كورد ده‌ستبه‌رداریی‌ ساته‌ مێژوییه‌كه‌ی‌ نابێت
كورد ده‌ستبه‌رداریی‌ ساته‌ مێژوییه‌كه‌ی‌ نابێت ‌ 13/10/2017
ره‌وته‌كان- 
«هاوڵاتیانی‌ كورد له‌ 25ی‌ ئه‌یولی‌ 2017 به‌ره‌و سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان رۆیشتن و له‌ ریفراندۆمدا ده‌نگیاندا بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ به‌غدای‌ ناوه‌ند و دانانی‌ به‌ردێكی‌ تر له‌ بنیاتنانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كورد كه‌ بۆ سه‌دان ساڵه‌ گه‌لی‌ كورد له‌پێناویدا خه‌بات ده‌كات و به‌ده‌ست سێ‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ تر و به‌ده‌ست رژێمه‌ داگیركه‌رانیانه‌وه‌ ده‌چه‌وسێنرێته‌وه‌. له‌ئێستاشدا نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد وه‌ك نه‌وه‌ی‌ سه‌ڵاحه‌دین كه‌ له‌ هه‌وڵی‌ دسه‌ته‌به‌ركردنی‌ ئازادی‌ و دیاریكردنی‌ چاره‌نوسی‌ خۆیدایه‌، سێ‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌وروبه‌ری‌ له‌ دژی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئه‌و مافه‌ ره‌وایانه‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌. 
ئه‌م رستانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ له‌لایه‌ن عیسی‌ شعێبی‌ نوسراون و له‌ 20ی‌ ئه‌یولی‌ 2017 له‌ رۆژنامه‌ی‌ (الغد)ی‌ ئوردنی‌ له‌ دووتوێی‌ وتارێكدا به‌ ناونیشانی‌ « كورد ده‌ستبه‌رداریی‌ ساته‌ مێژوییه‌كه‌ی‌ نابێت « بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. 
عیسی‌ شعێی‌ ده‌ڵێت»هه‌ر كه‌سێك رۆڵه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌ی‌ ببینێت به‌ده‌ست سه‌ركوتكاریی‌ و چه‌وساندنه‌وه‌ و زه‌وتكردنی‌ مافه‌كان و زه‌وتكردنی‌ ئازادیی‌ و سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ بناڵێنن، ناتوانێت رقی‌ له‌ جه‌ور و سته‌م و سه‌ركوتكاریی‌ و خۆسه‌پێنی‌ نه‌بێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ ناكرێت هه‌ڵوێستی‌ ئاكاریی‌ نه‌بێت و ده‌ستبه‌رداریی‌ پره‌نسیپه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ببێت». 
شعێبی‌ وه‌ك له‌ وتاره‌كه‌یدا باسی‌ ده‌كات»ناكرێت حاشا له‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد بكرێت، ناكرێت به‌ ناهه‌ق دژایه‌تی‌ بكرێن، دژایه‌تی‌ ئه‌وان هیچ بیانوویه‌كی‌ نییه‌ و هاوشێوه‌ی‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ به‌دسه‌تهێنانی‌ مافێك كه‌ مافی‌ كه‌سێكی‌ تره‌، به‌ڵام گه‌ر هات و ئه‌وه‌ی‌ هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئه‌و مافه‌ ده‌دات هاوبه‌شمان بێت له‌ مێژوویه‌كی‌ پڕ سه‌روه‌ریی‌، جوگرافیایه‌كی‌ درێژكراوه‌ی‌ سنوره‌ ئیمپریالیستییه‌كان، وێڕای‌ خه‌بات و تێكۆشانی‌ هاوبه‌ش له‌ دژی‌ داگیركه‌ر، چۆن ئه‌و رۆشنبیره‌ی‌ ده‌یه‌وێت دادپه‌وه‌ریی‌ به‌رجه‌سته‌ ببێت، نه‌یاری‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌بێت بۆ كورد؟». 
به‌ بۆچوونی‌ شعێبی‌، ده‌كرێت له‌ هه‌ڵوێستی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ تێبگه‌ین (بێده‌نگ و نه‌یاره‌كان) به‌رانبه‌ر ریفراندۆمی‌ 25ی‌ ئه‌یلول، مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر یه‌كێتی‌ و یه‌كپارچه‌یی‌ وڵاتی‌ رافیده‌ین بیانویان بۆ بدۆزرێته‌وه‌، هاوبه‌شبین له‌و نیگه‌رانیانه‌ی‌ به‌رانبه‌ر به‌ پشتیوانی‌ ئیسرائیل هه‌یه‌ له‌ هه‌نگاوی‌ كورده‌كان بۆ سه‌ربه‌خۆی‌ كه‌ پاشه‌كشه‌ی‌ تێدا نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ نه‌شیاوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌سانێك هه‌بن له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان پشتیوانی‌ له‌ هه‌ڵوێستی‌ ئێران و توركیا بكه‌ن كه‌ له‌ روانگه‌ی‌ ناسیۆنالیستی‌ شۆڤێنیزمیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌ و له‌دژی‌ مافی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ تر ده‌وستنه‌وه‌ كه‌ ده‌یان ملیۆن كه‌س ده‌بن و كه‌وتوونه‌ته‌ نێوان به‌رداشی‌ سنوری‌ نێوان نه‌ته‌وه‌ كۆنه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌. 

عیسا شعێبی‌ ده‌ڵێت»ئه‌وه‌ی‌ سه‌یره‌و زیاتر مایه‌ی‌ سه‌رسوڕمانه‌، هه‌ڵوێستی‌ نه‌یارانه‌ی‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ بۆ ریفراندۆمی‌ كوردان كه‌ پاشه‌كشه‌كردن لێی‌ له‌م قۆناغه‌دا هاوشێوه‌ی‌ شكاندنی‌ روحی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌، گه‌ر به‌ئاشكرا نه‌ڵێین مایه‌ی‌ زه‌لیكردنیه‌تی‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ ئه‌مریكا بۆخۆی‌ بناغه‌ی‌ ئه‌و باڵه‌خانه‌ جوداخوازییه‌ی‌ دانا به‌ر له‌ كۆتایی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو، به‌و پێیه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ دژه‌فڕینی‌ دیاریی‌ كرد و پشتیوانی‌ له‌ خواستی‌ جوداخوازیی‌ كورد كرد، هه‌موو شێوازه‌كانی‌ یارمه‌تی‌ و هاوكاریی‌ به‌ پاره‌ و چه‌ك بۆ دامه‌زراندنی‌ حوكمی‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردنی‌ له‌ كوردستان پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی‌ كورد بووه‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خاڵی‌ سفر و باس له‌ یه‌كێتی‌ خاكی‌ عیراق ده‌كات كه‌ باخچه‌ی‌ پشته‌وه‌ی‌ ئێرانه‌». 
وه‌ك شعێبی‌ له‌ وتاری‌ «كورد ده‌ستبه‌رداریی‌ ساته‌ مێژوییه‌كه‌ی‌ نابێت « ئاماژه‌ی‌ پێكردووه‌»گه‌ر عیراقی‌ نوێ‌، به‌ قه‌ولی‌ موحافیزكاره‌ نوێیه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌پاش 2003 ده‌وڵه‌تی‌ دادپه‌روه‌ریی‌ و یه‌كسانی‌ و خۆشگوزه‌رانی‌ و گه‌شه‌كردن بوایه‌، كورده‌كان ئه‌و هه‌نگاوه‌یان هه‌ڵنه‌ده‌نا كه‌ به‌ پڕمه‌ترسیترین هه‌نگاو داده‌نرێت، په‌نا بۆ ریفراندۆم نه‌ده‌برا گه‌ر بێ‌ ئومێد نه‌بوبن له‌ به‌رده‌دوامبوون له‌ شه‌راكه‌تێكدا كه‌ له‌سه‌ر پشكداریی‌ دامه‌زراوه‌ و میلیشیا به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات و گه‌نده‌ڵی‌ سه‌راپای‌ داگیركردووه‌، په‌نایان بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌و ده‌وڵه‌ته‌ شكستخواردووه‌ نه‌ده‌برد كه‌ خودی‌ ئه‌مریكاییه‌كان به‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ر كاغه‌ز ناوی‌ ناوی‌ ده‌به‌ن». 
  ئه‌و نوسه‌ره‌ عه‌ره‌به‌ به‌ر له‌ كۆتایی‌ وتاره‌كه‌ی‌ ده‌ڵێت:»له‌به‌رانبه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌دا، و وێڕای‌ پڕ مه‌ترسی‌ و هه‌نگاوی‌ كورده‌كان، لانی‌ كه‌م ده‌ست شۆردنی‌ ئه‌مریكا له‌ پرۆژه‌كه‌یه‌ كه‌ بۆخۆی‌ پێش چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك تۆوه‌كه‌ی‌ چاندووه‌، وێڕای‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ تورك و گێچه‌ڵپێكردنی‌ ئێرانییه‌كان، ده‌كرێت بڵێین گه‌لی‌ كورد له‌و وڵاته‌ی‌  بۆ سه‌دان ساڵه‌ تێیدا ده‌ژی‌، ته‌نیا یه‌ك هه‌نگاو له‌ ساته‌ مێژوویی‌ و یه‌كلاكه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ دووره‌ كه‌ ئه‌ویش ئه‌و ساته‌ وه‌خته‌یه‌ كه‌ لێره‌ به‌دواوه‌ رێگه‌نادات له‌ده‌ستی‌ بچێت». 
شعێبی‌ به‌پێویستی‌ ده‌زانێت عه‌ره‌ب وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ نزیكترینه‌ له‌ كورد، هیوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ بۆ بخوازێت و ئه‌و دیمه‌نه‌ خه‌مناكه‌ (بگره‌ تۆقێنه‌ره‌) نه‌یه‌ته‌ رێگه‌ی‌ كورد كه‌ له‌ ئه‌زمونی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ سودانی‌ باشووردا بینرا. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP