بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی: كۆمپانیای مەستی فیلم سەركەوتنی خۆی سەلماندووەو ئێمەش بەشداریی كاراترمان دەبێت
لەخولی دووەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی: كۆمپانیای مەستی فیلم سەركەوتنی خۆی سەلماندووەو ئێمەش بەشداریی كاراترمان دەبێت ‌ 30/8/2017
لەمیانی ئامادەكارییەكاندا بۆ دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمدا بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی رایدەگەیەنێت كە خولی یەكەمی فێستیڤاڵ سەركەوتوو بووەو مەستی فیلم دەریخست كە دەتوانێت ئەو ئەركەی لەئەستۆی گرتووە بەباشیی جێبەجێی بكات ‌و جەختیش دەكاتەوە لەوەی كە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بۆ دووەمین فێستیڤاڵ بەشداریی كاراتری دەبێت.
ئا: ماردین عەبدولکەریم*
بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی راگەیاندنی دووەمین فێستیڤاڵدا جەختی لە سەركەوتوویی رۆڵی كۆمپانیای مەستی فیلم كردەوەو  رایگەیاند: مەستی فیلم وەك كۆمپانیایەكی تایبەتی سلێمانی لە فێستیڤاڵی یەكەمدا دریخست كە دەتوانێت ئەو كارە جێبەجێ بكات. 
هەروەها پێیوابوو كە كۆمپانیاكانی دەرەوەی حكومەت دەتوانن بێنە ناو كایەكەوەو كاربكەن ‌و   روونیشیكردەوە كە ئەزموونەكانی وڵاتانی دیكەش دەریانخستووە كە زۆرجار دەشێت لە دەرەوەی دەزگاكانی دەوڵەت كۆمپانیا تایبەتەكان فێستیڤاڵ یان هەر ئامادەكارییەك بۆ كارە هونەرییەكان بكەن، لەو رووەشەوە نموونەی بە كۆمپانیاكانی وڵاتانی وەك ئەمریكاو هندستان ، هۆلیود و بۆلیود هێنایەوە كە دەتوانن كاری هونەریی گەورە بكەن بۆ خزمەتی فیلم یان هەركارێكی دیكەی لەو جۆرە. 
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی وتیشی: ئێمەش دەتوانین بچینە سەر رێچكەی وڵاتانی دیكەو كۆمپانیاكان لە دەرەوەی حكومەتەوە ئەم كارە ئەنجام بدەن و حكومەتیش بەجۆرێك لە جۆرەكان سپۆنسەریان بێت.
وتیشی: ساڵی پار هەرچەندە هاوكاریمان كردنو بەڵام كەم بوو، بۆیە ئەمساڵ هەوڵمانداوە هاوكارییەكەمان لەڕووی مادییەوە زۆرتربێت، تا فێستیڤاڵەكە سەركەوتووتر بێت، راشیگەیاند كە ناكرێت ژیان لەم وڵاتەدا بووەستێت، بۆیە بەپێویستی زانی كە بەهەر جۆرێك بێت كاری فیلم یان هونەر بەگشتی بەردەوام بێت.
بابەكر دڕەیی هەروەها دەڵێت: «لەو دیدگایەوە ئێمە هەوڵدەدەین هاوكاریی جدی فێستیڤاڵ بین ‌و لەچەندین كۆبوونەوەی سەرپەرشتیكاریی فێستیڤاڵدا بەشداربووین و هەوڵدەدەین ئامادەیی كارامان هەبێت» هەروەك بەڵێنی ئەوەشی دا  كە ئەگەر پێویست بكات ستافی زیاتر دەدەن بە لیژنەی ئامادەكاریی فێستیڤاڵ. 
روونیشكردەوە كە لەگەڵ وەزیری رۆشنبیریی پێكەوە بڕیاریانداوە هاوكاریی كارای فێستیڤاڵ بكەن بۆئەوەی سلێمانیش لەو پڕۆژە گەورە نیشتمانییە بێبەش نەبێت.
لەوەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بەوەی كە سەركەوتنی مەستی فیلم  و خولی یەكەمی فێستیڤاڵ لە چیدا پۆلێندەكات، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی ئاماژە بەوەكرد كە سەركەوتنی فێستیڤاڵ لەدوو خاڵدا كۆدەكرێتەوە‌و وتی: «یەكەمیان ئامادەیی جەماوەرێكی زۆرو پڕ بوونی هۆڵەكان بوو كە زۆرجار جێگە نەدەما بۆ خەڵك،  واتە مادام بینەری فیلم هەیە، ئەوە زۆر گرنگە كە ئێمە هەوڵبدەین كەلتوری سینەما لەسلێمانی زیندووبكەینەوە»، هەروەها وتی: بەهۆی فێستیڤاڵەوە  خەریكە ئەم حاڵەتە زیندوو دەبێتەوە كە لە ساڵانی پەنجاكانی شاری سلێمانیدا ئەم حاڵەتە بینراوە، بۆیە پڕبوونی هۆڵەكان دڵخۆشی كردین .
هەروەها خاڵێكی دیكەی خستەڕوو و وتی: «ساڵی پار هەڵەی كەمم بینی لە كارەكانداو لە هۆڵی تەوار دانیشتنێكی رەخنەییش سازكرا بۆ كەمو كوڕی لە بەرێوەچوونی كارەكاندا كە ئەمە لای ئێمە زۆر گرنگە، فیت باك بۆ ئەنجامدانی كارەكان سازبكرێ‌، تا بتوانیت خاڵی لاوازو بەهێزی كارەكانت بزانیت.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئامادەكارانی فێستیڤاڵ، بەبایەخەوە گوێ‌ لەوانە دەگرن كە رەخنەیان لێ دەگرن.
و تیشی ئاگامان لێیە كە لە شارەكانی تریشدا فێستیڤاڵ دەكرێ‌ و بودجەیەكی باشی بۆ خەرج دەكرێت ، بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم و بەتایبەتیش وەزارەتی رۆشنبیری ‌و  بەرێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری، هاوكاریی زیاتری ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بكەن، كارێكی باشە،  بەتایبەتی شاری سلێمانی كە پایتەختی رۆشبیرییە، ئومێدەوارم ساڵانی ئایندە بتوانین هاوكاریی باشتریان بكەین.
سەبارەت بەوەش كە فێستیڤاڵ بەیەكگەشتنی رۆشنبیریی و كلتورە ، ئایا كورد تاچەند توانیویەتی لەرێگەی فیلمەوە رۆشنبیریی و كەلتوری نەتەوەكەی بگەێنێتە میوانانی  فێستیڤاڵ، بابەكر دڕەیی دەڵێت: «لەراستیدا رەوشی هەرێمی كوردستان سەقامگیر نییە، زۆربەی كێشە سیاسییەكان چارەسەر نەكراون، حكومەت و دەزگاكانی دەوڵەت ئەو كارە گرنگانەی كە پەیوەندیی راستەوخۆی بە خەڵكەوە هەیە جێبەجێ‌ دەكات، وتیشی: تا رادەیەك لەم جۆرە بارودۆخە نەچەسپاوانەدا كاری هونەری سینەماو فیلمسازی دەخرێتە پەراوێزەوە، بۆیە ئەمە كەموكورتییەكی گەورەیە لەئێمەوە، رەنگە لە وڵاتێكی وەك توركیا كە دراوسێمانە، ساڵانە لانیكەم پەنجا فیلمی درێژ بەرهەم بهێنن، دەبا ئێمە بتوانین (4) فیلمی درێژ بەرهەم بهێنین، بەڵام وەك ئاماژەم پێدا، ناسەقامگیریی بارودۆخەكە بەشێكە لە هۆكاری ئەم كەموكورتییەو هەروەها دابین نەكردنی بودجەیەك بەیاسا لە پەرلەمانەوە بۆ بواری هونەر، هۆكارێكی  دیكەی ئەم كەموكورتییەیە، ئەگەرنا دەبوو لانیكەم لەفێستیڤاڵدا چەند فیلمێكی نوێی كوردی نمایش بكرانایە.
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی ئاماژەی بەوەش كرد كە لە كورتە فیلمدا چوینەتە پێشەوە، كە لەوانەیە لە رێگەی ئەوانەوە بتوانین كەمێك لە كەلتور یان لایەنەكانی ژیانی كورد پیشانی میوانانی فێستیڤاڵ  بدەین ، بەڵام هەرگیز ئەوە شوێنی فیلمی درێژ ناگرێتەوە. 
لە وەڵامی ئەوەشدا كە ئاخۆ توانراوە فێستڤاڵ لە هەرێمی كوردستاندا بكرێتە بزنس؟ دڕەیی رایگەیاند: ئەوە زۆر راستە، یەكێك لە ئامانجەكانی فێستیڤاڵی سینەما بەبزنس كردنە، بۆ نموونە فێستیڤاڵی كان، لەندەن ، وڵاتە عەربییەكان وەك فێستیڤاڵی قاهیرەو قرتاج و بەعلەبەك و چەندانی تر لەگەڵ ئاڵوگۆڕی رۆشنبیریی و كلتوریدا، بۆتە پڕۆژەیەكی گەورەی بازرگانی بۆ ئەو وڵاتانەش، لای ئێمە تەنها جووڵەیەكی كەم دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام ئەمە شتێكی ئەوتۆ نییە، ئێمە لەم قۆناغەدا تەنیا دەتوانین كوردستان و جێگەو پێگەكەی بە میوانان بناسێنین، بۆیە پێیوابوو كە دەبێت ئەم بابەتە بۆ خولەكانی تر چارەسەر بكرێن.
لەو رووەشەوە وتی: ئێمە وەك بەڕێوەبەرێتی گشتیی رۆشنبیری، لەگەڵ هەندێك لە ئەندام پەرلەمانەكاندا دانیشتووین‌و قسەمانكردووە كە یاسایەكی تایبەت بە وەبەرهێنان لەبواری هونەردا لە پەرلەمان دەربكرێت، لە ئایندەشدا كاری جدیی بۆ دەكەین.
*بەڕێوەبەری راگەیاندنی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP