16 ساڵی ته‌واو له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر
روانگەی چــیا 16 ساڵی ته‌واو له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر ‌ مستەفا شێخ محەمەد‌ 12/9/2017
هه‌زاره‌ی سێیه‌م به‌هه‌ژانێكی گه‌وره‌ی جیهانی ده‌ستیپێكرد، كاتێك رێكخراوی قاعیده‌ هه‌ردوو تاوه‌ری بازرگانیی مانهانتن-ی له‌ نیویۆرك ته‌قانده‌وه‌، شه‌ڕێك، كه‌ 16 ساڵی ته‌واوه‌ به‌رده‌وامه‌‌و پێشناچێت تا سه‌رچاوه‌كانی وشكنه‌كرێن، كۆتاییه‌كه‌ی ببینین.
ئه‌و رووداوه‌ لێدانی زه‌نگی جه‌نگێكی به‌ربڵاوی جیهانی بوو له‌دژی تیرۆریزم به‌سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا. له‌و ساڵه‌وه‌و به‌خێرایی بروسكه‌ ئاسا، ئه‌مریكا؛ رژێمی تاڵیبانی له‌ناوبرد، كه‌ داڵده‌ی سه‌ركرده‌كانی ئه‌لقاعیده‌ی دابوو، دواتریش له‌ساڵی 2011دا ئوسامه‌ بن لادن، له‌پاكستان له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ كوژرا. ئێستاش كه‌ 16 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر رووداوی 11ی سێپتێمبه‌ری 2001دا، جیهان گیرۆده‌ی جه‌نگێكی به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ توندئاژۆكان‌و توندڕه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان، كه‌ مه‌ترسیدارترین گروپی تیرۆریستی له‌خۆیان ده‌گرن.
ئێستا ئه‌و جه‌نگه‌ی له‌گه‌ڵ تیرۆر ده‌ستیپێكردووه‌، له‌نیویۆركی ئه‌مریكاوه‌ بۆ ئه‌فغانستان‌و دواتریش بۆ عیراق‌و سوریاو چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ گواسترایه‌وه‌، به‌رده‌وامیی هه‌یه‌و به‌شێكی زۆر له‌وڵاته‌ خۆرئاواییه‌كان گیرۆده‌ی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان، بوون‌و چه‌ندین وڵاتی ئیسلامییش به‌هۆیه‌وه‌ وێرانبوون، به‌تایبه‌تی عیراق‌و سوریاو یه‌مه‌ن‌و لیبیا. له‌ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و زۆرجاریش له‌خۆرئاوا كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدارتر ده‌رده‌كه‌ون، له‌ڕابردوودا چه‌ندین گروپی تیرۆریستی به‌كاره‌كانیان ئه‌وپه‌ڕی وه‌حشیگه‌ریی خۆیان نیشانداوه‌و جیهانیان خستۆته‌ناو شه‌ڕێكی نادیاره‌وه‌، كه‌ هه‌ر جاره‌و له‌شوێنێكدا سه‌رده‌ردێنێت‌و له‌دوای خۆیان چه‌ند قوربانییه‌ك جێده‌هێڵن، كه‌ نازانن له‌پێناوی چیدا وایان به‌سه‌رهێنراوه‌.
ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌هاوپه‌یمانێتیی دژی تیرۆر به‌سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا ده‌گیرێن، هه‌مان ئه‌و ره‌خنانه‌ن له‌مامه‌ڵه‌ی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان ده‌گیرێت كه‌ له‌گه‌ڵ وڵاته‌ په‌ناده‌ره‌كانی تیرۆر ده‌یكه‌ن، به‌وپێیه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی تیرۆریزمن، له‌ڕووی ماددی‌و مه‌عنه‌وییشه‌وه‌ زه‌مینه‌ی دروستبوون‌و به‌رده‌وامیی تیرۆریزمیان ره‌خساندووه‌.
ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ چه‌ند بڕیارێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و یاسایی جاستاییه‌، كه‌ بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌ په‌ناده‌رانی تیرۆر له‌ لایه‌ن كۆنگرێسی ئه‌مریكاوه‌ خراوه‌ته‌ رۆژه‌ڤه‌وه‌، ئه‌وا وه‌ك هه‌نگاوێكی ناكام دێته‌ پێش چاو، به‌وپێیه‌ی به‌كرده‌یی نه‌كراوه‌، له‌هه‌مانكاتدا وڵات‌و زۆرێك له‌كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان به‌ئاشكرا پشتیوانی له‌تیرۆریزم ده‌كه‌ن‌و باكیشیان به‌هیچ یاساو رێكارێكی هاوپه‌یمانێتیی دژی تیرۆر نییه‌و به‌رده‌وامن له‌سه‌ر به‌كارهێنانی گروپه‌ توندئاژۆكان، نموونه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ش توركیا، سعودیه‌و قه‌ته‌ر، كه‌ به‌ده‌یان به‌ڵگه‌ تۆمه‌تبارده‌كرێن به‌پشتیوانی له‌تیرۆر، هیچ لایه‌نێك ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش ناڕه‌زایه‌تیی كرده‌ییان له‌دژ ئه‌نجام نه‌داون.
ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه‌ جه‌نگێكی كاولكاری له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لێكه‌وته‌وه‌، به‌رده‌وامه‌، پێده‌چێت درێژه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌ ماوه‌یه‌كی زیاتر بخایه‌نێت، ره‌نگه‌ له‌كۆتاییدا ئه‌م گروپه‌ تیرۆریستیانه‌ له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ شكستبهێنن، به‌ڵام ئه‌و زه‌هنیه‌ته‌ی ئه‌نگێزه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ بكه‌ری تیرۆریست دروستكردووه‌، كه‌ پێیوایه‌ خۆی خاوه‌نی موتڵه‌قیه‌تی موقه‌ده‌سی ره‌هایه‌، ده‌ژیێت به‌رده‌وام ده‌بێت، كه‌واته‌ ئه‌و شێوه‌ له‌تیرۆر چاره‌سه‌ره‌ بنچینه‌ییه‌كه‌ی ته‌نیا به‌لابردنی رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كان ده‌بێت.
لایه‌نێكی دیكه‌، كه‌ ئێستا باڵی به‌سه‌ر ره‌وشی دوای 11ی سێپتێمبه‌ردا كێشاوه‌، گۆڕانی ململانێكانه‌ له‌نێوان تیرۆرو دژه‌كانی بۆ به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی دژی داعش، به‌وپێیه‌ی جه‌نگه‌كه‌ له‌ئێستادا له‌پانتاییه‌كی فراوانی جوگرافی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، دیاره‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات زۆر لایه‌ن بگلێنه‌ناو گۆمی لیخنی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی‌و كۆمه‌كی پێ بكه‌ن، له‌دۆخێكی له‌و چه‌شنه‌شدا ئه‌گه‌ر كێشه‌كان چاره‌سه‌رێكی بنچینه‌ییان بۆ نه‌دۆزرێته‌وه‌، واده‌كات شه‌ڕی دژی تیرۆر، كه‌ ئێستا داعش وه‌ك جێگره‌وه‌ی قاعیده‌، كه‌ دوای كوشتنی ئوسامه‌ بن لادن رۆڵی كه‌مبۆته‌وه‌، رێبه‌رایه‌تی ده‌كات، به‌رده‌وامی پێبدرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌گۆڕینی ناوی رێكخراوه‌كه‌و شێوازو زه‌مین‌و زه‌مانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانیش بێت.
به‌وپێیه‌ش بێت، شه‌ڕی دژی تیرۆر كۆتایی نزیك نییه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7370
22/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP