ئەم هەفتەیە
گەرماو گەرم ئەم هەفتەیە ‌ جەمال ئارێز‌ 14/9/2017
-1-
كۆشكی ئاشتی...ماڵی گێڕانەوەی تەبایی 
تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ لە ناتەبایی ‌و كێشمەكێشی سیاسی‌و نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان ‌و تۆمەتباركردنی یەكتریی بەتایبەتیش لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەك‌و پارتی‌و كۆمەڵی ئیسلامی لەلایەكی دیكەوە، چەندین جارو لە چەند قۆناغێكدا هەرێمی كوردستان بەتایبەتی‌و باشووری كوردستان بەگشتیی گەیاندە لێواری تەقینەوە‌و پێكدادان‌و دوولەتبوونی هەرێمی كوردستان. 
لەو كێشمەكێش ‌و تۆمەت گۆڕینەوەیەدا چەندین جار یەكێتی لەلایەن بەشێك لە بەرپرسان‌و لایەنگران ‌و فەیسبووكچییەكانی لایەنە ناكۆكەكانەوە دراوەتە بەر تیروتوانج ‌و جۆرەها تۆمەتی جۆراوجۆری لەم پەیج ‌و لەو ماڵپەڕ و لەو گۆڤار ‌و لەو تەلەفزیۆنەوە بۆ هۆنرایەوە، بەڵام یەكێتی بەسەبری ئەیوبەوە درێژەی بە رەوتی میانڕەوو بە رێبازی تەپایی پارێزیی خۆی دا‌و بەبێ گوێدانە ئەو تیرو توانج‌و قسەڵۆكانە بەردەوام بوو لە پارێزگارییكردن لە حاڵەتی دیفاكتۆ بەئاراستەی تواندنەوەی بەستەڵەكی نێوان لایەنەكان ‌و ژیارانەو بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەكەدا كرد‌و نەكەوتە بن كاریگەریی قسەی فەیسبووكەوە، تا توانیی جارێكی دیكە لایەنەكانی كێشەكە لەسەر ئەو حەوت خاڵە لە كۆشكی ئاشتیی بەیەكتریی بگەیەنێت كە وەك نەخشەڕێگەیەك بۆ چارەسەری یەكجاریی كێشەكان پێشتر لە ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی پەسەندكرابوو، توانیشی خۆنەویستانەو تەبایی ویستانە لەڕێی دیالۆگ‌و سەردانە مەكۆكییەكانییەوە بۆلای لایەنەكان، وەك بنەما قەناعەت بەوانیش بكات‌و دواجار كۆبوونەوەی 12/9/2017ی نێوان پارتی- گۆڕان- یەكێتی  لەلایەك ‌و  پارتی- كۆمەڵ- یەكێتی لەلایەكی دیكەوە لێ بكەوێتەوە.
ئەگەرچی هێشتا كۆبوونەوەی 14 یان 15 مانگ ماوە كە بڕیارە تێیدا بڕیاری كۆتایی لەسەر ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی ئەو لایەنانەو كاراكردنەوەی  پەرلەمانی كوردستان‌و مشتومڕی پەیوەست بە ریفراندۆم‌و هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بدرێت، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت، كۆبوونەوەكانی دوو رۆژی رابردوو تروسكاییەكی هیوای بەخشییەوە بەوەی كە وەك هەنگاوی یەكەم بەستەڵەكەكە توایەوەو لایەنەكان كە لە 12/10/2015ەوە دانیشتنی سیاسییان پێكەوە رەتدەكردەوە، ئێستا هەمووان «دوور لەكاریگەریی قسەو قسەڵۆكی ناو فەیسبووك‌و ئەو پەیجانەی كە خێریان لە ناڕێكی ‌و  ناتەبایی هێزە سیاسییەكاندایە» لەنزیكەوە گفتوگۆ دەكەن‌و بە دانیشتنێكی راشكاوانەو بێ ئەملاوئەولا، لانیكەم بەشێك لە گرێكوێرەكان بەرەو خاوبوونەوەو شلبوونەوە چوون.
ئەگەر هەر پێنج لایەنی بەشداری سەرەكیی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تا كۆبوونەوەی داهاتوو كە بڕیارە لە كەمتر لە 48 سەعاتی رابردوودا لە مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕان بكرێت، بەهەمان گیانی دووركەوتنەوە لە «قسەڵۆكی پەیجەكان» بچنە كۆبوونەوەوە‌و وەك خۆیان لەزاری لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییەوە رایانگەیاندووە كۆبوونەوەكە بۆ خاڵدانانە لەسەر پیتەكان‌و بۆ «لەمەساتی ئەخیرە»، ئەوا ئومێد زۆرە كوردستان بۆ یەكەمجار تەنگژەیەكی قورسی ناوخۆیی بە پڕۆژەیەكی خۆماڵی تێپەڕێنێت كە ئەندازیاری نەخشەكە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

-2-
كۆشكەكەو یەكەمین دروشم
هەروەك ئەگەر ئەم شەمەندۆفێری گێڕانەوەی ئاشتی‌و تەباییە بگاتە مەنزڵ، ئەوا دەكرێت بڵێین ئەو ئامانجەی كە كۆشكەی سەرۆك مام جەلال لە هەولێری پایتەختدا لەپێناویدا دروستبوو و ناوی لێنرا «كۆشكی ئاشتی»، ئەوا كاڵا لەقەد باڵایەو ئیدی ئەو كۆشكەش دەبێتە ماڵێكی دیكەی وەك «كۆشكی سەلام»ەكەی بەغدای پایتەختی عیراق كە لە سەردەمی سەرۆكایەتیی سەرۆك مام جەلال-دا ببووە كۆشكی تواندنەوەی بەستەڵەكی نێوان پێكهاتە جیاجیاكانی عیراق.
لێرەشەوە دەشێت یەكێتی بە بڕوابەخۆبوونێكی زیاترەوە بەو رێبازی راستوڕەوای خۆی لە خزمەتی یەكەم دروشمی سەرەكیی خۆیدا بێت كە «ئاشتی»یە، چونكە لەخۆڕایی نییە كە یەكێتی لە هەرسێ كۆنگرەی خۆیدا ئەو دروشمەی كردۆتە ئامانجی یەكەمینی خۆی، چونكە هەمیشە پێی وابووە لەڕێی دروشمی یەكەمەوە كە  «ئاشتی»یە، دەتوانێت سێ دروشمەكەی دیكە  كە «دیموكراسیی»،  «مافی مرۆڤ «‌و «مافی چارەی خۆنووسین»ە بهێنێتەدی.
ئەگەر  هەنگاو‌و دروشمی یەكەم كە «ئاشتی»ی یەكجاریی لێرەوەو لەم كۆشكەوە بێتەدی، ئومێد زۆرە لەم قۆناغەدا كە كوردەواریی و لایەنە سیاسییەكان قسەوباسیان لەسەر ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی‌و راگەیاندندنی دەوڵەتی كوردستان، ئەوا هەر بەپێی خاڵێكی نەخشەڕێگەكە دەبێت بچنەوە سەر پێویستیی یەكەم كە چەسپاندنی ئاشتییە، تا پێكەوە پەرلەمانی پەكخراو كارابكەنەوە‌و لەو سۆنگەیەشەوە پێكەوە پرسی ریفراندۆم بكەنە پرسێكی نیشتمانیی هەمەلایەن ‌و بەشێوەیەكی دیموكراسیی لەژێر گومەزی پەرلەماندا یەكلایی بكەنەوە‌و یاسایەكی بۆ دەربكرێت، تا هەموو هێزەكانی مەیدانی كوردایەتی‌و گەلی كوردستان پێكەوە بچنە ژێرباری بەرپرسیارێتی قۆناغی هێنانەدیی دروشمی مافی چارەی خۆنووسین‌و بنیاتنانی دەوڵەتەوە‌و لە حاڵی سەركەوتنیدا هەمووان پێكەوە جاڕی زەماوەندەكەی بدەن.

-3-
هەڵوێستی بەغدا
تا ئەم چەند رۆژەی رابردووش لێدوان‌و هەڕەشەو گوڕەشەكانی لایەنە حزبی‌و حكومییەكانی بەغدا لە سنووری قسەو لێدوان تێپەڕی نەكردبوو سەبارەت بە ریفراندۆم، بەڵام لەم هەفتەیەدا چەند پێشهاتێك هاتنە ئاراوە، كە مایەی هەڵوێستە لەسەركردنن، وەك:
*داگرتنی ئاڵای كوردستان لەلایەن گروپێكی حەشدی شەعبـی‌و عەسایبـی ئەهلی حەق لە ناوەندی ناحیەی مەندەلی‌و هەڕەشەكردن لە ئەندامانی ئەنجومەنی ناحیەكە بۆ متمانە سەندنەوە لە سەرۆكی ئەنجومەنەكەو بەڕێوەبەری ناحیەو جێبەجێكردنیشی.
*كۆبوونەوەی 12ی ئەیلولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەبێ كورد‌و رەتكردنەوەی پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان‌و بڕیاردان بەبێ نوێنەرانی كورد‌و ناڕاستەوخۆش سەرپشككردنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ بەكارهێنانی سوپا بەپاساوی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عیراق.
*هەڕەشە ناڕاستەوخۆكانی هادی عامری لە مەسەلەی نەك جیابوونەوە، بەڵكو دیاریكردنی سنووری جوگرافیی هەرێمیش.
هەموو ئەم پێشهاتە نوێیانە چ لەسەر ئاستی عیراق‌و چ لەسەرئاستی ئیقلیمیش دەهێنێت پاڵنەرێك بن بۆ هەرچی زووتر پێكهاتن‌و رێكەوتنی  لایەنە سیاسییەكانی هەرێم تا پێكەوە تەگبیرێك لەو پێشهات‌و گۆڕانكارییانە بكەن كە ئەگەری هەیە بەرۆكی خاك‌و گەلی كوردستان بگرن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP