مام جەلال رابەرێکی روناکبیر
مام جەلال رابەرێکی روناکبیر ‌ خه‌لیل عه‌بدوڵڵا‌ 13/10/2017
مام جەلال كەسایەتییەكی گەورەی سیاسی‌و دەوڵەتی بوو، نەك لەسەرئاستی كوردستان‌و عیراق، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهانیش وەك سەركردە‌و تێكۆشەرێكی مه‌زن و سومبلی گەلێكی خەباتگێڕ ناسراوە.
هەزاران لاپەڕە لەسەر ژیان‌و تێكۆشانی سیاسی‌و پێشمەرگانەی ئەم سەركردە مەزنە نوسراوە، ئەوەی من ئەمەوێ‌ رۆشنایی بخەمە سه‌ر  ژیانی نوسین‌و رۆژنامەگەری (مام جەلال)ە.
مام هەر لەسەرەتای ژیانی لاوی‌و كە هێشتا خوێندكاری سەرەتایی بووە لە شاری كۆیە خولیای خوێندنەوەی رۆژنامە‌و كتێبی هەبووە‌و هەر بۆیەش  لەساڵی 1946لەگەڵ هاوڕێكانیدا كۆمەڵەیەكیان بۆ هاندانی خوێندنەوە پێكهێناوە بەناوی(كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە)‌و خۆشی بەسكرتێری كۆمەڵەكە هەڵبژێردراوە‌و ئیدی لەوێوە كاروانی تێكۆشانی خوێندنەوە‌و نوسین‌و رۆژنامەگەری بەرێخستووە.
دوای ئەوەشی كە پەیوەندی بەپارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە‌و لە سەرەتای پەنجاكانی سەدەی رابردوو كە ئەبێتە یەكێك لەسەركردە دیارەكانی ئەو حزبە خۆی بۆ سەرپەرشتی رۆژنامەگەری نهێنی‌و ئاشكرای ئەو حزبە لەبەغدا‌و كەركوك‌و سلێمانی تەرخان ئەكات‌و وەك پەیامنێر‌و نوسەر‌و تاپێست‌و سەرپەرشتیاری چاپ‌و سەرنوسەر خزمەت ئەكات.
ساڵی 1959 پێشنیازێك ئاراستەی مامۆستا برایم ئەحمەد سكرتێری ئەو كاتەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەكات بۆ ئەوەی گۆڤارێك بەناوی(رزگاری) بەزمانی كوردی لە بەغدا دەربكەن، مامۆستا برایم پێشنیازەكەی پەسەند ئەكات‌و ساڵح حەیدەری ئەبێتە خاوەنی ئیمیتیاز‌و فوئاد جەواد بەسەرنوسەر‌و مام جەلال بەهەڵسوڕێنەری كاروباری گۆڤارەكە.گۆڤاری رزگاری تەنها سێ‌ ژمارەی لێدەرچووە.
دواتر رۆژنامەی خەبات وەك رۆژنامەیەكی سیاسیی رۆژانە بە هەردوو زمانی كوردی‌و عەرەبی لەشاری بەغدا دەرئەكەن‌و مامۆستا برایم ئەحمەد خاوەن ئیمتیاز‌و سەرنوسەری ئەبێ‌‌و مام جەلال‌و حیلمی عەبدولكەریم هاوكار‌و پشتیوانی سەرەكی رۆژنامەكە ئەبن‌و لەچواری نیسانی 1959 تا 28ی مارسی1961، (462) ژمارەی لێدەئەكەن.
دوای ئەوەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان مۆڵەتی رەسمی كاركردن لەحكومەتی عیراق وەردەگرێ‌،ناوی رۆژنامەی خەبات ئەگۆڕن بە(كوردستان)‌و مامۆستا برایم ئەحمەد خاوەن ئیمتیاز‌و مام جەلال سەرنوسەری ئەبێ‌‌و عەبدولڕەحمانی زەبیحی ‌و هەژار‌و حیلمی عەلی شەریف سێ‌ هاوكار‌و پشتیوانی سەرەكی رۆژنامەكە ئەبن‌و رۆژنامەكە  سیاسی‌و هەفتانە بووە‌و لە4ی مارسی 1961 تا 1ی نیسانی 1961 پێنج ژمارەی لێدەرچووە.
مام جەلال لەو سەردەمە بەهۆی ئەوەی ئەفسەری یەدەگ بووە لەسوپای عیراق بەناوی (پیرۆت)ەوە نوسینەكانی بڵاو كردۆتەوە‌و دوای ئەوە بەناوی خۆیەوە نوسینەكانی بڵاو كردۆتەوە.
مام قەڵەمێكی دیار بووە‌و بەرهەدوو زمانی كوردی‌و عەرەبی‌و نوسیویەتی‌و هەربۆیەش بە ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق هەڵبژێردراوە كە شاعیری ناسراو محەمەد مەهدی جەواهیری سەرۆكی بووە.
بواری رۆژنامەگەری‌و میدیا جێگەی بایەخی مام جەلال بووە، هەر بۆیەش لەكاتی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و لەكۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەردا  بڕیاری ئەوە ئەدەن دوو رۆژنامە بەزمانەكانی كوردی و عەرەبی دەربكەن‌و ئەوەبوو هەر لەشامەوە رێبازی نوێ‌‌و ئەلشەرارە دەركران‌و دواتریش رادیۆی دەنگی شۆڕشی عیراق خرایە گەڕ‌و وەك سێ‌ ناوەندی میدیایی رۆڵی خۆیان لەجۆشدانی شۆڕشی نوێدا هەبوو، كە بێگومان مام جەلال سەرپەرشتیارو بزوێنەری سەرەكی ئەو میدیایانە بوو.
بێ‌ لەكاری رۆژنامەگەری لەبواری نوسینی تردا، مام جەلال قەڵەمێكی دیار بووە‌و خاوەنی چەندین كتێبی ناوازەیەلەوانە( الحركە التحرریە الكردیە،  أغد و ديمقراطي و حرمان شعب حتى من حق  الحلم؟ ، حول القضية الكردیە، كوردایەتی، لەپێناوی پاراستن‌و سەرخستنی شۆڕشەكەی كوردستاندا،پێشمەرگەی كوردستان) ‌و چەندانی تر.
لەدوای راپەرینیش مام جەلال  رۆڵی دیاری هەبوو لەدەركردنی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌‌و رۆژنامەی الاتحاد‌و رۆژنامە‌و گۆڤارەكانی تری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و  سەرباری ئەركە سیاسییە زۆرەكانی، بایەخێكی زۆری بەبواری میدیا ئەدا‌و لەرێی نوسینی وتارو ئامۆژگاری ئەو بڵاوكراوانەی بەسەر ئەكردەوە.
ئەو سەركردە گەورەیەی لە خەباتی نهێنی‌و لەشاخ‌و لەكۆشكی كۆماری بایەخی بەرۆڵی میدیا ئەدا‌و هەمیشە رێنمایی ‌و ئامۆژگاری ئەكردن بەزمانی گوڵ بنوسن‌و بڕوایان بە پرنسیپی چەپكە گوڵەكە هەبێ‌.

تێبینی
بۆ نوسینی ئەم وتارە سودم لە كتێبی( بیرەوەری رۆژنامەنوسیی مام جەلال)ی هاوار مستەفا خان وەرگرتووە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP