سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مێك بۆ بیره‌وه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌ك
سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مێك بۆ بیره‌وه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌ك ‌ 27/9/2017
جمعه‌ كانی له‌له‌یی
ئاگری شۆڕشی نوێ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵیانگیرساندو ڕابه‌رایه‌تی نوێخوازانه‌ی شۆڕشیان كرد، به‌ڵام پاڵه‌و جوتیارو كرێكارو مامۆستاو فه‌رمانبه‌ران و نه‌دارو هه‌ژار  درێژه‌یان پێدا و بۆی بوونه‌ سووته‌مه‌نی و به‌سه‌ركه‌وتنیان گه‌یاند.
كه‌ شۆڕش هه‌ڵگیرسا ڕۆڵه‌كانی ئه‌م میلله‌ته‌ پۆل پۆل و  ده‌سته‌ ده‌سته‌ له‌ ناوه‌ندی شاره‌كانه‌وه‌ خوێندن و كارو ژیان و پیاسه‌و گه‌ڕانی ناو شارو چوونه‌ سینه‌ماو شانۆكان و به‌ر رووناكی گڵۆپ و ئاوی به‌لوعه‌یان جێ هێشت و له‌ شاخ و زه‌نوێرو دۆڵ و ده‌شت و دۆنده‌كانی كوردستان ده‌بوونه‌ پێشمه‌رگه‌ و ژیانی پڕ له‌ چه‌رمه‌سه‌ری و برسێتی و شه‌هید بوون و برینداربوونیان هه‌ڵبژارد، لادێ نشینه‌كان  یه‌ك یه‌ك  ده‌ستیان له‌ خه‌لێ و خه‌رمان و هه‌وای پاكژو كێڵگه‌ی  به‌ پیت و ده‌وڵه‌مه‌ندو نانی گه‌رم  و ماڵداری هه‌ڵگرت و ڕوویان كرده‌ شۆڕش و بوونه‌ پێشمه‌رگه‌، تێكڕا  ڕۆڵه‌كانی شارو دێ خۆیان كرده‌ باشترین  زه‌خیره‌ی درێژه‌دانی ئه‌و شۆڕشه‌ی ده‌یویست میلله‌تێكی مه‌زڵووم  له‌ ژێرده‌سته‌یی و  وابه‌سته‌بوون و داگیركاری  ڕزگار بكات.
تا ئه‌مڕۆ چه‌ندین كتێب و نوسراوی یاده‌وه‌ری و یاداشتكردنی ڕۆژگاره‌كانی شۆڕشم خوێندۆته‌وه‌، زۆربه‌شیان له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كان و به‌رپرسانی ئه‌وێ ده‌مێی شۆڕش نوسراونه‌ته‌وه‌، وێڕای هه‌موو كه‌موكوڕی و ناته‌واویه‌ك له‌ به‌شێك له‌و یاداشت و كتێبانه‌ هێشتا خه‌رمانی مێژووی شۆڕشیان باڵاكردوه‌و ده‌سك ده‌سك مه‌ڵۆی شۆڕشیان به‌ ڕه‌نج و له‌خۆبوردوویی خۆیان كردۆته‌ خه‌رمانێكی گه‌وره‌، به‌ڵام ده‌شێ بڵێم  هیچیان به‌قه‌د ئه‌م كتێبه‌ی له‌به‌ر ده‌ستم دایه‌  سه‌رنجی ڕانه‌كێشام، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك:
یه‌كه‌م/ نوسه‌ر ڕه‌نج و ماندوو بوون و ڕۆژه‌ خۆش و ناخۆشه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی یاداشت كردووه‌، هه‌ر له‌ جه‌وله‌ی پێشمه‌رگانه‌و دابه‌ش بوون به‌سه‌ر ماڵانی گوندنشین و خه‌وی ناو مزگه‌وت و لاپاڵ و ناو دۆڵ و لاشیوه‌كان  تا ده‌گاته‌ ڕێ ڕۆیشتن و نوكته‌و به‌سه‌رهات و قسه‌ی خۆشی پێشمه‌رگانه‌.
دووه‌م/ هێنده‌ی ناوی پێشمه‌رگه‌ هاوڕێكانی ده‌بات و  وته‌ی ئه‌وان ده‌گێڕێته‌وه‌و هێنده‌ی ئازارو مه‌ینه‌تی و چه‌رمه‌سه‌ری ئه‌وان  باس ده‌كات، نیو هێنده‌  باسی خۆی ناكات.
له‌كاتێكدا  خۆی  به‌شێكی گرنگ بووه‌ له‌و هه‌موو ئازارو مه‌ینه‌تی و ده‌ردی سه‌ریه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له‌وانه‌ی  بیره‌وه‌ری خۆیان نوسیوه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌نها  باسی  شان و بازووی خۆیان ده‌كه‌ن.
سێیه‌م/ نوسه‌ر له‌به‌ر خاتری  خاترداران ده‌ستی نه‌داوه‌ته‌  نوسینه‌وه‌ی  یاداشته‌كانی، به‌ڵكو  ئامانجی ئه‌وه‌ بووه‌ ئه‌ویش مه‌ڵۆیه‌ك له‌ خه‌لێی شۆڕش بخاته‌ سه‌ر خه‌رمانی مێژووی پڕ له‌ به‌سه‌رهاتی میلله‌ته‌كه‌ی.
وێڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ نوسه‌ر  ڕاستگۆیانه‌ یاداشته‌كانی نوسیوه‌ته‌وه‌و  ژیانی  ڕاسته‌قینه‌ی پێشمه‌رگه‌ی خستۆته‌ سه‌ر كاغه‌ز، ڕاستگۆیانه‌ به‌و مانایه‌ی  نه‌ زیادی گوتووه‌ نه‌كه‌م، نه‌ خۆی هه‌ڵكێشاوه‌  نه‌كه‌سی نزم كردۆته‌وه‌.
خاوه‌نی ئه‌م كتێبه‌ ناوی ڕاسته‌قینه‌ی عاسی حوسێن مه‌حمووده‌  به‌ حه‌ق عاسی بووه‌ له‌  دڕنده‌ترین دیكتاتۆری ناوچه‌كه‌ و  ده‌یویست وه‌ك  یه‌كێتیه‌ك له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی قه‌ڵای زوڵم  بڕوخێنێت، شوێنی پێشمه‌رگایه‌تی له‌ سنووری هه‌ردوو تیپی25ی خاڵخاڵان و تیپی 21ی كه‌ركووك بووه‌، كاری پێشمه‌رگانه‌شی  هه‌ر وه‌ك هاوڕێكانی ته‌نها  له‌سنووری كه‌ركوك و گه‌رمیان  نه‌ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ كوێ پێویست بوبێت و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ كوێ پێویستی  پێیان بوبێت ئه‌وان  له‌وێ بوون، بۆ نموونه‌:  ماوه‌ت و قه‌یوان، باڵه‌كایه‌تی، ده‌شتی كۆیه‌، بیتوێن و زۆر شوێنی تر.
زمانی نوسینی ئه‌م كتێبه‌  زمانێكی ساده‌و پاراوه‌ و نوسه‌ر په‌یڕه‌وی شێوه‌ كلاسیكییه‌كه‌ی نه‌كردووه‌ له‌ نوسینه‌وه‌یدا  كه‌  كه‌ی و چۆن بۆته‌ پێشمه‌رگه‌و هه‌نگاوه‌كانی ژیانی منداڵی و گه‌نجی و هۆكاری ده‌رچوونی باس بكات  به‌ڵكو  له‌ خوێندنه‌وه‌ی دا  بۆت  ده‌رده‌كه‌وێت شاكارێكه‌  له‌ شێوه‌ی  ڕۆمان و بۆن و به‌رامه‌ی  ڕۆمانی وه‌رگرتوه‌  به‌ڵام له‌ به‌رگی نوسینه‌وه‌ی  یاداشتدا، به‌مه‌ش  سه‌رنجی خوێنه‌ر  به‌لای خۆیدا  كه‌مه‌ركێش ده‌كات و  وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات  به‌ یه‌كجار  هه‌مووی بخوێنێته‌وه‌  بێ ئه‌وه‌ی پشوو بدات.

كتێبه‌كه‌ 
بیره‌وه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌ك، له‌ 329 لاپه‌ڕه‌ی قه‌واره‌  مام ناوه‌ند پێكهاتووه‌ و ساڵی  2017 چاپكراوه‌.
سه‌ره‌تا و پێشه‌كیی بۆ دانه‌نراوه‌ جگه‌ له‌ نیو لاپه‌ڕه‌  كه‌ تیایدا  هۆكاره‌كانی  نوسینه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ی  بیره‌وه‌رییه‌كانی  تیادا باسكردوه‌ و ڕاسته‌وخۆ له‌ لاپه‌ڕه‌ پێنجه‌مدا  به‌(بیگه‌یه‌نه‌... بێده‌نگی) ده‌ستی پێكردووه‌  كه‌ ئاماژه‌یه‌كی پێشمه‌رگانه‌و كاری پارتیزانیه‌  تا دووژمن  هه‌ست به‌ هیچ جوڵه‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ نه‌كات، له‌وێوه‌  پێشمه‌رگه‌كان به‌ یه‌ك ڕیزی نه‌پساوه‌ و به‌ هۆشیاریه‌كی زۆره‌وه‌  هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو  ڕێده‌كه‌ن به‌ره‌و  جێبه‌جێكردنی ئه‌ركێكی پێشمه‌رگانه‌  به‌ فه‌رمانده‌یی فه‌رمانده‌ی  تیپ و فه‌رمانده‌ی كه‌رت.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی  سه‌رنجه‌ له‌م نوسینه‌وه‌یه‌دا وشه‌ی  ڕه‌سه‌نی كوردی و كه‌ركووكیانه‌ی جوانی تیا به‌كار هاتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی  سه‌رنجم هه‌بوو له‌ سه‌ر زۆر  وشه‌ كه‌ عه‌ره‌بیه‌و ده‌كرا  به‌ كوردی  بێت وه‌ك  عه‌سكه‌ر-سه‌رباز، زرعات-كشتوكاڵ، عومرێك-ته‌مه‌نێك ... هتد.
نووسه‌ر له‌ گێڕانه‌وه‌ی نه‌به‌ردی و چالاكی پێشمه‌رگانه‌و ته‌نانه‌ت له‌ شكسته‌كانیشیان  وێنه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی  ڕووداوه‌كانی نیشان داوه‌و نه‌هاتووه‌  به‌رگێكی جوانتر له‌وه‌ی  هه‌یه‌ بكێشێ  به‌ به‌ریاندا، هه‌روه‌ها  كێ ڕۆڵی باشی هه‌بوبێت یان ڕۆڵی خراپی بینیبێت وه‌ك خۆی باسی كردووه‌، به‌مه‌ش ئامانه‌تی نوسینی به‌جێهێناوه‌.
ئه‌گه‌رچی  هه‌ڵده‌گرێت قسه‌ی زۆرترله‌سه‌ر ئه‌م كتێبه‌ بكرێت چونكه‌ ناوبراو باس له‌ قۆناغێكی هه‌ستیارو ناوچه‌یه‌كی هه‌ستیاری وه‌ك  ناوچه‌ی كه‌ركووك ده‌كات، وه‌لێ  ناتوانرێت له‌ بابه‌تێكی وه‌ها كورتدا  له‌ یه‌كه‌م تا دوا لاپه‌ڕه‌دا شه‌نوكه‌وی جوانی بۆ بكرێت و هه‌موو  لایه‌نه‌كانی ئه‌ته‌كێتی نوسین و زمانی نوسین و لایه‌نی مێژوویی و شێوازه‌  ئه‌ده‌بیه‌كه‌ی له‌ بێژینگ بدرێت و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت، هیچ نا بۆ ئه‌وه‌ی  نووسه‌ر له‌ كتێبی داهاتووی سوود  له‌م خوێندنه‌وه‌ خێرایه‌ وه‌رگرێت بۆیه‌ش جگه‌ له‌وه‌نده‌ی كه‌ باسمان كردوه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیدایه‌  ده‌ستخۆشی بۆ كاك عاسی تێكۆشه‌ری دێرین بنێرین و هیوای  یاداشتكردنی  بیره‌وه‌ریه‌كانی تری بۆ بخوازین.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP