ئازاد هه‌ورامی له‌ شۆڕشی سه‌ختی ره‌نجده‌راندا
یادی 29 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سه‌ركرده‌یه‌ك ئازاد هه‌ورامی له‌ شۆڕشی سه‌ختی ره‌نجده‌راندا ‌ 31/8/2017
لاپه‌ڕه‌ی سه‌روه‌ران
ئه‌وكاتانه‌ی كه‌ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان كه‌وتنه‌ به‌رهه‌ڵمه‌تی دڕندانه‌ی به‌عس و دواتریش كه‌ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ركرده‌كان و كادیره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ ده‌ستگیركران، شه‌هید ئارام و چه‌ندكه‌سێك له‌هاوڕێكانی شانیان دایه‌به‌ر ئه‌وئه‌ركه‌ سه‌خته‌و توانیان رێكخستنه‌كان له‌په‌رته‌وازه‌یی و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شان بپارێزن.
ئه‌وان كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كانیان پێكهێناو له‌ڕێی ئه‌ندامانی ئه‌و كۆمیته‌یه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی خۆگرتنه‌وه‌و خۆسازدانه‌وه‌و چالاككرنه‌وه‌ی رێكخستنه‌كان ده‌كرا، ئه‌وه‌بوو كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان بووه‌ فریادره‌سی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و توانی له‌وڕێگه‌یه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ كۆمه‌ڵه‌ ئاهێكی به‌به‌ردابێته‌وه‌و شانه‌ لێكترازاوه‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌و هه‌ڤاڵان و ئه‌ندامان هیوایه‌كیان به‌رێكخراوه‌كه‌ زیندوو بێته‌وه‌.
شه‌هیدی سه‌ركرده‌ ئازاد هه‌ورامی ئه‌وكاته‌ كوڕێكی گه‌نج و لاوێكی شاری بوو، ته‌مه‌نی له‌دوو ده‌یه‌ تێپه‌ڕی نه‌كردبوو، به‌ڵام یه‌كێك بوو له‌ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان و سه‌ركردایه‌تیكردنی به‌شێكی رێكخستنه‌كانی ئه‌وقۆناغه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانی كه‌وته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌وه‌بوو دڵسۆزانه‌و ئازایانه‌ شانی دایه‌به‌ر ئه‌وئه‌ركه‌ سه‌خته‌و توانیشی كارێك بكات كه‌ببێته‌هۆی هه‌ڵسانه‌وه‌ی باری گلاوی رێكخستنه‌كان و شانازییه‌كی گه‌وره‌شی له‌ورووه‌وه‌ به‌ر بكه‌وێت.

خوشك و براكان له‌زینداندا
بنه‌ماڵه‌و كه‌سو كاره‌كه‌ی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی هه‌رله‌كۆنه‌وه‌ نیشتمان په‌روه‌رو بوون و رووبه‌ڕوی داگیركه‌ران بوونه‌ته‌وه‌، له‌وپێناوه‌شدا قوربانی و ره‌نجی زۆریان داوه‌.
ساڵی 1929 جافه‌ر سوڵتانی باپیره‌ گه‌وره‌ی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ره‌زا شای په‌هله‌ویدا رووبه‌ڕووی یه‌كتری بوونه‌وه‌، شا هێزێكی گه‌وره‌ی ناردۆته‌ هه‌ورامان بۆئه‌وه‌ی چه‌كیان بكات، جافه‌ر سوڵتان ملی بۆ ئه‌و بڕیاره‌ نه‌داوه‌و نه‌یهێشتووه‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌ی چه‌كه‌كانیان فڕێبده‌ن، شه‌ڕ له‌ناوچه‌ی ره‌وانسه‌ر له‌نێوانیاندا به‌رپابووه‌، به‌ڵام به‌هۆی نابه‌رامبه‌ری، هێزه‌كانی شا سه‌ركه‌وتوون، جافه‌ر سوڵتان و كوڕو كچه‌كانی و چه‌ند كه‌سێك له‌خزم و كه‌سوكاره‌كه‌ی ته‌سلیم به‌عیراق بوون، وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسی له‌شاری رومادی به‌ده‌ستبه‌سه‌ری مانه‌ونه‌ته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ دایشكی شه‌هید ئازاد كه‌ته‌مه‌نی ساڵ بووه‌ له‌گه‌ڵ خاڵه‌كانی و كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌ستگیركراون و گواسترانه‌وه‌  بۆ زیندانه‌كانی تاران،  دوای ئازاد كردنیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ورامان، ساڵی1953یش خانه‌واده‌كه‌ی شه‌هید ئازاد له‌هه‌ورامانه‌وه‌  چوونه‌ته‌ كه‌ركوك و له‌گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسم نیشته‌جێبوون.
ساڵی 1963باوكی شه‌هید ئازادو هۆشمه‌ندی برای كه‌خوێندكاری پێنجه‌می زانستی بووه‌، له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ زیندانیكراون، دوای هه‌فته‌یه‌ك هۆشمه‌ند ئازادكراوه‌و باوكیشی دوای چوار مانگ زیندانیكراو له‌كاره‌كه‌یشی ده‌ركرا كه‌ نووسه‌ری تابیعه‌ی به‌شی زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بوو له‌كۆمپانیای نه‌وتی كه‌ركوك، كاتێكیش ئازاد هه‌ورامی بوو به‌پێشمه‌رگه‌.
 دوای ماوه‌یه‌ك باوكی و شه‌ونمی خوشكی و كاك سامی برای له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ ده‌ستگیركران و بردویانن بۆ زیندانه‌كانی به‌سره‌، دوای ماوه‌یه‌ك شه‌وبۆی خوشكیشی ده‌ستگیركراوه‌و بردویانه‌ته‌ لای ئه‌وان، كاك سامی برای شه‌هید ئازادو باوكی له‌زیندانی (گزیزه‌) بوون، خوشكه‌كانیشی شه‌ونم و شه‌وبۆ له‌زیندانی گشتی بوون،  له‌گه‌ڵ هه‌موو ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كیش، توشی جۆره‌ها نه‌خۆشی بوونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت كاك سامی نه‌خۆشبووه‌و شه‌وبۆی خوشكیش تووشی نه‌خۆشیی ته‌نگه‌ نه‌فه‌سیی ببوو و له‌هۆڵی نه‌خۆشخانه‌ی ژنان بووه‌، كه‌چی ئاگاداری یه‌كتری نه‌بوون، دوای بینینی چه‌ندین ئازاو ناخۆشی و بینینی چه‌ندین دیمه‌نی تراژیدایای كه‌س و كاری پیشمه‌رگه‌و تێكۆشه‌ران له‌ویندانه‌كانی به‌عسدا،  ساڵی 1978 براوباوك و خوشكه‌كانی شه‌هید ئازاد له‌زیندان ئازادكران، به‌ڵام دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوان عیراق- ئێران، جارێكی تر هه‌موو خانه‌واده‌كه‌ی شه‌هید ئازاد ده‌ستگیركرانه‌وه‌، دیسان له‌زینداندا شه‌وبۆخانی خوشكی گرفتاری نه‌خۆشی ببۆوه‌، دكۆره‌كان ئاشكرایانكرد كه‌ده‌مرێت، بۆیه‌ به‌عس شه‌وبۆی له‌زیندان ئازادكردو دوای سێ مانگیش گیانی سپارد، باوكیشی به‌هۆی زۆری ته‌مه‌نییه‌وه‌ ئازادكرا، دوای ساڵێكیش هه‌ریه‌ك له‌خوشك و براكانی (سامی و شیرین و ژیان وفه‌رهاد) گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆبه‌ندیخانه‌ی (به‌صیه‌) له‌سنووری سعودیه‌و دوای ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ له‌وێ، ئه‌وانیش ئازادكراون.

نه‌هامه‌تییه‌كان و به‌رده‌وامی خه‌بات
به‌ڵام هه‌موو ئه‌و ئازارو ده‌به‌رده‌رییه‌ی به‌سه‌ر كه‌س و كاره‌وكه‌یدا هاتبوو نه‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كۆڵ به‌شه‌هید ئازاد هه‌ورامی و ته‌نانه‌ت كه‌س و كاره‌كه‌یشی بدات، ئه‌وه‌بوو شه‌هید ئازاد به‌رده‌وام بوو له‌خه‌بات تا شه‌هیدكرا.
ئه‌وسه‌ركرده‌یه‌ له‌ماوه‌ی دوانزه‌ ساڵی پێشمه‌رگایه‌تی و خه‌بات و تێكۆشانیدا به‌شداری نه‌به‌ردییه‌كانی له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان دژی داگیركه‌ران كردووه‌، له‌هه‌مووشیاندا له‌ڕیزی پێشه‌وه‌و وره‌به‌خشی هه‌ڤاڵ و پێشمه‌رگه‌كانی بووه‌.
له‌به‌ر لێهاتوویی خۆی چه‌ندین پله‌ی گرنگی له‌ریزه‌كانی رێكخستندا پێدراوه‌و بۆته‌ مایه‌ی گه‌شه‌كردنی ئۆرگانه‌كانی شۆڕش، له‌شۆڕشی شاخ و ناو پێشمه‌رگه‌شدا لێپرسراوێتی گرنگی پێسپێردراوه‌و به‌سه‌ركه‌وتوویی جێبه‌جێی كردوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ لێپرسراوو سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌ بووه‌، ساده‌و ساكار ره‌فتاری كردووه‌، خاكی و پێشمه‌رگانه‌ خۆی گونجاندووه‌.
هه‌مووئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا ژیاون و ده‌یناسن له‌یاده‌وه‌ری و ده‌ربڕینه‌كانیاندا ئه‌وه‌یان دووپاتكردۆته‌وه‌ كه‌شه‌هید ئازاد خاوه‌نی چه‌ندین ره‌وشت و خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی بووه‌، له‌بواری سیاسیی و سه‌ربازیدا سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌ بووه‌، له‌ژینی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاساییدا بێفیزو راستگۆو به‌وه‌فاو گونجاو بووه‌، دڵسۆزو خه‌مخۆری خاك و گه‌له‌كه‌ی بووه‌و له‌بواری هونه‌ریشدا میوزیكزان و رۆشنبیرو هونه‌رمه‌ندێكی به‌سه‌لیقه‌ بووه‌، له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر مه‌رگ مه‌ودای بدایه‌و چه‌ند ساڵێكی تر له‌ژیاندا بمایه‌، ئه‌وا ئه‌ستێره‌ی خه‌بات و كه‌سایه‌تی و سه‌ركردایه‌تیكردنی زیاتر به‌دیار ده‌كه‌وت و هێنده‌ی تر خه‌رمانی خه‌باتی كوردایه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كرد.
ئه‌وه‌نده‌ی مێژوو بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌، تێده‌گه‌ین ئه‌گه‌ر بارودۆخی داگیركاریی و زوڵم وسته‌می دوژمنانی كورد له‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان نه‌بوایه‌، ئه‌وا كه‌سێكی وه‌ك شه‌هیدی سه‌ركرده‌ ئازاد هه‌ورامی هه‌رگیز رووینه‌ده‌كرده‌ خه‌باتی چه‌كداری، چونكه‌ ئه‌و خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی گه‌شی هونه‌ری شه‌یدای بواره‌كه‌ی خۆی بوو، نه‌ك چوونه‌ ناو گۆڕه‌پانی شه‌ڕو به‌ره‌و رووی مرۆڤ وه‌ستان، ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی سیاسیی كوردستان جۆرێكی تر بوایه‌، ئه‌وا شه‌هید ئازاد هه‌ورامی كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندێكی لێده‌رده‌چوو، به‌ڵام دواجار ئه‌ویش وه‌ك سه‌رجه‌م گه‌لی كورد له‌به‌رامبه‌ر داگیركرانی خاك و نیشتمانه‌كه‌ی، ناچار به‌خه‌باتی سیاسیی و چه‌كداری بووه‌ و خولیاو ئاواته‌ زاتییه‌كانی خۆیی و هه‌موو خۆشییه‌كی ژیانی وه‌لاناوه‌.
كاتێكیش وه‌ك پێویستییه‌كی هه‌ره‌ گرنگ و مێژوویی، چۆته‌ ناو ریزه‌كانی بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كورد، سیاسییه‌كی لێزان و وشیار بووه‌و له‌مه‌یدانه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمنیشدا ئازاو چاونه‌ترس بووه‌، له‌هه‌ر بوارێكی خه‌باتی نیشتمانیدا جێپه‌نجه‌ی دیاربووه‌و رۆڵی دیارو كاریگه‌ریی هه‌بووه‌.
 
ژیاننامه‌ی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی
 شه‌هیدی سه‌ركرده‌  ناوی ته‌واوی ئازاد عه‌بدولمه‌جید غه‌فار- ه‌ و ناسراوه‌ به‌ ئازاد هه‌ورامی، رۆژی 31/12/1954 له‌گه‌ڕه‌كی ئیام قاسم له‌شاری كه‌ركوك هاتۆته‌ دنیاوه‌، خێزانه‌كه‌یان رۆشنبیرو نیشتمانپه‌روه‌ر بوون، له‌ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا چۆته‌ به‌رخوێندن و له‌ته‌مه‌نی لاوێتیدا تێكه‌ڵاوی خه‌باتی رزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستان بووه‌، ساڵی 1972 ئه‌ندامی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان بووه‌ و له‌كۆتایی هه‌مانساڵدا په‌یوه‌ندی به‌(كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی_ لینینی كوردستان)كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رنی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی 1974 بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌و به‌شداری شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه‌.
 دوای ده‌ستگیركردنی خاڵه‌ شیهاب و هاوڕێكانی وله‌ساڵی 1976دا كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ه‌رانی كوردستان رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی سه‌ختی بێ سه‌ركردایه‌تی بوه‌وه‌، شه‌هید ئازاد وه‌ك كادرێكی هۆشیارو لێوه‌شاوه‌ سه‌رپه‌رشتی كۆمیته‌ی شاری كه‌ركوكی كردووه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ شه‌هید ئارام و هاوڕێكانیدا، سه‌ركردایه‌تی ناوخۆی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانی كردووه‌، له‌ته‌مه‌نی 21 ساڵی و له‌ 1976دا بووه‌ به‌ئه‌ندامی كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان، كاتێكیش شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵگیرسا،  شه‌هید ئازاد روویكرده‌ شاخ و شانی دایه‌به‌ر خه‌باتی سه‌خت و گرانی پێشمه‌رگایه‌تی.
له‌ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیشیدا نمونه‌ی پیاوی ئازاو به‌بیرو باوه‌ڕ و خۆڕاگر بووه‌،  هه‌میشه‌ نه‌خشه‌و پلانی واقیعیانه‌ی هه‌بووه‌ بۆڕووداوه‌كان، ئه‌وبه‌هه‌ق پێشمه‌رگه‌بوو.
ساڵی 1978 له‌كاره‌ساتی هه‌كاریدا به‌دیل گیراوه‌و له‌به‌ر كه‌می ته‌مه‌نی نه‌یانناسیوه‌ كه‌ ئازاد هه‌ورامییه‌و كادرێكی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه‌، دوای نۆ مانگ زیندانیكرانیان، له‌گه‌ڵ شێخ عه‌لی هاوڕێیدا هه‌لیان بۆ رێكه‌وتووه‌و له‌زیندان هه‌ڵاتوون.
به‌شداری هه‌موو كۆنفرانسه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی كردووه‌ و له‌هه‌مووشیاندا به‌ئه‌ندامی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ساڵانی 1981-1982 دا لێپرسراوی لقی سێی سلێمانی- كه‌ركوك بووه‌، ساڵانی 1982-1984 ئه‌ندامی ده‌زگای رێكخستن بووه‌، ساڵانی 1985-1986 لێپرسراوی ده‌زگای رۆشنبیری كۆمه‌ڵه‌ بووه‌، ساڵانی 1986-1988 لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی بادینانی (ی.ن.ك) بووه‌.
له‌ئه‌نفاله‌كاندا سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕی باڵه‌ییانی قه‌ندیلی كردووه‌، هه‌رله‌مه‌یدانی تێكۆشاندا ئێواره‌ی رۆژی 30/8/1988 به‌سه‌ختی برینداركرا،  دوای رۆژێك و له‌ 31/8/1988 به‌هۆی ئه‌و برینه‌وه‌ شه‌هیدبوو، گه‌یشته‌ كاروانه‌ پڕ سه‌روه‌رییه‌كه‌ی شه‌هیدانی كوردو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP