حه‌وت كه‌سه‌ سه‌ر ره‌شه‌كه‌
کورتە چیرۆک حه‌وت كه‌سه‌ سه‌ر ره‌شه‌كه‌ ‌ 10/8/2017
فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
رۆژی راكردنی حه‌وت كه‌سه‌ سه‌ر ره‌شه‌كه‌ بوو، ئه‌و رۆژه‌ی وا خه‌ڵكی شار بۆ هه‌میشه‌ كردیان به‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی مێژوویه‌كی نوێ بۆ خۆیان، رێك وه‌ك سه‌ره‌تای ساڵی زایین یان كۆچی، ته‌نیا به‌و جیاوازییه‌وه‌‌ ئه‌و مێژووه‌ ته‌نیا هی ئه‌وان بوو، تایبه‌ت به‌ ئه‌وان، خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ بچووك و خنجیلانه‌یه‌.
شه‌ش كه‌س بوون رایانده‌كرد. ئه‌ویش به‌ ته‌نیا له‌ پێشه‌وه‌ ته‌نیا به‌ مه‌ودای سی مه‌ترێك. له‌ شه‌ش كه‌سه‌كه‌ ئه‌وانه‌ی پێشه‌وه‌ كه‌ دووان بوون جنێویان ده‌دا و ده‌یاننه‌ڕاند، ئه‌وانه‌ی دواوه‌ هه‌وڵیانده‌دا بگه‌نه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی پێشه‌وه‌ و ته‌نیاكه‌یش وه‌ها ترس و ئاره‌قه‌كه‌یه‌ك شه‌ڵاڵی كردبوو كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێك وزه‌ی داده‌به‌زی و له‌ خێرایی راكردنه‌كه‌ی كه‌م ده‌بووه‌وه‌. هه‌موو خه‌ڵكی جاده‌كه‌ ئه‌وانه‌ی وا به‌ هه‌ڵكه‌وت له‌وێوه‌ تێده‌په‌ڕین، راوه‌ستابوون و سه‌یری دیمه‌نه‌كه‌یان ده‌كرد. چه‌ند دانه‌یه‌ك خه‌ریكی ته‌له‌فۆنكردن بوون، وا ده‌ینواند به‌ ته‌مای ئاگاداركردنی پۆلیس بوون. له‌و سه‌ری شۆسته‌كه‌یش نه‌فه‌رێك راوه‌ستابوو، جگه‌ره‌یه‌ك به‌ لێوه‌كانییه‌وه‌. دووكه‌ڵ له‌و سوبحه‌ سارده‌ پاییزییه‌دا له‌ قژه‌ لووله‌كانی ده‌ئاڵا و دواتر ئاوێته‌ی ئاسمان ده‌بوو.
ئه‌وه‌ی ته‌نیاكه‌، تاوانبار بوو. تاوانباری ئه‌وه‌ی ژنی قژ لووله‌ دوكه‌ڵاوییه‌كه‌ی بینیبوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وا له‌ پێشه‌وه‌ی شه‌ش كه‌سه‌كه‌ رایده‌كرد و ده‌ینه‌ڕاند. ئه‌وانی له‌ سه‌یاره‌یه‌كدا بینبوو، رووت رووت، خه‌ریكی سێكس ... له‌ ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ وه‌ختی ساردی پاییزیدا. ئه‌گه‌رچی دیمه‌نه‌كه‌ زۆر لای سه‌رنجراكێش بوو، به‌ڵام ئێستایش كه‌ بیری سمته‌ زله‌ سپی و تووكاوییه‌كانی كابرا ده‌نگ زله‌ جنێوفرۆشه‌كه‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ش كه‌سه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌، وه‌ها قێزێك دایده‌گرێ كه‌ له‌وانه‌یه‌ بڕشێته‌وه‌. ئه‌و پێی وایه‌ كه‌ به‌ راستی ژن سه‌یرن!
له‌به‌رده‌م «باڕ» ێكه‌وه‌ تێده‌په‌ڕن كه‌ رێك له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كه‌دا‌یه‌. له‌وێوه‌ گوزه‌رده‌كه‌ن... به‌په‌له‌. پیاوێكی به‌رده‌م باڕه‌كه‌ كه‌ له‌ سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتووه‌ و په‌رداخێك بیره‌ و سێ په‌رداخی به‌تاڵی تری له‌ به‌رده‌م له‌ سه‌ر مێزه‌كه‌دایه‌، به‌ لاره‌ لار سه‌ر به‌رزده‌كاته‌وه‌ و له‌و مرۆڤانه‌ ده‌ڕوانێ كه‌ به‌و به‌یانییه‌ زووه‌ خه‌ریكی یاریكردنن. بزه‌یه‌ك لێوه‌كانی داده‌گرێ و له‌ بیری سه‌رده‌می منداڵیی خۆی ده‌ست ده‌با و لێوانه‌ پڕه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرێ. 
لاده‌كاته‌وه‌ و سه‌یری دواوه‌ی خۆی ده‌كا، به‌و ته‌مایه‌ی كه‌ ئه‌وه‌نده‌ دوور كه‌وتووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئیتر نه‌یگه‌نێ،... به‌ڵام، به‌ڵام چ خه‌یاڵێكی به‌تاڵ، له‌وه‌ نزیكترن ئه‌م بۆی ده‌چوو. ناو ده‌می تاڵ ده‌بێ. مزر،... مزری مزر. هه‌وڵ ده‌دا به‌ زمان لێوه‌كانی ته‌ڕ كا. زمان به‌ مه‌ڵاشوویدا چه‌سپیوه‌. 
ئه‌وانه‌ی له‌ دواوه‌ن، دواتر ده‌كه‌ون و ئه‌وانه‌ی له‌ پێشه‌وه‌ن له‌ پێشه‌وه‌تر. ده‌نگ زله‌كه‌ ماندوویی پێوه‌ دیاره‌. گه‌ر تا چه‌ند هه‌نگاوێكی تر نه‌یگاتێ، ئیتر ره‌نگه‌ قه‌ت نه‌یگاتێ. رقی له‌وانه‌ی دواوه‌ی خۆیه‌تی. له‌و گه‌نجترن و كه‌چی وه‌ك ئه‌و خێرا راناكه‌ن. دیاره‌ به‌ ئه‌نقه‌ست خۆیان دواده‌خه‌ن. كه‌ ته‌له‌فۆنیشی بۆ كردن هه‌ر به‌ بێ وازی و به‌ بێ مه‌یلییه‌وه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌،... وه‌ڵامی داواكه‌ی، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵی بكه‌ون و ئه‌و كوڕه‌ی پێشه‌وه‌ی بۆ ته‌مێ بكه‌ن. 
ئه‌وانه‌ی دواوه‌ بیریان ده‌كرده‌وه‌ كه‌ بۆچی خۆیان له‌م‌ به‌زمه‌ داوه‌. به‌وان چی كه‌ ئه‌و جنسی كردووه‌و ئیستا ده‌بێ ئه‌وان خۆیان تێگلێنن. ده‌یانزانی چه‌نده‌ شه‌رواڵ پیسه‌. به‌ڵام نه‌فره‌ت له‌ خزمایه‌تی! نا، ناكرێ. ده‌بێ پشتی بگرن. كه‌ هه‌موو به‌زمه‌كه‌ ته‌واو بوو، ده‌بێ دانیشن و جارێكی تر هه‌موو شتێك به‌ سه‌ر بكه‌نه‌وه‌. ناكرێ وه‌ها له‌ وڵاتێكی تر به‌ كۆمه‌ڵ رابكه‌ن و ببنه‌ گاڵته‌جاری خه‌ڵكی سه‌رشه‌قام و ... تف له‌م وه‌زعه‌!
      قژ لووله‌ دووكه‌ڵاوییه‌كه‌ جوان ئاگای له‌ هه‌موو شتێكه‌، ده‌بینێ‌ چلۆن به‌ره‌و ئه‌م دێن و لێی نزیك ده‌كه‌ونه‌وه‌. جگه‌ره‌یه‌كی تر به‌ جگه‌ره‌كه‌ی داده‌گیرسێنی. دووكه‌ڵ دیسان لێی ده‌ئاڵێته‌وه‌. له‌وه‌ پێش هه‌ر له‌م شه‌قامه‌ خۆی له‌ ناو شووشه‌ی جامخانه‌كانی دووكانه‌كاندا بینیوه‌. چه‌ند سیحراوی ده‌نوێنێ. بێگومان بۆ ژنان سه‌رنجڕاكێشه‌. له‌م وڵاته‌ هه‌موو شتێكی نوێ سه‌رنجڕاكێشه‌ بۆ خه‌ڵكی.
به‌ ده‌م راكردنه‌وه‌ كتوپڕ قژ لووله‌كه‌ له‌و سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ ده‌بینێ. ئومێدێك دایده‌گرێ. بێگومان ده‌گاته‌ فریای. ئه‌م ده‌بێ ته‌نیا وه‌ها رابكا كه‌ بگاته‌ لای ئه‌و. ئیتر ئه‌و كه‌ هه‌موو داستانه‌كه‌ی بینی، دێته‌ وه‌ڵام. دوو نه‌فه‌ر بۆ كاتێكی وه‌ها یه‌كجار زۆره‌! ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و به‌ تووش ئه‌م به‌زمه‌وه‌ بووه‌. تا ده‌توانێ هه‌رچی هێزی ترساویه‌تی كۆده‌كاته‌وه‌ و تین ده‌داته‌ هه‌نگاوه‌كانی. 
ده‌نگ زله‌كه‌،‌ پاڵتۆ قورسه‌كه‌ی به‌ ده‌م راكردنه‌وه‌ داده‌كه‌نێ و فڕێی ده‌دا. به‌ ده‌م فڕێدان و جنێو دانه‌وه‌ داوا له‌وانه‌ی دواوه‌ ده‌كا بۆی هه‌ڵگرنه‌وه‌. ده‌ڵێ موبایل و پاره‌ی تێدایه‌. وادیاره‌ ده‌ستی لێ داشۆردون. كه‌ ته‌واو بوون ده‌زانێ چۆن به‌ خزمه‌تیان بگا. ده‌بێ بیانكا به‌ قۆنده‌ره‌! ئه‌و پێڵاوانه‌ی ئه‌م له‌ پێیایه‌تی و پێیانه‌وه‌ ده‌چێ بۆ گ... ژنی خه‌ڵكی.
-ده‌بێ تڕۆیان كه‌م، وه‌ك ئه‌و گه‌واده‌!
رێك له‌ به‌رده‌م قژ لووله‌كه‌دا ده‌یگه‌نێ، نا واباشتره‌ بڵێین ده‌یگاتێ. هه‌ڵبه‌ت ده‌یگاتێ چونكه‌ ئه‌و ده‌كه‌وێ. وه‌ك بڵێی قاچی له‌ شتێك هه‌ڵه‌نگێوێ. رێك به‌ ده‌مه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت یه‌كێك له‌وانه‌ی كه‌ دوواتر بۆ پۆلیسی گێڕابووه‌وه‌ گوتبووی كه‌:
«ئاگام لێبوو، خۆی كه‌وت، جاده‌ ته‌خت بوو، هیچ شتێك له‌ سه‌ر رێگای نه‌بوو، وه‌ك بڵێی پشته‌ پێیه‌كانی له‌ قۆزینگه‌كانی كه‌وتبێ،... هه‌ڵبه‌ت به‌ختی هه‌بوو، وه‌ها له‌و ئاخرانه‌دا خاو و ئارام هه‌ڵده‌هات كه‌ كه‌وتنه‌كه‌ی زۆر قورس نه‌بوو، وه‌ك بڵێی ده‌یه‌وێ پاڵ بكه‌وێ، ئا له‌ ترسا پاڵ كه‌وی و ئه‌وجا به‌ ده‌ست و قۆل سه‌روچاوت داپۆشی!»
هه‌ر كه‌ گه‌یشته‌ سه‌ری، دوو شه‌قی تێسره‌واند. به‌ لاكه‌له‌كه‌یدا. ده‌نگێكی لووره‌ئاسا شه‌قامه‌كه‌ی گرته‌ خۆی. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاند ئه‌وانی تر گه‌یشتن، به‌ هه‌ناسه‌بڕكێ. ده‌وریان دا. جنێو و تف. ئه‌م چاوی گێڕا به‌ ناویاندا. نیگا پڕ له‌ پاڕانه‌وه‌كان. سوێندی خوارد ئه‌و ئه‌سڵه‌ن ئاگای له‌ هیچ شتێك نییه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌نیا خراپ لێك حاڵیبوونێك له‌ نێواندایه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌توانن دابنیشن و رێگایه‌ك بۆ كێشه‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌. وشه‌كان چه‌ند پچڕ پچڕ بوون. دوو شه‌قی تر كه‌له‌كه‌ی برژان. ژانێكی نامۆ كه‌ له‌ هیچ ژانێكی تری ژیانی نه‌ده‌كرد، جه‌سته‌ی سووتاند. له‌وێوه‌ له‌ سه‌ر زه‌وی چه‌نده‌ جه‌غزی شه‌ش سه‌ره‌كه‌ پانتایی ئاسمانیان گچكه‌ كردبووه‌وه‌. 
سه‌گه‌كانی دوو ئافره‌تی به‌ ته‌مه‌ن كه‌ بۆ پیاسه‌ی به‌یانیانی هه‌موو جاره‌یان هاتبوونه‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌وتنه‌ وه‌ڕینێكی شێتانه‌. ئافره‌ته‌كان په‌ته‌كانیان راكێشان و كه‌وتنه‌ نه‌وازش كردنیان. سه‌گه‌كان پاش ماوه‌یه‌ك ئارام بوونه‌وه‌. دانه‌یه‌ك له‌ سه‌گه‌كان دواتر كاتێك له‌ گه‌ڵ خاوه‌نه‌كه‌ی سه‌ردانی دراوسێیه‌كیان كردبوو كه‌ ئه‌ویش خاوه‌ن سه‌گێكی بچكۆلانه‌ی تووكن بوو، گوتبووی:
- ئه‌و رۆژه‌ ده‌با له‌وێ بای! من نه‌مده‌زانی مرۆڤه‌كانیش وه‌ك هه‌ندێ له‌ ئێمه‌ یه‌كتر راوده‌نێن و به‌گژ یه‌كدا ده‌چن و، تا ده‌توانن و هێزیان تیایه‌ ده‌وه‌ڕن! 
ئه‌و ژنه‌ی وا نزیكترین كه‌س بوو به‌وان، له‌ پشت قاچه‌كانه‌وه‌ دوو لاقی راكشاوی بینی كه‌ كۆبوونه‌وه‌، وه‌ها تا سك. ئه‌وسا دوو هاواری خنكاو. قاچه‌كان بڵاوه‌یان لێكردوو و به‌ په‌له‌ له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ دوور كه‌وتنه‌وه‌. رێچكه‌ خوێنێكی سووری به‌یانییه‌كی زووی پاییزی، شۆسته‌ی دڕی و له‌ نزیك دره‌ختێكی قه‌راخ جاده‌كه‌ په‌نگی خوارده‌وه‌. ماشینێكی پۆلیس كه‌ به‌ رێكه‌وت له‌وێوه‌ تێده‌په‌ڕی به‌ ئاماژه‌ی خه‌ڵك راوه‌ستا. كاتێك پۆلیسه‌كان گه‌یشتنه‌ سه‌ری، دووا ده‌نگ و هه‌ناسه‌ خنكاوه‌كا ن له‌ نێوان ده‌سته‌سووره‌كان و قوڕگ په‌له‌قاژه‌ی هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌یان بوو. شتێك وه‌ك رشانه‌وه‌ خۆی له‌ ره‌نگی خوێنه‌كه‌ ده‌دا.
قژلووله‌ دووكه‌ڵاوییه‌كه‌ دوای ئه‌وه‌ی دووا مژی له‌ جگه‌ره‌ی ئه‌و سبحه‌ سارده‌ پاییزیه‌دا و دوانیگای ئاراسته‌ی جامخانه‌كه‌ی به‌رانبه‌ری خۆی كرد، ده‌ستی برد بۆ موبایله‌كه‌ی و زه‌نگی بۆ شوێنێك دا:
-سڵاو ئازیزم،... حه‌ز ناكه‌م رۆژه‌كه‌ت لێ بئاڵۆزكێنم. شتێكی ناخۆش روویدا. كه‌ هاتمه‌وه‌ بۆت ده‌گێڕمه‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7347
22/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ جارێكی تر هالیپ شكستی هێنا بچێته‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندییەوە 22/8/2017
‌ ریاڵ مه‌درید گرێبه‌ستی كه‌ریم بنزیمه‌ نوێ ده‌كاته‌وه‌ 22/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP