له‌ ترۆپكی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ كونجی‌ زیندان  محه‌مه‌د مورسی‌ سزای‌ 45 ساڵ زیندانی‌ به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت
له‌ ترۆپكی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ كونجی‌ زیندان محه‌مه‌د مورسی‌ سزای‌ 45 ساڵ زیندانی‌ به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت ‌ 25/9/2017
ره‌وته‌كان- 

دادگای‌ میسری‌ پشتیوانی‌ له‌ حوكمی‌ زیندانی‌ تاهه‌تایی‌ دژ به‌ محه‌مه‌د مورسی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات به‌ تۆمه‌تی‌ «هه‌واڵ گه‌یاند له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر» كه‌ له‌ میدیاكاندا به‌و ناو ده‌ناسرێت. 
دادگای‌ باڵای‌ میسر، حوكمی‌ له‌سێداره‌دانی‌ به‌سه‌ر سێ‌ تۆمه‌تباری‌ تردا سه‌پاند، ئه‌و حوكمانه‌ش كه‌ زیندانی‌ تاهه‌تایی‌ و له‌سێداره‌دانی‌ له‌خۆگرتبوو، له‌گه‌ڵ پشتیوانی‌ دادگادا ده‌بنه‌ حوكمی‌ كۆتایی‌ و ناكرێت له‌و پرسانه‌دا تانه‌یان لێبدرێت. 
به‌وشێوه‌یه‌ كۆی‌ گشتی‌ ئه‌و حوكمی‌ كۆتاییانه‌ی‌ له‌ دژی‌ محه‌مه‌د مورسی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ میسر ده‌رچوون و له‌لایه‌ن دادگای‌ باڵاوه‌ پشتیوانیان لێكراوه‌، ده‌بنه‌ دوو حوكم كه‌ ناكرێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك تانه‌یان لێبدرێت. 
 ژماره‌ی‌ ساڵه‌كانی‌ زیندانی‌ له‌ هه‌ردوو حوكمه‌كه‌دا بۆ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ میسر ده‌گاته‌ 45 ساڵ، بۆیه‌ جگه‌ له‌ رێگه‌ی‌ لێبوردنی‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ نه‌بێت، ناكرێت  كۆتایی‌ به‌ زیندانی‌ كردنه‌كه‌ بهێنرێت    
ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان تێداكراوه‌ و رووبه‌ڕووی‌ هه‌موو تۆمه‌تباره‌كان كراوه‌ته‌وه‌، دزه‌پێكردنی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ و نوسراوه‌ نهێنیانه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا سه‌روه‌رییه‌كانی‌ وڵاته‌وه‌ ده‌كراون و ره‌وانه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كراون و په‌یوه‌ندییان به‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ میسروه‌ هه‌یه‌ و بۆ ده‌وڵه‌تی‌ قه‌ته‌ر ئاشكراكراون. 
تۆمه‌تباره‌كان ناتوانن سه‌رله‌نوێ‌ تانه‌ له‌ حوكمه‌ كۆتاییه‌كان بده‌ن، به‌ڵام تۆمه‌تباره‌ هه‌ڵاتووه‌كان له‌و دۆسێیه‌دا له‌حاڵی‌ خۆڕاده‌ستكردن، یان ده‌ستگیركردنیان، ده‌توانن سه‌رله‌نوێ‌ هه‌موو ئه‌و رێوشوێنانه‌ی‌ له‌ دژیان ده‌ركراوه‌، ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌ و له‌لایه‌ن دادگاوه‌ سه‌رله‌نوێ‌ دادگایی‌ بكرێنه‌وه‌.  
دادگاكه‌ ئه‌و تانه‌یه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن داواكاریی‌ گشتییه‌وه‌ پێشكه‌ش كرابوو سه‌باره‌ت به‌ حوكمی‌ تاوانه‌كان له‌ یه‌كێك له‌ بڕگه‌كاندا له‌باره‌ی‌ بێتاوانده‌ركردنی‌ مورسی‌ و 5 تۆمه‌تباری‌ تر له‌ یه‌كێك له‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ له‌ بڕیاری‌ تۆمه‌تباركردنه‌كاندا هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندی‌ به‌ ده‌ستخستنی‌ نهێنییه‌ك له‌ نهێنییه‌كانی‌ به‌گرییه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ راده‌ستكردن و ئاشكراكردنی‌ بۆ ده‌وڵه‌تێكی‌ بیانی‌، یان به‌خشینی‌ بڕێك پاره‌ وه‌ك به‌رتیل به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌نجامدانی‌ كارێكی‌ زیانبه‌خش به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ وڵات.
له‌ 22ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2016، دادگای‌ باڵای‌ میسر حوكمی‌ 20 ساڵ زیندانی‌ له‌ دۆسێی‌ «رووداوه‌كانی‌ كۆشكی‌ ئیتحادی‌»دا به‌سه‌ر محه‌مه‌د مورسی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ وڵاته‌كه‌دا سه‌پاند. 
دادگاكه‌ ئه‌و تانه‌یه‌شی‌ ره‌تكردبۆوه‌ كه‌ مورسی‌ و نۆ گه‌وره‌ یاریده‌ری‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ پێشكه‌شیان كردبوو، بۆیه‌ له‌ئێستادا ئه‌و حوكمی‌ له‌ دژی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ میسر ده‌رچووه‌، به‌ حوكمی‌ كۆتایی‌ و یه‌كجاره‌كی‌ داده‌نرێت و ناكرێت جارێكی‌ تر له‌به‌رده‌م دادگادا تانه‌ی‌ لێبدرێت. 
دادگای‌ تاوانه‌كان له‌ قاهیره‌ له‌ 21ی‌ نیسانی‌ 2015، بڕیاریدا سزای‌ مورسی‌ و چه‌ند كه‌سانێكی‌ تر بدات دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ تۆمه‌تباركران به‌ نمایشكردنی‌ هێز و به‌كارهێنانی‌ توندوتیژی‌ و ده‌ستبه‌سه‌ركردن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆشكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ماوه‌ی‌ حوكمی‌ مورسیدا. 
مورسی‌ له‌پاش روخاندنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ له‌ رووداوه‌كانی‌ 30 حوزه‌یرانی‌ 2013 له‌ میسر، چه‌ندان تۆمه‌تی‌ رووبه‌ڕووكراوه‌ته‌وه‌. 
محه‌مه‌د مورسی‌ له‌ ساڵی‌ 2012دا له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ میسر بردنه‌وه‌ی‌ به‌ده‌ستهێنا و بووه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆك له‌پاش شۆڕشی‌ 25ی‌ كانوونی‌ دووه‌م و بووه‌ سه‌رۆكی‌ ژماره‌ پێنج له‌ مێژووی‌ ئه‌و وڵاته‌. 

ژیاننامه‌ی‌ مورسی‌ 
له‌ 20ی‌ ئابی‌ 1951 له‌ گوندی‌ عه‌دوه‌ له‌ پارێزگای‌ شه‌رقیه‌ له‌دایك بووه‌ و له‌ خێزانێكی‌ هه‌ژاردا په‌روه‌رده‌ بووه‌، باوكی‌ جوتیار بووه‌ و دایكیشی‌ ژنی‌ ماڵه‌وه‌. 
 له‌ ساڵی‌ 1978 هاوسه‌رگیری‌ كردووه‌ و پێنج كوڕ و سێ‌ كوڕه‌زای‌ هه‌یه‌. 
له‌شوێنێكی‌ ئاساییدا ژیانی‌ به‌سه‌رده‌برد، ژنه‌كه‌ی‌ كه‌ خوێندنی‌ زانكۆی‌ ته‌واونه‌كردبوو، له‌ بواری‌ كاریی‌ بانگخوازی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ڕێی‌ به‌شی‌ په‌روه‌رده‌ له‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیخوان موسلیمیندا چالاكی‌ هه‌بوو. 
دوان له‌ كوڕه‌كانی‌ به‌و هۆیه‌ی‌ له‌ ئه‌مریكا له‌دایكبوون، خاوه‌نی‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ن، به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ حزبی‌ ئازادی‌ و دادپه‌روه‌ریی‌ بێت وه‌ك (بی‌ بی‌ سی‌) ئاماژه‌ی‌ پێكردووه‌، كاتێك مورسی‌ له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بووه‌ پێشنیاری‌ بۆكراوه‌ تا رگه‌زنامه‌ی‌ ئه‌مریكایی‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام ره‌تیكردۆته‌وه‌. 


بڕوانامه‌ زانستییه‌كانی‌
له‌ ساڵانی‌ 1970-1975 بۆ خوێندن له‌ كۆلێژی‌ ئه‌ندازیاریی‌ چووه‌ته‌ قاهیره‌. 
به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ نایاب زانكۆی‌ ته‌واوكردووه‌ و له‌ هه‌مان زانكۆ كراوه‌ به‌ یاریده‌ده‌ری‌ وانه‌بێژ. 
له‌ ساڵی‌ 1987 بۆ ته‌واوكردنی‌ خوێندن و ده‌ستخستنی‌ ماجستێر له‌ وزه‌ی‌ خۆر، سه‌فه‌ری‌ كردووه‌ بۆ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و له‌پاش ته‌واوكردنی‌ ماجستێر له‌ ساڵی‌ 1982 بڕوانامه‌ی‌ دكتۆرای‌ له‌ بواری‌ پارێزگاریی‌ له‌ بزوێنه‌ری‌ كه‌شتییه‌ فه‌زاییه‌كان ده‌سته‌به‌ركردووه‌. 
له‌كاتی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ میسر، ره‌تكرابۆوه‌ كه‌ مورسی‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌شتاكاندا كاریی‌ له‌ ئاژانسی‌ ناسادا كردبێت. 

له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ موباره‌كدا  
محه‌مه‌د مورسی‌ له‌كاتی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ محه‌مه‌د حوسنی‌ موباره‌ك سه‌رۆكی‌ پێشووتری‌ میسر رووبه‌ڕووی‌ زۆرێك له‌ ئاسته‌نگ و ناخۆشی‌ بۆوه‌. 
چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی‌ ئیخوان موسلیمین حوكمدراوه‌. 
مورسی‌ له‌ ساڵی‌ 2006 زیندانی‌ كراوه‌، پاشان له‌نێو ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا نیشته‌جێكردنی‌ زۆره‌ملێی‌ به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌. دواتر له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ له‌ ساڵی‌ 2011و به‌ر له‌ هه‌ڵایسانی‌ شۆڕش كه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ روخاندنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ موباره‌ك له‌ مانگی‌ شوباتی‌ هه‌مان ساڵ، زیندانی‌ كراوه‌. 

خۆكاندیكردنی‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ 
له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ میسر له‌ ساڵی‌ 2012، محه‌مه‌د مورسی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ حزبی‌ ئازادی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ كرد (باڵی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیخوان موسلیمین له‌ میسر). 
حزبی‌ ئازادی‌ و دادپه‌وه‌ری‌ له‌ 7ی‌ نیسانی‌ 2012، محه‌مه‌د مورسی‌ له‌پاش خه‌یره‌ت شاتری‌ كاندیدی‌ حزبه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ له‌به‌ر هۆكاریی‌ یاسایی‌ دوورخرایه‌وه‌، كاندیدكرد. 
محه‌مه‌د مورسی‌ به‌ به‌رنامه‌ی‌ «پرۆژه‌ی‌ نه‌هزه‌»ه‌وه‌ به‌شداریی‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ هه‌ڵبژاردندا كرد. 
له‌و ده‌مه‌دا كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئیخوان موسلیمین له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیدا رایگه‌یاندبوو،»پرۆژه‌ی‌ هه‌ڵساندنه‌وه‌ی‌ نیشتیمان هه‌موو بواره‌كان له‌خۆده‌گرێت و كاندیده‌كه‌شی‌ هه‌ڵگری‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن گه‌لی‌ میسرییه‌وه‌ پشتیوانی‌ لێده‌كرێت، ئخوان و حزبه‌كه‌ی‌ هه‌وڵ بۆ به‌دیهێنانی‌ ده‌ده‌ن تا میسر بگه‌یه‌ننه‌ كه‌ناره‌ ئارامه‌كان و پێگه‌ی‌ شایسته‌ی‌ خۆی‌ له‌نێوان نه‌ته‌وه‌ و گه‌لاندا بگرێته‌وه‌»  

ته‌ندروسی‌ 
له‌كاتی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ ساڵی‌ 2012، ئه‌و هه‌واڵانه‌ی‌ ره‌تكردبۆوه‌ كه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ نه‌شته‌رگه‌ریی‌ مێشكی‌ بڵاوبوونه‌وه‌، و له‌و ده‌مه‌دا رایگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌و ته‌نیا نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی‌ ئاسایی‌ بۆ لابردنی‌ وه‌ره‌مێكی‌ بچوك له‌ سه‌ریدا ئه‌نجامداوه‌، و گوتبووی‌ كه‌ توشی‌ شه‌كره‌ بووه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت. 

له‌ ترۆپكی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌
 بۆ كونجی‌ زیندان
محه‌مه‌د مورسی‌ له‌پاش شۆڕشی‌ 25ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2011 و له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌ كه‌ له‌ 24ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2012دا ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ راگیه‌ندرا، توانی‌ رێژه‌ی‌ 51.73%ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت و ببێته‌ پێنجه‌مین سه‌رۆك له‌ مێژووی‌ میسر. 
 مورسی‌ له‌ 30ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2012، له‌دوای‌ خواردنی‌ سوێندی‌ یاسایی‌، به‌ فه‌رمی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ له‌ میسر وه‌رگرت. 
به‌ڵام له‌دوای‌ ساڵێك و له‌ڕێی‌ كوده‌تایه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌دوای‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ 30 حوزه‌یرانی‌ 2013 له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌كانه‌وه‌ به‌رپاكرا، له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ لادرا و له‌و ده‌مه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌ زینداندایه‌. 
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ ئیرشادی‌ ئیخوان موسلیمین بوو، له‌پاش دامه‌زراندنی‌ حزبی‌ ئازادی‌ و دادپه‌روه‌رییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حزبه‌كه‌ی‌ گرته‌ده‌ست. 
مورسی‌ به‌ر له‌وه‌ش له‌ خولی‌ 2000-2005 ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ گه‌لی‌ میسری‌ (په‌رله‌مان) بووه‌. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP