پرۆتۆكۆل و پرسه‌ی مام
فۆكەس پۆینت پرۆتۆكۆل و پرسه‌ی مام ‌ چرۆ شه‌هاب‌ 12/10/2017
له‌ ساته‌وه‌ختی وه‌فاتی جه‌نابی مام جه‌لال و تا گه‌شتنه‌وه‌ی ته‌رمی پیرۆزیان‌و به‌خاكسپاردنی له‌ رێوره‌سمێكی فه‌رمی‌و شایسته‌دا زۆر قسه‌و باس له‌ به‌ڕێوه‌بردن‌و شێوازی مه‌راسیمه‌كه‌ كرا.
جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركه‌ قورسه‌ وه‌ك یه‌كه‌مین ئه‌زموونه‌ كه‌ هاتۆته‌ به‌رده‌م فه‌رمانگه‌ی پرۆتۆكۆلی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ مه‌راسیمی پێشوازی‌و به‌خاكسپاردنی سه‌رۆكێكی گه‌وره‌ی وه‌ك جه‌نابی مام-ه‌، بێگومان هیچ كارێك بێ كه‌م‌وكوڕی نابێت، بۆیه‌ نابێت ته‌نها چاومان له‌كه‌موكوڕییه‌ك بێت‌و كۆی كاره‌ باشه‌كان زه‌ڕبی سفر بكه‌ین‌و هه‌موو كارێك به‌ گومانه‌وه‌ بڕوانین، له‌سه‌روو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ئه‌ركێكی ناوازه‌یان ئه‌نجامدا، ڕه‌نگه‌ بۆ كه‌سانێك كه‌ شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی مه‌راسیمه‌كان نه‌بێت ئاسان بێت به‌دڵی خۆیان لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكه‌ن‌و ره‌خنه‌ی لێبگرن، به‌ڵام ئه‌ركی كاره‌ پرۆتۆكۆلییه‌كان زۆر قورس‌و گه‌وره‌ن.
ئاڵای كوردستان‌و عیراق بوونه‌ جێگه‌ی مشتومڕی شاره‌زاو ناشاره‌زا له‌ بواری پرۆتۆكۆل، ده‌بێت هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌به‌رچاوبگرین كه‌ كورد ئه‌زموونێكی كه‌می هه‌یه‌ له‌م بواره‌داو هیچ گومان ناكه‌م كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌ستاون به‌ئه‌نجامدانی پرۆتۆكۆلی پێشوازی‌و رێوڕه‌سمی پرسه‌كه‌ مه‌به‌ستیان بووبێت په‌یوه‌ندییه‌كانی كوردستان‌و به‌غداو ناوچه‌كه‌ به‌ئاقارێكی تردا ببه‌ن، چونكه‌ دواجار ئه‌وان مه‌به‌ستیان سه‌ركه‌وتنی كاره‌كه‌یان بووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ هیچ گرفت‌و كێشه‌یه‌ك بێته‌ به‌رده‌میان.
گفتوگۆو قسه‌كردنه‌كان زۆر بوون له‌سه‌ر بوونی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر ته‌رمی پیرۆزی جه‌نابی مام جه‌لال، هه‌ندێك وایان به‌باش ده‌زانی كه‌ پێویستبوو ئاڵای عێراق به‌سه‌ر ته‌رمه‌كه‌وه‌ بوایه‌و هه‌ندێكیش ئاڵای كوردستانیان به‌باش ده‌زانی‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا بۆچوونێكی دیكه‌ هه‌بوو كه‌ هه‌ردوو ئاڵاكه‌ به‌كاربهێنرایه‌.
گرفته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌م ساته‌وه‌خته‌ هه‌ستیاره‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم‌و به‌غدای پیادا تێپه‌ڕده‌بن، شیكردنه‌وه‌كان ئاڵۆزانه‌ خۆیان خزاندۆته‌ نێو پرسێكه‌وه‌ كه‌ هه‌رچۆنێك باس له‌ به‌كارهێنانی ئاڵاكان بكه‌ین، ده‌چینه‌ قوڵایی دۆخێكی دژوار.
كۆی كاره‌ پرۆتۆكۆلیه‌كان به‌شێوازێكی رێكخراو به‌ڕێوه‌چوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان ده‌مانبینی هیچی كه‌متر نه‌بوو له‌و مه‌راسیمه‌ فه‌رمیانه‌ی بۆ مه‌رگی پاشاكان‌و سه‌رۆك كۆماره‌كان به‌ڕێوه‌چوون. به‌و به‌دواداچوون‌و خوێندنه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ كردم، ده‌ركه‌وت بۆم كه‌:
یه‌كه‌م: به‌كارهێنانی ئاڵای كوردستان‌و داپۆشینی ته‌رمی پیرۆزی جه‌نابی سه‌رۆك له‌ شوێنی خۆیدا بوو، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی خه‌باتی سیاسی‌و ته‌رخانكردنی هه‌موو ژیانی له‌پێناوی دۆزی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه‌.
دووه‌م: كه‌سایه‌تی سیاسی جه‌نابی مام كه‌سایه‌تییه‌كه‌ كوردی‌و جیهانی بووه‌، هیچ كاتێك وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی عه‌ره‌بی عیراقی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌.
سێیه‌م: خه‌ونی هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ شه‌هید ده‌بێت ته‌رمه‌كه‌ی به‌ ئاڵای كوردستان بڕازێننه‌وه‌، كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ش خه‌ونی ئه‌م سه‌ركرده‌ ماندووه‌ بووه‌، كه‌ رۆژێك له‌ ڕۆژان شه‌هید ببێت یان وه‌فات بكات، ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ی بێت.
چواره‌م: مه‌راسیمی پێشوازییه‌كه‌ له‌ كوردستانه‌و له‌ شاری سلێمانی‌و ته‌نانه‌ت به‌خاكسپاردنه‌كه‌ش هه‌ر له‌ هه‌مان جێگه‌یه‌.
پێنجه‌م: مام جه‌لال وه‌ك سه‌رۆك كۆماری پێشوو، وه‌ك سكرتێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆچی دوایی كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ ئاساییه‌ ئاڵای نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی به‌ ته‌رمه‌كه‌یه‌وه‌ بێت.
گرنگه‌ ئێمه‌ بزانین ئه‌مه‌ ساناترین ئه‌ركه‌ كه‌ له‌سه‌رشانی كوردستانیان بووه‌، كه‌ به‌و ئاڵایه‌وه‌ ته‌رمی جه‌نابی مام به‌ دوامه‌نزڵگه‌ی بسپێردرێت‌و بچووكترین وه‌فا بۆ سه‌ركرده‌و كاریزما گه‌وره‌كه‌ بنوێنین.
بۆ هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه‌ی كه‌ پێیان وابووه‌ هه‌ردوو ئاڵای كوردستان‌و عیراق له‌سه‌ر ته‌رمی مام بوایه‌، بێگومان ئه‌مه‌یان له‌ هیچ زانستێكی پرۆتۆكۆلی به‌ڕێكردنی مه‌راسیمی ماته‌م‌و جه‌نازه‌كان جێگه‌یان نابێته‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP