له‌ سوید كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ده‌رگای پشته‌وه‌شیان هه‌یه‌
سۆسیال دیموكراتی‌ سوید دوو خولی دیكه‌ی بۆ كادرانی یه‌كێتی كرده‌وه‌ له‌ سوید كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ده‌رگای پشته‌وه‌شیان هه‌یه‌ ‌ 28/9/2017
پارتی سۆسیال دیموكراتی‌ سوید ده‌سته‌ خوشكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌و ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ وه‌فدێكیان له‌هه‌رێمی كوردستانه‌و به‌هه‌مانگیی نێوان یه‌كێتی و پارتی سۆسیال دیموكراتی‌ سویدو به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی، دوو خولیان بۆ كادرانی یه‌كێتی كردۆته‌وه‌، «خولی كادران، خولی راگه‌یاندن». پێشتریش چه‌ند خولێكی دیكه‌یان بۆ كادرانی یه‌كێتی كردۆته‌وه‌.

خولی راگه‌یاندن
ئه‌و رۆژه‌ی خوله‌كه‌ بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ كادرانی سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی ی.ن.ك (ته‌له‌فزیۆن، رادیۆ، رۆژنامه‌، وێبسایت، سۆشیال میدیا) كرایه‌وه‌، كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌كادرانی راگه‌یاندن به‌شدارییان تێداكردو له‌مه‌كته‌بی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چوو، رۆژی هه‌ینی 22/9/2017، بوو، واته‌ دوو رۆژ دوای كۆچی دوایی خاتوو ئه‌ژین قادر وێنه‌گری كوردستانی نوێ، كه‌ به‌داخه‌وه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ 20/9/2017، دوا ماڵئاوایی كردو بڕیاربوو یه‌كێك بێت له‌ به‌شداربووانی خوله‌كه‌، بۆیه‌ خوله‌كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان و ئه‌ژین-ی جوانه‌مه‌رگ، ده‌ستیپێكرد، له‌هه‌مانكاتدا خوله‌كه‌ سێ رۆژ پێش به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌ی ریفراندۆم بوو له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ ناوبه‌ناو گفتوگۆی هه‌ڤاڵانه‌ له‌سه‌ر دڵسۆزی ئه‌ژین قادرو ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، خۆی تێكه‌ڵی گفتوگۆكان له‌سه‌ر بابه‌تی سه‌ره‌كی خوله‌كه‌ ده‌كرد كه‌  دوو ته‌وه‌ری له‌خۆگرتبوو «هه‌ماهه‌نگیی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بۆ شه‌ڕی دژی تیرۆر»، «هه‌ماهه‌نگیی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن». قسه‌كه‌ری سه‌ره‌كی ته‌وه‌ره‌كانیش مامۆستا یواكیم مێدین نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس‌و ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی سوید بوو. گفتوگۆكانیش له‌لایه‌ن (میر نه‌هرۆ) وه‌ وه‌رده‌گێڕدران، خاتوو دڵپاك تاهیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ش رۆڵێكی به‌رچاوی گێڕا له‌سه‌رپه‌رشتیكردن‌و ئیداره‌دانی خوله‌كه‌، هه‌روه‌ك سه‌میر ئه‌مین نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ له‌ سوید رۆڵێكی به‌رچاوی بینی له‌شیكردنه‌وه‌ی زیاتری بابه‌ته‌كان‌و ده‌وڵه‌مه‌ندتركردنی ناوه‌ڕۆكی ته‌وه‌ره‌كان، هه‌ڤاڵ شۆڕش قادر دانساز-یش هاوكارێكی باش بوو.
له‌ سه‌ره‌تای خوله‌كه‌دا ته‌حسین نامیق جێگری لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، باسی په‌یوه‌ندیی پته‌وی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سۆسیال دیموكراتی‌ سوید وه‌ك دوو حزبی ده‌سته‌خوشك كردو گرنگیی خوله‌كه‌و هه‌ردوو بواری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانیشی روونكرده‌وه‌.

به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كان میدیا كۆبكاته‌وه‌
پاشان یواكیم مێدین بۆچوونه‌كانی خۆی له‌سه‌ر هه‌ردوو ته‌وه‌ر پێشكه‌شكرد، یواكیم ئاشنایه‌تییه‌كی باش و پێویست و راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردستاندا هه‌یه‌، چه‌ندجارێك سه‌ردانی باشوورو رۆژئاڤای كوردستانی كردووه‌و رووماڵی نه‌به‌ردی‌و سه‌ركه‌وتنه‌كانی كۆبانێی كردووه‌و كتێبێكیشی به‌ زمانی سویدی له‌سه‌ر كۆبانێ نووسیوه‌، ته‌نانه‌ت له‌وپێناوه‌دا روبه‌ڕوی زیندانیكردنیش بۆته‌وه‌. ئه‌و له‌ماوه‌ی 7 سه‌عاتی خوله‌كه‌دا به‌ وردی بابه‌تی هه‌ردوو ته‌وه‌ره‌كه‌ی شیكرده‌وه‌و باسی له‌وه‌شكرد «له‌ سوید كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ده‌رگای پشته‌وه‌شیان هه‌یه‌»، وتیشی: ئه‌و ده‌رگایه‌ هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی سوید له‌ پرسه‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كان‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كاندا كۆده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌شی وت: رۆڵێكی گرنگیی میدیا له‌سوید ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و خه‌ڵك به‌یه‌كه‌وه‌ دەبه‌ستێته‌وه‌. هه‌روه‌ها وتی: میدیا نابێت ته‌نها رووداوه‌كان بگوازێته‌وه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ش بكات كه‌ رووداوه‌كان به‌دوای خۆیاندا ده‌هێنن، وتیشی: میدیا له‌سوید به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌چوارچێوه‌ی كاری پیشه‌یی خۆی ده‌رناچێت، راشیگه‌یاند: پێویسته‌ میدیا زیاتر كار له‌سه‌ر بەخشینەوەی ئارامی بکات.
بەڵام لێره‌دا به‌بۆچوونی خۆم وه‌ك به‌شداربوویه‌كی خوله‌كه‌ ده‌توانم بڵێم «به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له‌هه‌رێمی كوردستان پێچه‌وانه‌ی ئه‌م خاڵانه‌ كارده‌كه‌ن». 
ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ سویدییه‌ وه‌ك دڵسۆزێكی بواری میدیا له‌ كوردستان، پێشنیازی ئه‌وه‌شیكرد؛ میدیای كوردستان كار له‌سه‌ر دروستكردنی په‌یوه‌ندیی باش و پته‌و له‌گه‌ڵ میدیا جیهانییه‌كاندا بكات و گرنگیش به‌ زمانه‌ جیاوازه‌كان بدات.

به‌شداربووان به‌سه‌ر چوار گروپدا دابه‌شكران
له‌میانی گفتوگۆی بابه‌ته‌كانیشدا كه‌ به‌شداربووان به‌سه‌ر چوار گروپدا دابه‌شكران و هه‌ریه‌ك له‌گروپه‌كان گفتوگۆی وردیان له‌سه‌ر ته‌وه‌رێك كرد، چه‌ندین خاڵ و پێشنیازی گرنگ خرانه‌ڕوو، بۆ چۆنێتی رووماڵی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و شه‌ڕی دژی تیرۆرو ئه‌و پرسه‌ گرنگانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ ئارادان، له‌ناو بیرۆكه‌و پێشنیازه‌كاندا باس له‌دروستكردنی ژووری هه‌واڵ له‌ راگه‌یاندنی یه‌كێتی كرا، كه‌ من بۆ خۆم چه‌ند جارێكی دیكه‌ش له‌زاری لێپرسراوانی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی یه‌كێتییه‌وه‌ گوێبیستی پێویستی هه‌نگاوێكی له‌وجۆره‌ بووم، به‌ڵام تائێستاش هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی پێشنیازو بیرۆكه‌دا ماوه‌ته‌وه‌!.

له‌ سوید راگه‌یاندن ده‌سه‌ڵاتی سێیه‌مه‌
هه‌ر له‌میانی گفتوگۆكاندا گوێمان له‌وه‌ش بوو «له‌ سوید راگه‌یاندن ده‌سه‌ڵاتی سێیه‌مه‌، چونكه‌ له‌وێ یاسا به‌ته‌واوی سه‌روه‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئه‌وه‌نده‌ ناسراوو رێزلێگیراوو خاوه‌ن بڕیاره‌، كه‌س باسی ناكات‌و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوو پێویستی هه‌یه‌».
له‌كۆتایشدا چه‌ندین پرسیار ئاڕاسته‌ی یواكیم مێدین كراو به‌وردی وه‌ڵام درانه‌وه‌.

 خولێكی به‌سوود بوو
خوله‌كه‌، جگه‌ له‌وه‌ی خولێكی به‌سوود بوو، له‌هه‌مانكاتدا هه‌ماهه‌نگییه‌كی باشی له‌نێوان كادره‌ به‌شداربووه‌كاندا دروستكردو ئێستاش رۆژانه‌ له‌ڕێگه‌ی جیاوازه‌وه‌، له‌گرنگترین هه‌واڵ‌و چالاكی، یه‌كتر ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌توانم بڵێم له‌و هه‌نگاوه‌ش سوودی باشم بینیووه‌. بڕیاریشه‌ خوله‌كه‌ به‌رده‌وام بێت. 
 
ئامانجی خوله‌كه‌ 
له‌باره‌ی ئامانجی خوله‌كه‌وه‌، دڵپاك تاهیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌و سه‌رپه‌رشتیاری خولی راگه‌یاندن پێیڕاگه‌یاندین: ئه‌م خوله‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و خولانه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی له‌گه‌ڵ رێكخراوی پاڵما سه‌نته‌ری سویدی رێكه‌وتننامه‌ی هه‌یه‌ بۆ په‌روه‌رده‌كردنی كادر له‌ هه‌موو بواره‌كاندا. هه‌روه‌ك چۆن له‌ ماوه‌ی رابردووشدا چه‌ندین خولی تریشمان كردۆته‌وه‌، «ئه‌م خوله‌ تایبه‌تبوو به‌ كادرانی راگه‌یاندنی یه‌كێتی و دوو ته‌وه‌ری گرنگی له‌خۆگرتبوو، به‌وپێیه‌ی پێمان گرنگبوو له‌ چوارچێوه‌ی خولێكدا بگاته‌ كادرانی راگه‌یاندن»، وتیشی: ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین خول بووه‌ به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌كادرانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌بچێت‌و له‌ئایینده‌شدا به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كادرانه‌ سوود له‌ئه‌زموونی كاری راگه‌یاندنی پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید وه‌ربگرن.
هه‌روه‌ها سه‌میر ئه‌مین نوێنه‌ری ی.ن.ك له‌ سوید ئاماژه‌ی به‌وه‌دا «ئه‌م خوله‌ به‌شێكه‌ له‌چالاكییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوو حزبی ده‌سته‌ خوشك، یه‌كێتی و سۆسیال دیموكراتی سوید»، وتیشی: مه‌به‌ستمان له‌م خوله‌ پێشخستنی زیاتری بواری راگه‌یاندنه‌.

خولی كادران
شایانی باسه‌، خولی كادرانیش رۆی 23/9/2017، ده‌ستیپێكردو رۆژی 25/9، كۆتایی هات‌و تێیدا زیاتر له‌ 30 كادری ئۆرگانه‌ جیاوازه‌كانی یه‌كێتی به‌شدارییان تێدا كردو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیش تاوتوێكردنی پرسی هه‌ڵبژاردن بوو، بابه‌ته‌كانیش له‌لایه‌ن شه‌ش كادری باڵای سۆسیال دیموكراتی‌ سویده‌وه‌ پێشكه‌ش  ‌كران.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP