بەبێ‌ كەركوك‌و خانەقین!
نیوه‌ی‌ دووه‌م بەبێ‌ كەركوك‌و خانەقین! ‌ 24/9/2017
كاروان یاروه‌یس

 كاتی گۆشەی ئەمجارەمان 24 سەعات پێش دەستپێكردنی ریفراندۆمە، رووداو و پێشهاتەكان هێندە خێران، مرۆڤ ڕارایە لەوەی شتێك بنووسێ‌‌و كەمێكی تر گۆڕانكارییەكان هەمووی پێچەوانەوە بكاتەوە، بەڵام سەرباری ئەمەش  كۆمەڵێك پرس‌و بابەت هەن جێگیرن‌و دەتوانین لەسەریان بوەستین، لەوانەش كەركوك‌و خانەقین.  
   بینالی یەڵدرم سەرۆكوەزیرانی توركیا  دوای تەواوبونی كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا «شەكرێكی گەورەی شكاند»‌و بە میدیاكانی ووت « لەسەدا حەفتای دانیشتوانی كەركوك توركمانن، بەڵام گۆڕانكاری دیمۆگرافی روویداوە».
   لەم لێدوانە بێناوەرۆكانەوە، مرۆڤ زیاتر ئەو بۆچوونەی لادەچەسپێیی لەساتی دابەشكردنی كوردستانەوە تائێستا سەدو یەك ساڵ تێپەریوە، داگیركارانی وڵاتی كوردستان، هەموویان وەك یەك لە مافەكانی گەلی كوردستان دەروانن‌و ئامادەنین بیسەلمێنن. 
  ئەوەی تۆزێك زانیاری مێژویی‌و سیاسی هەبێت، دەزانێت لەوەتەی دەوڵەتێك بەناوی عیراق دروستكراوە‌و كوردستانیشی بەزۆری زۆردار پێوە لكێنراوە، گۆڕینی دیمۆگرافی‌و پاكتاوی نەژادی  لەكەركوك‌و خانەقین‌وناوچەكانی تری كوردستان ئەنجامدەدرێ‌، جارێك بە تەرحیل‌و جارێك بە تەعریب‌و جارێكی تریش بەئەنفال‌و قڕكردن. 
  بینالی یەڵدرم باش دەزانێت ئەوەی گۆڕینی دیمۆگرافی‌و قڕكردنی پێكهاتەكانی غەیرە عەرەبی لە كەركوك ئەنجامداوە، بەعس‌و دەسەڵاتە جیاجیاكانی پێش سەدامە، كوردیش قوربانی یەكەمی ئەو سیاسەتە بووەو توركمانیشی گرتۆتەوە، بەڵام ئەوكات توركیا نەك لەسەر توركمانەكان نەهاتەدەنگ، بەڵكو هاوپەیمانێتی‌و دۆستایەتی لەگەڵ رژێمی ئەوكاتی عیراق هەبوو. 
حەسەن عەلەوی نوسەرو بیرمەندی عیراقی ماوەیەك لەمەوبەر رایگەیاندبوو، كێشەی نێوان هەرێم‌و عیراق لەسەر ریفراندۆم نییە، بەڵكو پەیوەستە بەوەی كە ریفراندۆم لەكەركوك ئەنجامدەدرێ‌. 
  ئەم بۆچونەی عەلەوی‌و لێدوانەكەی یەڵدرم رێك سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن، كە بەدرێژایی مێژوو دەستەڵاتدارانی عیراق كێشەی سەرەكیان لەگەڵ كورد كەركوك بووە، بەبێ‌ كەركوكیش بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان (كوردایەتی) لە قۆناغە جیاجیاكانی دانوستاندن لەگەڵ عیراق (1967،1970، 1984،1991) بەبێ‌ كەركوك بە ئاسانی رێكەوتن دەكرا.
  لەسەروبەندی دانوستاندنی 1991 مام جەلال لە گەرمیان دەبێت‌و لەوتەیەكیدا دەڵێ‌ « لەگەڵ حكومەتێك، كە چارەنوسی‌ ئەنفالەكان روون نەكاتەوە، ناتوانین پێكبێین. دەستیشمان ببڕن رێكەوتن ئیتفاق ئیمزا ناكەین. چونكە ئەوە مەسەلەیەك نییە بەتەنها كوشتنی‌ دوو سەد هەزار كەس بێت، مەسەلەیەكە تەعەریبكردنی‌ كەركوك‌و ناوچەی‌ گەرمیانی‌ پێوەبەندە. بۆیە ئەوانە ونكراون یان دیارنین، بۆ ئەوەی‌ كوردستان بكرێ‌ بەعەرەبستان، بۆئەوەی‌ كەركوك‌و ناوچەی‌ كەركوك لەخانەقینەوە تا كەركوك ببێت بەعەرەب‌و عەرەبنشین».
   لەبەشێكی‌ تری‌ وتارەكەیدا مام جەلال گفتوگۆی‌ نێوان وەفدی‌ كوردو رژێم دەگێرێـتەوەو دەڵێ‌ « بۆیە من باسم كرد (مەبەستی‌ كەركوكە) ووتیان جارێ‌ وەختی‌ نییە. ووتم باشە بیسەلمێنن كەركوك كوردستانە باسی‌ ناكەم، كەركوك بخەنەسەر كوردستان، ئەویش ئەخەینە سەر مەسەلەكانی‌ تر. بەدرێژایی‌ تاریخ كورد ئەكسەرییە بووە لەكەركوكدا. من لەبیرمە لە سەفی‌ پێنجی‌ سانەوی‌ بووم لەكەركوك، لەهەموو شاری‌ كەركوك غەیری‌ ماسفرۆش‌و گێمڕفرۆشەكان هیچ عەرەبی‌ لێ‌ نەبوو، ئێمە لە شوعبەیەك بووین، شوعبەی‌ عیلمی‌ (77) تەلەبەبووین (6) تەلەبەی‌ عەرەب بوون، ئەوانیش باوكیان لەكەركوك بوو بۆ وەزیفە هاتبوون، هیچ كەركوكیەكی‌ عەرەب نەبوو لە سانەوی‌, كوردو توركمان‌و مەسیحی‌‌و كلد هەبووە» .
   ئێستا مەترسییە گەورەكە لەسەر كەركوك‌و ناوچە كوردستانیە جێناكۆكەكانە، ئەوەتا بەدره‌و جەسان، مەندەلی كە سنوری خوارووی نیشتمانن، بێتەوە بۆ قزلڕەبات‌و سنوری حەمرین، دووز‌و ناوچەكانی تر ئامادەیی گەورەی سەربازی‌و توندڕەویی مەزهەبی هەیە‌و دروستبونی ئاڵۆزیی ئەگەرێكی كراوەیە. 
   كورد دەبوو، وردتر هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئەو ناوچانە بكردبایە، بڕیارو سیاسەتەكانی حكومەتی ناوەندی، ئەو هەڵانەی بەهۆی ئیدارەدانی ئەو ناوچانە لەرووی سیاسی‌و ئیداری روویانداوە، ئەو كەمتەرخەمیی‌و هەڵانەی بەسەر پەرلەمانتارانی كوردستان لەبەغدا تێپەربوون. هەموویان  هۆكارگەلێكن، مەترسیەكانیان لەئەمرۆدا چڕتركردۆتەوە. 
  گرفتە گەورەكە ئێستا ئەوەیە، ئەگەر ریفراندۆم لەو ناوچانە بكرێ‌ ئەگەری ئاڵۆزی‌و شەڕ زۆرە، ئەگەریش نەكرێ‌ ریفراندۆمەكەی باشوری كوردستان بەبێ‌ ئەم ناوچانە هیچ بایەخێكی نییە، بۆیە هەر بڕیارێك لەئارادابێت بۆ ئەنجامدان‌و ئەنجامنەدان دەبێ‌ بە كەركوك‌و خانەقینەوە بێت.
  هەر گرەنتی‌و دەستپێشخەریەكیش بكرێ‌ بۆ دواخستنی ریفراندۆم،  ئەگەر چارەنوسی كەركوك‌و خانەقین‌و ناوچەكانی تر بەئاڕاستەی گەڕاندنەوەی یەكجارەكیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان یەكلا نەكاتەوە ، هەڵەیەكی ستراتیژی گەورەیە. 
 عیراق‌و ئێران‌و توركیا‌و هەرچی نەیاری كورد هەیە، بەلایانەوە ئاساییە نەك جارێك بەڵكو چەندینجار بەبێ‌ كەركوك‌و خانەقین ریفراندۆم ئەنجام بدرێ‌، گەلی كوردستانیش بەدرێژایی مێژوو هەر دەستپێشخەریەكیش هەبووبێت بۆ چارەسەری پرسی كورد بەبێ‌ كەركوك‌و خانەقین پێی ڕازی نەبووە.   


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7395
20/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP