فیلمی ژیانی ئازیز: با ئاشت ببینه‌وه‌
فیلمی ژیانی ئازیز: با ئاشت ببینه‌وه‌ ‌ 12/8/2017
جۆری فیلم: دراما/ رۆمانسی
به‌رواری ده‌رچوون: 23/11/2016
ده‌رهێنه‌ری فیلم: گۆری شیندی
بودجه‌ی فیلم:220 ملیۆن روپیه‌ی هیندی
هه‌ڵسه‌نگاندن: 7.8/10 imbd، 3.5/5 times of india
پاش تێپه‌ڕبوونی چوارساڵ به‌سه‌ر یه‌كه‌م ئه‌زموونی ده‌رهێنانیدا له‌ فیلمی English vinglish   كچه‌ ده‌رهێنه‌ری هیندی «گۆری شیندی» دووباره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی فیلمی دووه‌مdear zindagi/dear life كه‌ فیلمێكی دراماتیكی هێمنمان پێشكه‌ش ده‌كات‌و به‌هه‌مان شێوه‌ی فیلمی پێشوو ئمجاره‌ش ئافره‌ت رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت.  هه‌روه‌ها سیناریۆی فیلمه‌كه‌ دووباره‌ له‌ نوسینی خۆیه‌تی‌و به‌ هاوكاری هه‌ر یه‌ك له‌ « جووری خان»‌و «كاران جه‌وهه‌ر « به‌رهه‌م هێنراوه‌.


چیرۆكی فیلمه‌كه‌
چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ كایرا ده‌كات وێنه‌گرێكی سینه‌ماییه‌‌و خه‌ونی وێنه‌گرتنی فیلمێكی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ تا ئه‌و به‌هره‌یه‌ی هه‌یه‌تی تێیدا نیشیانی بدات، به‌ڵام له‌ژیانی پیشه‌ییدا روبه‌ڕووی كێشه‌یه‌ك ده‌بێته‌وه‌ ئه‌ویش رانه‌هاتنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌بوونی ئافره‌ت له‌و جۆره‌ پیشانه‌دا، ئه‌مه‌ش دژایه‌تی كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی لادروست ده‌كات كه‌ ته‌نها وه‌ك ئافره‌تێك لێی‌ ده‌ڕوانن، له‌ژیانی تایبه‌تیشدا رقی له‌ دڵدایه‌ به‌رامبه‌ر خێزانه‌كه‌ی ده‌یانه‌وێت كاری ناوه‌خۆیی بكات له‌ ژوره‌وه‌ له‌ پشت مێزێك دانیشێت‌و وه‌كو كچانی تر هاوسه‌رگیری بكات. 
له‌ ژیانی سۆزداریشدا جێگیر نییه‌‌و فره‌ په‌یوه‌ندییه‌‌و ماوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی كورتن‌و هه‌موو جار پێش ئه‌وه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر وازی لێبهێنێت كۆتایی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ ده‌هێنێت، به‌ڵام جارێك به‌رێكه‌وت خۆشه‌ویسته‌كه‌ی واز له‌م ده‌هێنێت پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م كۆتایی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ بهێنێت، ئه‌مه‌ش  هه‌موو شتێك ده‌گۆڕێت، بۆیه‌ كایرا په‌نا ده‌باته‌ به‌ر چاره‌سه‌ری ده‌روونی تا له‌گه‌ڵ ژیاندا ئاشت ببێته‌وه‌. 

 په‌یامی فیلمه‌كه‌
 سه‌ره‌تا هه‌رچه‌نده‌ دانانی نازناو بۆ كاری هونه‌ری ‌و بخرێته‌ چوارچێوه‌یه‌كی چه‌سپاو وه‌ك «هونه‌ری ئامانجدار» یاخوود « هونه‌ری په‌یامبه‌خش» وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ سه‌یری پڕۆگرامێكی فێركاری بكه‌یت به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فیلمێكی باشه‌، له‌كاتی سه‌یركردنی هه‌ستێكی وا له‌ دڵ‌‌و بیری بینه‌ر به‌جێ ناهیڵێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو كارێكی سینه‌مایی په‌یامێك‌و ئامانجێك له‌ به‌رهه‌مهێنانی هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌نها به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش بێت ئه‌وه‌ش په‌یامێكه‌ ده‌بێت رێزی لێبگیرێت.
Dear zindagi تاراده‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ په‌یامه‌كه‌ی گه‌یاندووه‌، گفتوگۆكانی بێ پێچ‌و په‌نان، به‌شێوه‌یوكی گشتی كاریگه‌ری هه‌بوو  سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌وترا، وایلێده‌كردیت هه‌ست بكه‌یت  هه‌ندێكجار پێویستمان به‌ پێداچوونه‌وه‌ی خۆمانه‌ له‌ هه‌ندێك شتدا.

فیلمه‌كه‌ به‌ چه‌ند لایه‌كدا ده‌ڕۆیشت
یه‌كه‌م: گرنگی پزیشكی ده‌روونی هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ له‌قۆناغێكی ژیانماندا پێستمان به‌بوونی لایه‌نێكه‌ ده‌ره‌كی هه‌یه‌ گرێكانی ناخمان بكاته‌وه‌‌و یارمه‌تیمان بدات ئازا بین‌و بتوانین روبه‌ڕوی راستی بوونی خۆمان ببینه‌وه‌. 
دووه‌م: بۆ ئه‌وه‌ی ئاسووده‌یی ئاشتبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خوودی خۆت‌و كه‌سانی ده‌وروبه‌رت به‌ده‌ست بهێنیت پێویسته‌ ئه‌و راستیه‌ قبوڵ بكه‌یت ئه‌وانیش مرۆڤن‌و هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دایك‌و باوكمان بن.
سێهه‌م: رابردووت وازت لێناهێنێت به‌ڵام رابردوو ته‌واو بووه‌‌و پێویسته‌ قبوڵی بكه‌یت‌و له‌ قه‌باره‌ی خۆی زیاتری پێنه‌به‌خشیت، له‌پێناویدا واز له‌ ئیستا نه‌هێنیت.

سه‌ره‌تا‌و كۆتایی 
فیلمێكی دراماتیكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، هێمنی زاڵه‌ به‌سه‌ر زۆربه‌ی رووداوه‌كانیدا، تێپه‌ڕینی پاڵه‌وانی فیلمه‌كه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌ قۆناغه‌كاندا به‌ شێنه‌یی‌و یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌، له‌ سه‌ره‌تای نمایش كردنی ژیانی پیشه‌یی‌و تایبه‌تیه‌وه‌ پاشان ناچار بوونی كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو خێزانه‌كه‌ی  له‌ «گووا» دوای ئه‌وه‌ی له‌ شوقه‌كه‌ی له‌ مۆمبای ده‌ریانكرد به‌هۆی ئه‌وه‌ی كچێكی سه‌ڵته‌و، وازهێنانی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌و به‌ستنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كچێكی تر، هه‌روه‌ها كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی شپرزه‌یه‌یی‌و ناخۆشیه‌كی زۆر‌و توڕه‌ییه‌كی زۆری بۆ دروستكردبوو هه‌روه‌ها توانای نوستنی نه‌بوو، تا پزیشكێكی ده‌روونی دۆزیه‌وه‌ به‌ناوی «جیهانگیر خان» كه‌ به‌ خۆرسكی‌و شێوازه‌ ساده‌كه‌ی رایده‌كێشێت به‌لای خۆیدا، وه‌ك ئه‌و وێنه‌یه‌ نه‌بوو كه‌ به‌رده‌وام له‌باره‌ی پزیشكه‌ ده‌روونیه‌كانه‌وه‌ ده‌وترێت، كه‌س له‌قسه‌‌و شیكردنه‌وه‌ سه‌یره‌كانیان تێناگات.
سه‌ره‌تا نه‌یده‌توانی راستگۆیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ بكات‌و چاره‌سه‌ری بكات، به‌ڵام كه‌ متمانه‌ی پێكرد توانی ورده‌ وده‌ بكرێته‌وه‌‌و كاریگه‌ری له‌ناو دڵیدا جێبهێڵێت‌و تێڕوانینی بۆ ژیان‌ومامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ كێشه‌كانیدا بگۆڕێت.
كۆتایی فیلمه‌كه‌ زۆر په‌سه‌نده‌، فیلمه‌كه‌ ناگۆڕێت بۆ چیرۆكێكی رۆمانسی له‌نێوان نه‌خۆش‌و پزیشكه‌كه‌یدا،  پاڵه‌وانه‌كه‌ هه‌ستی راهاتنی به‌دۆخه‌كه‌ لا دروست ده‌بێت، به‌هۆی بوونی كه‌سێك بۆ یه‌كه‌مجار له‌ هه‌ستی‌و بیركردنه‌وه‌ی تێبگات بێئه‌وه‌ی داوای لێبكات گۆڕانكاری له‌خۆیدا بكات بۆ رازیكردنی ده‌وروبه‌ری، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵك وه‌ك خۆیان قبوڵبكات، بێئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ستانه‌ په‌ره‌بستێنێت بۆ خۆشه‌ویستی چونكه‌ مه‌نتیقی نییه‌‌و له‌ ره‌وشتی پیشه‌ییدا جوان نییه‌ په‌یوه‌ندی له‌ نێوان نه‌خۆش پزیشكه‌كه‌یدا دروست ببێت ئه‌وه‌ به‌ته‌نها به‌س بوو بۆ تێكدانی په‌یامی فیلمه‌كه‌.

پاڵه‌وانه‌كان
فیلمه‌كه‌ له‌ پێناو شاروخ خان ده‌ست پێده‌كات جگه‌ له‌وه‌ی رۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ به‌ كرۆكی چیرۆكه‌كه‌ داده‌نرێت، هه‌رچه‌نده‌ بۆ ماوه‌ی كه‌م كه‌م ده‌رده‌كه‌وێت به‌ڵام وه‌ك چه‌اره‌سه‌ركه‌رێكی ده‌روونی به‌ كه‌سایه‌تییه‌ ژیر‌و قسه‌خۆشه‌كه‌ی رۆڵێكی زۆر تایبه‌تی نواند.
ئه‌كته‌ر‌و گۆرانیبێژ «عه‌لیا به‌هات» رۆڵی كایرا ده‌بینێت، رۆڵه‌كه‌ی زۆر ساده‌‌و ئاسایی بوو به‌جۆرێك هه‌ست ده‌كه‌یت له‌به‌رده‌م خۆیدایت.

رۆڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كان:
ئیرا دوبی – رۆڵی فاتیمه‌
یاشاسوینی دایاما- رۆڵی جاكی 
عه‌لی زه‌فه‌ر- رۆڵی روومی 
كۆنال كاپوور- رۆڵی راگوفیندرا
ئه‌نجاد بیدی- رۆڵی سید
له‌ ده‌ركه‌وتنێكی تایبه‌تدا «ئیدیتیا رۆی كاپوور»

گۆرانیه‌كان
له‌ فیلمه‌كه‌دا دوو گۆرانی هه‌بوو هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ میوزیك‌و  هۆنراوه‌ هه‌ست‌و سۆزی كایرا‌و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌یان ده‌رده‌بڕی كه‌ به‌سه‌ریدا ده‌هات.
گۆرانی یه‌كه‌م  just go to hell dil توڕه‌یی‌و شپرزه‌یی كایرا ده‌رده‌بڕێت له‌دوای ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی جێی ده‌هێڵێت.
گۆرانی دووه‌م  love you zindagi  باس له‌ ئاشتبوونه‌وه‌ی كایرا ده‌كات له‌گه‌ڵ ژیان‌و خۆیدا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP