ماڵـئاوایی سه‌رۆک مام جه‌لال له‌ دیدی میدیای جیهانه‌وه‌
ماڵـئاوایی سه‌رۆک مام جه‌لال له‌ دیدی میدیای جیهانه‌وه‌ ‌ 5/10/2017
ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

هیچ سه‌رکرده‌یه‌کی کورد هێنده‌ی مام جه‌لال له‌ناو میدیاکانی جیهاندا نه‌ناسراوه‌، هه‌ر‌ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌ میدیاکانی جیهان، به‌گرنگییه‌وه‌ باس له‌ ماڵئاواییکردنی سه‌رۆک مام جه‌لال بکه‌ن و پانتاییه‌کی باش بۆ ئه‌م هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌ ته‌رخانبکه‌ن.

بی بی سی
ئاژانسی بی بی سی به‌ریتانیا که‌ یه‌کێکه‌ له‌ ئاژانسه‌ گه‌وره‌و‌ ناسراوه‌کانی به‌ریتانیا و جیهان، به‌ زۆربه‌ی زمانه‌کانی جیهان هه‌واڵی کۆچی دوایی مام جه‌لال بڵاوکردۆته‌وه‌و راپۆرتی له‌سه‌ر ژیان و خه‌باتی سیاسی بڵاوکردۆته‌وه‌وده‌ڵێت: مام جه‌لال سیاسییه‌کی به‌توانا و رێزدار بوو، خاوه‌نی ئه‌زموونێکی درێژی سیاسی بووه‌ و کاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌ناو مێژووی سیاسی مۆدێرنی عیراق گێڕاوه‌و له‌سه‌رده‌می حوکمی شانشینی و کۆماریدا له‌ عیراق ژیاوه‌و خه‌باتی کردووه.
گاردیان:
رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانیاش، که‌ ناسراوترین رۆژنامه‌ی به‌ریتانیاو جیهانیشه‌، راپۆرتێکی له‌مباره‌یه‌وه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌ و تیشکی خستۆته‌ سه‌ر ژیانی سیاسی و شه‌خسی مام جه‌لال و ده‌ڵێت:  تاڵەبانی دەرچووی بەشی یاسا، کلیلی قۆناغی تێپەڕاندنی پێکهێنان و دووبارە دارشتنەوەی عیراقبوو دوای لەناوچوونی سەدام لە ٢٠٠٣، پاش هەڵبژاردنەکان راسپێردرا بۆ سەرۆک کۆماری عیراق کە پۆستێکی گەورەی تەشریفاتی بوو، لەلایەن پەرلەمانی تازە پێکهاتووی عیراق لەساڵی ٢٠٠٥

گۆڤاری شپیگڵی ئه‌ڵمانیا
گۆڤاری شپیگڵی ئه‌ڵمانیا که‌ ناسراوترین گۆڤاری ئه‌ڵمانیایه‌، له‌سه‌ر سایته‌که‌ی خۆی راپۆرتێکی بڵاوکردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت: مام جه‌لال یه‌که‌مین سیاسه‌تمه‌داری کورده‌و ده‌بێته‌ سه‌رۆکی عیراق. دواتریش له‌باره‌ی ره‌وشی ته‌ندروستییه‌وه‌‌ قسه‌ ده‌کات و‌ ده‌ڵێت: مام جه‌لال ته‌مه‌نی 83 ساڵه‌ ماوه‌ی پێنچ ساڵه‌ نه‌خۆشه‌و‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی « چاریته‌» له‌ به‌رلین چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت. 
خودا حافیزی له‌ مام جه‌لال
که‌ناڵی یه‌کی ئه‌ڵمانیا که‌ به‌ربڵاوترین که‌ناڵی تیڤی ئه‌ڵمانیایه‌وه‌ که‌ناڵێکی فه‌رمییه‌، راپۆرتێکی چوار ده‌قیقه‌یی له‌باره‌ی ژیاننامه‌و خه‌بات و کاری سیاسی مام جه‌لال له‌ژێرناوی « خودا حافیزی له‌ مام جه‌لال « بڵاوکردۆته‌وه‌، له‌و راپۆرته‌دا تیشکی خستۆته‌ سه‌ر زۆر خاڵی گرنگی ژیانی مام جه‌لال.

دژی حوکمی سێداره‌دان و سه‌ربه‌خۆیی بووه‌
له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌که‌یدا هاتووه‌: مام جه‌لال ناسراوترین که‌سایه‌تی سیاسیی کوردبووه‌، پیاوێکی ده‌وڵه‌تمه‌داری رێزدار و سه‌نگین و دووربین بووه‌، ئه‌و یه‌که‌مین سیاسیی کوردو عیراقی بووه‌ که‌دژی حوکمی سێداره‌ وه‌ستاوه‌ته‌‌وه‌. جگه‌له‌وه‌ش له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌ی کورده‌کانی عیراق نه‌بووه‌. 

یه‌که‌م سه‌رۆکی ناعه‌ره‌ب
رۆژنامه‌ی سوید دۆیتچه‌ تسایتوونگ، که‌ رۆژنامه‌یه‌کی ناسراوی ئه‌ڵمانیاییه‌و زیاتر مه‌یلی موحافیزکه‌رانه‌ی هه‌یه‌، راپۆرتێکی له‌باره‌ی کۆچیی دوایی مام جه‌لال بڵاوکردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت: مام جه‌لال یه‌که‌مین سه‌رۆکی عیراقی بووه‌ که‌ عه‌ره‌ب نه‌بووه‌و سیاسه‌ته‌مدارێکی ناسراوی کورد بووه‌ که‌ هه‌تاوه‌کو ساڵی 2014 سه‌رۆکی عیراق بووه‌. 
سه‌مامی ئه‌مان
که‌ناڵی دۆیتچه‌ ڤێله‌ که‌ که‌ناڵێکی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌ڵمانیایه‌وه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ پشتگیری ده‌کرێت و به زیاتر له‌ 30 زمان ، به‌رنامه‌کانی په‌خش و بڵاوده‌کاته‌وه‌. راپۆرتێکی درێژی له‌باره‌ی کۆچی دوایی مام جه‌لال ئاماده‌کردووه‌ و چ له‌ سایته‌که‌یان یان له‌ ته‌له‌فزیۆن بڵاوکراوه‌ته‌وه‌و تێیدا ده‌ڵێت: کورده‌کان پێیان ده‌گووت مام جه‌لال، عیراقییه‌کانیش زۆر رێزیان لێده‌گرت و پێیان ده‌گووت، « سه‌مامی ئه‌مان».
هه‌وڵی که‌مکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی نێوان کورد وعه‌ره‌بی ده‌دا
له‌درێژه‌ی راپۆر‌ته‌که‌ی که‌ناڵی دۆیتچه‌ ڤێله‌دا هاتووه‌: هه‌میشه‌ مام جه‌لال رۆڵی هێورکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی نێوان کورد و عه‌ره‌بی ده‌دا، هه‌ر‌ئه‌مه‌ش وایکرد که‌ عه‌ره‌به‌کانیش رێزی لێبگرن و نازناوی سه‌مامی ئه‌مانی پێبدده‌ن. جگه‌له‌وه‌ش هه‌میشه‌ مام جه‌لال هه‌وڵیداوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ، په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و باشی هه‌بێت.

گۆڕینی نه‌هجی سیاسی 
له‌باره‌ی تێڕوانین و ئه‌ندێشه‌ی سیاسیی مام جه‌لاله‌وه‌ ئه‌و که‌ناڵه ‌ئه‌ڵمانییه‌ ده‌ڵێت: هه‌میشه‌ مام جه‌لال  له‌کاتی دروستبوونی ته‌نگه‌ژه‌کاندا ، ده‌یتوانی تێڕوانین و رێبازی سیاسی خۆی بگۆڕێت، که‌ئه‌مه‌ش زۆرجار ده‌بووه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی، که‌ رووبه‌روی ره‌خنه‌ و لۆمه‌ی زۆرکه‌س و لایه‌ن  بێته‌وه‌. 

نیۆرک تایمز
رۆژنامه‌ی نیو یۆرک تایمز، که‌یه‌کێکه‌ له‌ رۆژنامه‌ ناسراوه‌کانی ئه‌مریکاوجیهان، راپۆرتێکی له‌باره‌ی کۆچی دوایی سه‌رۆک مام جه‌لاله‌وه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌و‌ تێیدا هاتووه‌:  سەرۆکایەتی کۆماری عیراق بەپێی دەستوور تەشریفاتییە، بەڵام بەڕێز تاڵەبانی بەهۆی لێهاتوویی خۆیەوە توانیبووی پردێکی پەیوەندی دروست بکات و خۆی خاوەنی پێگەکەیبێت. لە ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٢ وەک سەرکردەیەکی پایە بەرزی بێ سنوورو بەهێزو کاریگەر سەرۆکایەتی کرد.

لۆس ئەنجلیس تایمز
رۆژنامه‌ی لۆس ئه‌نجلۆس تایمزیش که‌ ئه‌ویش رۆژنامه‌یه‌کی لیبڕاڵی ناسراوی ئه‌مریکایه‌، راپۆرتێکی له‌مباره‌یه‌وه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت:  تاڵەبانی سەرۆکی یەکێک له‌ سەرەکیترین پارتی کوردی عیراقە، لە دوای ٢٠٠٣و روخانی سەدام حسێن بوو بە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، هەمیشە وەک کۆکەرەوەی سیاسی و سیاسەتمەدارەکان بینراوە، توانیویەتی بە نەرمی کوردو شیعەو سوننەی کورد رێکبخات و کۆبکاتەوە.
سی ئێن ئێن
که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی سی ئێن ئێن که‌ ناسراوترین و به‌ربڵاوترین که‌ناڵی تیڤی ئه‌مریکاو جیهانیشه‌، راپۆرتێکی له‌مباره‌یه‌وه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌و تیشکی خستۆته‌ سه‌ر ژیانی سیاسیی و شه‌خسی سه‌رۆک مام جه‌لال، به‌تایبه‌تی لایه‌نی ته‌ندروستی و  ده‌ڵێت: مام جه‌لال  سیاسه‌تمه‌دارێکی کورده‌و‌ له‌ 12 نۆڤێمبه‌ری 1933 له‌ پارێزگای سلێمانی له‌دایکبووه‌و له‌ساڵی 2007 تووشی نه‌خۆشێی بووه‌و سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی « الحسین» ی له‌ ئوردون کردووه‌و دواتریش له‌ساڵی 2008 چۆته‌ ئه‌مریکا بۆ چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشیه‌که‌ی، دواتریش له‌ساڵی 2012 ه‌وه‌ ره‌وشی ته‌ندروستی ته‌واو خراپبووه و چۆته‌ ئه‌ڵمانیا‌. له‌لایه‌کی تره‌وه‌  ئه‌ویش باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ سه‌رۆک مام جه‌لال، یه‌که‌مین سه‌رۆکی عیراقی بووه‌ که‌ عه‌ره‌ب نه‌بووه‌. 

جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی هه‌مووان بووه‌
که‌ناڵی « روسیا توده‌ی» که‌ که‌ناڵێکی روسییه‌ و به‌چه‌ندین زمانی جیهانی به‌رنامه‌کانی په‌خش ده‌کات، له‌مباره‌یه‌وه‌ راپۆرتێکی بڵاوکردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت:  جه‌لال تاڵه‌بانی ناسراوترین سه‌رکرده‌ی کورد بووه‌ له‌جیهاندا،هه‌روه‌ها که‌سێکی به‌ئه‌زموون و سه‌نگین بووه‌و له‌لای هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی عیراق ، مایه‌ی رێز و حورمه‌ت بووه‌.

حه‌وت وێزگه‌ی ژیانی
ئاژانسی سپوتنیکی روسیا که‌ یه‌کێکه‌ له‌ ئاژانسه‌ ناسراوه‌کانی روسیاو به‌ چه‌ندین زمانی جیهانی هه‌واڵه‌کانی بڵاوده‌کاته‌وه‌، راپۆرتێکی گرنگی له‌مباره‌یه‌وه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌و تێیدا باسی له‌ حه‌وت وێزگه‌ی گرنگی ژیانی سیاسی مام جه‌لال باسکردووه‌. تێیدا خه‌باتی مام جه‌لال له‌سه‌رده‌می شانشینی و کۆماری باسکردووه‌.

که‌سایه‌تییه‌کی ته‌وافقی
له‌درێژه‌ی راپۆرته‌که‌دا هاتووه‌: له‌پاش رووخانی رژێمی سه‌دام حسێن له‌ساڵی 2003ه‌وه‌، جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌مه‌یدانی سیاسی عیراقدا، باشترین که‌سایه‌تی ته‌وافقی بووه‌، که‌ده‌یتوانی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناکۆکه‌کانی عیراق کۆبکاته‌وه‌.

دۆستی ئێران وئه‌مریکاش بووه‌
دواتریش باسی حیکه‌مه‌تی مام جه‌لال ده‌کات و ده‌ڵێت: جه‌لال تاڵه‌بانی له‌یه‌ک کاتدا ده‌یتوانی دۆستی ئه‌مریکا و ئێرانیش بێت، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ زۆر دوژمنی یه‌کترین.

رۆیته‌رز
ئاژانسی رۆیته‌رز که‌ناسراوترین ئاژانسی هه‌واڵییه‌ له‌جیهاندا، راپۆرتێکی درێژی له‌باره‌ی ژیانی سیاسی وشه‌خسی سه‌رۆک مام جه‌لاله‌وه‌  بڵاوکردۆته‌وه‌و دواتریش باسی له‌ ئه‌ندێشه‌ی سیاسی ده‌کات و ‌ ده‌ڵێت: مام جه‌لال په‌یوه‌ندیه‌کی زۆر باشی له‌گه‌ڵ ئێران‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ شیعه‌کانی عیراقدا هه‌بوو، که‌له‌ راستیشدا هه‌رئه‌وانه‌ش ده‌سه‌ڵاتداری راسته‌قینه‌ی عیراقن. 

دانوساتکارێکی زیره‌ک بوو
که‌ناڵی فرانس 24 ی فه‌ره‌نساش که‌به‌چه‌ندین زمانی جیهانی به‌رنامه‌کانی په‌خش ده‌کات، راپۆرتێکی درێژی له‌باره‌ی ژیانی سیاسی و شه‌خسی سه‌رۆک مام جه‌لال بڵاوکردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت:  جه‌لال تاڵه‌بانی سیاسیه‌کی  سه‌نگین و ناسراو بوو، جگه‌له‌وه‌ش دانوساتکارێکی زۆر زیره‌ک بوو، له‌لای زۆربه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی عیراق، رێزی لێده‌گیرا و جگه‌له‌وه‌ش ده‌یتوانی هه‌موو لایه‌نه‌ ناکۆکه‌کان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ کۆبکاته‌وه‌. 

رۆژنامه‌ی گه‌لی چینی
رۆژنامه‌ی گه‌لی چینی که‌ ناسراوترین رۆژنامه‌ی کۆماری چینه‌و له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ پشتگیری ده‌کرێت و به‌ چه‌ندین زمانی جیهانی   په‌خش ده‌کرێت، راپۆرتێکی له‌باره‌ی کۆچی دوایی مام جه‌‌لاله‌وه‌ ئاماده‌کردووه‌ و تێیدا تیشکی خستۆته‌ سه‌ر ژیانی سیاسی مام جه‌لال و ده‌ڵێت: له‌ساڵی 1975 ه‌وه‌ پارتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی دروستکرووه‌و له‌ساڵی 2005 ه‌وه ‌بۆته‌ سه‌رۆکی عیراق و ‌یه‌که‌مین کورد بووه‌ و بگاته‌ ئه‌و پۆسته‌. 
فرانس پرێس
ئاژانسی فرانس پرێس که‌یه‌کێکه‌ له‌ ئاژاسنه‌ ناسراوه‌کانی  فه‌ره‌نسا و جیهان، راپۆرتێکی له‌مباره‌یه‌وه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌ و تێیدا تیشكی خستۆته‌ سه‌ر ژیانی سیاسی مام جه‌لال و دواتریش له‌ناو راپۆرته‌که‌یدا لێدوانی کۆمه‌ڵێک سه‌رکرده‌ و به‌رپرسی کوردستانیی و عیراقی له‌باره‌ی مام جه‌لاله‌وه‌  بڵاوکردۆته‌وه‌ و ده‌شڵێت: مام جه‌لال دوژمنی سه‌رسه‌ختی  رژێمی سه‌دام حسێن بووه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP