كوردەوارییەكی گرفتار!
نیوه‌ی‌ دووه‌م كوردەوارییەكی گرفتار! ‌ كاروان یاروه‌یس‌ 13/8/2017
45
ئەگەرچی شارەزاو پسپۆری ئابوری‌و كۆمەڵناسی نین، بەڵام رۆشنبیریی گشتیمان هەیە‌و تێدەگەین، كە هەڵتۆقینی لەپڕی سەرمایەدارو كەڵەكەبوونی پارە لەلای كۆمەڵێك كەسی دیاریكراو و داڕوخانی چینی ناوەند لەكۆمەڵدا، ئاماژەی مەترسیدارن.  
هەموو پرۆسەیەك، زەمینەی پێشوەختەی بۆ خۆشبكرێ‌‌و پێویستیەكانی بۆ فەراهەم بكرێ‌‌و بە شێوە ئاسایی‌و شێنەییەكەی گەشە بكات‌و پێبگات باشە. بەپێچەوانەوە هەڵتۆقین‌و لەپڕ دەركەوتن‌و پەلەپەل، دەركەوتە‌و ئەنجامی نەرێنی زۆرتر دەبێت. 
 لەسروشتیشدا هەروایە، ئەو بارانەی بەخوڕو خێرا دەبارێت، بەبەراورد لەگەڵ ئەو بارینەی بەلێزمەی‌و بەهێواشی دەبارێت، بۆ كشتوكاڵ‌و ژینگە سوودی كەمترە، بەڵكو هەندێكجاریش لافاوو قوڕاوو زیانی لێدەكەوێتەوە. 
  چەقبەستن‌و سوڕانەوە لە بازنەیەكی باودا، خاویی‌و سستبوونی پرۆسەی گۆڕانكاریی‌و پێگەیشتن‌و پەرەپێدانیش، دەردێكی كوشندەیە، ئەزموون‌و نمونەی مێژوویی زۆر هەن، دەیسەلمێنن، كە بەم هۆیەوە زۆر كۆمەڵ‌و وڵات رووبەڕوی داروخان بوونەتەوە. 
  ئەوەی ئێستا لەكوردستان دەگوزەرێی، بەشێكی پەیوەستە بە پەرتبوون‌و تەشەنەكردنی دەردە كۆمەڵایەتیەكان لەكوردەواری دا.كێشە سیاسی‌و ململانێ نائاساییەكان‌و خراپیی دۆخی ئابوری، كاریان كردۆتە سەر تاكی كورد‌و كوردەواری بەگشتی‌و كێشەكانیشیان قوڵتر كردۆتەوە. 
  میدیاش لەكوردستان، نەك نەیتوانیوە هاوكاربێت بۆ ڕاستكردنەوەی باری لاری كوردەواری‌و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانی گرفت‌و دەردی تر، بەپێچەوانەوە زۆرجار ئاو ئەكات بە ئاشی كێشەكاندا‌و زەمینە خۆشدەكات بۆ تەشەنەكردنیان. 
   میدیای كۆمەڵایەتیش، هێندە نەشیاو بەكاردەهێنرێت قوڕەكەی خەستر كرۆدتەوە، چونكە وەك شمشێرێكی دووسەرە وایە، دەتوانێ‌ كۆمەڵ پێشبخات‌و تاك هۆشیار بكاتەوە، دەشتوانرێت كۆمەڵ تووشی كێشە بكات‌و تاكیش لە كۆمەڵ داببڕێت. 
    ئەگەرچی (ماركس) لە نووسینەكانیدا تەنها ناوی دوو چین دەبات، (سەرمایەدار)‌و (كرێكار)، پێشتریش چینی (دەرەبەگ)‌و (جووتیار)، بەڵام لەگەڵ گەشەكردنی كۆمەڵ‌و ئابوری دا، چینی ناوەندیش هێواش هێواش سەریهەڵدا‌و هاوسەنگی كۆمەڵایەتی پاراست. 
ئێستا لە كوردستان لەهەموو بوارەكاندا، هەڵتۆقین هەیە، لەپڕ سەرمایەداری نوێ‌ دەردەكەوێ‌‌و لەناكاو سیاسی‌و بەبێ‌ ناو و ئەزموونی پێشوەختە رۆژنامەنوس‌و چالاكوان. بەهۆی قەیرانی دارایی‌و بێسەروبەریی بازاڕو سەرمایەگوزارییەوە، چینی ناوەند لەكوردەواری دا، بەرەو لەناوچوون دەچێت‌و خەریكە بەسەر دەوڵەمەند‌و هەژاردا دابەش دەبێت.
  لەسادەترین تێگەیشتندا، هۆكارەی ئەمە، نادروستی جۆری بەرێوەبردن‌و سیستمی ئابورییە، كە لە كوردستان پەیرەو دەكرێ‌.
چارەسەركردنی ئەم كێشانە، تەنها بەو هەوڵانە ناكرێ‌، كە بانكی نێودەوڵەتی لەگەڵ حكومەتی هەرێم خەریكێتی، بەڵكو پێویستی بە ستراتیژێكی ئەوتۆ هەیە، كە هەموو بوارەكان بگرێتەوە، چونكە كێشە كۆمەڵایەتیەكان دەرئەنجامی كێشەی سیاسی‌و ئابوری‌و خراپیی دۆخی پەروەردەو فێركردن‌و زۆر هۆكاری ترن، نەك خودی كۆمەڵگا. 
حكومەتی هەرێم بە سیستمی پاشەكەوتی مووچە، كە لەرووی نەرێنیەوە كەم وێنەیە، ڕەنگە لەرووی داراییەوە توانیبێتی هەندێ‌ لە بارگرانیە داراییەكانی چارەسەربكات، بەڵام كۆمەڵێك كێشەی گەورەی خوڵقاندووە، كە خودی حكومەت لەداهاتوودا ناتوانێ‌ بەئاسانی چارەسەریان بكات. 
مرۆڤ  رۆژانە بە ئاسانی‌و روونی شێواوی‌و لە چوارچێوە لادانی كوردەواری دەبینێ‌، ئەو هەموو ناكۆكی‌و ووتی ووتی‌و قسەو باس‌و دابەشبوون‌و پێكددانەی روودەدات، ئاماژەی ئاشكران بۆ گرفتاربوونی كوردەواری بەكۆمەڵێك نەخۆشی‌و دەردی كۆمەڵایەتیەوە. 
حكومەت لەداهاتوودا، باری دارایی باش بوو، دەتوانێت، رێگاوبانەكان‌و حزمەتگوزارییەكان چاك بكاتەوە، بەڵام كێشە كۆمەڵایەتیەكان ئەگەر زیاتر تەشەنە بكەن‌و لەكاتی خۆیدا چارەسەر نەكرێن، كاریگەری خراپیان بۆسەر پەروەردە هەبێت، ئەوا زیانی گەورە تریان دەبێت‌و ناتوانرێ‌ بە بودجە ڕاست بكرێنەوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP