هەڵبژاردنەكانی ئایندە و بەرپرسیارێتی پەرلەمانی عیراق
سه‌كۆی پایته‌خت هەڵبژاردنەكانی ئایندە و بەرپرسیارێتی پەرلەمانی عیراق ‌ د.به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌ 13/8/2017
52
هەفتەی ڕابردوو لە دوا دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و لەگەرمەی دەنگدان بە پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ، گێرمەوكێشەی ئەنجامدان یان دواخستنی هەڵبژاردنەكان كە بڕیارە ساڵی ئایندە بكرێت لەنێوان ئەندامانی پەرلەمان روویداو بۆ یەكەمجار بەشێوەیەكی فەرمی ئەم مەسەلەیە گفتوگۆی لەبارەوە كراو و كەوتە ناو ناوەندەكانی میدیا و ئیتر لەقۆناغی وتنی ژێر لێوەوە گواسترایەوە بۆ ئاستی یاسایی و ئەم مەسەلەیەش دەكرێ‌ لەئێستا بەدواوە ململانێی توندتر و ئاستباڵای تر بەدوای خۆیدا بهێنێت و بەرەی یار و نەیاری دواخستنی هەڵبژاردنی لێبكەوێتەوە.
ئەوەی كە مەسەلەكەی خستە بەرباس ولێكۆڵینەوە، داخوازی هاپەیمانی یەكێتیی هێزە عیراقیەكان بوو كەكۆكراوەی پێكهاتەی سونەكانن لەناو پەرلەمان و بەرۆشنی نوێنەرەكەیان داوای كرد هەڵبژاردن لە پارێزگاكانیان دوابخرێت تا ئەوكاتەی كەحكومەت ئاوارەكان دەگەرێنێتەوە و كەشوهەوایەكی لەباری ئەمنی و سیاسی و ئاوەدانی و ئابووری بۆ ناوچەكانیان دەگەرێنێتەوە و دواتریش ناواخنی ئەم داواكاریە لەشێوەی رەشنوسێكدا دەنگی پێویستی ئەندامانی پەرلەمانی بەدەستهێناو بەمەش پەرلەمان كەوتە دوالیزمیەكی ئاشكراوە بەوەی كە چەند خولەكێك پێشتر دەنگمان دابوو بە دەمجكردنی هەردوو هەڵبژاردنی پارێزگاكان و پەرلەمان لە یەك كاتدا.  كەواتە دەكرێت بپرسین ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستووریەو توانای دواخستنی نەبێت و بریاڕیش بێت هەردوو هەڵبژاردنەكە لەیەك رۆژدا بكرێت ، ئەوا خێرە بۆ پارێزگاكان دواخستنی هەڵبژاردن حەڵال و بۆ پەرلەمان حەرام بێت ؟! خۆ ئەگەر ناسەقامگیری ئەمنی و مەسەلەی ئاوارەكان بێت ئەوا ناوچە هەمان شوێنە و نالەباریش هەمان جوگرافیایە ، مەگەر نا دەتوانین بڵێین ماستەكە گوریسێكی تیایە و سەری گوریسەكەش كەركوكە. بەڵام بابزانین چۆن؟
بەدرێژایی هەر چوار دانیشتنەكەی پەرلەمان لەهەفتەكەدا نەتوانرا تەوافوقی نێوان پێكهاتەكانی كورد و توركمان و عەرەب دەستەبەر بكرێت سەبارەت بەمادەی 37 كەتایبەتە بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ، ئەمە سەرباری دوو گێمی گفتوگۆی نێوان لایەنەكان بەسەرپەرشتنی سەرۆك پەرلەمان، هەربۆیە باشترین بیانو بۆ خۆدزینەوە لە هەڵبژاردنی كەركوك هێنانە پێشەوەی مەلەفی ناوچەی گەرم و تێكەڵكردنیەتی لەگەڵ پارێزگاكانی موسڵ و ئەنبار و دیالی و سەلاحەدین بۆ ئەوەی بەیەكجاری كەركوك و كەركوكیەكان مەحرومبكرێن بۆ جاری چوارەم لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
لەڕەهەندێكی دیكەوە، دواخستنی هەڵبژاردنی نوێنەران پێشینەیەكی مەترسیداری پرۆسەی سیاسیەو گورزێكی كوشندە دەبێت كەبەر كەمەری دیموكراسیەت و مەسەلەی دەساودەستكردنی دەسەڵات دەكەوێت لەعیراقدا و پێشێلكردنی رۆشنی دەستوورە. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی دەستووری ، هاوشانی بۆشایی ئەمنی و ناكۆكی سیاسی و فەشەلی ئیداری و خزمەتگوزاری و شێرپەنجەی گەندەڵی و رۆتین دواجار هەموو ئەمانە عیراقی نوێ‌ ، عیراقەكەی دوای سەدام حسین دەگەرێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.
پێدراوەكانی سەرەوە لەكاتێكدایە كە تاقانە هەرێمە فیدراڵیەكەی عیراق (كوردستان ) بەهۆی قوڵبوونەوەی كێشەكانی و كەڵەكەبوونی قەیرانەكانی لەگەڵ بەغداد سەرگەرمی ئامادەكاریە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و جیابوونەوەی لەعیراق و هەربۆ ئەم مەسەلەیەش لەم هەفتەیەدا وەفدێكی هەرێم دەگاتە پایتەخت و بەجدی پێیان دەڵێن خواحافیزیتان لێدەكەین.
لەم سۆنگەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەرپرسیاریەتی گەورەی مێژوویی لەسەرشانە و وەك مەرجەعی باڵای پرۆسەی سیاسی، دەبێت خێراتر و بەجورئەتەوە هەنگاوی لێبڕاوانە بگرێتەبەر و مەسەلە هەستیارەكانی هەڵبژاردنی ئایندەو دۆخی ئەمنی و گەڕانەوەی متمانەی سیاسیی بۆ پێكهاتەكان و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد بە پرسی ریفراندۆمەوە بكاتە ئەجێندای بنەڕەتی كارەكانی و دەرچەی یاسایی و دەستووری بۆ بدۆزێتەوە ، ئەگەر نا كار لەكارترازاوە و پێناچێت رەوتی رووداوەكان جارێكی دیكە بۆ دواوە بگەرێنەوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP