دیارییەکەی مام جەلال... ده‌نگ و ره‌نگی پێكه‌وه‌ژیانی كه‌ركوكییه‌كان‌ و سومبولی كوردستانیبوونی هاوچه‌رخ
دیارییەکەی مام جەلال... ده‌نگ و ره‌نگی پێكه‌وه‌ژیانی كه‌ركوكییه‌كان‌ و سومبولی كوردستانیبوونی هاوچه‌رخ ‌ 6/9/2017
شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ كاتێكدا كه‌ناڵی ئاسمانیی كه‌ركوك به‌ پشتیوانیی ‌و رێنوێنیی سه‌رۆك مام جه‌لال دامه‌زرێنرا، زۆرێك له‌ نه‌یارانی پێكه‌وه‌ژیانی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌و ئه‌و شۆڤێنستانه‌ی به‌درێژایی مێژوو خه‌ریكی داماڵینی ئه‌و شاره‌ بوون له‌ مۆركه‌ كوردستانییه‌كه‌ی‌و ئه‌و زلهێزانه‌ش كه‌ له‌ سه‌رده‌می داگیركاریی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی خۆیان چاره‌نووسی ئه‌و شاره‌یان خسته‌ سه‌ر دووڕیانێكی نادیار، پێیانوابوو كه‌ركوك به‌رمیله‌ باروته‌، به‌ڵام كه‌ناڵی ئاسمانیی كه‌ركوك توانیی له‌ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردووی كۆشش ‌و به‌خششیدا بۆ راگرتنی باڵانس له‌نێوان پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌كانی شاره‌كه‌و راستكردنه‌وه‌ی مێژووه‌ شێوێندراوه‌كه‌یدا، ببێته‌ سومبولێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كه‌ركوكییه‌كان له‌ده‌وری خۆی به‌جیاوازیی نه‌ته‌وه‌و ئایین‌و مه‌زهه‌به‌وه‌و توانیی ئه‌و درۆی به‌رمیله‌ باروته‌، بكات به‌ گوڵدانێك كه‌ هه‌موو ره‌نگه‌كانی تێدا بپشكوێن.
بۆ به‌رزڕاگرتنی ئه‌و كۆشش‌و به‌خششه‌ی ئه‌و كه‌ناڵه‌ش، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ به‌رپرسانی حكومی‌و حزبیی له‌و یاده‌ پڕشكۆیه‌دا پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێوه‌به‌ر رۆژنامه‌نووس‌و ته‌كنیككار‌و كارمه‌ندانی ئه‌و كه‌ناڵه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی پیرۆزباییه‌كانه‌.

سكرتاریه‌تی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال: رۆڵێكی پۆزه‌تیڤی بینیووه‌ له‌ یه‌ك ده‌نگیی پێكهاته‌كانی كه‌ركوكدا
به‌ڕێزان به‌ڕێوه‌به‌رو كادیرانی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك
به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبونی شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی و رازاوه‌ترین چه‌پكه‌ گوڵی سه‌رۆك مام جه‌لال-تان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین، هیوادارین ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌تان له‌ بره‌ودان و پێشكه‌وتنی به‌رده‌وامدا بێت.
ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك له‌ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا رۆڵێكی به‌رچاوی پۆزه‌تیڤی بینیووه‌ له‌ یه‌كده‌نگیی پێكهاته‌ هه‌مه‌ ره‌نگه‌كانی شاری كه‌ركوكدا و ده‌نگ و ره‌نگی هه‌موویان بووه‌و هه‌موو پێكهاته‌كان به‌ شاشه‌ی خۆیانی ده‌زانن. بۆیه‌ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك وه‌ك كه‌ناڵێكی میدیایی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێگه‌و ناوبانگێكی به‌رچاوی هه‌یه‌ له‌نێو پێكهاته‌كانی شاری كه‌ركوكی خۆشه‌ویستداو به‌باشیی په‌یامی ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیانی به‌ ئاشتیی نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی شاری كه‌ركوكی گه‌یاندووه‌، بۆته‌ فاكته‌ری برایه‌تیی و لێكتێگه‌یشتن و دیالۆگی بنیاتنه‌ر له‌ نێوانیاندا. 
له‌ جه‌نگی چاره‌نووسسازی گه‌له‌كه‌شماندا دژی تێرۆر، ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك وه‌ك كه‌ناڵێكی به‌رپرس و هاوسه‌نگ رۆڵێكی كاریگه‌ری بینیووه‌و ده‌بینێت له‌ رووماڵكردنی نه‌به‌ردیی و گورز سره‌واندنی پێشمه‌رگه‌ له‌ تێرۆریستانی داعش و پاراستنی سنووری پۆڵاینی كه‌ركوك له‌ ده‌ستدرێژیی و په‌لاماردانی پاشماوه‌كانی داعش، بۆیه‌ هه‌میشه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی راستگۆی گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌پیشه‌یی و لێهاتووانه‌. له‌بواره‌كانی سیاسیی، كه‌لتوریی، مێژوویی و وه‌رزشیی و هونه‌ریی و ئه‌وانی تریشدا.
ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك هه‌ر پێشه‌نگه‌‌و جێی متمانه‌ی بینه‌رو گوێگره‌كانێتی، هیوادارین ئه‌م ته‌له‌فزیۆنه‌ هه‌ر ئه‌و ئه‌ستێره‌ دره‌وشاوه‌یه‌ی ئاسمانی راگه‌یاندن بێت و خزمه‌تی زیاترو به‌رچاوی كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كان بكات، به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی كه‌ هه‌رده‌م شاشه‌ی هه‌موو ره‌نگه‌كان بێت هه‌موو پێكهاته‌كان خۆیانی تیادا ببینه‌وه‌و هه‌رده‌م سه‌رچاوه‌ی جێ متمانه‌ی بینه‌ره‌كانی بێت له‌ هه‌ر جێیه‌ك بن.
دووباره‌ پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌ین و هه‌ر شادو سه‌ركه‌وتووبن.
سكرتاریه‌تی هه‌ڤاڵ سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك)

كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی: كه‌ناڵی كه‌ركوك مینبه‌ری راسته‌وخۆی قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بووه‌
به‌ڕێزان: به‌ڕێوه‌به‌رو كارمه‌ندانی كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ركوك
له‌ شه‌شه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ركوكدا گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ یه‌كه‌به‌یه‌كه‌تان ده‌كه‌م و ده‌خوازم هه‌میشه‌ له‌ پێشكه‌وتنی به‌رده‌وامدا بن.
له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی كاركردنیدا، كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ركوك وه‌ك كه‌ناڵێكی هه‌مه‌ڕه‌نگ و فره‌لایه‌ن توانیویه‌تی خزمه‌تی كوردستانیان به‌گشتی و دانیشتوانی كه‌ركوك به‌ تایبه‌تی بكات و ده‌نگ و ره‌نگی سه‌رجه‌م پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان بێ و له‌ ساته‌وه‌ختی ده‌ستپێكردنی جه‌نگی تیرۆرستاندا رۆڵێكی یه‌كجار گه‌وره‌و گرنگی هه‌بووه‌و مینبه‌ری راسته‌وخۆی قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بووه‌، بۆیه‌ ئومێده‌وارم له‌ ساڵانی داهاتوودا به‌رده‌وام بن له‌ خزمه‌تكردن و بره‌ودانی زیاتر به‌ كاره‌كانتان.
جارێكی تر پیرۆزبایی خۆمتان ئاراسته‌ ده‌كه‌م و ده‌خوازم پێشه‌نگی كاركردنی میدیاو میدیاكاران بن له‌ ناوچه‌كه‌دا.
كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی
جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان


د. فوئاد مه‌عسوم: كه‌ناڵی كه‌ركوك ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ قووڵكردنه‌وه‌ی گیانی ته‌بایی و برایه‌تیی پێشكه‌ش كردووه‌

به‌ڕێزان به‌ڕێوه‌به‌رو كارمه‌ندو رۆژنامه‌نووسانی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك
خۆشحاڵم له‌ یادی تێپه‌ڕبوونی ته‌له‌فزیۆنه‌كاتاندا پیرۆزبایی گه‌رمی خۆمتان پێشكه‌ش بكه‌م.
ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك له‌م ماوه‌یه‌ی ته‌مه‌نیدا ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی پێشكه‌ش كردووه‌ له‌ قووڵكردنه‌وه‌ی گیانی ته‌بایی و برایه‌تیی و هاریكاریی و هه‌ماهه‌نگیی هه‌م له‌ نێوان پێكهاته‌كانی شاری كه‌ركوك دا، هه‌م له‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كاندا، ئه‌مه‌ش بنه‌مای هه‌ر كه‌ناڵێكی میدیایی پیشه‌یی و هاوسه‌نگه‌ كه‌ كه‌ناڵه‌كه‌تان شانازیی پێوه‌ ده‌كات.
ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك سه‌رباری بواره‌كانی تری ژیانی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی، رووناكبیریی، هونه‌ریی و وه‌رزشیی، له‌ هه‌ردوو شه‌ڕی پیرۆزی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و جه‌نگی دژی تێرۆریستانیشدا رۆڵی به‌رچاوی هه‌یه‌ شانبه‌شانی كه‌ناڵه‌كانی ده‌سته‌خوشكی، ئه‌وه‌ش ناوبانگێكی پیشه‌یی بۆ ئه‌م كه‌ناڵه‌ په‌یداكردووه‌ كه‌ به‌شدارێكی گرنگه‌ له‌ هوشیاركردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ردا بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی تێرۆرو رووماڵكردنی سه‌ركه‌وتنی قاره‌مانانی هێزه‌ چه‌كداره‌كانمان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیانه‌وه‌ له‌ سوپای نیشتمانیی و پۆلیسی فیدراڵیی و پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبیی و خۆبه‌خشه‌ مه‌ده‌نییه‌كان.
هیوادارم ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك هه‌میشه‌ له‌ پێشكه‌وتن و دره‌وشانه‌وه‌دا بێت بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كه‌ركوك و بینه‌ره‌كانی به‌ گشتی هه‌رده‌م ئه‌و كه‌ناڵه‌ بێت كه‌ ته‌واوی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك خۆیانی تیادا ببیننه‌وه‌ په‌یامی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ راستگۆیی و پیشه‌ییدا به‌ ئاكام بگه‌یه‌نێت له‌ پێناوی ئاشتیی و برایه‌تیی و ته‌بایی نێوان رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان به‌ گشتی و كه‌ركوكییه‌كان به‌ تایبه‌تیی. 
هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتوو و سه‌رفراز بن.

د. فوئاد مه‌عسوم
سه‌رۆك كۆماری عیراق


مه‌كته‌بی سیاسی: توانیویه‌تی له‌چوارچێوه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال دا كاربكات
به‌رێزان به‌رێوه‌به‌ر و كارمه‌ندانی كه‌ناڵی‌ ئاسمانی كه‌ركوك
 به‌بۆنه‌ی‌ ساڵیادی دامه‌زراندنی كه‌ناڵی‌ ئاسمانی كه‌ركوكه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی تان ئاراسته‌ ده‌كه‌ین و هیوای‌ پێشكه‌وتن و به‌رده‌وامیدانتان بۆ ده‌خوازین له‌گه‌یاندنی په‌یامی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان له‌نێوانی‌ پێكهاته‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی‌ كه‌ركوك و قووڵتركردنه‌وه‌ی‌ گیانی برایه‌تی له‌نێوانیاندا.
كه‌ناڵی‌ ئاسمانی كه‌ركوك هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنییه‌وه‌ توانیویه‌تی له‌چوارچێوه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال دا كاربكات و ببێته‌ كۆكه‌ره‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م ده‌نگ و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كانی‌ كه‌ركوك و كاربكات بۆ لێك نزیككردنه‌وه‌ی‌ پێكهاته‌كانی كه‌ركوك. هیوادارین بۆ داهاتووی‌ كاره‌كانتان باشتر خۆتان سازبده‌ن و به‌رنامه‌ڕێژیی‌ پێشكه‌وتووتر بكه‌ن.

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی‌ سیاسی (ی.ن.ك)
3/9/2017

پارێزگاری كه‌ركوك: كه‌ناڵه‌كه‌تان په‌یامێكی مرۆڤانه‌ی هه‌بووه‌ بۆ پێشوازیی له‌ ئاواره‌كانی ده‌ستی تیرۆر
له‌ په‌یامێكی دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوكیشدا به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: له‌ شه‌شه‌مین  ساڵیادی دامه‌زراندنی كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ركوك سڵاوتان لێده‌كه‌م بۆ كاری جوامێرانه‌ و پیشه‌ییتان له‌ گواستنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی ئیداره‌ی كه‌ركوك و فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی و پشتیوانیتان له‌ هێزی پیشمه‌رگه‌ و پۆلیس و ئاسایش  له‌ به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانیان له‌ پاراستنی شاری كه‌ركوك و پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی پلانه‌كانی تیرۆریستانی داعش و تۆكمه‌ كردنی گیانی پێكه‌وه‌ ژیان له‌ نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوكدا و په‌یامی مرۆییانه‌ی كه‌ركوك له‌ پێشوازی كردن و نیشته‌جێ كردنی ‌ ئاواره‌كان ..
هه‌روه‌ها له‌ بروسكه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: دامه‌زراندنی كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ركوك و په‌یامه‌ پیشه‌ییه‌كه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌م و پێشنیازو پشتیوانیكردنی سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ خه‌مخۆری پاراستنی گیانی پێكه‌وه‌ ژیان بووه‌ له‌ كه‌ركوك كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ وتارو كاری كه‌ناڵه‌كه‌تاندا به‌رجه‌سته‌ بووه‌.
 پارێزگاری كه‌ركوك ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ كه‌ كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ركوك بوه‌ته‌ نموونه‌ی ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌ركوكه‌ی مامی گه‌وره‌ خه‌باتی بۆ كردو هه‌وڵی بۆداوه‌و پشتیوانی لێكردووه‌ و ستایشی كاره‌كانی كه‌ناڵه‌كه‌ی كرد له‌گواستنه‌وه‌ی راستییه‌كان و تۆكمه‌كردنی سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان..
 له‌كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم پیرۆزبایی گه‌رم له‌ سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ركوك ده‌كات و هیوای بۆ خواستن هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتوو و پێشه‌نگ بن له‌ خزمه‌ت كردنی دانیشتوانی كه‌ركوكدا و په‌یوه‌ندیی باشی نێوان پێكهاته‌كان بپارێزن.


بافڵ تاڵه‌بانی: كارێكتان كردووه‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌  به‌ هی خۆیانی بزانن
به‌ڕێزان، به‌ڕێوه‌به‌رو رۆژنامه‌نووسانی كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ركوك به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ركوك، جوانترین پیرۆزباییتان ئاراسته‌ ده‌كه‌م، ئومێده‌وارم كه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتوو پێشه‌نگ بن له‌ گه‌یاندنی په‌یامی برایه‌تی‌و پێكه‌وه‌ ژیان له‌ شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی كه‌ركوك. كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ركوك، دیاری جه‌نابی مام جه‌لال بوو بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوك، به‌ چوار زمان په‌خشی به‌رنامه‌كانی ده‌كات، توانیویه‌تی خزمه‌تێكی زۆر به‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان بكات‌و هه‌مووان به‌ كه‌ناڵی خۆیانی بزانن. بۆیه‌، ئومێده‌وارم كه‌ناڵی كه‌ركوك؛ بێته‌ سه‌كۆیه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ده‌نگ‌و ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوك. دووباره‌ پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م‌و ئومێده‌وارم كه‌ ساڵ به‌ ساڵ له‌ به‌ره‌وپێشچوونی به‌رده‌وام دا بن

 دڵسۆزتان بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی

ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی: كه‌ناڵه‌كه‌ دیارییه‌كی به‌نرخی سه‌رۆك مام جه‌لال بوو بۆ نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانی كه‌ركوك
به‌رێزان به‌رێوه‌به‌رو كادرو كارمه‌ندانی كه‌ناڵی كه‌ركوك
سڵاوی كارو خه‌بات ...
به‌ بۆنه‌ی یادی حه‌وته‌مین ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كه‌ناڵی كه‌ركوك دیاریی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بۆ كه‌ركوكییه‌كان، به‌ناوی سكرتاریه‌ت و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی (ی.ن.ك)ه‌وه‌ پیرۆزبایی گه‌رم ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رو ستافی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رجه‌م كادرو كارمه‌ندان ده‌كه‌ین.
یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ گرنگی و بایه‌خێكی ئێجگار گه‌وره‌ی به‌ راگه‌یاندن داوه‌و چه‌ندین ئامرازی راگه‌یاندنی له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كاندا هه‌بووه‌، كه‌ناڵی كه‌ركوكیش پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی بوو هه‌ڤاڵ مام جه‌لال ئه‌و دیارییه‌ به‌نرخه‌ی پێشكه‌شی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كانی كه‌ركوك كرد .
كه‌ناڵی كه‌ركوك له‌ماوه‌ی شه‌ش ساڵی ته‌مه‌نیدا ڕۆڵی گرنگ و به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ گه‌یاندنی په‌یامی ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیان له‌ نێو پێكهاته‌ جیاوازه‌كان و به‌ چوار زمان روماڵی رووداوه‌كانی كردووه‌و په‌یامه‌كانی گه‌یاندووه‌ به‌ سه‌رجه‌م چین و پێكهاته‌كان و رۆڵی گرنگیشی له‌ رووماڵكردنی سه‌ركه‌وتن و قاره‌مانێتیه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا گیرا له‌ پاراستنی خاك و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ له‌ په‌لاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر كه‌ركوك ، له‌كاتێكدا ماوه‌ی 3 ساڵه‌ قه‌یرانی دارایی كه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌رجه‌م ئۆرگان و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن دروستكردووه‌ و له‌هه‌مان كاتیشدا كادرو كارمه‌ندان پێشمه‌رگه‌ ئاسا كاره‌كانیان راده‌په‌راندووه‌ ئه‌وه‌ش جێگه‌ی دڵخۆشكه‌ری و به‌رزنرخاندنی هه‌ڵوێست و دڵسۆزییانه‌ بۆ رێبازه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال.
دووباره‌ پیرۆزبایتان لێده‌كه‌ین و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاترتان بۆ ده‌خوازین .
ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی ی.ن.ك
3/9/2017

لای خۆشییه‌وه‌ لاهور شێخ جه‌نگی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری هه‌رێم به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ركوكه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رو كارمه‌ندانی كه‌ناڵه‌كه‌ كردووه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP