دڵی‌ کێ گرنگە؟
دڵی‌ کێ گرنگە؟ ‌ 12/10/2017
د.ئیبراهیم محەمەد جەزا*
لەوتارێکی‌ بەڕێز عادل عبدالمهدی‌ کەلەماڵپەڕی‌ خەندان بڵاوبووەتەوە لە 8-10-2017 دیسانەوە کوردستان و حکومەتەکەی‌ هەر بەهەڵەکردن تۆمەتباردەکات کاتێک باسی‌ ئاڵاکەی‌ سەرتەرمی‌ سەرۆک مام جەلال دەکات. ئەوەندە ڕێگەبەخۆی دەدات کە پاش بینینی‌ ئەو دیمەنە لەڕێگەی‌ میدیاکانەوە، بۆیە بڕیاردەدات ڕێگەی‌ فڕۆکەخانەی‌ سلێمانی‌ بگۆڕێت و بەشداری‌ پێشوارزی‌ تەرمی‌ سەرۆک مام جەلال نەکات!  باشە ئەمە تا ئێستا بیرکردنەوە و ئاستی‌ تێڕوانینی‌ کەسانی‌ بەناو دۆستی‌ کورد لە عەرەبەکان ئاوا بێت ئیتر چاوەڕێی‌ چی‌ بکەین! 
بەهەرحاڵ ئەوەی‌ من دەمەوێت بیخەمە پێش چاوی‌ ئەم بەڕێزەو هاوشێوەکانی‌ ئەو، ئەوەیە کە ئەم زمانی‌ خۆبەزلزانین و براگەورەییە تەواو بوو، چیتر تۆمەتبارکردنی‌ کوردستان و حکومەتەکەی‌ لەناو کوردستاندا جێگەی‌ نابێتەوە. ئەمەی‌ ئەم بەڕێزە ئاماژەی‌ پێدەدا کە گوایە دەبوو تەرمی‌ سەرۆک مام جەلال بەئاڵای‌ عێراق داپۆشرایە چونکە نزیکەی‌ هەشت ساڵ سەرۆک کۆمار بوو، ئەی‌ بیر لەوەش ناکاتەوە بەو هەشت ساڵەشەوە هەموو تەمەنی‌ مام جەلال بۆ کوردستان کاری‌ کردووە، ئێ خەڵکی‌ کوردستانیش ڕازی‌ نابن جگە لەئاڵای‌ کوردستان بە هیچ ئاڵایەکی‌ تر تەرمەکەی‌ دابپۆشرێت.
ئەم زمانە زبر و ناڕەحەتەی‌ کە بەمەبەستی‌ درز خستنە ڕیزی‌ کوردەوە هەڵیدەسووڕێنن، لای‌ کوردستانییان ئاشکرا بووە و ئەمە هیچ بەهایەکی‌ نییە! ئەوەی‌ کەئەم بەڕێزەو هاوشێوەکانی‌ دەینووسن هەرگیز بەمەبەستی‌ خەمخۆری‌ و دۆستانەیی‌ بۆ کوردستان نییە بەڵکو گومانم نییە کە مەبەستیان ئاژاوەنانەوەیە، ئەگینا کە ئەوەندە ئاڵای‌ خۆتت لاگرنگە دەبێت چاوەڕێی‌ ئەوەش بکەیت کە خەڵکیش ئاڵاکەی‌ لا بەرز و بەنرخە! یان دیسانەوە هەر بەو عەقڵیەتە کار دەکەن کە ئێمە برابچووک و گوێڕایەڵەکەی‌ ئەوان بین!
بەبڕوای‌ من یەکێتی‌ نیشتمانی‌ کوردستانیش نەدەبوو ئەو پۆزشە لە سەر زمانی‌ بەڕێز کاک مەلابەختیار بهێنێتەوە کە گوایە هەڵەیەک هەبووە لەلایەن لیژنەی‌ پرۆتۆکۆلەوە سەبارەت بە کاری‌ دانانی‌ ئاڵای‌ کوردستان لەسەر تەرمی‌ تێکۆشەرێکی‌ گەورەی‌ کورد و کوردستانی‌ وەک مام جەلال، بەڵکو ئەوە دروستەو دەبوو هەرواش بێت! ئایا دڵی‌ چل ملیۆن کورد گرنگە یان ڕەزامەندی‌ چەند کەسێکی‌ بەناو دۆستی‌ کورد و کوردستان؟ ئەو دۆستانەی‌ کوردستان هەر ئەمڕۆ کە ئێشتا چەند ڕۆژێک بەسەر ماتەمی‌ سەرۆک مام جەلال تێنە پەڕیووە چەند بڕیارێکی‌ نابەجێی‌ تریان بۆ سەر کوردستان دەرکردووە!  ئەمانە هەمووی‌ لەپای‌ ئەوەی‌ کە میللەتێک ڕیفراندۆمێکی‌ ئەنجامداوە کە هەموو دەقە یاسایی‌ و ئاسمانییەکانیش ئەو مافەی‌ داوەتێ و بڕیاری‌ داوە بەسەربەخۆیی‌ بژی‌ و وڵاتێک دروست بکات هەروەک هەموو گەلانی‌ تر! باشە ئەم خەڵکەی‌ کوردستان نایەوێت لەگەڵ ئێوەی‌ بەشێک لە نیشتمانی‌ عەرەبیدا بژی‌، ئایا ئەمە تاوانە؟ بەکوردی‌ و بەکورتی‌ پێیان دەڵێین هاوڕێیان ، برایان ، خوشکان ئێمە نامانەوێت لەگەڵ ئێوەدا بژین، ئێ خۆ بەزۆر نییە!

* بەشی‌ زەویناسی‌- زانکۆی‌ سلێمانی


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP