاره‌سات، رۆڵی نوخبه‌ی سیاسی و كاریزما و رۆڵی تاك له‌ مێژوودا وه‌ك رۆژی روون دیاره‌! واته‌ ئه‌وه‌ كه‌سانی لێهاتوو و سه‌ركرده‌ی به‌ ئه‌زموون و چاو نه‌ترسن، كه‌ له‌كات و زه‌مه‌نی خۆیدا، ده‌زانن چۆن بڕیار ده‌ده‌ن و هاوكات چۆن هاوسه‌نگیش ده‌پارێزن! ئه‌وه‌ پاڵه‌وانه‌كانی نیشتمانن، كه‌ به‌ یه‌ك بڕیاری حه‌كیمانه‌، مێژوو بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك و سه‌روه‌ریه‌كی گه‌وره‌ش بۆ خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن! ئه‌ی رۆڵی سه‌ركرده‌ چییه‌، گه‌ر له‌به‌ر هه‌ندێ هاشووهوشی بێ بنه‌ما و له‌ترسی هه‌ندێ سه‌فسه‌ته‌ی سیاسی و دروشمی باق و بریقی بێ ئه‌رزش، نه‌توانێ و نه‌وێرێ هه‌نگاوی جدی و بڕیاری بوێرانه‌ به‌ ئاراسته‌ی قۆستنه‌وه‌ی هه‌له‌كان بنێت! ئاخر خۆ له‌ مێژوودا هه‌زاران ڕابه‌ر و جه‌نه‌راڵی سه‌ربازی و سه‌ركرده‌ی وڵات هه‌بوون و هه‌شن، به‌ڵام هه‌موومان ئاگادارین له‌و هه‌زارانه‌، مێژوو ته‌نها به‌ چه‌ندین كه‌سی وه‌ك (بسمارك، گاریبالدی، چه‌رچڵ، دیگۆل و سه‌عد زغلول) و كێ و كێمان ده‌ناسێنێ! بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ رۆڵی مێژویی خۆی ببینێت، ده‌بێت له‌ قه‌یران و ته‌نگژه‌كاندا ده‌ربكه‌وێ و هه‌نگاوی مێژویش بنێت، چونكه‌ كاتێ كه‌ زه‌ویه‌كه‌ی نه‌رمانه‌، نه‌ كه‌س پێویستی به‌ حیكمه‌تی سه‌ركرده‌یه‌ و نه‌ به‌لێهاتویه‌كانی سه‌ركرده‌ش خه‌نی ده‌بین! له‌مێژه‌ مێژووش ئه‌و راستییه‌ی بۆ سه‌لماندوین، كه‌ گره‌نتی گه‌یشتنی كاروان به‌ مه‌نزڵ، به‌ بێ سه‌رقافڵه‌ی لێهاتو و به‌بێ بڕیاری بوێرانه‌، نادرێ! كه‌ دیاره‌ ئه‌و كاره‌ش هه‌میشه‌ له‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاوه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، كه‌ من بۆ خۆم پڕ به‌دڵ چاوه‌ڕه‌وانی ئه‌و هه‌نگاوه‌م!


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP