هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ ده‌كرێت
فه‌له‌ستین: حكومه‌ته‌كه‌ی‌ حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌
هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ ده‌كرێت فه‌له‌ستین: حكومه‌ته‌كه‌ی‌ حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌ ‌ 25/9/2017
ره‌وته‌كان- 

بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیدا، رازیبوونی‌ خۆی‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ ئیداری‌ له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ راگه‌یاند، داواشی‌ له‌ حكومه‌تی‌ ویفاق له‌ رامه‌ڵڵا كردووه‌، بێته‌ غه‌ززه‌ و ده‌ستبه‌جێ‌ به‌رپرسیارێتی‌ و كار و ئه‌ركه‌كانی‌ له‌ئه‌ستۆبگرێت، هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ و ئاماده‌یی‌ خۆی‌ بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی‌ بانگێشته‌كه‌ی‌ میسر بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ فه‌تح، ده‌ربڕیبوو. 
بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ راگه‌یاند كه‌ له‌ژێر ناوی‌ «لیژنه‌ی‌ ئیداری‌» كاریی‌ ده‌كرد، داواشی‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ رامی‌ ئه‌لحه‌مدولیلا كرد كه‌ باره‌گاكه‌ی‌ له‌ رامه‌ڵڵایه‌، بێته‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ و ده‌ستبه‌كاربكردن بكات، ره‌زامه‌ندیشی‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ ده‌ربڕی‌.   
به‌پێی‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس كه‌ له‌ 17ی‌ ئه‌م مانگه‌دا بڵاوكرایه‌وه‌»وه‌ك به‌ده‌نگه‌وه‌چونێك بۆ هه‌وڵه‌كانی‌ میسر به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ گشتی‌، بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ ئیداری‌ له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ راده‌گه‌یه‌نێت و داوا له‌ حكومه‌تی‌ ویفاق ده‌كات بێته‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ و ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌ست به‌كاره‌كانی‌ بكات، ره‌زامه‌ندیشه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌».      
هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، حه‌ماس ئاماده‌یی‌ ده‌ربڕیوه‌ به‌ده‌نگ داواكارییه‌كانی‌ میسره‌وه‌ بچێت بۆ ئه‌نجامدانی‌ دیالۆگ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ فه‌تح له‌سه‌ر میكانیزمه‌كانی‌ جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ 2011ی‌ قاهیره‌وه‌ و پاشكۆكانی‌، و پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ دیالۆگێك كه‌ تێكڕای‌ ئه‌و لایه‌نه‌ فه‌له‌ستینیانه‌ به‌شداریی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ 2011یان كردبوو، به‌شداریی‌ تێدا بكه‌ن. 
به‌پێی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ 2011ی‌ قاهیره‌ كه‌ له‌نێوان هه‌ردوو بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس و فه‌تح و لایه‌نه‌ فه‌له‌ستینییه‌كانی‌ تر به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ لایه‌نی‌ میسری‌ ئیمزاكرا، ده‌بێت حكومه‌تێكی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ پێكبهێنرێت و هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ و په‌رله‌مانی‌ و هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتیمانی‌ رێكخراوی‌ رزگاریخوازیی‌ فه‌له‌ستینی‌ بكرێت، وێڕای‌ سه‌رله‌نوێ‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ هه‌ره‌می‌ ده‌زگای‌ ئاسایش له‌ فه‌له‌ستین. 
بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس له‌ مانگی‌ ئاداری‌ رابردوو، پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ ئیداری‌ راگه‌یاند، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینییه‌وه‌ به‌ «سه‌رپێچی‌» له‌ رێككه‌وتنی‌ «الشاڤ‌و»دانرا كه‌ له‌نێوان حه‌ماس و فه‌تح بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ ویفاقی‌ نیشتیمانی‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌لحه‌مدولیلا ئیمزاكرابوو، به‌ڵام دوای‌ چه‌ند مانگێك له‌و رێكه‌وتنه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ ئه‌لحه‌مدولیلا نه‌یتوانی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ سه‌رشانی‌ له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت، به‌رپرسانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ش بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسیان به‌ له‌گه‌ڕخستنی‌ كاره‌كان تۆمه‌تباركرد.  
پێشتر وه‌فدێكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ سه‌ردانی‌ قاهیره‌ی‌ كرد و وتوێژییان له‌گه‌ڵ خالید فه‌وزی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌واڵگری‌ گشتی‌ میسر ئه‌نجامدا، ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ سه‌ردانێكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ فه‌تح بۆ میسر كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌زام ئه‌حمه‌ده‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كرا و چاویان به‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌و وڵاته‌ كه‌وتبوو. 
   پرسی‌ له‌خۆگرتنی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ حه‌ماس له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی‌ 400 هه‌زار كارمه‌ندی‌ مه‌ده‌نی‌ و سه‌ربازیی‌ ده‌بێت له‌ حكومه‌تی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌، له‌گه‌ڵ دۆسێی‌ ئه‌منی‌، له‌ گرنگترین ئه‌و كێشانه‌ بوون كه‌ بوونه‌ مایه‌ی‌ شكستخواردنی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ پێكهاتنه‌وه‌تی‌ نێوان فه‌تح و حه‌ماس. 
پێشتر بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی‌ حه‌وت خاڵه‌ی‌ بۆ پێكهاتنه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ راگه‌یاندبوو. 
ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌ڵاح بردویل ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ حه‌ماسه‌وه‌ راگه‌یاندرا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ ئیداری‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ی‌ له‌خۆگرتبوو له‌به‌رانبه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ خانه‌نشینكردنی‌ هه‌زاران فه‌رمانبه‌ر له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ قه‌له‌ستینییه‌وه‌. 
له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌ڵاح به‌ردویل ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ حه‌ماس له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندبوو» له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی‌ رۆشن و دروست و قوڵ، بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس ده‌ستی‌ خۆی‌ بۆ پێكهاتنه‌وه‌ی‌ فه‌له‌ستینی‌ درێژده‌كات». داوای‌ ده‌ستبه‌جێ‌ «هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و رێوشوێنانه‌شی‌ كردبوو كه‌ به‌ بیانووی‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌ی‌ ئیداری‌ حكومی‌ كه‌ به‌سه‌ر غه‌ززه‌دا سه‌پێنرابوون». 

حه‌ماس لیژنه‌ ئیدارییه‌كه‌ی‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ 
بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس ئاماده‌یی‌ خۆی‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ لیژنه‌ حكومییه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌جێ‌ له‌ئه‌ستۆگرتنی‌ به‌رپرسیارێتییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ ویفاق له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌. 
به‌ردویل باسی‌ له‌ ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌ستكردن به‌ دیالۆگی‌ نیشتمیانی‌ و وتوێژه‌كان بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ و به‌گه‌ڕخستتنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ فه‌له‌ستین كردبوو. 
هه‌روه‌ها ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی‌ حه‌ماس» ئاماده‌كاریی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ و سه‌رۆكایه‌تی‌ و هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتیمانی‌، و سازدانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ده‌ستبه‌جێی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كاتی‌ بۆ رێكخراوی‌ رزیگاریخواز بۆ ده‌ركردنی‌ بڕیاری‌ نیشتیمانی‌ پێویست» له‌خۆگرتبوو. 

كێشه‌ی‌ كاره‌با و خانه‌نشینكردنی‌ فه‌رمانبه‌ران 
حكومه‌تی‌ فه‌له‌ستینی‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ رامی‌ ئه‌لحه‌مدولیلا له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ رابردوو، به‌ بڕیارێك زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار فه‌رمانبه‌ری‌ له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ ئاراسته‌ی‌ خانه‌نشaینی‌ پێشوه‌خت كردبوو. ماوه‌یه‌ك به‌رله‌وه‌ش پێدانی‌ پاره‌ی‌ ئه‌و كاره‌بای‌ راگرتبوو كه‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ بۆ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ دابینكراوه‌، ئه‌وه‌ش وای‌ له‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیبری‌ كردبوو كاره‌بای‌ غه‌ززه‌ كه‌مبكاته‌وه‌. له‌ مانگی‌ نیسانی‌ رابردووشدا حكومه‌تی‌ فه‌له‌ستینی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ی‌ راگه‌یاندبوو. 
گرتنه‌به‌ری‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ فشاره‌كاندابوون بۆسه‌ر بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس كه‌ له‌ مانگی‌ ئادری‌ رابردوو «لیژنه‌ی‌ ئیداری‌» تایبه‌ت به‌ كاروباره‌كانی‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ی‌ راگه‌یاند كه‌ له‌ حه‌وت ئه‌ندام پێكهاتبوون. 
مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دوایدا له‌ باره‌گای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ رامه‌ڵڵا، چاوی‌ به‌ وه‌فدێكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس كه‌وت به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ناسره‌دین شاعیر. 
 ئه‌نجومه‌نی‌ یاسادانانی‌ فه‌له‌ستینی‌ (په‌رله‌مان)، له‌ ساڵی‌ 2007وه‌ كۆنه‌بۆته‌وه‌، هه‌مان ئه‌و ساڵه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ «حه‌ماس» به‌ زه‌بری‌ هێز ده‌ستی‌ به‌سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌دا گرت و بزوتنه‌وه‌ی‌  «فه‌تح»ی‌ ده‌رپه‌ڕاند. 
به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ساڵی‌ 2005وه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و عه‌باس وێڕای‌ ته‌واوبوونی‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌. 

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان: غه‌ززه‌ نه‌شیاوه‌ بۆ ژیان  

له‌م چه‌ند رۆژه‌ی‌ دواییدا، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ راپۆرتێكی‌ له‌ژێر ناوی‌ «غه‌ززه‌ پاش ده‌ ساڵ»، هۆشداریی‌ ده‌دات له‌وه‌ی‌ كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ له‌پاش ئه‌و ده‌ساڵه‌ «نه‌شیاوبێت بۆ ژیان»، ئه‌ویش به‌هۆی‌ تێپه‌ڕبوونی‌ ده‌ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ئابڵوقه‌كیه‌ی‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌، له‌پاش كۆنترۆڵكردنی‌ غه‌ززه‌ له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسه‌وه‌، كێشه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان و بێكاریی‌ و قه‌ره‌باڵغی‌ روویان له‌ زیادبوون گرت.    
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ساڵی‌ 2012و له‌ راپۆرتێكی‌ تری‌، هۆشداریدابوو له‌وه‌ی‌ كه‌ شرینی‌ به‌رته‌سكی‌ كه‌نارئاوه‌كان له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ ساڵی‌ 2020 به‌ كه‌ڵی‌ ژیان نه‌مێنێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ی‌ به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌ سوك نه‌كرێت.  
له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌دا رۆبه‌رت بایبر رێكخه‌ری‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری‌ مرۆیی‌له‌ فه‌له‌ستین، هۆشداریی‌ دابوو له‌وه‌ی‌ كه‌ «هه‌موو ده‌سته‌واژه‌كان رووه‌و ئاسراته‌ هه‌ڵه‌كان»رێبكه‌ن
بایبر له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ «فرانس پرێس» له‌ قودس و له‌پاش ده‌رچوونی‌ راپۆراته‌كه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌وه‌، رایگه‌یاندبوو: «چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر پێشبینی‌ ئه‌وه‌مان كردبوو كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ به‌ كه‌ڵكی‌ ژیان نه‌مێنێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ زۆرێك له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستمان بوون،له‌ئێستاشدا ئه‌و واده‌یه‌ زۆر به‌خێرایی‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ پێشبینیمان ده‌كرد نزیك ده‌بێته‌وه‌ و له‌ غه‌ززه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و وزه‌ و ئاو روو له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن». 
به‌ وته‌ی‌ بایبر»كاتێك وزه‌ی‌ كاره‌با له‌ شه‌و و رۆژێكدا ده‌بێته‌ دوو كاتژمێر، كاتێك رێژه‌كانی‌ بێكاریی‌ له‌نێوان لاواندا ده‌گه‌نه‌ 60%، كاتێك توشبووان به‌ نه‌خۆشییه‌كان به‌ تایبه‌ت توشبوانی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ خزمه‌تگوزاریی‌ ته‌ندروستی‌ پێشكه‌وتوویان بۆ فه‌راهه‌م ناكرێت، له‌و بڕوایه‌دام به‌ بۆچوونی‌ زۆرێك له‌ئێمه‌ ئه‌و دۆخه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ نزمترین ئاسته‌ شیاوه‌كان بۆ ژیان». 
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، به‌ڵام بایبر ده‌ڵێت:»غه‌ززه‌ییه‌كان وێڕای‌ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ به‌ شێوازیی‌ خۆیان درێژه‌ به‌ ژیان ده‌ده‌ن و به‌ره‌وپێش ده‌چن». 

غه‌ززه‌ ئابڵوقه‌ دراوه‌ 
بۆ ماوه‌ی‌ ده‌ ساڵه‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ كه‌ له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ ئیسلامییه‌وه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌رداگیراوه‌، له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ له‌ ئاسمان و وشكانی‌ و ده‌ریاوه‌ ئابڵوقه‌دراوه‌.
له‌پاش روخانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ محه‌مه‌د مورسی‌ سه‌رۆكی‌ میسر له‌ ساڵی‌ 2013وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ میسر رێڕه‌وی‌ ره‌فه‌حیان داخستووه‌ كه‌ تاكه‌ رێڕه‌وه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیسرائیله‌ و كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.
ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ میسر ناوبه‌ناو له‌به‌ر هۆكاریی‌ مرۆیی‌، رێڕه‌وی‌ ره‌فه‌ح ده‌كه‌نه‌وه‌. 
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ دوایین راپۆرتی‌ خۆیدا له‌ژێر ناونیشانی‌ «غه‌ززه‌ دوای‌ ده‌ ساڵ» رایگه‌یاندووه‌»زیاتر له‌ 95%ی‌ ئاوی‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ بۆ خواردنه‌وه‌ شیاو نییه‌، له‌م چه‌ند مانگه‌ی‌ دواییدا گه‌یاندنی‌ وزه‌ی‌ كاره‌با به‌ دانیشتوان بۆ كه‌مترین كات رووی‌ له‌ دابه‌زین كرد و رۆژانه‌ ته‌نیا چه‌ند كاتژمێرێكی‌ كه‌م كاره‌با بۆ غه‌ززه‌ دابین ده‌كرا». 
حكومه‌تی‌ ئیسرائیل رایگه‌یاندبوو كه‌ رۆژانه‌ ته‌نیا 45 خوله‌ك وزه‌ی‌ كاره‌با ده‌داته‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، له‌كاتێكدا دانیشتوانی‌ غه‌ززه‌ له‌ باشترین كاتدا ته‌نیا سێ‌ بۆ چوار كاتژمێر كاره‌بایان هه‌یه‌. 
ئیسرائیل ده‌ڵێت»له‌به‌رانبه‌ر پێدانی‌ وزه‌ی‌ كاره‌با به‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ سه‌رۆك مه‌حمود عه‌باس ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ پاره‌ی‌ كاره‌باكه‌ بدات». 
كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ له‌نێوان ساڵانی‌ 2008 و 2014 سێ‌ جه‌نگی‌ وێرانكه‌ری‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌ له‌نێوان سوپای‌ ئیسرائیل و له‌لایه‌ن فه‌له‌ستینییه‌كانی‌ غه‌ززه‌. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP