بۆچی ئاندرێ بازێن؟
بۆچی ئاندرێ بازێن؟ ‌ 29/9/2017
وەرگێڕان لە ئاڵمانییەوە: جەمشید بەهرامی
ئاندرێ بازێن :(André Bazin)وەک بەرجەستەترین فیلمسازی فەڕەنسی دوای شەڕێ جیهانی دێتە ئەژمار و بە باوکی رۆحی «شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕانسە» ناسراوە.
دوای خوێندنی بەشی مامۆستایان لە زانکۆ، لە ساڵی 1943 بە دواوە وەک رەخنەگری فیلم لە بزووتنەوەی نادی‌فیلمدا چالاک بوو، گیرۆدەی نەخۆشینی «سێل» بوو، و بەردەوام لە ژێر زەختی ئەو نەخۆشینەدا بوو، لە کۆتاییدا بەهۆی شێرپەنجەی خوێنەوە لە ساڵی 1958 کۆتایی بە ژیان هێنا.
روانگە:
لە فەڕانسەدا بازێن بە بابەتەکانیەوە بووە بناخەداڕێژەری رەخنەی فیلم لە وێنەی پیشەیەکی بەرجەستەی رۆشنبیرانەدا. لە ساڵی 1951دا بازێن لەگەڵ «ژاک دانیل والکروز» گۆڤاری «کایە دو سینەما»ی دامەزراندا، لەو گۆڤارەدا کەسانێکی دیکەش لەوێنەی فرانسوا ترۆفۆ، ژان لۆک گۆدار، ژاک ریڤێت، لوک موولە، ئێریک رۆمێر، کلۆد شابرۆل بابەتیان بڵاو دەکردەوە.
گرنگترین دەقی بازێن لە چوار بەرگدا لە ژێر نێوی «سینەما چییە؟» بڵاو کراوەتەوە. هەروەها کۆمەڵە دەقگەلێکی زۆر لە بازێن لەسەر چارلی چاپلین بڵاو بووەتەوە، بازێن هەروەها نووسەری دەقگەلی تایبەت لەسەر «ئوورسەن ڤێڵز» و «ژان رێنوار»ـە. دوایین بەرهەمی ناتەواوی لەژێر چاوەدێری «ترۆفۆ» و رەخنەگرانی دیکەی «کایە دۆ سینەما»دا تەواو کراو و دوای مەرگی بڵاو کرایەوە.
بازێن بناخەداڕێژەری دوایین تیۆری «ئەخلاقی» و «نیشانەناسی»یە
خاڵی سەرەکی بیرۆکەی بازێن (فیلم چییە؟) وەبیرمان دەهێنێتەوە کە بۆ بازێن، پرسیارەکان گرنترن لە وەڵامەکان. تیۆری فیلمی بازێن کارێکی پوخت نییە، بەڵکوو کۆمەڵە بابەتێکە، کە لەواندا ئەو دیسانەوە بۆچوونەکانی هەڵدەسەنگێنێت و تیۆرییە رەخنەگرانەکەی دیسانەوە دەنووسێتەوە. بازێن بەڵگەدەهێنێتەوە کە وەک خوێندکارێکی پێشووتری دیاردەناسی روانگەکانی پێوەندی بە ریالیزمەوە هەیە بەڵام ئەمە لە حاڵێکدایە کە خاڵی سەرەکی روانگەکانی ئەو زۆرتر پێوەندییان بە «کارکردگەرایی‌»یەوە(Funktionalismus) هەیە و نابێت ناوی ریالیزمیان لەسەر بنرێت. چونکوو گرنگایەتی و مانای فیلم پێوەندی بەم بابەتەوە نییە نییە کە فیلم چییە، بەڵکوو پێوەندی بەوەوە هەیە کە فیلم چ کاریگەرییەک دادەنێت.
بۆ بازێن ئەو مانا و گرنگایەتییەی فیلم پێوەندی بە راستەقینەوە نییە هەروەها کە زیگفیر کراکایر باسی لێدەکات. بە واتایەکی دیکە: لە فیلمدا ئەگەر جوانیناسی فاکتۆری سەرەکی نەبێت دەروونناسی دەبێت بە فاکتۆرێکی سەرەکی لە پەنای فیلمدا، چونکوو کاتێک گەشەی هونەری فیلم و دەروونناسی لە پێوەندیدییەکی نزیکتردا بن، کاریگەری زیاتری فیلمی بەدواوە دەبێت.
ئەزموونکردنی ئەم هۆگرایەتییە بازێن لە نیۆڕیالیزمی ئیتالیا نزیک دەکاتەوە: تەکنیک دەگەڕێتەوە بۆ خزمەتکردن بە کاریگەرییەکی ئەخلاقی، سیاسی و دەروونناسی(لە کۆتاییدا).
بۆچی ئاندرێ بازێن:
هەر بەڕاست بۆ چی «ئاندرێ بازێن»؟ ئێمە وەک چالاکانی بواری تیۆریکی فیلم، بۆ دەبێت ئەمڕۆکە بە دەقەکانی رەخنەگر و تیۆریدارێژێکی سینەماوە سەرقاڵ بین کە پەنجا ساڵ بەسەر مەرگیدا تێپەڕ دەبێت، کەسێک کە زۆربەی دەقەکانی لە گۆڤار و بڵاڤۆکە نەناسراوەکاندا بڵاو کردوەتەوە، بەڵام ئایا دەقە زانستییەکانی بە واتایەک لە بواری سینەمادا لە روانگەی زانستییەوە هیچ چەشنە بایەخێکیان نەبوو؟ بۆ دەبێ ئێمە بەردەوام و سەر لە نوێ ئەو بنەمایانەی کە لە وێنەی رێسا گەشەکردووەکان ناسراون، شرۆڤە بکەین؟ لەوانەیە هۆکاری هۆگرایەتییەکەمان، بۆ «تیۆری مێژوویی رەسەن» بگەڕێتەوە؟ یان ئەوەی کە لە بنەڕەتدا لە دەقەکانی «بازێن»دا زۆر شت خۆیان حەشار داوە و دەکرێ سەرچاوەی فێربوون بن.
سەرەتا دەبێت بزانین کە «بازێن» لە بازنەی زمانی ئەڵمانیدا (تەنانەت لە زۆرێک لە زمانەکانی دیکەشدا، لەوانە زمانی کوردی/وەرگێڕ) نووسەرێکی نەناسراوە، هەڵبەت مەبەست خودی «بازێن» وەک کەسایەتییەک نییە، لەوانەیە لە دەوروبەری ئێمەدا زۆر کەس ناوی ئەویان بیستبێت، یان یەک دوو دەقی ئەویشیان خوێندبێتەوە. لە راستیدا دەقەکانی «بازێن» نەناسراون، چونکوو کەمتر لە یەک لە حەوتی دەقەکانی بە زمانەکانی فەڕەنسی و ئینگلیزی لە دەستڕەسدایە و بێگومان ئەو رێژەیە لە زمانەکانی دیکەشدا (وەرگێڕ) کەمتریشە. زۆرێک لە بابەتە چاپ کراوەکان (سەرەڕای وەرگێڕانی خراپیان) بە زمانی ئەڵمانی لە دەستڕەسدا نین  و دیسانەوە چاپ ناکرێنەوە. هەر بۆیە بۆ وێنە نەوەی نوێ زۆر کەم، بابەتە زێڕینەکەی «ویلیام وایلێر» دەناسێت، چونکوو بەس لە چەند بەرگی بچووکدا لە ژێر ناوی «رەخنەی فیلم لە وێنەی مێژووی فیلم» بڵاو کراوەتەوە و لە مێژە کە لە دەستڕەسیشدا نییە. زۆرێک لە دەقە گرنگەکان وەک «سیاسەتی نووسەران»، «بڵاوکردنەوەی هاوکاتی ژیان و مەرگ» تا ئێستاکە وەرنەگێڕدراونەتەوە.
هەنووکە چاوەڕوانین کە «سینەمای زوڵم و ستەم» (کۆمەڵە وتارێک لە شترۆهایم، دریەر، بونوێل، هیچکاک، ستورکێس و کوورۆساوا)، یان «ئازادی لە شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕانسەدا» وەربگێڕدرێتەوە و چاپ و بڵاو بکرێتەوە. ئەوانە لە سەرەتاوە ناتوانن وێنایەکی یەک لایەنە لە «بازێن» وەک راستەقینە درووست بکەنەوە. هەروەها دەقەکانی بازێن لە مەڕ تەلەفیزیۆن لە هەر وڵاتێکدا (وەرگێڕ) دەبێت لە سەرەتاوە بە تەواوەتی شرۆڤەیان بۆ بکرێت. ئەمە وێنایەکی دەگمەن دەدات بە دەستەوە: جێگرەوەیەکی ناسراو بۆ تیۆری فیلم، کارێکی لە بیرکراو و بە گشتی نەناسراو. بۆ ئەم خاڵە ئەم باروودۆخە پێوەندی بە مێژووی ژیانی «بازێن»ەوە هەیە. لە ساڵەکانی دوای مەرگی «بازێن»دا و هێدی هێدی بڵاوکردنەوەی چوار بەرگی کتێبی «سینەما چییە؟»، «بازێن» کاریگەریی خۆیی لە بەرزترین ئاستدا دانا، بەڵگەش بۆ کاریگەریەکەی لە ژمارەی 91ی گۆڤاری «کایە دۆ سینەما»دا پیشان درا، کە نزیک بە 50 ساڵ لەوە پێش بڵاوکرایەوە و تێیدا دۆستان، هاوکاران و هاوڕێیانی بازێن رێزیان لە بازێن گرت.
بەهۆی تێکستێکی «ئێریک رۆمێر»وە لە ژێر نێوی «کۆ بەرهەمەکانی ئاندرێ بازێن»، یەکەمین هەوڵی سەنتێزێک بۆ تیۆری «ئاندرێ بازێن» هاتە ئاراوە، لەو تێکستەدا «رۆمێر» نەخشە رێگای دوایین شێوازی رێسا بنەڕەتییەکانی ریالیزم نیشان دەدات. بەڵام بەس دەساڵ دوای بڵاوکردنەوەی ئەو تێکستە، لە بازنەی کولتووری فیلمی فەڕەنسیدا، بازێن بووە هۆی سازکردنی کێشە و نانەوەی هەرا:
نووسینی بابەتگەلێکی موناقشەخولقێن سەبارەت بە کاریگەری ئایدۆلۆژیکی سینەما، واتە ئەو بابەتانە بۆ ئەو لە رواڵەتدا و بە ئاشکرا سەبارەت بە تێڕوانینی راستەقینە بوون، هەروەها بۆ ئەو مەبەستەش نیشانەناسی لە وێنەی نموونەیەکی رێنوێنیکەری زانستی فیلم، بوونە هۆی ئەوەی کە دەقەکانی بازێن لە هەموو بوارێکەوە وەک خاڵێکی نەرێنی دەخوێندرانەوە (ئێستاکەش).
روانگەی کاریی بازێن لە سینەمادا وەک ئادیالیستێک دێتە ئەژمار، واتە ئادیالیستێک کە لە روانگەی ئەوەوە جوانیناسی گەشەسەندوو پێش دەکەوێت. تا سەرەتای 80کانی زایینی ئەم شێوازە قبووڵنەکراوە لە زانستی سینەمادا بڵاوەی کرد و تەنانەت لە کتێبە فێرکارییەکانیشدا جێی خۆی کردەوە.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەو رەخنە توند و تیژەی کە بازێن ناچار بوو لەژێر نێوی «نموونەی تیۆریکی گەشە»، زیاتر لە دە ساڵ بیشارێتەوە، بە ئاسانی لە بیرکرا، کە بە پێی کام واتای بنەڕەتی کارەکەی بازێن بۆ کولتووری فیلم لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستدا و هەروەها بۆ زانستی فیلم، لە وێنەی دیسیپلین بووە.
قوتابییەکانی بریتی بوون لە: تروفۆ، رۆمێر، ژاک ریڤێت و گۆدار، کە لە بنەڕەتدا وەک رەخنەگر، شێوازی کاریی دانەر(مۆئەلیف)ی راستەقینەی فەڕنسی‌یان بەجیهانی کرد و پۆلینبەندییەکان و نموونەی هەڵسەنگاندنی نەریتی فیلمیان بە گشتی بەرجەستە کردەوە. لە ئاکامدا بە یەکجاری هەموو وڵاتانی دیکە «شەپۆلی نوێ»ی سینەمای فەڕەنسەیان ئەزموون کرد و لەگەڵی ئاشنا بوون و ئەمڕۆکە دەرهێنەرانی هالیوود دان بە پێگەی ئەواندا دەنێن و ئەوان لە وێنەی نووسەر و خولقێنەر و دانەری فیلم قبووڵ دەکەن.
بە بێ هەوڵەکانی بازێن و ئەو بازنەیەی کە ئەو بۆ فیلم بەسەرچاوەی دەزانێت و هەروەها لە نیشانەکانی نووسەرە گەورەکاندا دیارە-بە هەموو دڕدۆنگییەکانیانەوە کە بازێن خۆی بە هۆی زۆر بەکارهێنانییەوە لە شێوازی کاریدا نیشانیدا- زانستی فیلم قەد بەو پێگە ئاکادمیکە نەدەگەیشت.
هاوکات بازێن خۆی ئەو «بەسەرچاوە زانینە» زۆر بەگونجاو دەزانێت، چونکوو لە دوای مالرۆ ئەو فیلم وەک سەرمەشق و نموونە لە مێژووی هونەردا جێگیر دەکات و هاوکات  باس لە تەوەرگەلێک وەک ئیقتباسی ئەدەبی دەکات کە لە راستیدا ئەم تەوەرە لە وێنەی کردنەوەی دەرگایەک بە رووی بەئاکادمیک کردنی زانستی فیلمدا رۆڵێکی گرنگی گێڕا. لە کۆتاییدا بە کتێبی «تیۆرییە سەرەکییەکانی فیلم» بەرهەمی «دادلی ئاندرێو» لە ساڵی 1976 زۆرتر بازێن ناسرا، لەو کتێبەدا «دادلی ئاندرێو» بازێن وەک تیۆریداڕێژی سەرەکی ریالیزم دەناسێنێت، و هەرەرها دوای بیۆگرافی ئاندرێو لە ساڵی 1978دا بازێن وەک تیۆریداڕێژێکی کلاسیکی فیلم بەرجەستە بوویەوە.
هەمیشە دڵنیا بوو کە بە هیچ چەشنێک لە لایەن سەردەمە «پۆست پێکهاتەخواز»ـەکانەوە روانگەکانی قبووڵ ناکرێت، هەر بە هەمان شێوەش دانیش بە ئەنستیتۆکەیدا نانرێت، وەک ئەوەی کە دان بە پێویستی و خۆنەدزینەوەی گوتاری سیاسیشیدا نانرێت. بەتەواو مانا ئەوە لە بەرچاو نەدەگیرا کە بەربەستی لێکدانەوەیی، تیۆریکی و مێژوویی چەمکێک لە دەقەکانیدا هەروەها بۆ زانستی فیلمی ئەمڕۆکەش نموونە و سەرمەشقە.
دوای بابەتەکانی دادلی ئاندرێو، بازێن دیسانەوە بۆ تیۆریسینەکانی دیکەی سینەمادا ناسرایەوە، و لە لایەن ژیل دلۆز و «فیل رۆزین (Phil Rosen)»ـەوە بە تایبەتی بەرجەستە کرایەوە، دلۆز لە دوو کتێبەکە بەنرخەکەیدا بازێن رۆڵێکی بەرجەستە دەگێڕێت، و فیل رۆزێن بە بابەتی «مێژووی دیمەن، دیمەنی مێژوو: بابەت و ئۆنتۆلۆژی بازێن» لە ساڵی 1987دا، لە ساڵی 2004دا لە ژێر ناوی «گۆڕانی مۆمیایی»دا بڵاو کرایەوە. لە درێژەدا لە ساڵی 2008 باسە مۆناقشەخولقێنەکانی تایبەت بە تیۆری «بازێن» بە لووتکە گەیشت.
کۆنفڕانسگەلێکی زۆر گەورە لە ساڵیای 50ساڵەی مەرگ و 90ساڵەی لە دایکبوونی «بازێن»دا رێکخرا، بۆ ئەوەی کە لە بازێن وەک رەخنەگرێکی فیلم و تیۆریداڕێژێکی فیلم رێز بگرن و سەرنج بدەنە بەرهەمەکانی و تا ئەو کاتەی کە لەبیرکرابوو. لە کۆنگرەی نێونەتەوەیی شانگهای «جیا ژانگ-کێ» یەکێک لە دەرهێنەرە بەرجەستەکانی چین، بە بێ هیچ سێ و دوویەک نەوەی خۆی بە «بازێن»یەکان ناوزەد کرد.
ئاسۆی رۆژهه‌ڵات


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP