گه‌نده‌ڵی‌ ئابڕووی‌ پیاوه‌ گه‌وره‌كانی‌ ئیسرائیل ده‌بات
نه‌ته‌نیاهۆشی‌ گرته‌وه‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئابڕووی‌ پیاوه‌ گه‌وره‌كانی‌ ئیسرائیل ده‌بات ‌ 12/8/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
جارێكی‌ تر گه‌نده‌ڵی‌ به‌رۆكی‌ پیاوه‌ گه‌وره‌كانی‌ ئیسرائیل ده‌گرێته‌وه‌، له‌مجاره‌شدا ئابڕووچوونه‌كه‌ رووی‌ له‌ بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌ ناڕه‌زایی‌ میللی‌ فراوانی‌ له‌ «ته‌لئه‌بیب» لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و تێدا داوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت ده‌كرێت. 
نه‌تانیاهۆ به‌ وه‌رگرتنی‌ به‌رتیل و دیاریی‌ له‌ بازرگانان له‌به‌رانبه‌ر ئاسانكاریی‌ حكومه‌ت كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانیان ده‌كات تۆمه‌تباركراوه‌، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش له‌حاڵه‌تی‌ ساغبوونه‌وه‌یان به‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیراندا، ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ روخانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ و بگره‌ زیندانی‌ كردنیشی‌. 
نه‌ته‌نیاهۆ له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ ئیسرائیل ته‌نیا نییه‌ كه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت، پێش ئه‌و له‌ ساڵانی‌ رابردوودا هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیران، ئیهود ئۆڵمه‌رت و ئه‌رێیل شارۆن خرانه‌ بازنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ تۆمه‌تباركردن به‌ گه‌نده‌ڵی‌. 
كاره‌كه‌ هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیراندا نه‌وه‌ستایه‌وه‌، بگره‌ دۆسێكانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ گه‌یشتنه‌ سه‌رۆكه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌یان وه‌زیر و ئه‌ندامانی‌ كنێست و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان. 
ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكاندا له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ «لاهاف 433»دایه‌ كه‌ یه‌كه‌یه‌كی‌ بنه‌بڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵییه‌ له‌نێو پۆلیسی‌ ئیسرائیلی‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ حكومی‌ و هاوڵاتیانی‌ ئاساییدا ده‌كات و به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌گژ تاوانه‌ رێكخراوه‌كانیشدا ده‌چێته‌وه‌. 
له‌م راپۆرته‌دا، ده‌ركه‌وتووترین 6 ئابڕچوونی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ به‌رۆكی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیبری‌ گرتووه‌ و پاڵه‌وانه‌كانی‌ سه‌رۆكه‌كانی‌ حكومه‌ت و وه‌زیره‌كان بوون، هه‌ندێكیان بێتاوان ده‌رچوون و هه‌ندێكی‌ ترییان پۆسته‌كان له‌ده‌ستدا و بگره‌ چه‌ندان ساڵی‌ ژیانیشیان له‌ زینداندا به‌هۆی‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ به‌سه‌ربرد.   

بنیامین نه‌تانیاهۆ 
نه‌تانیاهۆ پێشتر هه‌ر له‌و رووه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كراوه‌، له‌ ساڵی‌ 1997 و له‌ یه‌كه‌م ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، ده‌سه‌ڵاتداران سه‌باره‌ت به‌ تۆمه‌ته‌كانی‌ ئه‌گه‌ری‌ تێوه‌گلانی‌ له‌ فێڵكردن و دۆڕاندنی‌ متمانه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كردووه‌. 
له‌و ده‌مه‌دا نه‌تانیاهۆ به‌ دانانی‌ داواكارێكی‌ گشتی‌ تۆمه‌تباركرا كه‌ ده‌كرا لێوه‌ی‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ باشتر له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانی‌ سیاسی‌ بكات، بۆیه‌ پۆلیس راسپێردرا نه‌تانیاهۆ تۆمه‌تباربكات، به‌ڵام داواكاریی‌ گشتی‌ ره‌تیكرده‌وه‌ تۆمه‌ته‌كانی‌ رووبه‌ڕوو بكاته‌وه‌. 
دوای‌ دوو ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌دا، جارێكی‌ تر به‌ تۆمه‌تی‌ فێڵكردن نه‌تانیاهۆ خرایه‌ ژێر لۆێكۆڵینه‌وه‌وه‌، له‌مجاره‌دا تۆمه‌ته‌كان په‌یوه‌ندییان به‌ به‌ڵێنده‌رێكه‌وه‌ هه‌بوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا، جارێكی‌ تریش تۆمه‌ته‌كان رووبه‌ڕووی‌ نه‌كرانه‌وه‌. نه‌تانیاهۆ  له‌و ده‌مه‌دا ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ سه‌رپێچییه‌كی‌ ئه‌نجامدابێت. 


ئه‌رێیل شارۆن  
گومان ده‌كرا شارۆن له‌ كۆتاییه‌كانی‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌دی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووو، سه‌دان هه‌زار دۆلاری‌ وه‌ك به‌رتیل وه‌رگرتبێت كه‌ له‌و ده‌مه‌دا به‌ ناوی‌ «كێشه‌ی‌ دوورگه‌ یۆنانییه‌كه‌»وه‌ ناسرا.  
ئه‌وكات داواكاریی‌ گشتی‌ راسپێردرا تۆمه‌ته‌كانی‌ رووبه‌ڕوو بكاته‌وه‌، به‌ڵام داواكاریی‌ پێیوابوو به‌ڵگه‌كان ته‌واونین. 
تۆمه‌ته‌كان، دیڤید ئه‌بیل گه‌وره‌بازرگانی‌ ئیسرائیلیشی‌ گرته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ به‌رتیلی‌ دابێت به‌ شارۆن كه‌ له‌و ده‌مه‌دا له‌ پۆستی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌دا بوو تا یارمه‌تی‌ بدات مۆڵه‌تی‌ په‌ره‌پێدانی‌ خانووبه‌ره‌ له‌ یۆنان ده‌سته‌به‌ربكات. 

ئیهود ئۆڵمه‌رت 
له‌ ئابڕووچوونێكدا كه‌ به‌ «دۆسێی‌ هۆڵی‌ ڵاند» ناسرا، ئیهود ئۆڵمه‌رت سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ ئیسرائیل له‌نێوان ساڵانی‌ 2006 و 2008، به‌و هۆیه‌ی‌ تۆمه‌تی‌ فێڵكردن و له‌ده‌ستدانی‌ متمانه‌ی‌ رووبه‌ڕووكرایه‌وه‌، 19 مانگی‌ له‌ زینداندا  به‌سه‌ربرد.  
ئۆڵمه‌رت له‌ ساڵی‌ 2012 به‌ وه‌رگرتنی‌ به‌رتیل له‌ پرۆژه‌ی‌ نیشته‌جێ‌ له‌ قودس تۆمه‌تباركرا كه‌ له‌و ده‌مه‌دا له‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ شاره‌وانیدا بوو به‌ر له‌وه‌ی‌ ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئیسرائیل. 
پاشان له‌ ساڵی‌ 2015دا به‌ وه‌رگرتنی‌ به‌رتیل له‌ «دۆسێی‌ تالانسكی‌» تۆمه‌تباركرا كه‌ تێیدا مۆریس تالانسكی‌ گه‌وره‌ بازرگانی‌ ئه‌مریكایی‌ وه‌ك شایه‌تحاڵ باسی‌ له‌وه‌كردبوو به‌رتیلی‌ داوه‌ به‌ ئۆڵمه‌رت. 
ئۆڵمه‌رت یه‌كه‌م سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ ئیسرائیلی‌ بوو كه‌ له‌به‌رده‌م دادوه‌رییدا تۆمه‌تی‌ گه‌نده‌ڵی‌ رووبه‌ڕووكرایه‌وه‌. 

ئه‌ریێ‌ درعی‌ 
له‌و ده‌مه‌ی‌ پۆستی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ وه‌رگرت له‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌دی‌ سه‌دی‌ رابردوو، درعی‌ له‌ ساڵی‌ 1999دا تۆمه‌تی‌ وه‌رگرتنی‌ به‌رتیل و فێڵكردن و له‌ده‌ستدانی‌ متمانه‌ی‌ رووبه‌ڕووكرایه‌وه‌. 
دۆسێكه‌ له‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌ددا مشتومڕێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر بوو تا له‌ كۆتاییدا دادگا درعی‌ له‌ تۆمه‌تی‌ وه‌رگرتنی‌ به‌رتیلی‌ دووه‌م و تۆمه‌تی‌ ساخته‌كردنی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ، بێتاوان ده‌ركرد. 
درعی‌ بۆ ماوه‌ی‌ دوو ساڵ زیندانی‌ كرا، دوای‌ ئازادكردنی‌ به‌ ماوه‌یه‌ك گه‌ڕایه‌وه‌ نێو كایه‌ی‌ سیاسی‌، له‌ئێستاشدا پۆستی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌. 

ئه‌فیگدۆر لیبرمان 
لیبرمان كه‌ له‌ئێستادا به‌ پۆستی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئیسرائیلدایه‌، چه‌ندان جار له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كانی‌ بانگێشتی‌ دادگا كراوه‌. 
به‌ گومانی‌ تێوه‌گلانی‌ له‌ شۆردنه‌وه‌ی‌ پاره‌ و فێڵكردن و «له‌ده‌ستدانی‌ متمانه‌» له‌ دۆسێیه‌كی‌ گه‌نده‌ڵیدا، بانگێشتی‌ به‌رده‌م دادگا كرا و له‌ئێستاشدا ئه‌و تۆمه‌تانه‌ له‌ رۆژنامه‌كانی‌ ئیسرائیلدا باس ده‌كرێن. 
له‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ 2012، لیبرمان به‌ فێڵكردن تۆمه‌تباركرا، به‌ڵام تۆمه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌كانی‌ تری‌ وه‌ك شۆردنه‌وه‌ی‌ پاره‌ و تێكدانی‌ لێدوانی‌ شایه‌تحاڵه‌كانی‌ رووبه‌ڕوونه‌كرایه‌وه‌. دواتر له‌ هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ بێتاوان ده‌ركرا. 

مۆشێ‌ كتساف 
له‌ 2006 و پێش ساڵێك له‌ كۆتایی‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌، پۆلیسی‌ ئیسرائیلی‌ ده‌ستیكرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ كتساف (له‌ ساڵی‌ 2000 سه‌رۆكایه‌تی‌ ئیسرائیلی‌ گرته‌ده‌ست)، سه‌باره‌ت به‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ژنانه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوون كه‌ له‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كارییان ده‌كرد و له‌ تۆمه‌ته‌كاندا باسی‌ ده‌ستدرێژی‌ سێكسیان كردبوو. 
 لێكۆڵینه‌وه‌كانی‌ پۆلیس به‌ راپۆرتێكی‌ زۆر توند له‌ دژی‌ كتساف كۆتاییان هات كه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌  له‌لایه‌ن داواكاریی‌ گشتی‌ ئیسرائیله‌وه‌ (راوێژكاری‌ یاسایی‌ حكومه‌ت) داوای‌ لێبكرێت ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌. 
به‌پێی‌ یاسای‌ ئیسرائیلی‌، ئه‌سته‌مه‌ سه‌رۆك دادگایی‌ بكرێت له‌كاتی‌ كاركردن و ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیدا. 
له‌ ساڵی‌ 2011دا كتساف به‌ دوو تۆمه‌ت حوكمدرا. له‌ كۆی‌ سزای‌ حه‌وت ساڵ زیندانی‌، دوای‌ به‌سه‌ربردنی‌ پێنج ساڵ له‌نێو زینداندا ئازادكرا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7347
22/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ جارێكی تر هالیپ شكستی هێنا بچێته‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندییەوە 22/8/2017
‌ ریاڵ مه‌درید گرێبه‌ستی كه‌ریم بنزیمه‌ نوێ ده‌كاته‌وه‌ 22/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP