زمانی گوڵ، له‌دیدی «مام جه‌لال»ه‌وه‌
زمانی گوڵ، له‌دیدی «مام جه‌لال»ه‌وه‌ ‌ ئه‌سعه‌د جه‌باری‌ 13/10/2017
گوڵ، سه‌رچاوه‌ی بۆنی خۆش و دیمه‌نێكی دڵڕفێن به‌بارته‌قای كێشه‌ سوكه‌كه‌ی هه‌ڵگری مانایه‌كی گه‌وره‌و مه‌زنه‌ له‌دیدی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌، بێ هۆ نیه‌ گوڵ ته‌مه‌نی كه‌مه‌ وه‌لێ سیحری پێشكه‌شكردن و سه‌یركردن و بۆنكردنی ده‌لالاتی خۆی هه‌یه‌ له‌بیرو ئه‌ندێشه‌ی ژیانی بونه‌وه‌ره‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی، ئه‌وانه‌ی عاشقی گوڵ و باخچه‌ی رازاوه‌ی پڕ گوڵن هه‌میشه‌ گه‌شبینن به‌رامبه‌ر به‌هه‌ورازو نشێوه‌كانی ژیان هه‌ر بۆیه‌ گوڵ ده‌بێته‌ ره‌مزی جوانی و رێگاخۆشكه‌ر بۆ هه‌نگاوی خێر و نزیكبوونه‌وه‌ له‌جوانیه‌كانی سرووشت.
گوڵ، یان چه‌پكه‌ گوڵ ده‌یان ئیلهامی گه‌ش ده‌به‌خشن به‌مرۆڤ، كاتێكیش ده‌بێته‌ وێنه‌ی تابلۆیه‌ك ئه‌گه‌ر وردبینه‌وه‌ له‌تابلۆكه‌ ئه‌وا سه‌دان مانا ده‌به‌خشێ كه‌ گوڵ به‌و جوانیه‌ چۆن ده‌توانێ دڵ و ده‌روون ئاسووده‌و به‌خته‌وه‌ر بكات، وه‌به‌ته‌نها ته‌ماشاكردنێكی ده‌مانباته‌وه‌ بۆ ده‌یان چیرۆكی سه‌رنجڕاكێش كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان حیكایه‌تێكی له‌پشته‌وه‌یه‌.
بێ هۆ نه‌بوو كه‌ سه‌رۆك «مام جه‌لال» هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی ده‌دا به‌گوێماندا هه‌ڵگری سیاسه‌تی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌بین كه‌ ئیلهامه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ره‌نگ و جیاوازیه‌كان، كاتێكیش له‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ به‌شێكی زۆر له‌نوێنه‌رانی كورد له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌عیراقدا راشكاوانه‌ پێیان ده‌ڵێ: ده‌بێت كورد به‌زمانی گوڵ قسه‌ بكات و رێگاش به‌كه‌س نه‌درێ زمانی زبر به‌كار بهێنێ، ئه‌م دیدگایه‌ی سه‌رۆك»مام جه‌لال» تازه‌ نه‌بوو به‌ڵكو ڕه‌گی ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تواناو سه‌لیقه‌ی خودی خۆی كه‌ بۆ ژیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌میشه‌ نه‌یارانی به‌زمانی ئاگرو ئاسن وه‌ڵامی داخوازیه‌كانیانی داوه‌ته‌وه‌، ئاسان نیه‌ بۆ سه‌ركرده‌یه‌ك رووحی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌فه‌رهه‌نگی سیاسی خۆی ده‌رهێنابێ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌مێژوودا سته‌مێكی زۆری لێكرابێت له‌لایه‌ن نه‌یارانی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه‌، ئه‌م زاڵبوونه‌ به‌سه‌ر خود زاڵبوونێكی نه‌وعیه‌و پێویستی به‌ئیراده‌یه‌كی به‌هێزو مه‌زنه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی قوربانیه‌كان كه‌سێك گیانی به‌خشنده‌یی و میهرو خۆشه‌ویستی بنوێنێ بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی كه‌ ئه‌و رێگایه‌كیتری له‌خه‌یاڵ بێت.
ئێمه‌ بۆچی هه‌ڵگری زمانی گوڵ بین؟ بێگومان گوڵ به‌سروشت هه‌م نه‌رمونیانه‌ هه‌م مرۆڤ دڵشادو به‌خته‌وه‌ر ده‌كات، كاتێكیش ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌رده‌گێڕینه‌ سه‌ر زمانی واقیع رێك هه‌ر وایه‌، مرۆڤی نه‌رمونیان و له‌سه‌رخۆو رێزبه‌رز هه‌میشه‌ گره‌وه‌كانی ژیان ده‌باته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئازار بدات كاروانی ره‌وڕه‌وه‌ی خه‌باتی هه‌میشه‌ له‌ئاسۆیه‌كی گه‌شدا باڵاو نه‌شونما ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مرۆڤێك نه‌زانێ زمانی گفتوگۆو هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی خۆی رێكبخات بێگومان مرۆڤێكه‌ ناتوانێ ره‌چه‌شكێن و داهێنه‌ربێت، ئێمه‌ له‌دیدی «مام جه‌لال»ه‌وه‌ ئه‌م راستیه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئه‌و له‌یه‌ككاتدا ده‌یتوانی ببێته‌ لینك و هه‌وێنی درووستكردنی پردی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌موو ئایدیاو بیرو فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ژیان، به‌ستنه‌وه‌ی دۆخی هه‌میشه‌ ئاڵۆزكاوی عیراق ئاسان نه‌بووه‌و نیه‌، مه‌گه‌ر هه‌ر له‌توانای ئه‌ودابووبێت رووح و گیانی له‌خۆبردوویی، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌مان ئاماده‌بوو له‌هه‌ر كوێبێت بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی دیدارو چاوپێكه‌وتنه‌كانی درێژه‌ پێبدات دوور له‌ده‌مارگیری و خۆبه‌زلزانین كه‌ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریانه‌ت ده‌بینی ئه‌م پیاوه‌مان زیاتر له‌لا شیرینتر ده‌بوو.
«مام جه‌لال» كاتێ پێمان ده‌ڵێ: به‌زمانی گوڵ له‌گه‌ڵ پێهاته‌كانیتردا داوای داخوازیه‌كانتان بكه‌ن له‌سۆنگه‌ی ئه‌زمونێكی دوورو درێژی زیاتر له‌شه‌ست ساڵ خه‌باته‌وه‌ ئه‌م تێڕوانینه‌ی لاده‌سته‌به‌ر ببووه‌، ئه‌و هه‌موو رێگاكانی تێكۆشانی تاقیكردبوه‌وه‌و، ده‌رئه‌نجام جگه‌ له‌هه‌نگاوه‌ ئاساییه‌كانی نه‌رمونیانی و رێزگرتن له‌به‌رامبه‌رو خوێندنه‌وه‌ی واقیعیانه‌ی بارودۆخی وڵات هیچ رێگایه‌كیتر به‌ڕاست نه‌ده‌زانی، هه‌رچی مێژووه‌ ئه‌و راستیه‌ی سه‌لماندوه‌ كه‌ئامانجه‌كانی گه‌ل نایاته‌دی به‌سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌رو گوێنه‌گرتن له‌په‌یامه‌كانی یه‌كتر، بۆیه‌ رێبازه‌كه‌ی هانمان ده‌دات هێمن و له‌سه‌رخۆ ده‌توانین هه‌ر به‌زمانی گوڵ ته‌واوی ده‌سكه‌وته‌كانمان ده‌سته‌به‌ربكه‌ین له‌م هه‌لومه‌رجه‌ مێژوویه‌دا بێ رشتنی خوێن و ئازار.
به‌هه‌قه‌ت مام خاوه‌نی ئه‌و دڵ‌ و ده‌روونه‌ گه‌وره‌یه‌ بوو كه‌ پێویسته‌ نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌وه‌ له‌ده‌وروپشتی فه‌لسه‌فه‌و قسه‌كانی بین بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ مرۆڤ ده‌توانێ ئه‌زموونی ئه‌و بكاته‌ قوتابخانه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی نه‌ك هه‌ر بۆ ژیانی سیاسی به‌ڵكو بۆ بۆ ژیانه‌ ئاساییه‌كه‌ی رۆژگاریش.
رووحت شاد ئه‌ی مامی گه‌وره‌و میهره‌بانه‌ خۆنه‌ویسته‌كه‌ی نیشتمانم، تۆ رۆیشتی و فه‌لسه‌ی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانت بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌بیرو ئه‌ندێشه‌ماندا ده‌مێنێته‌وه‌، چه‌گێ گوڵی ره‌نگاوڕه‌نگ پێشكه‌ش به‌مه‌زاری تۆ ئه‌ی خاوه‌ن چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی به‌خته‌وه‌ری وڵاتم، ئه‌ڕۆی ئۆغر.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7395
20/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP