ئێمه‌‌و كورد !
ئێمه‌‌و كورد ! ‌ 22/9/2017
ره‌جا ته‌ڵه‌ب
چه‌ند وێستگه‌یه‌كی‌ كه‌می‌ لێ ده‌رچێ، به‌ درێژایی مێژوو ناسنامه‌ی‌ كورد‌و ناسنامه‌ی‌ عه‌ره‌ب له‌ پێكداداندا بوون، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌و كاته‌وه‌ی‌ كورد له‌سه‌ر ده‌ستی‌ جابان ئه‌بو مه‌یمون ئه‌لكوردی‌ كه‌ سه‌حابه‌یه‌كی‌ په‌یه‌به‌رز بوو هاتۆته‌ ناو ئیسلامه‌وه‌، ناسنامه‌ی‌ هه‌ردووكیان زۆر به‌ ره‌وانی‌ له‌ ناسنامه‌ی‌ ئیسلامیدا تواوه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ركابه‌ریی عه‌ره‌ب له‌ لایه‌ك‌و فارس‌و توركیش له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌ پێش ئیسلام‌و دوای‌ ئیسلامیش گه‌یشتۆته‌ ئاستی‌ جه‌نگ‌و دوژمنایه‌تی‌‌و تا ئێستاش كاریگه‌ریی ئه‌و ركابه‌رییه‌ ماوه‌‌و زاڵه‌ به‌سه‌ر رووداوو گۆڕانكارییه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب‌و هه‌ریه‌كه‌ له‌ فارس‌و توركیش.
له‌و دیداره‌دا كه‌ له‌ سلێمانی‌، له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عیراق به‌ ناوی‌ دیداری‌ دیموكراسی‌‌و مافی‌ چاره‌نووس به‌ڕێوه‌ چوو، كه‌ دوو رۆژی‌ خایاند‌و وه‌فدی‌ ئوردنی‌ پێكهاتوو له‌ رۆژنامه‌نووسان‌و چالاكوانی‌ سیاسی‌‌و راگه‌یاندنكار، له‌گه‌ڵ چه‌ند وه‌فدێكی‌ تری‌ عه‌ره‌بی‌ وه‌ك وه‌فدی‌ فه‌له‌ستین‌و میسر به‌شدارییان كرد. تیایدا باس له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرا كه‌ به‌ درێژایی مێژوو هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد‌و عه‌ره‌ب پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ قسه‌یان ده‌كرد، ده‌سته‌واژه‌ی‌ ململانێی‌ نێوان كورد‌و عه‌ره‌بیان دوور خسته‌وه‌‌و پێیان وابوو مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسین بۆ كورد له‌ عیراق‌و سوریا‌و توركیا‌و ئێران هیچ له‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب كه‌م ناكاته‌وه‌‌و به‌ پێچه‌ونه‌شه‌وه‌ به‌هێزی‌ ده‌كات، چونكه‌ مافی‌ چاره‌نووس بۆ گه‌لان مافێكی‌ پیرۆزه‌‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش دانی‌ پێدا ناوه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌كیش ناكرێ ئێمه‌ داوای‌ مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسین بۆ گه‌لی‌ فه‌له‌ستین بكه‌ین‌و پشتیوانی‌ له‌ خه‌باته‌كه‌ی‌ بكه‌ین بۆ رزگار بوون له‌ داگیركارییه‌كه‌ی‌ ئیسرائیل، له‌ هه‌مان كاتدا مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسین بۆ گه‌لی‌ كورد ره‌ت بكه‌ینه‌وه‌‌و به‌ پیلانگێڕیی له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین دژی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ كوردی‌ تێدا ده‌ژین. هه‌روه‌ها ئێستا پشتیوانی‌ كردن له‌ مافی‌ چاره‌نووس بۆ گه‌لی‌ كورد پێویسته‌، نه‌ك به‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ مافێكی‌ ته‌واو مرۆییه‌ وه‌ك هه‌ر گه‌لێكی‌ تر پێی‌ ره‌وا ببینین، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی‌ كارتی‌ كورد به‌ ده‌ستی‌ ئیسرائیله‌وه‌ نه‌هێڵین، كه‌ به‌كار هێنراوه‌‌و ئێستاش به‌كار ده‌هێنرێت بۆ دروست كردنی‌ دژایه‌تی‌ له‌ نێوان ناسنامه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی‌‌و ناسنامه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی كوردیدا.
به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژووی‌ دوور‌و نزیك، ده‌بینین كورد له‌ ناو وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیدا هه‌میشه‌ لایه‌نی‌ باشه‌‌و داهێنه‌رانه‌ بووه‌ بۆ پێكه‌وه‌ ژیانی‌ هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌كه‌دا، ئه‌گه‌رچی‌ سه‌لاحه‌دینی‌ ئه‌یوبی‌ نموونه‌یه‌كی‌ حازربه‌ده‌سته‌ كه‌ دێته‌وه‌ بیرمان كه‌ قودسی‌ له‌ ده‌ستی‌ خاچدروشمه‌كان رزگار كرد، به‌ڵام سه‌دان كه‌سایه‌تی‌ تری‌ كورد هه‌ن كه‌ كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر رۆشنبیری‌ عه‌ره‌بی‌‌و پشتیوانی‌ عه‌ره‌ب بوون، جا له‌ بواری‌ ئه‌ده‌بدا بێت وه‌ك ئه‌حمه‌د شه‌وقی‌ ئه‌میری‌ شاعیرانی‌ عه‌ره‌ب، یان به‌دیع ئه‌لزه‌مانی‌ هه‌مه‌زانی‌، یان مه‌عروف ره‌سافی‌، یان كه‌واكبی‌ خاوه‌نی‌ كتێبی‌ شێوه‌كانی‌ چه‌وساندنه‌وه‌، یان جه‌میل ئه‌لزه‌هاوی‌، یان عه‌باس مه‌حمود ئه‌لعه‌قاد، یان محه‌مه‌د عه‌بده‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سه‌ گه‌وره‌كانی‌ رابوونی‌ عه‌ره‌بی‌، یان قاسم ئه‌مین پێشه‌وای‌ رزگاریی ژنانی‌ عه‌ره‌ب، خۆ ئه‌گه‌ر باس له‌ هونه‌ری‌ عه‌ره‌بی‌ بكه‌ین به‌ تایبه‌تیش له‌ میسر، ده‌بینین كورد مه‌كینه‌ی‌ داهێنانی‌ عه‌ره‌بی‌ بووه‌، هه‌ر بۆ نموونه‌ سوعاد حوسنی‌‌و نه‌جات سه‌غیره‌ی‌ خوشكی‌، له‌گه‌ڵ فه‌رید شه‌وقی‌ كه‌ به‌ دێوه‌كه‌ی‌ سه‌ر شاشه‌ ناسراوه‌، یان مه‌حمود ملێجی‌‌و نه‌جیب ئه‌لرێحانی‌‌و روشدی‌ ئه‌بازه‌، له‌وانه‌یه‌ زۆر له‌و كه‌سانه‌ی‌ ئه‌م وتاره‌ ده‌خوێننه‌وه‌ نه‌توانن باوه‌ڕ به‌و زانیارییه‌ بكه‌ن كه‌ قورئانخوێنی‌ گه‌وره‌‌و به‌ناوبانگی‌ وه‌ك عه‌بدولباست عه‌بدولسه‌مه‌د، خاوه‌نی‌ ئه‌و ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌ كورده‌.
له‌م چاوخشاندنه‌وه‌ خێرایه‌دا به‌ مێژووی‌ كورد له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب‌و به‌شدارییه‌كانی‌ كورد‌و داهێنانه‌كانی‌ له‌ بواری‌ فیكر‌و فه‌لسه‌فه‌دا كه‌ كاریگه‌ر بووه‌ بۆ كه‌لتوور‌و فیكری‌ عه‌ره‌بی‌، ده‌توانین بڵێین نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دژی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب نییه‌‌و به‌ڵكو پشتی‌ ده‌گرێت‌و به‌هێزیشی‌ ده‌كات.
چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بیدا، یان له‌ توركیا‌و ئێران به‌ سه‌ركوت كردنی‌ خوسته‌كانی‌ ئه‌م گه‌له‌ جێبه‌جێ نابێت كه‌ برامانن، به‌ڵكو به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ دانی‌ پێدا بنێین‌و پردی‌ برایه‌تی‌ ببه‌سترێ‌و مافی‌ ته‌واوی‌ كورد له‌ نووسینی‌ چاره‌نووسی‌ خۆیدا بدرێت، ئه‌وه‌ش خزمه‌ت به‌ عه‌ره‌ب‌و عوروبه‌ ده‌كات‌و له‌ به‌رامبه‌ر چاوتێبڕین‌و فراوانخوازییه‌كانی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئێران‌و ئیسرائیل‌و توركیا.

صحیفه‌ الرأی‌ الاردنیه‌


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7395
20/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP