سویسرا شوێنی دۆزینه‌وه‌ی بێ سه‌روشوێنان
سویسرا شوێنی دۆزینه‌وه‌ی بێ سه‌روشوێنان ‌ 13/8/2017
كه‌شتی نوح

گه‌رمبوونی هه‌وای گۆی زه‌وی به‌ ته‌نها كاری له‌ژینگه‌‌و سروشت نه‌كردووه‌، به‌ڵكو بووه‌ته‌ هۆی توانه‌وه‌ی خێرای شوێنه‌ سه‌هۆڵبه‌نده‌كان له‌ سویسرا‌و مه‌ته‌ڵی  هۆكاری ونبووانی سه‌ده‌ی ڕابردووش ئاشكرا ده‌كات.
پۆلیسی سویسرا ده‌ڵێت « به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمیی و دیارده‌ی قه‌تیسبوونی گه‌رما، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ڕوفاتی ئه‌و شاخه‌وانانه‌ ده‌ركه‌وتوون كه‌ له‌سه‌ده‌ی ڕابردوودا له‌ چیاكانی ئه‌ڵپ بێ سه‌روو شوێن بوون». 
ده‌سه‌لاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ مانگی ته‌مموزی ڕابردووه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و ڕوفاتانه‌یان تۆماركردووه‌ ، له‌وانه‌ش له‌ ڕۆژی یه‌كی ئابدا و دوای ئه‌وه‌ی دوو شاخه‌وان چوونه‌ته‌ ناوچه‌ی دۆڵی (ساس) له‌ هه‌رێمی (ڤالییه‌) ته‌رمی پیاوێكیان له‌ نزیك ڕوباری سه‌هۆڵینی ناو دۆڵه‌كه‌ دۆزیووه‌ته‌وه‌.
 دواتر به‌یارمه‌تی تیمه‌كانی فریاگوزاری توانراوه‌ ته‌رمه‌كه‌ به‌ ته‌واوی له‌ژێر به‌فری ناوچه‌كه‌ ده‌ربهێنن، دوای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ (DNA)ته‌رمه‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و پیاوه‌ كه‌ له‌دایكبووی 1943یه‌ هاوڵاتییه‌كی ئه‌ڵمانی بووه‌، به‌ر له‌ سی ساڵ واته‌ له‌ ساڵی 1986دا له‌ كاتی گه‌شتێكی شاخه‌وانیدا له‌و چیایانه‌دا ون بووه‌.
پێشتریش ته‌رمی ژن و مێردێك  به‌ناوی مارسلین و فرانسلین دۆفلین  دۆزرایه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ناو به‌فردا بوون‌و  به‌كاریگه‌ریی  پله‌ی گه‌رمای به‌فره‌كه‌ وه‌ك مۆمیایان لێ هاتبوو، ئه‌و دووانه‌ به‌ر له‌ 76ساڵ  واته‌ له‌ ساڵی 1942دا له‌ نزیك ڕووباری سه‌هۆڵینی (تسانفلۆرۆن) ی هه‌مان هه‌رێم دوای ئه‌وه‌ی چووبوون بۆ دۆشینی مانگاكانیان له‌ له‌وه‌ڕگاكانی گوندی چاندۆلینی سویسرا ون ببوون.
ڕۆژی 3ی ئابیش ڕوفاتی پیاوێك دۆزرایه‌وه‌ كه‌ پێده‌چێت له‌ ڕووداوی تێكشانی فرۆكه‌یه‌كی سه‌ر به‌ هێڵی فڕۆكه‌وانی هیندیدا كه‌ به‌ر له‌ 50 ساڵ له‌ چیاكانی ئه‌لپی فه‌ره‌نسا‌و له‌سه‌ر چیای ( مۆن بلۆن) ڕوویدا، گیانی له‌ده‌ستدابێت.
(كریستیان زۆبه‌ر)وته‌بێژی پۆلیسی  هه‌رێمی (ڤالییه‌) پێشبینی ده‌كات به‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما و توانه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ به‌فره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕووباره‌ به‌فراوه‌كان   ته‌رمی زیاتر ده‌ربكه‌وێت». 
وتیشی « ڕووباره‌ به‌فراوه‌كان كه‌م ده‌بنه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شتێكی لۆڤیكییه‌ كه‌ ته‌رم و به‌شه‌كانی له‌ش به‌ شێوه‌ی له‌توپه‌تی بدۆزینه‌وه‌، له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوشدا ڕه‌نگه‌ بتوانین چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ وه‌ك بێ سه‌روشوێن له‌ لای ئێمه‌ تۆمار كراون».
 هه‌روه‌ها وتی: ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی كه‌ ناوی بێ سه‌روشوێنه‌كانی له‌ خۆگرتووه‌، ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی تێدایه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1925ه‌وه‌ دیار نه‌ماون تائێستا  كه‌ ژماره‌كه‌یان 306 كه‌سه‌‌و ناوی ئه‌و شوێنانه‌شی تێدا تۆماركراوه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بۆی چوون و ئیدی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌».
 ئاماژه‌شی به‌وه‌ دا كه‌ ته‌نها له‌ چیای( مۆن بلۆن)ی فه‌ڕه‌نسی نزیكه‌ی 160 كه‌س دیار نه‌ماون‌و  ڕووباری به‌فراوی ( گراوبۆندن)یش نزیكه‌ی 40 ته‌رمی شاخه‌وانانی تێدایه‌ كه‌ پێویست به‌ كاری زۆر ده‌كات بۆ گه‌ڕان به‌ دوایاندا.
هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پۆلیس ده‌شڵێت» كاتێك زانیاریی له‌ باره‌ی  دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی یه‌كێك له‌ بێ سه‌روشوێنه‌كان ده‌درێت به‌ خێزانه‌كانیان یان كه‌سانی ناسیاویان ئیدی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ ته‌واوی له‌ چاره‌نووسی ئازیزه‌كانیان دڵنیا ده‌بنه‌وه‌».
له‌ناوچه‌ پێده‌شته‌كانی قه‌دپاڵ چیاكانی سویسرا سه‌نته‌رێكی پێشكه‌وتوو بۆ پشكنینی(DNA) ڕوفاته‌كان كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ ئه‌و ته‌رمانه‌ بناسرێنه‌وه‌ و ڕاده‌ستی كه‌سوكاریان بكرێنه‌وه‌. 
له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌ندامێكی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ هه‌میشه‌ ته‌رمه‌كان به‌و سه‌هۆڵه‌ی به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ڕووباره‌ سه‌هۆڵینه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت‌و به‌ ساغی مانه‌وه‌ی ڕوفاته‌كانیش پشت به‌هه‌لومه‌رجی مردنی كه‌سه‌كه‌ ده‌به‌ستێت، به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌رییه‌كانی تیشكی خۆر‌و ووشكه‌ سه‌رما هه‌ندێك له‌ ته‌رمه‌كانی وه‌ك مۆمیا لێ كردووه‌ به‌ر له‌وه‌ی له‌ سه‌هۆڵه‌كه‌دا نقووم بێت، هه‌ندێكی دیكه‌شیان ته‌نها ئێسك و پرووسكیان ماوه‌.
ئه‌و پسپۆڕه‌ وتی: پسپۆڕانی پزیشكی داوه‌ریی زۆر ماندوو ده‌بن، هه‌ر له‌ده‌رهێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان له‌سه‌هۆڵه‌كه‌ و تواندنه‌وه‌یان و  پاشان پشكنینی تۆماری ددانیان‌و نمونه‌ی (DNA)ه‌كه‌یان و پاشان به‌راووردكردنی به‌و بنكه‌ی زانیارییانه‌ی كه‌ سه‌باره‌ت به‌ بێ سه‌روشوێنه‌كان ئاماده‌كراوه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی ناسنامه‌ی ڕوفاته‌كه‌.
له‌ساڵی 2000ه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی سویسرا نمونه‌ی(DNA)یان له‌ كه‌سوكاری بێ سه‌روشوێنه‌كان وه‌رگرتووه‌ بۆ ئاسانكردنی كاری ڕاده‌ست كردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان به‌ كه‌سوكار و نزیكه‌كانیان.
به‌پێی پسپۆڕان و شاره‌زایان، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ته‌رمه‌ ووشكه‌وه‌ بووانه‌ به‌هۆی توانه‌وه‌ی ڕووباره‌ سه‌هۆڵینه‌كانی  سویسرایه‌ كه‌ به‌ خێراییه‌كی پێشبینی بۆ نه‌كراو  له‌ بره‌ودایه‌، به‌ جۆرێك ته‌نها له‌ ساڵی ڕابردوودا ئه‌و ڕووبارانه‌ یه‌ك كیلۆ مه‌تر له‌ سه‌هۆڵه‌كه‌یان له‌ده‌ست داوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 900 ملیار لیتر ئاو .
له‌توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستیشدا كه‌ ڕۆژنامه‌ی (تاجیسانزیجه‌ر) ئه‌نجامی داوه‌ له‌ساڵی 2008 ه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌و ڕووباره‌ سه‌هۆڵینانه‌ زۆرترین قه‌باره‌یان له‌ده‌ستداوه‌.
 له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ڕه‌وتی خێرای توانه‌وه‌ی ڕووباری(ئه‌لیچ)كه‌ به‌ شای چیا سه‌هۆڵینه‌كانی سویسرا ناسراوه‌ بووه‌ته‌ حه‌قیقه‌تێكی ڕوون،  به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانستی كه‌ پێگه‌ی (swissinfo.) بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ پێشبینی ده‌كرێت تا كۆتایی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ ئه‌و دیارده‌ سروشتییه‌ ده‌گمه‌نه‌ی  چیاكانی ئه‌لپ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ناو بچێت .
به‌پێی سه‌رچاوه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان له‌ساڵی 1850 دا ڕووباره‌ به‌فراوه‌كان یان سه‌هۆڵینه‌كان ڕووبه‌رێكی 1735 كیلۆمه‌تریان  چوارگۆشه‌یان له‌ زه‌وییه‌كانی سویسرا داگیر كردبوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و ڕووبه‌ره‌ ته‌نها 890 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7347
22/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ جارێكی تر هالیپ شكستی هێنا بچێته‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندییەوە 22/8/2017
‌ ریاڵ مه‌درید گرێبه‌ستی كه‌ریم بنزیمه‌ نوێ ده‌كاته‌وه‌ 22/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP