مام و رەخنە و رۆژنامەنووس
ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ مام و رەخنە و رۆژنامەنووس ‌ 10/10/2017
مام جەلال خاوەنی كۆمەڵێك خەسڵەت و تایبەتمەندی بوو، كە لە كەسایەتیدا رەنگی دەدایەوە، بەر لەوەی سەرۆك بێت و دوای ئەوەی بووە یەكەمین سەرۆك كۆماری كورد لە مێژووی كوردستان و عیراقیشدا، دەستبەرداریان نەبوو.
زۆرێك مام جەلال، تەنیا وەك سەركردە و رابەر و سیاسییەكی كاریزمای دەناسن و ناسیویانە، بەڵام ئەو نووسەر و رۆژنامەنوسێكی بە سەلیقەش بوو، خوێنەرێكی بەردەوام و دانەبڕاوبوو، كەیف و خۆشیی لەو دیدار و كۆبوونەوانەش دەبینی كە لەگەڵ نووسەر و رۆژنامەنووسانی هاوپیشەی دەڕەخسان، ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسان بوو، بۆیە پیشەی رۆژنامەنووسی لەلای ئەم سەرۆك كۆمارەی كورد بایەخدار و سەنگین بوو، وەك هەمیشە باسیدەكرد پیشەی رۆژنامەنووسی خۆش دەوێت.
بە حوكمی كاری رۆژنامەنووسیم، چەندینجار دەرفەتی بینین و بەشداری و میواندارییەكانی بووم، كە چەند پرانسیپێكی چەسپاوی خودی هەبوو بەرامبەر بە رۆژنامەنووس و نووسەران هەمیشە بە داكۆكیكردنەوە پێداگری بوو « ئازادی و رەخنەگرتن»، بۆیە حزبەكەی خۆی پەیوەستی ئەو دوو ماف و چەمكە دیموكراسییە دەكرد و بە باوەڕی تەواوەوە ژینگەی بۆ لەباردەكرد و زۆرێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و سەركردایەتی یەكێتی لەسەر لادان و پێشێلكردنیان سەركۆنە كردووە.
مام جەلال، چەندین هاوڕێی رۆژنامەنووسی هەبوو، لەسەر ئاستی كوردستان و دەرەوە و جیهانی عەرەبیش، سەرباری ئەوەش بە هەموو ماناكان لە كاری راگەیاندن و كاریگەرییەكانی شارەزا و تێگەیشتووبوو، بەو پێیەی ئەو لە بایەخی هاوتەریبی سیاسەت و راگەیاندن بەتەواوی شارەزابوو، مافی خۆیشی پێیان دەدا.
مام جەلال، قسەكانی دەكردە كردار و بەڵێنەكانی بەجێدەگەیاند بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان، بەتایبەتی فراوانكردنی ئازادیی رادەربڕین و رەخنە، هەمیشە دەیوت:» رەخنەو رەخنە لە خۆگرتن و ئازادی بێمەرج، ئەگەر ئەمەمان نەبێ ئەوا كێشە لە ئەزموونی دیموكراسیەكەماندا هەیە و دەبێت یەكێتیی و راگەیاندنەكەی لێی تێبگەن»، بۆیە یەكەمین سەركردە و سەرۆك بوو كە كاریكاتۆری لەسەر كرا و بە ئاشكرا نوكتەی سیاسیی لەسەركرا.
لە (2010 - 2011)، دوای گەڕانەوەی وەفدێكی باڵای راگەیاندنكارانی یەكێتیی لە چین، دیدار و نیوەڕۆخوانێكی رەخساند، كە دەرفەتێكی باشتربوو كە لەنزیكەوە باس و خواسی رۆژنامەنووسی و بایەخی كادری راگەیاندنی لەگەڵدا بكەین، ئەوە بوو رووی لە بەندەكرد و موناقەشەی وتارێكی كردم بەناوی «مێروولە شینەكانی چین» كە لەم رۆژنامەیەدا بڵاوكرابۆوە، وێڕای دەستخۆشی و پەسندكردنی، ئاماژەی بەوەدا كە ئاگایی و زانیاریی زۆر گرنگن بۆ رۆژنامەنووس و وتی:» منیش پێش سەردانی ئێوە چەند جارێك چوومەتە چین و سەرسامیم بەو وڵاتە وایكرد كە راپۆرتێك بنووسم و منیش لە كوردستانی نوێ بڵاومكردەوە بەناوی (لێگەڕێن دێوە زەبەلاحەكە خەبەری نەبێتەوە)»، بۆیە مام لە پێگەی سەرۆك كۆماریشدابوو راپۆرتی رۆژنامەنووسی ئامادەكردووە و ئەم پیشەیەی هاوڕازی پۆستە باڵاكانی كردووە.
جارێكی دیكەش لە بینینەوەیەكی دیكەدا بەدیداری شادبوومەوە لەسەر بایەخی رەخنە قسەیكرد زۆر لەلای مەبەست بوو، بۆیە قسەیەكی زۆرجوانی كرد كە رەخنەی بیاتنەر زیان ناگەیەنێت و رەخنەی ناڕاست و روخێنەریش جێناگرێت، بۆیە وتی:» رەخنەگریش دەبێ خاوەنی هێزی بیر و قەڵەمی ئازا و نەترس بێت». بەپێكەنینەوە وتی:» رۆژنامەنووسی رەخنەگری ئازاد و ئازا، مەسئول ماستاوی بۆ دەكا». 
تەوەری خوێندنەوە قسەوباسی ئەوجارەی گەرمتركرد و هەواڵی كتێبی نوێی پرسی، وتی ئێستاش سەرباری سەرقاڵی سەرۆكایەتی كۆمار لە خوێندنەوە دانەبڕاوم و كتێبەكەی بەردەستی نیشانداین كە بە دیاریی تایبەت لەنووسەرەكەیەوە بۆی هاتبوو كە كۆندێلیزا رایس راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆی ناردبوو....
دیدار و بینینەكانی مام جەلال هەمیشە، بابەت و رووداوی نوێی تێدابوو، ئەگەریش نوكتەیەك یان بەسەرهاتێكیش بووبێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP