بۆچوونی په‌رله‌مانتاران ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا
بۆچوونی په‌رله‌مانتاران ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا ‌ راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ 6/9/2017
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی‌ نووسراوی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم و په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ دایه‌وه‌ و ره‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم و په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ 1/11/2017، هاوكات ته‌ئكیدی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی‌ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كرده‌وه‌، كه‌ رۆژی 25/9/2017 دیاریكراوه‌، په‌رله‌مانتاران له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا ده‌كه‌نه‌وه‌.

كۆمسیۆن ئاماده‌یه‌
شیروان زرار وته‌بێژی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ كوردستانی‌ نوێی راگه‌یاند: ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌دان بۆ ده‌ربڕینی‌ ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر واده‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، دواتر به‌ ده‌نگدان یه‌كلاكرایه‌وه‌ و زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ كۆمسیاران ده‌نگیان دا كه‌ كۆمسیۆن ئاماده‌یه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ 1/11/2017 ئه‌نجام بدات. وتیشی: هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ كۆمسیارانی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی‌ پڕۆسه‌ی‌ ریفراندۆم له‌ واده‌ی‌ خۆیدا كه‌ 25/9/2017 یه‌ كرایه‌وه‌، ئه‌و به‌لاغه‌شی‌ له‌سه‌ر واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان خوێندرایه‌وه‌، بڕیاری كۆتایی كۆمسیۆنه‌ كه‌ به‌ده‌نگی‌ زۆرینه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ش نه‌بێت كاره‌كان به‌ڕێوه‌ناچن.
وته‌بێژی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا: به‌فه‌رمی‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم و په‌رله‌مانی‌ كوردستان داوامان لێكراوه‌ و جه‌ختیان كردۆته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌كاریی بكه‌ین بۆ هه‌ردوو پڕۆسه‌ی‌ ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم، ئێمه‌ ته‌نیا لایه‌نی‌ جێبه‌جێكارین ‌و ئه‌وه‌ی‌ تر په‌یوه‌ندیی به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

یه‌كێتی كاری بۆ كردووه‌
لای خۆیه‌وه‌ عه‌باس فه‌تاح ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ فراكسیۆنی‌ سه‌وز به‌ كوردستانی‌ نوێی راگه‌یاند: ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوێكی باشه‌ و پێویسته‌ هاووڵاتیان دڵیان به‌وه‌ خۆش بێ، ئه‌گه‌ر هه‌ر چوار ساڵێك هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی‌ خۆیدا بكرێت. له‌ باره‌ی ریفراندۆمیشه‌وه‌ وتی: یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنیه‌وه‌ دروشمی‌ مافی چاره‌ی‌ خۆنووسینی‌ به‌رز كردۆته‌وه‌ و دواتر له‌ خه‌باتی‌ چه‌كداری و له‌ شۆڕشی نوێدا به‌كردار كاری بۆ ئه‌و دروشمه‌ كردووه‌.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كوردستان روونیشیكرده‌وه‌: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن و ریفراندۆم به‌ پێویست ده‌زانین، به‌ڵام به‌بۆچوونی‌ خۆم ئه‌نجامدانی‌ دوو هه‌ڵبژاردن له‌ ماوه‌ی‌ دوو مانگدا تاڕاده‌یه‌ك بۆ هاووڵاتی‌ زه‌حمه‌ت ده‌بێت، به‌تایبه‌تی‌ له‌م بارودۆخه‌دا كه‌ ماوه‌ی‌ سێ ساڵه‌ هه‌رێمی كوردستان تووشی قه‌یرانی‌ دارایی و شه‌ڕی داعش بۆته‌وه‌، بۆیه‌ باشتر بوو هه‌ردوو پڕۆسه‌كه‌ له‌ یه‌كتر دوور بن، بۆئه‌وه‌ی‌ مه‌سه‌له‌ نیشتمانییه‌كان تێكه‌ڵی ململانێی حزبی نه‌كرێن.

ئاماده‌سازیی پێشوه‌خته‌ی‌ 
بۆ نه‌كراوه‌
هه‌ر له‌و رووه‌وه‌ بێستون فایه‌ق ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان به‌ كوردستانی‌ نوێی راگه‌یاند: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنین و بۆ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ئاماده‌ین، وتیشی: پێمانوایه‌ هه‌ڵبژاردن میكانیزمی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاته‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌و رێگایه‌وه‌ گۆڕانكاری له‌ وڵاتدا بكرێت، هه‌روه‌ك پێویسته‌ ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ بچه‌سپێ كه‌ هه‌موو چوار ساڵ جارێك ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت.
له‌باره‌ی‌ ریفراندۆمیشه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد: ئێمه‌ پێمانوایه‌ ده‌بێت دوا بخرێت، چونكه‌ ئاماده‌سازیی پێشوه‌خته‌ی‌ بۆ نه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها باشتر بوو له‌ كاتێكی گونجاوتردا له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم به‌یه‌كه‌وه‌ بكرێت، نه‌وه‌ك به‌جیا و هه‌ریه‌كه‌یان له‌ به‌روارێكدا بكرێن.
له‌ كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا بكرێت
هه‌روه‌ها سیراج ئه‌حمه‌د په‌رله‌مانتاری كوردستان له‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ بۆ كوردستانی‌ نوێ وتی‌: به‌و پێیه‌ی‌ پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تاڕاده‌یه‌ك چه‌قی به‌ستووه‌، باشتریش میكانیزم بۆ رزگاربوون و تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌م قۆناغه‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا.
وتیشی: له‌باره‌ی‌ پرسی ریفراندۆمه‌وه‌ كه‌ پرسێكی‌ نیشتمانییه‌، به‌باشی ده‌زانم له‌ كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا بكرێت، چونكه‌ ناكرێت پرسێكی‌ له‌و جۆره‌ تێكه‌ڵ به‌ شه‌ڕه‌ په‌ڕۆی حزبایه‌تی‌ بكرێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌ردوو پڕۆسه‌كه‌ ( هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی) به‌جیا به‌ڕێوه‌بچن، هه‌روه‌ك ئێستا له‌ لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌.

باشترین هه‌نگاو، هه‌ڵبژاردنه‌
دواتر به‌هار عه‌بدولڕه‌حمان په‌رله‌مانتار له‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتوو به‌كوردستانی‌ نوێی راگه‌یاند: ئه‌م قه‌یرانه‌ی‌ ئێستا كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، پێویستی‌ به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ ته‌وافق و هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بێته‌ كایه‌وه‌، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامێكی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌، بۆیه‌ باشترین هه‌نگاو هه‌ڵبژاردنه‌، جگه‌ له‌وه‌ش خولی ئێستای په‌رله‌مان واده‌كه‌ی‌ ته‌واو ده‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ خولی ئه‌مجاره‌ی‌ په‌رله‌مان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی كاره‌كانی‌ خۆی نه‌كرد و بۆ ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ دوو ساڵه‌ له‌كاركه‌وتووه‌.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی وتیشی: جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌رێمی كوردستان تووشی قه‌یرانی‌ دارایی و سیاسی ‌و شه‌ڕی داعش بۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو كاتێكدا پێویسته‌ هەڵبژاردن له‌ كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا بكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ پڕۆسه‌یه‌كی‌ دیموكراسییه‌ و نابێت دوابخرێت، هه‌رچه‌نده‌ باشتربوو به‌ر له‌ هاتنی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن قه‌یرانی‌ دارایی و گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكی‌ چاك بكرێت، چونكه‌ بۆ حزبه‌كان زه‌حمه‌ت ده‌بێت باس له‌ به‌رنامه‌كانیان بكه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو، له‌كاتێكدا به‌شێكی‌ زۆری خه‌ڵك له‌ باروگوزه‌رانێكی‌ خراپدان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP