میدیای بنـكۆڵكردن‌و رۆڵی له‌ رێگریی له‌ گه‌نده‌ڵی‌و بنبڕكردنیدا
میدیای بنـكۆڵكردن‌و رۆڵی له‌ رێگریی له‌ گه‌نده‌ڵی‌و بنبڕكردنیدا ‌ 15/9/2017
خواستی دووه‌م
زیادبوونی گرنگیدان به‌ میدیای بنكۆڵكاریی
كامڵبوون له‌ په‌یامی میدیای بنكۆڵكاریدا، وایكردووه‌ كه‌ بتوانێت زۆرترین ژماره‌ی خوێنه‌رو بینه‌رو بیسه‌ر به‌لای خۆیدا رابكێشێت، ئه‌ویش له‌به‌ر گرنگیی ئه‌وه‌ی پێشكه‌شیان ده‌كات‌و به‌هۆی په‌یوه‌ستییه‌وه‌ به‌ ژیانیانه‌وه‌و به‌شی به‌دواداچوونی بنكۆڵكاریی بووه‌ به‌ گه‌وره‌ترین به‌شێك كه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌، به‌جۆرێك كه‌ بۆ نموونه‌ رێژه‌ی خوێندنه‌وه‌ لای خه‌ڵكی ئه‌مریكا گه‌یشتۆته‌ 90%، ته‌نانه‌ت كارگه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ بابه‌ته‌كانی ریپۆرتاژ به‌رفراوان بوون ‌و هه‌موو بابه‌ته‌كانی تایبه‌ت به‌ دارایی ‌و سیاسه‌ت ‌و  كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گرێته‌وه‌ شانبه‌شانی خواسته‌كانی بازاڕ به‌گوێره‌ی گرنگیپێدانی لۆكاڵیی خه‌ڵك.
میدیای بنكۆڵكاری زیاتر له‌ میدیای كاغه‌زیی‌و نووسراودا ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ رۆژنامه‌نووسانی بواری ته‌له‌فزیۆن، به‌جۆرێكی ته‌واو جیاواز له‌میدیای نووسراو رووماڵ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بۆ هه‌ریه‌كێكیان فه‌راهه‌م ده‌بێت. ئه‌و كاته‌ی كه‌ ده‌درێت به‌ په‌یامنێری ته‌له‌فزیۆن، كه‌مه‌‌و بواری ئه‌وه‌ی پێ نابه‌خشێت كه‌ هه‌موو زانیاریی‌و ورده‌كارییه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، بۆیه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی په‌یامنێری ته‌له‌فزیۆن بتوانێت ته‌ركیز بكاته‌ سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی كێشه‌كه‌، دێت ته‌نها ته‌ركیز ده‌كاته‌ سه‌ر یه‌ك لایه‌نی دیاریكراوی كێشه‌كه‌، هه‌ربۆیه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر پێیانوایه‌ ئه‌ركه‌كه‌ وا باشتره‌ جێبه‌جێ ده‌بێت كه‌ رۆژنامه‌ی كاغه‌زیی بمێنێته‌وه‌و به‌رده‌وامبێت.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو قه‌یرانی كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی ئاگاداریی‌و ریكلام ‌و روو وه‌رگێڕانی خوێنه‌ری رۆژنامه‌كان رووه‌و ئینته‌رنێت هاته‌ ئاراوه‌، رۆژنامه‌ی كاغه‌زی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا په‌نای برده‌ به‌ر كاری میدیایی بنكۆڵكاری، ئه‌ویش له‌پێناوی دانانی سنوورێك بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ نووسه‌رانی بواری میدیای بنكۆڵكاریی ئاست به‌رزیان كرده‌ هۆكارێك بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌كان توانیی هه‌ندێك بابه‌تی بنكۆڵكاریی گرنگ پێشكه‌ش بكات، وه‌ك ئاشكراكردنی هه‌ندێك له‌و دادوه‌رانه‌ی كه‌ پابه‌ند نابن به‌قانونه‌كانه‌وه‌ له‌كاتی ده‌ركردنی حوكمدا، هه‌روه‌ها بابه‌تی پشتگوێ خستنی شوێنی ئه‌مباركردنی پاشماوه‌ی قڕكه‌ری مێروو له‌ناوچه‌ چه‌په‌كه‌كانی ویلایه‌تی نیفادا.
له‌وباره‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌ی «لاف» ناچاربوو له‌ژێر كاریگه‌ریی قه‌یرانه‌كه‌دا ژماره‌ی كارمه‌نده‌كانی به‌رێژه‌ی 25% كه‌م بكاته‌وه‌‌و مۆڵه‌تی زۆره‌ملێش بدات به‌وانی دیكه‌، له‌كاته‌ ناسكه‌كاندا، ئه‌مه‌ وێڕای پایه‌ندبوون به‌ ئه‌وله‌وییه‌ته‌كانی رۆژنامه‌كه‌و بردنی ئاراسته‌كه‌ی به‌ره‌و میدیایه‌كی بنكۆڵكاریی له‌گه‌ڵ چه‌ند ته‌كتیكێكی په‌یوه‌ست به‌ رووماڵی بنكۆڵكاری، به‌وه‌ش رۆژنامه‌نووسه‌كانی كۆت‌وبه‌ندكرد به‌وه‌ی هه‌ر چه‌ند مانگێك جارێك كار له‌سه‌ر چیرۆكێكی گه‌وره‌ به‌ڵام به‌جۆرێك كه‌ به‌شێوه‌ی راپۆرتی بچووك پێشكه‌شی بكه‌ن.
هه‌ندێك له‌ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی بواری میدیای بنكۆڵكاریی هۆكارێكی سه‌رنجڕاكێشیان به‌كارهێنا به‌مه‌به‌ستی هه‌رچی زیاتر كڕینی تیراژه‌ كاغه‌زییه‌كه‌ی، له‌و رووه‌شه‌وه‌ گۆڤاری تایم-ی ئه‌مریكایی روویكرده‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌شه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانی ریپۆتاژه‌ بنكۆڵكارییه‌كان له‌ پێگه‌ ئه‌له‌كترۆنییه‌كه‌ی ‌و هه‌ندێك به‌شیشی ته‌واوكاریی ریپۆرتاژه‌كه‌ش به‌جێ ده‌هێڵێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گۆڤاره‌ كاغه‌زییه‌كه‌دا بڵاویبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆته‌ مایه‌ی سه‌ركه‌وتنی له‌و ئه‌زموونه‌دا كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش ده‌توانێت بیخاته‌ بازاڕه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ زیادبوونی ده‌ستكه‌وته‌كانی میدیای بنكۆڵكاری له‌ جیهانی خۆرئاوادا‌و رۆڵی له‌ ئاشكراكردنی ره‌فتاره‌ ناقانونییه‌كان‌و شێوازه‌ جیاجیاكانی گه‌نده‌ڵی ‌و زیادبوونی متمانه‌و گرنگیپێدانی خوێنه‌ر به‌م جۆره‌ی میدیا، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ رۆژنامه‌ گه‌وره‌و بچووكه‌كانی ئه‌مریكا، روویان كرده‌ پێكهێنانی چه‌ند به‌ش‌و تیمێكی كاری بنكۆڵكاریی ‌و ئێستاش كێبڕكێیه‌كی به‌هێز هاتۆته‌ ئاراوه‌ له‌سه‌ر میدیای بنكۆڵكاری له‌ هه‌موو رۆژنامه‌كان‌و ئاژانسه‌ گه‌وره‌كانی هه‌واڵدا، وه‌ك ئاژانسی ئه‌سیۆشیه‌تید پرێس، كه‌ به‌م دواییانه‌ به‌شێكی نوێی دروستكرد كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ریپۆرتاژی بنكۆڵكاریی.
تیمه‌كانی رۆژنامه‌نووسه‌ بنكۆڵكاره‌كان فراوانبۆته‌وه‌ به‌جۆرێك كه‌ نووسینگه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی كۆشكی سپی‌و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌‌و كۆنگرێسی ئه‌مریكاشی گرتۆته‌وه‌، ئه‌و تیمانه‌ش كار له‌سه‌ر ریپۆرتاژ ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ ریپۆرتاژه‌ بنكۆڵكارییه‌كان، له‌و رۆژنامانه‌ی كه‌ ده‌ست بۆ بابه‌تی  به‌رپرسانێك ده‌به‌ن یان بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی په‌یوه‌ست به‌و ناوه‌ندانه‌، ئه‌وه‌ش پێشینه‌ك بوو كه‌ به‌هۆی ریسواییه‌كه‌ی وۆته‌ر گه‌یت-ه‌وه‌ ده‌ركه‌وت. 
ئێستا رۆژنامه‌ گه‌وره‌و به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌مریكا پڕن له‌ ریپۆرتاژی بنكۆڵكاریی‌و خۆیان بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ ته‌رخان كردووه‌، ئه‌وه‌ش شانبه‌شانی تیمێك له‌ رۆژنامه‌نووسی هه‌ڵبژارده‌ كه‌ ناوبانگیان به‌ بایه‌تیبوون‌و میسداقییه‌ت ده‌ركردووه‌، هه‌روه‌ك بودجه‌ی زۆر‌و كاتی دورودرێژ ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و ریپۆرتاژه‌ بنكۆڵكارییانه‌ی كه‌ به‌لای رای گشتییه‌وه‌ جێگه‌ی بایه‌خ‌و گرنگین.
میدیای بنكۆڵكاریی بۆته‌ مایه‌ی پته‌وبوونی لێپرسینه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت‌و كۆمه‌ڵگه‌وه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ش كه‌ میدیای بنكۆڵكاریی میدیای ئۆپۆزسیۆنی سیستمی سیاسی‌و حكومه‌ت نییه‌، به‌ڵام میدیای بنیاتنان‌و بوژاندنه‌وه‌یه‌‌و ریسوایی گه‌نده‌ڵكاران ئاشكرا ده‌كات، بگره‌ ئه‌و میدیایه‌ ئامانجی پارێزگارییه‌ له‌ قانون ‌و كۆمه‌ڵگه‌، بۆیه‌ میدیای بنكۆڵكاریی هێزێكی پشتیوانییه‌ بۆ حكومه‌ته‌كان ‌و دامه‌زراوه‌ سیاسییه‌ نه‌زیهه‌كان‌و هۆكارێكیشه‌ بۆ پته‌وتركردنی هێزی كۆمه‌ڵگه‌و دامه‌زراوه‌كانی نه‌زاهه‌و هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ رێز له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانیان ده‌گرن، یاخود ئه‌وانه‌ی وا ئیدیعا ده‌كه‌ن‌و هه‌وڵی پته‌وكردنی چه‌مكه‌كانی نه‌زاهه‌و شه‌فافیه‌ت ده‌ده‌ن كه‌ ته‌به‌نای ئه‌و جۆره‌ له‌ كاری میدیایی ده‌كه‌ن‌و ده‌یانه‌وێت په‌ره‌شی پێبده‌ن‌و په‌ناشی بۆ ببه‌ن، له‌پێناوی بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ سه‌نته‌ری گشتیی نه‌زاهه‌ له‌ واشنتۆن پێگه‌یه‌كی ئه‌له‌كترۆنیی كردۆته‌وه‌ به‌ناوی (ئه‌ی وۆچ نیوز) كه‌ گرنگیی به‌ میدیای بنكۆڵكاریی ده‌دات، كه‌ رۆژانه‌ 10-12 ریپۆرتاژی بنكۆڵكاریی ده‌خاته‌ڕوو، وێڕای چه‌ندین وتاری بیروڕای تایبه‌ت كه‌ گرنگی به‌ مه‌سه‌له‌ی دارایی ‌و سیاسه‌ت‌و چاودێریی حكومیی‌و چاودێریی ته‌ندروستی‌و ژینگه‌و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، به‌هۆی ئه‌و متمانه‌یه‌شه‌وه‌ كه‌ ناوه‌ند به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و پێگه‌یه‌ پێشكه‌شی خه‌ڵكی ئه‌مریكای ده‌كات‌و ئه‌و گرنگییه‌ش كه‌ خه‌ڵك به‌ میدیای بنكۆڵكاریی ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تی به‌شداریی بۆ خوێنه‌ران‌و خه‌ڵك ره‌خساندووه‌ له‌ چاپی ژماره‌و كۆمپیوته‌رو مۆبایلی زیره‌ك، ئه‌وه‌ش له‌به‌رامبه‌ر به‌شدارییه‌كی ساڵانه‌دا كه‌ ده‌گاته‌ 50 دۆلار، له‌سۆنگه‌ی بڕوابوونی گه‌لی ئه‌مریكاشه‌وه‌ به‌ زه‌روره‌تی بوونی دامه‌زراوه‌ گه‌لێك كه‌ میدیای بنكۆڵكاریی پێشكه‌شی ده‌كات، به‌و پێیه‌ی كارێكی خێرخوازییه‌‌و ته‌نگ به‌ خراپه‌كاریی‌و گه‌نده‌ڵی‌و تاوان هه‌ڵده‌چنێت، هه‌ندێك له‌ دامه‌زراوه‌ خێرخوازییه‌كانی ئه‌مریكا‌و كۆمه‌كبه‌خشه‌كان به‌خششێكی داراییان پێشكه‌شی ئه‌و ناوه‌نده‌ كرد به‌بڕی (1,7) ملیۆن دۆلار، به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی هۆڵی هه‌واڵ‌و نووسین‌و هه‌روه‌ها به‌خشینی بڕی 250 هه‌زار دۆلاری دیكه‌ بۆ پشتگیری‌و تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی»هافینگتۆن پۆست» ی تایبه‌ت به‌ بنكۆڵكاری، ناوه‌نده‌كه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی تێكه‌ڵ بوونه‌كه‌ بڕی دوو ملیۆن دۆلاری له‌شێوه‌ی به‌خشش‌و ده‌ستگیرۆییدا له‌ سندوقی بنكۆڵكاریی وه‌رگرتووه‌.
هه‌رچی گه‌لی به‌ریتانیاشه‌ ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ بڕوای به‌ زه‌روره‌تی بوونی میدیای بنكۆڵكاریی هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌توانێت به‌ڕووی ئاڵه‌نگارییه‌كاندا بووه‌ستێت‌و گه‌نده‌ڵی له‌ناوببات ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی هێنانه‌ ئارای ئاراسته‌یه‌ك به‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك له‌ رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كان پشتیوانیی میدیای بنكۆڵكاریی بكات، له‌و رووه‌شه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ی (پۆته‌ر) له‌ له‌نده‌ن ئۆفیسێكی تایبه‌تی به‌ ریپۆرتاژی بنكۆڵكاریی پێكهێناوه‌، كه‌ پێویستییه‌كی زۆر هه‌یه‌ بۆ هه‌وڵدان به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستیی كاری رۆژنامه‌نووسیی‌و میدیای ریپۆرتاژ  له‌ڕووی كوالێتییه‌وه‌ چ له‌ناو شانشینی به‌ریتانیادا‌و چ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌ردووو خاوه‌نه‌كه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ كه‌ هاوسه‌ری یه‌كترین، به‌بڕی دوو ملیۆن جونه‌یهی ئیسته‌رلینی باربۆی ئه‌و بواری ریپۆرتاژی رۆژنامه‌نووسییان كردووه‌‌و ئه‌و ئۆفیسه‌ چه‌ندین كاری بنكۆڵكاریی گرنگی پێشكه‌ش كردووه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان، وه‌ك به‌شداریكردنی له‌ پێشكه‌شكردنی 391 دۆسێی سه‌ربازی نهێنیی ئه‌مریكا به‌ ماڵپه‌ڕی ویكلیكس سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگی عیراق كه‌ ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ئۆفیسی ریپۆرتاژه‌ بنكۆڵكارییه‌كانه‌وه‌ به‌شێوه‌ی شه‌ریكایه‌تیی له‌كاردا.
میدیای بنكۆڵكاری بۆخۆی كارێكی چاكسازییه‌‌و شایانی پشتیوانیی دامه‌زراوه‌ خێرخوازییه‌كانه‌، ئه‌وه‌ش كتومت وه‌ك ئه‌و پێناسه‌یه‌ وایه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ سیاسه‌تمه‌داره‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌ڵێت: «به‌هێزترین ده‌زگای چاودێریی میللییه‌ كه‌ ده‌توانێت به‌هێزترین عه‌رشی گه‌نده‌ڵیی له‌جیهاندا بهه‌ژێنێت».
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ پێشكه‌شی كردووه‌، به‌ڵام رووماڵی بنكۆڵكاریی قووڵ یان ریپۆرتاژی بنكۆڵكاریی باش، بوونه‌ته‌ داڕێژه‌ری مانشێتی رۆژنامه‌و میدیاكانی دیكه‌، له‌مه‌شه‌وه‌ ئاستی توانای میدیای بنكۆڵكاریی ده‌رده‌كه‌وێت سه‌باره‌ت به‌ ره‌نگڕێژكردنی سیاسه‌ته‌كان‌و رێكخستنی ئه‌وله‌وییه‌ته‌كانی میدیا‌و پاشانیش كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی‌و ئاڵوگۆڕی نێوان هۆكاره‌كانی راگه‌یاندن‌و خه‌ڵك. چونكه‌ ئه‌وه‌ هۆشیاریی خه‌ڵك قووڵده‌كاته‌وه‌ له‌و رووداوانه‌ی كه‌  له‌ده‌وروبه‌ری ده‌گوزه‌رێت، چونكه‌ گرنگیی به‌ پێشبڕكێی رۆژنامه‌نووسیی (سبق الصحفی) نادات، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا میدیا ته‌قلیدییه‌كان گرنگییه‌كی زۆریان داوه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی پێشبڕكێی رۆژنامه‌نووسیی‌و ئه‌و خێراییه‌ش له‌ گه‌یاندنی هه‌واڵ‌و رووداو خۆی له‌خۆیدا بۆته‌ مایه‌ی تاوتوێكردنی رووكه‌شانه‌‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ قووڵایی‌و نه‌خستنه‌ڕووی رووه‌كانی دیكه‌ی رووداوه‌كان، ئه‌وه‌ش به‌جۆرێك شكاوه‌ته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌ركی راسته‌قینه‌یان نه‌بێت به‌راستیی ئه‌و رووداوه‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ له‌جیاندا روویانداوه‌، وه‌ك جه‌نگی عیراق‌و راستیی كێشه‌ی عه‌ره‌ب‌و ئیسرائیل.
میدیای بنكۆڵكاریی، راستییه‌كان به‌ته‌واوه‌تی ده‌گوازێته‌وه‌‌و له‌ شێواندن‌و یاریپێكردن ده‌یپارێزێت، چونكه‌ ته‌نها به‌و زانیارییانه‌وه‌ دانانیشێت كه‌ به‌ ئاماده‌كراویی دێته‌ به‌رده‌ستی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ئۆفیسی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ به‌ده‌ستی ده‌هێنێت، یان له‌سه‌رچاوه‌ دیاره‌كانه‌وه‌، به‌ڵكو به‌شوێن پشته‌وه‌ی زانیارییه‌كاندا ده‌چێت‌و لێكۆڵینه‌وه‌و بنكۆڵكاریی له‌ راستییه‌كان ده‌كات بۆ ئاشكراكردنی ورده‌كارییه‌ شاردراوه‌كانی رووداوه‌كان.
رۆژنامه‌نووسه‌ر بنكۆڵكاره‌كان، ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌ كه‌ هه‌ر به‌كرده‌وه‌ په‌یامی میدیا ده‌گه‌یه‌ننه‌ كۆمه‌ڵگه‌كانیان، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌رزه‌ رۆژنامه‌نووسانه‌ به‌شوێن پاره‌و ناوبانگه‌وه‌ بوونایه‌، ئه‌وا ده‌یانتوانی ئه‌و زانیارییه‌كانه‌ی بۆ به‌كاربهێنن، كه‌ دواتر بۆته‌ هۆی ریسواكردنی لێپرسراوان‌و داماڵینیان. به‌ڵام ده‌یانتوانی ئه‌و زانیارییانه‌ بكه‌نه‌ مایه‌ی ترساندنی ئه‌و به‌رپرسانه‌و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ پاره‌و بگره‌ پۆستی گرنگیش بۆخۆیان به‌ده‌ستبهێنن.
رۆژنامه‌نووسی بنكۆڵكار له‌ جیهانی پێشكه‌وتوودا به‌ كه‌سایه‌تییه‌كی نیشتمانی هه‌ژمارده‌كرێت‌و به‌چاوی رێزه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانرێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ئێستا كاركردن له‌ میدیای بنكۆڵكاریدا بووه‌ته‌ كارێكی جێ بایه‌خ به‌ راده‌یه‌ك كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستبه‌رداری دامه‌زراوه‌ی گه‌وره‌و گرنگ ده‌بن له‌جیهانی راگه‌یاندن‌و میدیاداو به‌‌و دامه‌زراوانه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بن كه‌ گرنگیی به‌ میدیای بنكۆڵكاریی ده‌ده‌ن ئه‌گه‌رچی تازه‌ش دامه‌زرابن، هه‌ر بۆ نموونه‌ ئایان ئۆڤه‌رتۆن ده‌ستی له‌كاركردن له‌ كه‌ناڵی  بی بی سی كێشایه‌وه‌، له‌پێناوی كاركردن له‌ ئۆفیسی ریپۆرتاژی بنكۆڵكاریی، هه‌روه‌ها هاوپیشه‌كه‌ی  ئه‌نگوش ستیكله‌ر، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی دووه‌میان سه‌باره‌ت به‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی له‌ بی بی سی وتبووی: ئه‌وه‌ كارێكی قورسه‌، چونكه‌ خه‌ڵكێك زۆر به‌به‌خت نه‌بێت كاركردنی له‌ بی بی سی ده‌ستناكه‌وێت.
ماوێتی


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7395
20/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP