هه‌ڵوێستی‌ فه‌رمی‌ به‌غدا و ئه‌مریكا له‌باره‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌
ده‌ستوری‌ عیراق به‌ مه‌رجه‌ع داده‌نێن هه‌ڵوێستی‌ فه‌رمی‌ به‌غدا و ئه‌مریكا له‌باره‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ ‌ 27/8/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
حكومه‌تی‌ عیراقی‌ له‌ دژی‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ راگه‌یاندنی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌خرێنه‌گه‌ڕ.  
سه‌عد حه‌دیسی‌ وته‌بێژی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراق رایگه‌یاندبوو»هه‌ر هه‌ڵوێست و هه‌نگاوێك له‌لایه‌ن هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ له‌ عیراق بنرێت، پێویسته‌ پشت به‌ ده‌ستور ببه‌سترێت، چونكه‌ به‌پێی‌ ده‌ستور، عیراق یه‌ك وڵاتی‌ دیموكراتی‌ و فیدراڵه‌ و خاوه‌ن سه‌روه‌ریی‌ ته‌واوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ره‌چاوی‌ ده‌قه‌ ده‌ستورییه‌كان بكرێت له‌و باره‌یه‌وه‌». 
به‌ وته‌ی‌ حه‌دیسی‌»ئاینده‌ی‌ عیراق ته‌نیا تایبه‌ت نییه‌ به‌ یه‌ك لایه‌ن و ئه‌وانی‌ تر په‌یوه‌ندییان پێوه‌نه‌بێت، به‌ڵكو بڕیارێكی‌ عیراقییه‌ و په‌یوه‌ندی‌ به‌ هه‌موو عیراقییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ناكرێت هیچ لایه‌نێك به‌ ته‌نیا، چاره‌نوسی‌ عیراق به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌كانی‌ تر دیاریی‌ بكات». 

زێباری‌: مه‌رج نییه‌ ریفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی‌ بێت 

هۆشیار زێباری‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ ریفراندۆم و وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پێشووتری‌ عیراق ده‌ڵێت»ریفراندۆم هه‌ڵوێستی‌ هه‌رێم له‌ دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا پته‌وده‌كات»، به‌ڵام ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ده‌ره‌نجامی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ مانای‌ جیابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی‌ بێت. 
ئاژانسی‌ «رۆیته‌رز» له‌ زاری‌ زێبارییه‌وه‌ بڵاویكردبۆوه‌ كه‌ ده‌نگدان له‌ ریفراندۆمدا  مانای‌ لكاندنی‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی‌ تریش بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ناگه‌یه‌نێت. 
به‌ وته‌ی‌ هۆشیار زێباری‌» ریفراندۆم پرۆسه‌یه‌كی‌ دیموكراتییه‌ و ناكرێت هیچ ده‌وڵه‌تێكی‌ دیموكراتی‌ رێگه‌ له‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم بگرێت، ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی‌ ناكه‌ین، ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ریفراندۆم ده‌كه‌ین». 
پێشتر مه‌سعود بارزانی‌ رایگه‌یاندبوو «ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ بڕیاره‌ له‌ 25ی‌ مانگی‌ داهاتوودا بكرێت، بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌رێمه‌». 
وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا بڕیاره‌كه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی‌ له‌25ی‌ ئه‌یلولی‌ داهاتوو به‌ «هه‌ڵه‌یه‌كی‌ سامناك» وه‌سفكردبوو. 
وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ به‌ «هه‌ڕه‌شه‌» بۆسه‌ر یه‌كپارچه‌یی‌ و سه‌لامه‌تی‌ خاكی‌ عیراق» له‌قه‌ڵه‌مدابوو، داواشی‌ كردبوو پارێزگاریی‌ له‌ یه‌كێتی‌ خاكی‌ عیراق و یه‌كگرتوویی‌ و یه‌كڕیزیی‌ سیاسی‌ عیراق بكرێت، ئه‌و خواسته‌شی‌ وه‌ك ئامانج و  یه‌كێك له‌ بنه‌ما سیاسییه‌كانی‌ توركیا به‌رانبه‌ر به‌ عیراق، وه‌سفكردبوو. 

ئه‌مریكا جه‌نگی‌ داعشی‌ به‌لاوه‌ گرنگه‌ 

ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا هۆشداریی‌ دادات له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ دادێ‌، ببێته‌ مایه‌ی‌ پشتگوێخستنی‌ كاره‌ گرنگ و هه‌نوكه‌ییه‌كان كه‌ شه‌ڕی‌ رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» داعش و له‌ناوبردنی‌ ئه‌و رێكخراوه‌یه‌. 
وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندبوو» رێز له‌ خواسته‌ ره‌واكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌گرن، به‌ڵام ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ پشتگوێخستنی‌ جه‌نگی‌ دژ به‌ داعش». 
هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتبوو: «واشنتۆن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كورد له‌ عیراق هانده‌دات، له‌سه‌ر بابه‌ته‌ گرنگه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ فیدراڵ گفتوگۆ بكه‌ن، به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غداشه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ده‌ستوری‌ عیراقی‌ بێت». 
وێڕای‌ دژایه‌تی‌ به‌غدا، هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌، سازدانی‌ ریفراندۆمی‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ له‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ داهاتوو، راگه‌یاندووه‌. 
به‌پێی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم»رۆژی‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ 2017 بۆ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێم، دیاریی‌ كراوه‌». 
هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: «له‌و رۆژه‌دا دانیشتوانی‌ ناوچه‌كانی‌ كوردستان و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، پێویسته‌ راوبۆچوونی‌ خۆیان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌رببڕن». 
سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا، به‌پێویستی‌ زانیبوو «له‌مڕۆوه‌ تاوه‌كو رۆژی‌ ریفراندۆم لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كار بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسییه‌كان بكه‌ن له‌پێناو گه‌یشتن به‌ كۆده‌نگییه‌كی‌ نیشتیمانی‌ له‌باره‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌». 
له‌ هه‌رێم لیژنه‌یه‌كی‌ باڵا به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌سعود بارزانی‌ و نوێنه‌ری‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان پێكهێنراوه‌، تا رێوشوێنه‌كانی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم ته‌واو بكه‌ن. 
هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ له‌ئێستادا جگه‌ له‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك، له‌ چوار پارێزگا پێكدێت (هه‌ولێر، سلێمانی‌، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه‌)، له‌پاش راپه‌ڕینی‌ ساڵی‌ 1991وه‌ حوكمی‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری‌ تێدایه‌ و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌رێمیش له‌ سه‌ره‌تای‌ دروستبوونی‌ شه‌ڕی‌ دژ به‌ رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌» داعش، له‌ دژی‌ چه‌كدارانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ شه‌ڕدان. 
زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌  هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ نزیكه‌ی‌ 4.5 ملیۆن كه‌س ده‌بن، پشتیوانی‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ و جیابوونه‌وه‌ی‌ هه‌رێمه‌كه‌ ده‌كه‌ن له‌ عیراق. 
 به‌بۆچوونی‌ چاودێران، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ به‌غدا به‌ توندی‌ له‌ دژی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن، ئه‌و دژایه‌تییه‌ش توندتر ده‌بێت گه‌ر كورد هه‌وڵبدات ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ به‌سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێمدا بسه‌پێنێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP