ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان (2017 - 2021)
ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان (2017 - 2021) ‌ 30/8/2017
بەشی دووەم
یەکەی ئابووری
چۆنێتی داڕشتنی ستراتیژیەكە
یەكێك لە ئەركە سەرەكیەكانی دەستەی دەسپاكی كە لە یاساكە ئاماژەی پێكراوە، بریتی یە لە داڕشتنی ستراتیژیەتێكی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەكی هاوبەش پێكهێندرا بە دەستپێشخەری دەستە‌و بە ئەندامیەتی دامەزراوەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان هەروەها دامەزراوە پەیوەندیدارەكان، ‌و بە پاڵپشتی (WFD) دامەزراوەی ویستمینستەر بۆ دیموكراسی، دەستكرا بە نووسینەوە‌و داڕشتنی ستراتیژیەتی نیشتمانی بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2017 تا ساڵی 2021.
شێوازی جیاواز پەیڕەو كراوە بۆ داڕشتنی ئەم ستراتیژە، بنەمای سەرەكی ئەوە بووە كە ستراتیژەكە خۆماڵی بێ، واتە لە گرفتە ناوخۆییەكان، گرفتە دامودەزگاییەكانی هەرێمەوە سەرچاوەی گرتبێ، بێگومان ئەمە لەپاڵ سوودوەرگرتن لە ئەزمون‌و ستانداردە نێودەوڵەتییەكان، بنەمایەكی تر ئەوە بووە كە هەموو لایەن‌و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی بەشێوەیەك بەشداربن لە داڕشتنی ستراتیژەكە، بە واتایەكی تر ستراتیژێك كە نیشتمانی بێ.
پرۆسەی داڕشتنی ئەم ستراتیژە كۆمەڵێ شێواز‌و قۆناغی جیاواز لە خۆ دەگرێ، بەشێوەیەكی گشتی بەم قۆناغانەدا تێپەڕیوە:

1-سەردان‌و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان:
سەرەتای پرۆسەكە بە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستی پێكرد بۆ روونكردنەوەی پرۆژەكە‌و وەرگرتنی رەزامەندییان كە ببن بە بەشێك لە پرۆسەی دارشتنی ستراتیژەكە، هەروەها دیاریكردنی نوێنەریان بۆ كۆبوونەوەی فراوان. ئەو لایەنانەی كە سەردانیان كراو كۆبوونەوەی تایبەتیان لەگەڵ ساز كرا بریتی بوون لە پەرلەمانی كوردستان، بەتایبەتیش هەردوو لیژنەی نەزاهە‌و دارایی، فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی دادوەری، داواكاری گشتی‌و ئەنجومەنی شورا لە وەزارەتی داد، دەستەی دەسپاكی، دیوانی چاودێری دارایی، وەزارەتی دارایی. دوای سەردانەكان كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان لایەنەكانی ناوبراو، خاوەن بەرژەوەندی، ساز كرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێویستی ستراتیژێك بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، ستراتیژەكە چۆن بێ‌و چ كێشە‌و گرفتێك لەخۆ بگرێ. ئەم قۆناغە لە مانگەكانی (6و7)ی 2015 بەرێوەچوو.

2-ئامادەكردنی توێژینەوەیەك بۆ هێڵە گشتییەكانی ستراتیژەكە
لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەكە تا سەرەتای ساڵی 2017 توێژینەوەیەك لەبارەی هێڵە گشتییەكانی ستراتیژێك بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان، ئامادە كرا لەلایەن شارەزایانی بوارەكە. ئەم توێژینەوەیە كە وەك نەخشەرێگایەك بوو بۆ داڕشتنی ستراتیژەكە، جگە لە خوێندنەوەیەكی ورد بۆ دۆخی هەرێمی كرودستان لە پەیوەندی بە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، هەروەها ئەزمونی نێودەوڵەتی لەوبوارە، توێژینەوەكە پێشنیاری ستراكچەر‌و مۆدیلێكی دیاریكراوی لە خۆگرتبوو بۆ داڕشتنی ستراتیژی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان.

3-دروستكردنی لیژنەی
 ئامادەكردنی ستراتیژەكە:
لە مانگی 10ی 2015 لیژنەیەكی بچووكتر لە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە سەر داوای دەستەی دەسپاكی پێكهات بەمەبەستی ئامادەكردنی رەشنووسی ستراتیژەكە، بە نوێنەرایەتی ئەم لایەنانە: دەستەی دەسپاكی،دیوانی چاودێری دارایی، لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی دادوەری، داواكاری گشتی. مەبەست لە دروستكردنی ئەو لیژنەیە ئاڵۆگۆڕكردنی زانیاری تایبەت بەو دەزگایانە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەڕێی نوێنەرەكانیانەوە. ئەم لیژنەیە لە سەرەتای 2016 كۆبوونەوەكانی بەشێوەیەكی بەردەوام دەست پێكرد، رێككەوتن كرا لەسەر چۆنیەتی كاركردن بۆ داڕشتنی ستراتیژەكە، ستراكچەری ستراتیژەكە‌و ماوەی ستراتیژەكە. تا كۆتایی 2016 كار لەسەر داڕشتنی ستراتیژەكە قۆناغ بە قۆناغ كراوە، سەرەتا رەشنووسی سەرەتایی لەلایەن شارەزایەكی خۆماڵی، كە سەرپەرشتی پرۆسەی داڕشتنەكەی دەكرد، دەنووسرایەوە‌و دواتر لەكۆبوونەوەی لیژنە، لەلایەن نوێنەری دەزگاكانەوە، گفتوگۆی لەسەر دەكرا‌و رێككەوتن لەسەر داڕشتنی كۆتایی دەكرا.

4-دابەشكردنی فۆرمی پرسیار:
بەر لە دەستپێكردنی داڕشتنی ستراتیژەكە فۆرمێكی پرسیار ئامادە كرا، كە لە (20) پرسیار پێكهاتبوو، تەوەری پرسیارەكان بریتی بوون لە گرفتە سەرەكییەكانی بەردەم دامودەزگاكان بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، رێكارە ناوخۆییەكان بۆ رێگرتن ‌و رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، چوارچێوەی یاسایی، ئاستی هەماهەنگی نێوان دەزگاكان بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، هەروەها ئاستی هەماهەنگی دەزگاكان لەگەڵ مێدیا‌و كۆمەڵی مەدەنی بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی. فۆرمی پرسیارەكان لەرێی نوێنەرەكانیان نێردار بۆ دەزگاكانی ئەندام لە لیژنەی ئامادەكردنی ستراتیژەكە: دەستی دەسپاكی، دیوانی چاودێری دارایی، داواكاری گشتی‌و ئەنجومەنی وزیران، ئەنجومەنی دادوەری. پرسیارەكان لەلایەن نوێنەری بەشە جیاجیاكانی ئەو دەزگایانە وەڵام درانەوە. فۆرمەكان بەشێوەیەكی گشتی زانیاری گرنگی خستە بەردەست لیژنەی ئامادەكردنی ستراتیژەكە، زانیاری لەبارەی تەوەر‌و پرسیارەكانی سەرەوە.

5- فۆكەس گروپ
شێوازێكی تری كۆكردنەوەی زانیاری‌و هاوبەشی پێكردنی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەپڕۆسەی داڕشتنی ستراتیژەكە، بریتی بوو لەسازكردنی كۆمەڵێ فۆكەس گروپ لەو دەزگایانەی كە پەیوەندیدارن بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی‌و ئەندامن لە لیژنەی ئامادەكردنی ستراتیژەكە، بەتایبەتی دەستەی دەسپاكی، دیوانی چاودێری دارایی، داواكاری گشتی‌و ئەنجومەنی وەزیران بە بەشداری بەشە جیاجیاكانی ئەو دەزگایانە. لەو فۆكەس گروپانە، كە لەمانگەكانی (10و 11و 12)ی 2016 ئەنجام دران، زانیاری پێویست وەدەستهێنرا بەتایبەتی بۆ پلانی جێبەجێكردنی ستراتیژەكە.
6- پۆلیسی پەیپەر
لە بەرەبەری قۆناغەكانی كۆتایی داڕشتنی رەشنووسی ستراتیژەكە، چەند شارەزایەكی خۆماڵی راسپێردران بۆ ئامادەكردنی چەند پۆلیسی پەیپەرێك لەسێ سێكتەری ستراتیژەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، سێكتەری دامودەزگاكانی جێبەجێكردنی یاسا، سێكتەری هەماهەنگی‌و هاوكاری لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی‌و كۆمەڵی مەدەنی، هەروەها سێكتەری سیاسی. ئامانج لەو پۆلیسی پەیپەرانە وەدەستهێنانی زانیاری دروست بوو بۆ پاشخانی هەر سێكتەرێك‌و پێشنیاری چارەسەری بۆ گرفتەكانی هەر سێكتەرێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

7- بەراوردكردنی رەشنووسەكە بە ئەزمونی نێودەوڵەتی:
دوای ئامادەكردنی رەشنووسی ستراتیژەكە، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی كە رەشنووسی ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پێوەرە نێوەوڵەتییەكان گونجاوە، ۆركشۆپێك لەنێوانی ئەندامانی لیژنەی ئامادەكردنی رەشنووسەكە‌و شارەزایانی نێودەوڵەتی لە عەمان مانگی (1)ی 2017 ئەنجام درا، لە ۆركشۆپەكەدا، رەشنووسی ستراتیژەكە خوێندنەوەی وردی بۆ كراو بەراورد كرا بە ئەزموونی نێودەوڵەتی‌و مۆدێلە سەركەوتووەكانی جیهان
8- راوێژكردن لەگەڵ كۆمەڵی مەدەنی:
دوای بەراوردكردن‌و سوودوەرگرتن لە ئەزمونی نێودەوڵەتی، پڕۆسەیەكی راوێژكاری لەگەڵ كۆمەڵی مەدەنی بەڕێوەچوو لەمانگی (2)ی 2017. لەهەرسێ پارێزگای هەرێم (3) ۆركشۆپ، بەبەشدری ئەكتۆر‌و چالاكیەكانی كۆمەڵی مەدەنی ئەنجامدرا، لەو ۆركشۆپانە دوایین سەرەنجەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەبارەی رەشنووسەكە كۆكرانەوە‌و سوودیان لێ بینرا.
ئەوەی باسكرا لە سەرەوە قۆناغە سەرەكییەكانی داڕشتنی ئەم ستراتیژەیە، ئەگینا سوود لەزۆر سەرچاوە‌و شێوازی تر وەرگیراوە، لە پڕۆسەیەكی هەمەلایەنە‌و دیموكراسیانە ستراتیژەكە دەوڵەمەند كراوە‌و كۆدەنگی لەسەر دروستكراوە.

پێناسەی گەندەڵی
لەم ستراتیژە بەشێوەیەكی گشتی گەندەڵی بریتییە لە خراپ بەكارهێنانی شوێن‌و دەسەڵاتی گشتی بۆ سوودی تایبەتی، هەروەها ئەو ستراتیژە بەشێوەیەكی تایبەتی، دەیەوێ ئەو دیاردانە وەك گەندەڵی بناسێنێ‌و رووبەڕوویان بێتەوە كە لەیاسای دەستەی دەسپاكی ژمارە (3) ساڵی 2011دا‌و یاسا بەركارەكانی تری هەرێمی كوردستان‌و رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، نەتەوە یەكگرتووەكان‌و یەكێتی ئەوروپا، ئاماژەیان پێكراوە.

روئیا
ئەم ستراتیژە دەیەوێ لەهەرێمی كوردستان:
كۆمەڵگایەك بنیاتبنرێ كە سیستەمێكی چالاكی دژە گەندەڵی تیا بەرقەرار بێ‌و بتوانێ بەشێوەیەكی كاریگەرانە رووبەڕووی هەڕشەكانی گەندەڵی ببێتەەوە.

ئەرك
لەم ستراتیژیەدا دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان بە ئەركی خۆی دەزانێت رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە بەهاوكاری لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی‌و دەسەڵاتە گشتیەكان لەڕێی باشتركردنی چوارچێوەی یاسایی، چالاككردنی ئاستی دامودەزگایی، هەماهەنگی‌و پەرەپێدانی توانای مرۆیی. هەرێمی كوردستان، بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێ لە پەرەپێدانی پەیوەندی‌و هەماهەنگی لە ئاستی نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
 
ئامانجە گشتییەكان
1- گەشەپێدانی دەسپاكی‌و لێپرسینەوە‌و شەفافیەت لەدەمودەزگا گشتییەكان‌و بەرزركردنەوەی متمانەی هاووڵاتیان پێیان.
2- برەودان بە كەلتور‌و هۆشیاریی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەسەر ئاستی پەروەردەیی‌و دامودەزگایی (دامەزراوەیی).
3- كاراكردنی پەیوەندی هاوكاریی نێوان سێكتەرەكان‌و دامودەزگاكانی ئەم ستراتیژە هەریەك بەپێی پسپۆڕی یاسایی خۆی، هەروەها دروستكردنی میكانیزمی هەماهەنگی كارای دەزگا چاودێرییەكان بۆ دۆزینەوە‌و لێكۆڵینەوە لەگەندەڵی.
4- زیاتر جێگیركردنی ستاندارە نێودەوڵەتیەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەچوارچێوەی یاسایی‌و دامودەزگایی.
5- هاندانی چاودێریكردنی چالاكانە لەدەرەوەی دامودەزگا فەرمییەكان بۆ جێبەجێكردنی ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی‌و باشتركردنی پەیوەندی هاوكاری لەگەڵ كۆمەڵی مەدەنی.

بنەماكان
ئەم ستراتیژە لەسەر ئەو پرەنسیپە گشتییانەی خوارەوە بنیاتنراوە، هەموو ئەو چالاكییانەی كە رێكدەخرێن پەیوەست بەو ستراتیژە، پێویستە لەژێر رۆشنایی ئەو پرەنسیپانە ئەنجام بدرێن:
*سەروەری یاسا‌و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ ‌و ئازادییە بنەڕەتییەكان.
هەموو دامودەزگاكان لەسەریانە كە پابەندبن بەڕێكارە یاساییەكان‌و جێبەجێیان بكەن، هەروەها هەلی یەكسان‌و ئازادی بڕەخسێنن بۆ ئەو كەسانەی كە نایاساییان بەرامبەر كراوە یان مافیان پێشێلكراوە داوای جێبەجێكردنی یاسا بكەن.
* ئیرادەی سیاسی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
نیشاندانی ئیرادەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان‌و سەركردەی حیزبەكان.
* بەرپرسیارێتی دەزگاكان بۆ جێبەجێكردنی ستراتیژەكە‌و پلانی كارەكەی.
* هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەكان بەرپرسیارێتی داڕشتن‌و جێبەجێكردنی سیاسیەتی دژە گەندەڵی تایبەت بە خۆیان بگرنە ئەستۆ بەپێی ئەم ستراتیژە.
* حوكمڕانی دروست، لێپرسینەوە، شەفافیەت‌و دەسپاكی.
دامودەزگاكان سیاسەتی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ باشترین پراكتیكی دژەگەندەڵی، بۆ نموونە دەزگاكان‌و كارمەندانیان بەرپرسیارێتی بڕیار‌و كردەوەكانیان بگرنە ئەستۆ، پەیڕەوی لەكرانەوە بكەن، بەتایبەتی خستنەبەردەستی زانیاری‌و بەشداریپێكردنی هاووڵاتیان لەپڕۆسەی دروستكردنی بڕیاردا، پەیڕەویكردن لە بنەما ئیتیكییەكان بۆ پاراستنی نەزاهەی دەزگاكە‌و كارمەندانی.
* بێلایەنی سیاسی لە كاركردن
بەهێزكردنی سەربەخۆیی دامودەزگایی بەشێوەیەك كە نەكەوێتە ژێر كاریگەری دەرەكی.
* چالاكی‌و كارامەیی
دامودەزگاكان لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی خۆیان پێشكەوتنەكانی خۆیان بپێون لە سەر بنەما‌و لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو رێكارانەی كە جێبەجێدەكرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی رێكخراو.
* هاوكاریی نێوان دامودەزگاكان
نیازپاكی لە هەماهەنگی‌و هاوكاری بكرێتە بنەمای كاكردنی نێوان دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژە‌و پلانی جێبەجێكردنەوەی لەژێر رۆشنایی ئامانج‌و بنەما‌و ئەولەویاتەكانی ئەم ستراتیژە.
* بەشداریپێكردنی كۆمەڵی مەدەنی‌و مێدیا.
هاندانی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان كە هاوكاری‌و هەماهەنگیان لەگەڵ كۆمەڵی مەدەنی‌و مێدیا پتەو بكەن.
* بەدواداچوون‌و هەڵسەنگاندنی زاتی
دامودەزگا پەیوەندیدارەكان هەڵسەنگاندنی دەوری بۆ مەترسییەكانی گەندەڵی‌و سەرهەڵدانی گەندەڵی بكەن، بەمەبەستی باشتر جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژە‌و پلانی جێبەجێكردنی.

ئاراستە‌و ئەولەویات
1- ئاستی نزمی متمانەی هاوڵاتیان بە دامودەزگاكان:
دروستكردنی متمانەی هاوڵاتیان بۆ دامودەزگاكان لەڕێی پیادەكردنی شەفافیەت، كەمكردنەوەی رۆتین، بەدەستهێنانی زانیاری، پیشەیی بوون‌و سەربەخۆیی.
2- خۆپارێزی‌و وشیاركردنەوی هاندانی سیاسەتی خۆپاراستن‌و داڕشتنی میكانیزمی راهێنان. دامودەزگاكان دەبێ بە قسە‌و بە كردار نیشانی بدەن كە بەرپرسیارێتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەگرنە ئەستۆ، پلانی گونجاو دابنرێ بۆ خۆپارێزی لە گەندەڵی‌و هاندانی مۆراڵی دەسپاكی پێویستە هەڵمەت‌و ئەنجامدانی راهێنانی پێویست بۆ ئەم مەبەستە مۆراڵی دەسپاكی پێویستە هەڵمەت‌و راهێنانی بۆ بكرێ.
3- بەرزكردنەوەی ئاستی جێبەجێكردنی یاساكان:
لەپاڵ پێویستی ئیرادەی سیاسی بۆ جێبەجێكردنی یاساكان، دەبێ رێكارەكانی چاودێری یاساكان بەهێز بكرێ، هەروەها سەرچاوەكانی مرۆیی‌و دارایی‌و ژێرخان بۆ دامودەزگاكان دەستەبەر بكرێ بۆ ئەوەی چالاك‌و كارا بن. 
4- پێداچوونەوە بە سیاسەتی سزایی بەمەبەستی گونجاندن‌و كاریگەركردنیان
لەو رووەوە پێویستە:
1- گرنگی بدرێ بە دامودەزگاكانی وەك پۆلیس‌و ئاسایش‌و باج‌و گومرگ.
2- گرنگی بدرێ بەدەسەڵاتی دادوەری‌و داواكاری گشتی لەڕێی پاراستنی سەربەخۆییان‌و زیادكردنی ژمارەی دادوەر‌و دادگان لە پێناو كاراكردنیان‌و یەكلاكردنەوەی كەیسە كەڵەكەبووەكان بۆ ئەوەی نیشان بدرێ كە دەسەڵاتی دادوەری كاراییە.
3- گرنگیدان‌و بەهێزكردنی توانا مرۆییەكانی دەستەی دەسپاكی لە بواری دژایەتی كردنی گەندەڵی لەڕێی وەدەسخستنی زانیاری‌و بەڵگەنامەكان بۆ كاراكردنی رۆڵی دەستە لە قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە‌و دادگایی كردندا.
4- پێویستە هاوكاری نێوان داواكاری گشتی لەگەڵ پۆلیس‌و ئاسایش، دەستەی دەسپاكی بەهێز بكرێت لە لێكۆڵینەوە‌و كاروبارەكانی.
5- دەبێ نیشان بدرێ كە یاسا گرنگە‌و بۆ هەمووان وەك یەكە.
5- هەماهەنگی لەنێوان دەزگاكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. هۆكارێكی سەرەكی كاراكردنی هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەپێناو چەسپاندنی كاریگەری جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژە.
6- پەیوەندی هاوكاریی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی‌و كۆمەڵی مەدەنی: ئەم جۆرە پەیوەندییانە گرنگن بۆ باشتركردن‌و بەهێزكرنی چاودێری بۆ جێبەجێكردنی پێوەرەكانی ستراتیژی دژەگەندەڵی.
7- بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای نوێ: بۆ رێگرتن‌و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، كەمكردنەوەی رۆتین‌و بیرۆكراتیەت، هەروەها شەفافیەتی زیاتر‌و بە ئەلكترۆنی كردنی دامودەزگاكانی حكومەت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7370
22/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP