خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی «فره‌ خوێندنه‌وه‌یی له‌ ده‌قی ئێستا كچێك نیشتمانمه‌ ی شێركو بێكه‌سدا
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی «فره‌ خوێندنه‌وه‌یی له‌ ده‌قی ئێستا كچێك نیشتمانمه‌ ی شێركو بێكه‌سدا ‌ 15/8/2017
ژینۆ عه‌بدوڵڵا*
ئه‌م كتێبه‌ (فره‌ خوێندنه‌وه‌یی له‌ده‌قێكی ئێستا كچێك نیشتمانمه‌ی شێركۆ بێكه‌س ) كه‌له‌سه‌ر ئه‌ركی لاهور شێخ جه‌نگی به‌چاپ گه‌یه‌نراوه‌،له‌نووسینی هه‌ر دوو ئه‌كادیمی وڕه‌خنه‌گر پرۆفیسۆر زاهیر له‌تیف كه‌ریم وپرۆفیسۆر نیان نه‌وشیروان مه‌ستی ه‌.ناونیشانی كتێبه‌كه‌ ئاماژه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆی كردارێكی تازه‌گه‌راییه‌ كه‌پشتی به‌ڕێبازه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌ نوێگه‌رییه‌كان به‌ستووه‌ به‌نموونه‌ی بونیادگه‌ری ودوای بونیادگه‌ری.دوای هه‌ڵدانه‌وه‌ی  په‌ڕه‌كانی ئه‌م كتێبه‌ تێبینی چه‌ند زاراوه‌یه‌كی زۆر نوێم كرد كه‌پێشتر له‌جیهانی ئه‌ده‌ب وڕه‌خنه‌دا به‌رچاوم نه‌كه‌وتبوون كه‌بوونه‌ته‌ به‌شێكی هه‌ره‌ گرنگی كتێبه‌كه‌ وه‌ك ئیكسیۆڵۆژیا ومیتا واتا وئیمیریۆسیزم.
هه‌ر وه‌ك له‌پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌   ئه‌نجامی ئه‌م كتێبه‌ خۆی له‌سێ خاڵی سه‌ره‌كیدا ده‌بینێته‌وه‌.یه‌كه‌میان،ناساندنی خوێنه‌ری كورد به‌چه‌مكه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌ نوێیه‌كان له‌ڕووی تیۆر وپراكتیكه‌وه‌.دوهه‌میان ،تێگه‌یشتن وڕاڤه‌كردنی خوێنه‌ری كورد بۆ خۆی ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی ده‌قه‌ ئاماژه‌پێكراوه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌دا.به‌مانایه‌كی تر،جێگه‌ وپێگه‌ی تاكی كورد له‌نیشتمان ومه‌سه‌له‌ ودۆزی سیاسی وفیكری وئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌بوونه‌ته‌ تێكشانی پێكهاته‌ی نیشتمان.
هه‌روه‌ها ئه‌و فاكته‌رانه‌شی كه‌ده‌بنه‌ زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌م پێكهاته‌یه‌.سێهه‌میان،هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی هونه‌ری وته‌كنیكی وشێوازی وزمانی وده‌ربڕینی شێركۆ بێكه‌س له‌دوا قۆناغه‌كانی ژیانیدا كه‌پێكهاتبوو له‌چه‌ندین ده‌قی واڵا وسه‌رجه‌میشیان پڕكراونه‌ته‌وه‌ به‌مانا په‌یوه‌ستییه‌كانی شاعیر به‌خاك ونیشتمان وپرسه‌ گرنگه‌كانی. كتێبه‌كه‌ له‌شه‌ش ناونیشان پێكهاتووه‌:
یه‌كه‌م/ ئیكسیۆڵۆژیا.ئه‌م تیوره‌،وه‌ك له‌كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌ ،بریتیه‌ له‌ئارگیومێنتكردن وپرسیاركردنی مه‌سه‌له‌ گرنگ وبه‌ها گه‌وره‌كان به‌نموونه‌ی بوون ونه‌بوون یان چاكه‌ وخراپه‌ .نیشتمانه‌كه‌ی شێركۆ بێكه‌س  یش به‌شێكه‌ له‌م مه‌سه‌له‌ گه‌وره‌ وقه‌بانه‌ وله‌ڕێگه‌ی ئه‌م نیشتمانه‌وه‌ تاكی كورد ده‌چێته‌ نێو بوون وكه‌سێتی خۆی ونیشتمانه‌كه‌ی.به‌مه‌به‌ستی نزیكبوونه‌وه‌ وتێگه‌یشتنی تاكه‌كان،هه‌ردوو توێژه‌ر،جه‌ختیان له‌سه‌ر  چوار به‌های سه‌ره‌كی كردووه‌ وه‌ك به‌های خودێتی وبه‌های بابه‌تێتی وبه‌های كارنامه‌یی وبه‌های كه‌ڵكێتی (نفعی).
دوهه‌م/بونیادی گۆڕانكاری.له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌ردوو توێژه‌ر ئاماژه‌یان بۆ بۆچوونه‌كه‌ی جان بیاجیه‌ داوه‌ كه‌ده‌ڵێت «بونیاد بریتیه‌ له‌كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری كه‌هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌ن خه‌سڵه‌ت وشوناس ویاسا وتایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی».بۆ تێگه‌یشتنی ئه‌م پێناسه‌یه‌ كتێبه‌كه‌ئاماژه‌ی به‌چوار بونیادی گۆڕانكاری كردووه‌ وه‌ك بونیادی گۆڕانكارییه‌ جێگه‌ییه‌كان وبونیادی گۆڕانكارییه‌ زه‌مه‌نییه‌كان وبونیادی گۆڕانكارییه‌ ئایدیۆڵۆژییه‌كان وبونیادی گۆڕانكارییه‌ ئه‌بستیمۆڵۆژییه‌كان.هه‌ر یه‌كێكیش له‌م بونیادانه‌ ووردكراونه‌ته‌وه‌ بۆ چه‌ندین جه‌مسه‌ر وچه‌مك .بۆنموونه‌،له‌بونیادی گۆڕانكارییه‌ زه‌مه‌نییه‌كان هه‌ردوو توێژه‌ر جه‌ختیان له‌سه‌رئه‌م زه‌مه‌نانه‌ كردووه‌ وه‌ك زه‌مه‌نی بێبه‌شبوون وزه‌مه‌نی تێكه‌ڵبوونه‌ زه‌مه‌نییه‌كان وزه‌مه‌نی ئاشكراكردنی دۆخه‌كان.
سێهه‌م/ چه‌مكه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بونیادگه‌ری.وه‌ك ئاشكرایه‌ بونیادگه‌ری له‌دوو جه‌مسه‌ری سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌.یه‌كه‌میان ڕه‌خنه‌ ودوهه‌میان فه‌لسه‌فه‌ كه‌پشت به‌بنه‌ما وپێوه‌ره‌كانی ڕه‌خنه‌ ده‌به‌ستێت.گه‌رچی بونیادگه‌ری خۆی له‌چه‌ندین  پێكهاته‌دا ده‌بینێته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ردوو توێژه‌ر ته‌نها ئاماژه‌یان به‌سێ چه‌مكی سه‌ره‌كی داوه‌ وه‌ك گشتگیری وگواستنه‌وه‌یی وده‌سه‌ڵاتی سه‌رپشكی(ئۆتۆنۆمی).بۆ نموونه‌ له‌به‌شی گواستنه‌وه‌ییدا هاتووه‌ كه‌ماناكان پێویسته‌ له‌به‌قه‌تیسمایی نه‌مێننه‌وه‌ به‌ڵكو جوڵه‌دار بن له‌پێناو كردنه‌وه‌ی ماناكاندا.لێره‌دا گواستنه‌وه‌ به‌مانای گه‌ڕان به‌دوای مه‌به‌ستێتی وهاوسه‌نگێتی وكار وكاردانه‌وه‌ وگرێدانی جه‌مسه‌ره‌كانی خودی بكه‌ر وخوده‌ هاوشێوه‌كان وبابه‌ت دێت.به‌وپێیه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كان بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی ده‌قه‌كه‌یه‌ ئه‌وا له‌هه‌مان كاتیشدا شاعیر ده‌یه‌وێت تاكه‌كان له‌ده‌وری خۆی كۆ بكاته‌وه‌ وئاڕاسته‌ی بیركردنه‌وه‌كانیان بگۆڕێت چونكه‌ ده‌زانێت گۆڕانكاری به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیدا به‌تاقی ته‌نها ئه‌نجام نادرێت.ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی كه‌بابه‌ته‌كه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ئاینده‌ی تێكڕای خه‌ڵكییه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێت نیشتمان به‌ته‌نها موڵكی من نیه‌ وهه‌موومان لێی به‌رپرسیارین.
چوارهه‌م/میتا واتا.واته‌ گه‌ڕان به‌دوای مانای ئه‌و مانایانه‌ی كه‌ده‌كه‌ونه‌ سه‌رو واقیعه‌وه‌ كه‌نابینرێن یان هه‌ستیان پێ ناكرێت.بۆ گه‌یشتن به‌مه‌به‌ستێتی مانای ماناكان هه‌ردوو توێژه‌ر ده‌ستنیشانی چوار خوێنه‌ریان كردووه‌ وه‌ك خوێنه‌ری نموونه‌یی وشاره‌زایی ومه‌به‌ستێتی وشاراوه‌یی.لێره‌شه‌وه‌ ده‌رگای گریمانه‌كان گه‌وره‌تر وفراوانتر ده‌بێت.سستمی میتا واتا دوو ئه‌ركی سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت.یه‌كه‌میان،پاراستنی كه‌سێتی نه‌سه‌قه‌ ده‌قییه‌كان.دوهه‌میان،به‌رده‌وامبوونی مانای نه‌سه‌قه‌كان ونه‌به‌ستنه‌وه‌یان به‌مانایه‌كی چه‌قبه‌ستووی دیاریكراو.ئه‌م دوو ئه‌ركه‌ش دوو ئه‌نجامی سه‌ره‌كی له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت.یه‌كه‌میان،ده‌ستنیشانكردنی توانا ڕۆشنبیری ومه‌عریفی وفیكری وهونه‌رییه‌كانی ده‌ق وخاوه‌نه‌كه‌ی.ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی ئاست ولیڤڵه‌ ساده‌ وقووڵه‌كانه‌وه‌ یان له‌ڕێگه‌ی مانا گشتییه‌كانه‌وه‌ كه‌بریتین له‌نه‌سه‌قه‌ فیكری وسیاسی وسۆسیۆڵۆژییه‌كان.دوهه‌میان،قایلكردنی وه‌رگر وخوێنه‌ر به‌پڕۆسه‌ی مانای ده‌ق.هه‌ر خوێنه‌ره‌ وبه‌پێی ئاستی جۆر وبیركردنه‌وه‌ی.جگه‌ له‌مانه‌ش میتا واتا له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ماناكان له‌مانایه‌كدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دوو جۆر له‌فۆڕمدا ده‌كات ئه‌وانیش فۆڕمی دامه‌زراندنی بنه‌ما سه‌ره‌كی وگشتییه‌كانی ده‌ق وبه‌گه‌رخستن وگواستنه‌وه‌ی ئه‌و مانایانه‌ بۆ مانا وورد وتایبه‌ته‌كان.ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌كرداره‌ پشكنینه‌كان كه‌خۆی له‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌ودا ده‌بینێته‌وه‌:
- گه‌نجینه‌ی فه‌رهه‌نگی وزمانی.له‌ده‌قه‌كه‌ی شێركۆ بێكه‌س دا ماناكان له‌ڕێگه‌ی ئه‌م گه‌نجینه‌یه‌وه‌ هاتووه‌.بۆ نموونه‌ ووشه‌ی نیشتمان له‌یه‌ك كاتدا هه‌ڵگری چه‌ندین مانایه‌ وه‌ك گێڕنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان وده‌ستنیشانكردنی كه‌سێتی خوده‌كان وده‌ربڕینه‌ زه‌مه‌نی وجێگه‌ییه‌كان.له‌جێگه‌كه‌دا نیشتمان دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر دوو زه‌مه‌نی جیاوازی بیركردنه‌وه‌ .زه‌مه‌نی جوانی به‌ها زاڵ وئایدیاڵیزمییه‌كان كه‌نیشتمان بۆته‌ كاریزما بۆ سه‌رجه‌م تاكه‌كان.زه‌مه‌نی وونبوونی به‌ها جوان وزاڵه‌كان كه‌تێڕای خه‌ڵكی تۆراوه‌ له‌نیشتمان.
-گه‌نجینه‌ی لادانی.دوو جۆر لادان به‌دی ده‌كرێت.یه‌كه‌میان لادانی ده‌ره‌كی وه‌ك گه‌یشتنی شیعر وپه‌خشان له‌نێو یه‌ك پڕۆسه‌ی ده‌قیدا به‌وپێیه‌ی هه‌ردووكیان هه‌ڵگری یه‌ك پڕۆژه‌ی كارنامه‌یین.دوهه‌میان لادانی لۆژیكی.له‌دایكبوونی ووشه‌ی نۆێ ونامۆ پێویسته‌ له‌ڕێگه‌ی پێوه‌رێكی لۆژیكی جیهانی هه‌ستییه‌وه‌ بێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لادانه‌كه‌ جێگه‌ی خۆی ناگرێت.
- گه‌نجینه‌ی ململانێ وپارادۆكسی.ئه‌م كرداره‌ له‌شێركۆ بێكه‌س دا بۆته‌ پڕۆسه‌ ودیارده‌. ده‌قه‌كه‌ی پڕه‌ له‌ دژایه‌تی.
- گه‌نجینه‌ی دزه‌كردنی واتایی.مه‌به‌ست له‌م گه‌نجینه‌یه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌شێركۆ بێكه‌س دزه‌ بكات بۆ مانایه‌كی دیاریكراو به‌ڵكو دزه‌كردنی واتای ده‌قی‌ بۆ خوێنه‌رێكی ڕه‌خنه‌گر ئه‌مه‌ش له‌پێناو تێگه‌یشتن وفراوانكردنی مانای ده‌قه‌كه‌یه‌.
پێنجهه‌م/ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه‌ی درایدا.له‌م به‌شه‌ی كتێبه‌كه‌دا هه‌ردوو توێژه‌ر،سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌، جه‌ختیان ته‌نها له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانی ڕه‌خنه‌گری فه‌ڕه‌نسی وجیهانی درایدا كردووه‌ .سه‌ره‌تا درایدا كه‌یه‌كێكه‌ له‌دامه‌زرێنه‌رانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ده‌ڵێت»ستراتیژییه‌ت ونه‌خشه‌ی سه‌رده‌م توانای ڕه‌تكردنه‌وه‌ ودامه‌زراندنی دۆخ ومه‌سه‌له‌ وده‌قه‌كانی هه‌یه‌».پشت به‌ست به‌م بۆچوونه‌ گشتگیرییه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ هه‌ردوو توێژه‌ر ئاماژه‌یان به‌پێنج ئاستی سه‌ره‌كی وبنه‌ڕه‌تی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ داوه‌ كه‌درایدا له‌كاره‌كه‌یدا پشتی پێ به‌ستون. ئاسته‌كانیش بریتین له‌:
جیاوازییه‌كان وچه‌قێتی وگه‌مه‌ی ماناكان وزانستی نووسین وئاماده‌بوون ونائاماده‌بوون.بۆ نموونه‌ له‌زانستی نووسیندا هه‌ردوو توێژه‌ر ده‌ڵێن مه‌به‌ست له‌م ئاسته‌ كورتكردنه‌وه‌ وچڕكردنه‌وه‌ی بابه‌تی ده‌قه‌كه‌یه‌.لێره‌دا خاوه‌ن ده‌ق ژیرانه‌ به‌كاری گواستنه‌وه‌ی مانایه‌ك بۆ چه‌ند مانایه‌كی تر هه‌ڵده‌ستێت.ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی شوێن پێكان دێت كه‌به‌دوای مه‌سه‌له‌ وپرسیار وپه‌یوه‌ندییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت.هه‌ر شوێن پێیه‌كیش ده‌رئه‌نجامی چه‌ند شوێ پێیه‌كی تره‌.به‌مه‌ش ماناكان هه‌میشه‌ به‌كراوه‌یی ده‌مێننه‌وه‌.كه‌واته‌ زانستی نووسین هه‌روه‌ك هه‌ردوو توێژه‌ر ئاماژه‌یان پێداوه‌ بریتیه‌ له‌گواستنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك بۆ چه‌ند وێنه‌یه‌كی تری جیاواز له‌ڕووخسار وهاوشێوه‌ له‌ناوه‌ڕۆك.شێركۆ بێكه‌س كه‌ده‌ڵێت» من ناوم ناڕه‌زاییه‌»ئه‌وا ووشه‌ی ناڕه‌زایی ده‌رئه‌نجامی باگراوندێكی نێگه‌تیڤی سستمی ده‌سه‌ڵاته‌.هه‌ڵوێسته‌ی خودی بكه‌ری شاعیر ده‌رخستنی ئه‌و زانیارییانه‌یه‌ كه‌هۆكاری ناڕه‌زایبوونه‌.ده‌رخستنی زانیارییه‌كانیش بۆ سه‌رجه‌م خوده‌كان كردارێكی بوێرییه‌ كه‌خاوه‌نه‌كی هه‌ڵگری په‌یامێكی یاخیبوونه‌ له‌پێناو مه‌سه‌له‌ گه‌وره‌كان كه‌نیشتمانه‌.
شه‌شهه‌م/ئیمپیریۆسیزم.ئه‌م چه‌مكه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئاستێكه‌ له‌ئاسته‌كانی فه‌لسه‌فه‌ كه‌هه‌ست وئه‌زمون دوو فاكته‌ری سه‌ره‌كی خوڵقاندنێتی.واته‌ ئه‌زموونگه‌رایی سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ره‌ به‌هێزی ئه‌م چه‌مكه‌یه‌.گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌سته‌كان ده‌رئه‌نجامی شكستی ئایدیۆڵۆژیایه‌ كه‌به‌درێژایی زه‌مه‌نی دامه‌زراندنی نه‌یتوانیووه‌ بونیادێكی پێویست بۆ  تاكه‌كان دروست بكات.لێره‌دا هه‌سته‌كان ده‌توانن بۆشاییه‌كان پڕ بكه‌نه‌وه‌ وبه‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه‌به‌ئایدیۆڵۆژیا ئه‌نجام نه‌دراوه‌ ئه‌وا ئه‌م ده‌توانێت به‌ئه‌نجامی بگه‌یه‌نێت.به‌مه‌به‌ستی تێگه‌یشتنی ئه‌م چه‌مكه‌ هه‌ردوو توێژه‌ر جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایانه‌ كردووه‌ كه‌زانای ئه‌زموونگه‌رایی جۆن لۆك ( 1632- 1704 ) دایمه‌زراندووه‌ وله‌هه‌مان كاتیشدا كاری له‌سه‌ر كردووه‌.ڕێگه‌كانیش بریتین له‌:
یه‌كه‌م ،زانسته‌ ئاشكراییه‌ پێشترییه‌كان.دوهه‌م،زانسته‌ سه‌لماندنییه‌كان.سێهه‌م،زانسته‌ وورد وهه‌ستیارییه‌كان.
بۆنموونه‌، ڕێگه‌ی یه‌كه‌م جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ ده‌كات كه‌پێشتر ڕێكه‌وتنی له‌لایه‌ن تێكڕای خه‌ڵكییه‌وه‌ له‌سه‌ر كراوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێین ئێمه‌ له‌گه‌ردووندا بوونمان هه‌یه‌ وڕه‌نگی زه‌ردیش به‌بێ هاوپه‌یمانێتی ڕه‌نگه‌ دراوسێكانی تر  قه‌د نابێت به‌سه‌وز.نیشتمانه‌كه‌ی شێركۆ بێكه‌س به‌ر له‌وه‌ی هه‌ره‌س بهێنێت به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌  ئه‌وا له‌لای تێكڕای خه‌ڵكیش وپێش له‌دایك بوونی ده‌قه‌كه‌ هه‌ره‌سی هێنابوو.به‌مه‌ش مه‌سه‌له‌كه‌ پێویستی به‌سه‌لماندن نییه‌ یان شێركۆ بێكه‌س هیچ زیاده‌ ڕۆییه‌كی له‌بۆچوون وده‌ربڕینه‌كانیدا نه‌كردووه‌.به‌مانایه‌كی جیاوازتر، شێركۆ بێكه‌س به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست بداته‌ نووسینی ده‌قه‌كه‌ی خۆی له‌ گێڕه‌وه‌رێكی ئاشكرای پێش وه‌ختدا ده‌بینێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی خاوه‌نی سه‌رجه‌م ئه‌و زانیارییانه‌ بێت كه‌هۆكاربوون بۆ داڕمانی نیشتمان.

*خوێندكاری دكتورا له‌ زانكۆی  سلێمانی.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7371
24/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
‌ ئه‌ندریه‌ واردی پاڵه‌وانی جیهان وازهێنانی راگه‌یاند 24/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP