نزیكبوونه‌وه‌ی‌ توركیا له‌گه‌ڵ روسیا و ئێراندا درێژه‌ده‌كێشێت؟
به‌رپرسێكی‌ پێشووی‌ ئه‌مریكا پێشبینی‌ دەکات نزیكبوونه‌وه‌ی‌ توركیا له‌گه‌ڵ روسیا و ئێراندا درێژه‌ده‌كێشێت؟ ‌ 11/9/2017
ره‌وته‌كان
گۆڤاری‌ فۆرین پۆلیسی‌ ئه‌مریكایی‌، وتارێكی‌ دۆف زاخیم یاریده‌ده‌ری‌ پێشووی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكای‌ بڵاوكردووته‌وه‌ و تێیدا زاخیم پێیوایه‌، هاوبه‌شی‌ سێ‌ قۆڵی‌ نێوان توركیا و روسیا و ئێران، به‌ تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ دۆسێی‌ سوریا درێژه‌ ناكێشێت و هۆكاریی‌ ئه‌وه‌یش بۆ نه‌گونجانی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ ئه‌و سێ‌ وڵاته‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدی‌ و قه‌باره‌ی‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ ئه‌مریكا تائێستا له‌ سوریادا، ده‌گێڕێته‌وه‌. 
زاخیم كه‌ له‌ئێستادا جێگری‌ سه‌رۆكی‌ سه‌نته‌ری‌ ناشیوناڵ ئینته‌رستی‌ زانستییه‌، لێكنزیكبوونه‌وه‌ی‌ توركیا له‌گه‌ڵ روسیا و هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ ئێران، به‌ یه‌كێك له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌ نامۆ و سه‌یره‌كان وه‌سف ده‌كات و پێیوایه‌ ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ مایه‌ی‌ نیگه‌رانییه‌ له‌ جه‌نگی‌ ئه‌هلی‌ سوریا. 
یاریده‌ده‌ری‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ پێشووی‌ ئه‌مریكا ده‌ڵێت، توركیا و روسیا بۆ چه‌ندان سه‌ده‌ دوژمنی‌ یه‌كتر بوون، به‌بێ‌ ره‌چاوكردنی‌ فه‌رمانڕه‌وایانی‌ هه‌ردوو وڵات، به‌ جۆرێك كه‌ تائێستاش روسیا خۆی‌ به‌ پارێزه‌ری‌ كڵێسای‌ ئه‌رتۆدۆكسی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ داده‌نێت له‌پاش روخانی‌ ئیمبراتۆری‌ بیزه‌نتییه‌وه‌ له‌لایه‌ن توركه‌وه‌. 
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ توركیاش بووه‌ ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانی‌ ناتۆ، هه‌رگیز دۆستایه‌یه‌تییه‌كی‌ وه‌ها له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا نه‌بووه‌. 
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ توركیا و ئێرانیش، ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌رده‌وام له‌ حاڵه‌تی‌ دوژمنایه‌تییه‌كی‌ به‌رده‌وامدابوون بۆ ماوه‌ی‌ 150 ساڵ، پاشان په‌یوه‌ندییه‌كان خۆیان له‌ به‌ئاگابوون و گوماناوییدا بینییه‌وه‌. له‌ هیچ كاتێكدا وڵاتی‌ فارسی‌ شیعه‌مه‌زهه‌ب له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ عوسمانییه‌ سونییه‌كاندا نه‌بووه‌. 
به‌وته‌ی‌ زاخیم، ئه‌و سێ‌ وڵاته‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ جه‌نگی‌ ئه‌هلی‌ سوریا پێكه‌وه‌ ده‌ستییان به‌كاركردن كردووه‌، ئه‌وه‌ش بۆ درككردینان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ لاوازیی‌ رۆڵی‌ ئه‌مریكا نه‌ك بۆ زیادبوونی‌ دۆستایه‌تی‌ نێوانیان. 
له‌به‌رانبه‌ردا تائێستاش مه‌ودای‌ خواستی‌ ئیداره‌ی‌ سه‌رۆك تره‌مب روون نییه‌ بۆ ده‌ستوه‌ردان له‌ سوریا و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا زاخیم وایده‌بینێت روسیا گرێبه‌ستی‌ كاركردنی‌ نوێ‌ و درێژخایه‌نی‌ هه‌یه‌ بۆ مانه‌وه‌ی‌ بنكه‌كانی‌ له‌ سوریا، ئێرانیش به‌رژه‌وه‌ندی‌ قوڵتری‌ هه‌یه‌ له‌ سوریا و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د، ئه‌و خواسته‌ی‌ تارانیش زۆر زیاتره‌ له‌و كارانه‌ی‌ واشنتۆن بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا ئه‌نجامی‌ ده‌دات. 
سه‌رۆك ئه‌ردۆغان زۆر كه‌متر له‌ سه‌ركرده‌ عوسمانییه‌كان و كۆمارییه‌كانی‌ پێشوو، له‌ روسیا ده‌ترسێت، له‌ هه‌مان كاتدا په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ناتۆ و یه‌كێتی‌ ئه‌وروپادا تادێن روون له‌ داڕمان ده‌كه‌ن. 
دۆف زاخیم ده‌ڵێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ روسیا له‌گه‌ڵ توركیا دوای‌ خستنه‌خواره‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌یه‌كی‌ توركیا له‌ جۆری‌ (ئێف 16) بۆ فڕۆكه‌یه‌كی‌ سۆخۆی‌ جۆری‌ (ئێس -24)ی‌ روسی‌، له‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2016، گه‌رموگوڕیان به‌خۆوه‌بینی‌. 
تائێستاش په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ توركیا له‌گه‌ڵ ئێراندا باشن، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوولا به‌ به‌ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدی‌ ده‌كه‌ن. 
رێككه‌وتنی‌ ئه‌ستانا نێوان هه‌ر سێ‌ وڵات له‌ مانگی‌ ئایاری‌ ئه‌مساڵ كه‌ به‌شدارییه‌كی‌ چالاكانه‌ی‌ ئه‌مریكای‌ تێدا نه‌بوو، بووه‌ مایه‌ی‌ هێوركردنه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌ له‌ سێ‌ ناوچه‌ی‌ گرنگی‌ سوریا. 
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و نزكبوونه‌وه‌یه‌شدا، زاخیم له‌ كۆتایی‌ وتاره‌كه‌یدا پێیوایه‌، ئه‌و هاوبه‌شییه‌ سێ‌ قۆڵییه‌، كورتخایه‌ن ده‌بێت، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ ئه‌و سێ‌ وڵاته‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری‌ گونجاونین. هۆكاره‌كه‌ش به‌ زۆری‌ پشت به‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌به‌ستێت، به‌و پێیه‌ی‌ تا واشنتۆن به‌ چالاكی‌ له‌ سوریادا بمێنێته‌وه‌، یان هه‌وڵه‌كانی‌ له‌و وڵاته‌ زیاتر بكات، ئه‌وا تا ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ زۆر ئه‌گه‌ری‌ وازهێنانی‌ توركیا له‌ خۆرئاوا، له‌پێناو هاوبه‌شه‌كانی‌ تردا، زۆر كه‌متر ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ست له‌ سوریا هه‌ڵبگرێت، ئه‌وا په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ توركی‌-روسی‌-ئێرانی‌، سه‌ره‌تایه‌ك ده‌بن بۆ دۆستایه‌تییه‌كی‌ جوان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP