گەڕانەوەی‌ ئاوارەكان زیان بە هەرێمی‌ كوردستان دەگەیەنێت
گەڕانەوەی‌ ئاوارەكان زیان بە هەرێمی‌ كوردستان دەگەیەنێت ‌ 6/9/2017
یەکەی ئابووری
لەدوای‌ هەڵگیرسانی‌ شەڕی‌ داعشەوە، بەسەدان هەزار ئاوارە لەناوچە ناكۆكییەكانی‌ عیراقەوە روویان لەهەرێمی‌ كوردستان كرد، راستە لەڕووی‌ نیشتەجێبوون‌‌و دابینكردنی‌ خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی‌ وەك ئاو و كارەباو پێداویستییەكانی‌ كەرتی‌ تەندروستی،‌ بوونە بارگرانی‌ بۆ هەرێمی‌ كوردستان، بەڵام لەهەمانكاتدا كۆڵەكەیەكی‌ گرنگ بوون بۆ ئابووری‌ كوردستان‌‌و بووژاندنەوەی‌ بازاڕ.
بەشی‌ زۆری‌ ئەو ئاوارانە سەرەڕای‌ ئەوەی‌ ئەو داهاتەی‌ دەستیان دەكەوت لەشارەكانی‌ كورستاندا ساغیان دەكردەوە، ئەوانەشیان كە دەستڕەنگین بوون‌‌و پیشەیەكیان دەزانی،‌ پڕۆژەی‌ بچووكی‌ خۆیان پێكەوەناو جموجۆڵیان خستەبازاڕ، بەشێكیشیان بوونە هۆكاری‌ بووژاندنەوەی‌ گوندەكان‌‌و گەشەسەندنی‌ سامانی‌ ئاژەڵداریی‌، ئێستا پاش گەڕانەوەیان، بۆشاییەكەیان بەدەر دەكەوێت.

بە كرێیەكی كەم نایكەن
عەلی‌ رەحیم (55 ساڵ)، سێ‌ ساڵی‌ رابردوو سەرمایەكەی‌ كە لەبواری‌ ئاژەڵدارییدایە برەوێكی‌ گرنگی‌ بەخۆوە بینی‌، بەڵام ئێستا تووشی‌ كێشەیەكی‌ گەورە بووەو نازانێت چارەنووسی‌ ئاژەڵەكانی‌ بەكوێ‌ دەگەن‌‌و ماوەی‌ دوو مانگە بەدوای‌ خێزانێكدا دەگەڕێت كە ئاژەڵەكانی‌ بۆ بەخێو بكەن، چونكە نە تەمەن‌‌و نە راهاتنی‌ لەسەر ژیانی‌ ناوشار یارمەتی‌ نادەن بۆ ئەوەی‌ خۆی‌ سەروكاری‌ ئیشەكەی‌ بكات.
عەلی‌ دانیشتووی‌ گوندی‌ دێوانەیە كە سێ كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری خۆرئاوای‌ قەزای‌ دەربەندیخان لەپارێزگای‌ سلێمانی‌، ئەو سێ ساڵ لەمەوبەر سوودی لەهاتنی‌ بەلێشاوی ئاوارە عەرەبەكان بینی‌‌‌و مەڕو ماڵاتەكەی‌ سپارد بەچەند خێزانێكی‌ عەرەب بۆ ئەوەی‌ بۆی‌ بەخێو بكەن.
ئەم پڕۆسەیە هەم بۆ عەلی‌‌‌و هەمیش بۆ ماڵە عەرەبەكانیش سودبەخش بوو، چونكە عەلی‌ ئەوەی‌ مسۆگەر دەكرد كە بەكرێیەكی‌ كەم مەڕو ماڵاتەكەی‌ بەخێو بكرێت، ماڵە عەرەبەكانیش هەم لەناو گونددا خانوویەكی‌ خۆڕاییان دەست دەكەوێت‌‌و هەم پارەیەكی‌ ئەوتۆ پەیدا دەكەن كە ژیانی‌ خۆیانی‌ پێ مەیسەر بكەن.
ئێستا كێشەكەی‌ عەلی‌ گەورەیە، چونكە ماڵە عەرەبەكان گەڕاونەتەوە بۆ شارەكانی‌ خۆیان‌‌و ئەوانەشیان كە ماونەتەوە ئامادە نین بەكرێیەكی‌ كەم كارەكە بكەن.

كرێیەكی‌ كەم و قازانجێكی‌ زۆر‌
عەلی‌ بەماڵپەڕی (نیقاش)ی‌ وتوە: «جاران 300 هەزار دینارم دەدا بە خێزانێك لەگەڵ شوێنی‌ مانەوە، ئیتر كارەكەیان بۆ دەكردم، بەڵام ئێستا هیچ كەس بەو پارەیە ئامادە نییە كارێكی‌ لەو شێوەیە بكات».
عەلی‌ خاوەنی‌ سێ كوڕو چوار كچەو لەدوای‌ ساڵی‌ 2003ەوە گوندەكەیانی‌ بەجێهێشتوەو چۆتە قەزای‌ دەربەندیخان، بەهۆی‌ ئەوەی‌ یەكێك لەمنداڵەكانی‌ لەكەرتی‌ گشتی‌ دامەزراوەو منداڵێكی‌ تری‌ خوێندكار بووە، بەڵام مەڕو ماڵاتەكەی‌ لەگوندەكەی‌ خۆیان هەر ماوەتەوەو بەكەسانی‌ دیكەی‌ سپاردووە، باشترین ماوەی‌ بوژاندنەوەی‌ سەرمایەكەشی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردوو بووە، كە بە كرێیەكی‌ كەم قازانجێكی‌ زۆری‌ دەستكەوتووە‌و لەو ماوەیەدا پێنج خێزانی‌ عەرەب، 600 سەر مەڕو ماڵاتیان بۆ بەخێوكردووە.

دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان
هاتنی‌ خێزانە عەرەبەكان بۆ خاوەن كارەكان مایەی‌ خێروبێرێكی‌ زۆرو بۆ كرێكارە كوردەكانیش مایەی‌ بێزارییەكی‌ گەورە بوو، چونكە یەكەمیان بەكرێیەكی‌ كەم كارەكەیان بۆ رادەپەڕا، دووهەمیشیان بەهۆی‌ هاتنی‌ شوێنگرەوەی‌ عەرەبەوە لەكارو كاسپی‌ بوون‌‌و بەنرخەكەی‌ جاران هیچ كارێكیان دەست نەدەكەوت.
ئەو كەسانەی‌ لەگوندەكاندا كشتوكاڵ‌‌و مەڕوماڵاتیان هەبوو، سێ‌ ساڵە بێخەم پاڵیان لێداوەتەوەو ئاوارە عەرەبەكان بەكرێیەكی‌ كەم كارەكەیان بۆ دەكردن، بەڵام ئێستا دەستیان لەبنی‌ هەمانەكە دەرچووەو هیچیان پێ‌ ناكرێت.
حەسەن قارەمان (70 ساڵ) دانیشتووی‌ گوندی‌ (وڕێڵە)ی‌ سەر بەناحیەی‌ باوەنورەی سەر بە ئیدارەی گەرمیانە، سێ‌ ساڵە ئەویش چەند خێزانێكی‌ عەرەب كاری‌ مەڕداریان بۆ كردووە، بەڵام ئیدی‌ ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكەی‌ خۆیان‌‌و بەو كارو كرێیە رازی‌ نابن.
منداڵەكانی‌ حەسەن گوندیان جێهێشتووەو هەریەكە لەشارەكاندا خەركی‌ كارو خوێندنی‌ خۆیانن، خۆیشی‌ بەو تەمەنەوە توانای‌ ئاژەڵداریی‌ نەماوە، بۆیە ئاوارە عەرەبەكان بۆی‌ بووبوونە فریادڕەس.

نیوەی‌ بەرهەمی‌ مەڕەكان‌
حەسەن بەو ماڵپەڕەی وتوە: «هاتنی‌ ئاوارەكانم بەهەلێك زانی‌ بۆ ئەوەی‌ بگەڕێمەوە بۆ گوند، لەبەر ئەوەی‌ ئارەزووی‌ ژیانی‌ شارم نییە، وام بەباشزانی‌ ئەگەر ساڵانە داهاتێكی‌ كەمیشم دەست بكەوێت گرنگ ئەوەیە لەزێدو خاكی‌ خۆمدا دەژیم».
گوندەكەی‌ حەسەن دەكەوێتە 30 كیلۆمەتری‌ باكوری‌ قەزای‌ كەلاری‌ ناوەندی‌ ئیدارەی‌ گەرمیان، پاش ئەوەی‌ خێزانە عەرەبەكان رۆیشتوونەتەوە، ئێستا لەگەڵ ماڵێكی‌ كورد رێككەوتووە كارەكەی‌ بۆ بكەن، بەڵام بەپارەیەكی‌ زۆر زیاتر.
حەسەن دەڵێت: «ئێستا ئاوارەكان داوای‌ نرخێكی‌ زۆر دەكەن یان داوای‌ نیوەی‌ بەرهەمی‌ مەڕەكان‌‌و دابینكردنی‌ شوێن‌و خەرجی‌ رۆژانەیان دەكەن، ئەمەش نرخیكی‌ زۆرە، ئەگەر بەوە رازی بین كۆتایی‌ ساڵ هیچ خێرێكمان دەست ناكەوێت، بۆیە بەناچاری‌ پەنام بردۆتە بەر خێزانێكی‌ كورد بۆ ئەوەی‌ ئەمساڵ مەڕوماڵاتەكەم بۆ بەخێوبكات، تا رێگایەكی‌ تر دەدۆزمە بۆ بەخێوكردنیان».
بەخێوكردنی‌ مەڕوماڵات لەگوندەكاندا جگە لەشوانی مەڕەكان‌‌و دەركردنیان لەڕۆژدا بۆ لەوەڕگا، لەوەرزی‌ زستاندا دەبێت ئالیك بدرێن‌‌و رۆژانە جێگەكەیان لەپاشەڕۆكانیان پاكبكرێتەوە، لەگەڵ بەخێوكردنی‌ بەرخەكانیان تا كاتی‌ فرۆشتنیان.
ئێستا زۆربەی‌ ئاوارە عەرەبەكان یان گەڕاونەتەوە سەر زێدی‌ خۆیان، یاخود بەهۆی‌ شارەزایی‌ پەیداكردن‌‌و ناسراوییان ئامادەنین بەكرێكەی‌ جاران كاربكەن، ئەمە جگە لەوەی‌ هاوكاری‌ حكومەت‌‌و رێكخراوە مرۆڤدۆستەكان بژێوی‌ بەشێكیان دابین دەكات‌‌و ئەوە ناهێنێت هێندە خۆیان بەمەڕدارییەوە ماندوو بكەن.

بۆشایی‌ دەستی‌ كاریان پڕ كردبۆوە
سەرەڕای‌ ئەوەی‌ حكومەتی‌ هەرێم چەند جارێك رایگەیاندووە كە هاتنی‌ بەلێشاوی‌ ئاوارەكان قورساییەكی‌ گەورەی‌ دروستكردووە لەبواری‌ نیشتەجێبوون‌و خزمەتگوزاریی‌، بەڵام زیاد لەبەرپرسێكی‌ حكومی‌ دانی‌ بەوەدا ناوە لەبواری‌ جۆربەجۆردا سوودیان لەهاتنی‌ ئاوارەكان بینیوە.
شاكر یاسین بەڕێوەبەری‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ كۆچ‌و كۆچبەرانی‌ هەرێم بە(نیقاش)ی‌ راگەیاندوە: ئاوارەكان رۆڵێكی‌ باشیان بینیوە لە ئاوەدانكردنەوەی‌ گوندەكاندا، بەشێكی‌ زۆری‌ ئاوارەكان دەستی‌ كاران‌‌و تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵدایە، بۆیە توانیویانە كاریگەری‌ باشیان هەبێت لەپەرەپێدانی‌ كەرتی‌ كشتوكاڵی‌‌‌و ئاژەڵداری‌ لەگەڵ ئەوەشدا بەكرێیەكی‌ كەم كاردەكەن.
وتیشی:‌ «گەڕانەوەی‌ ئاوارەكان كاریگەری‌ گەورەی‌ دەبێت لەسەر گوندنشینان، لەبەرئەوەی‌ خێزانە ئاوارەكان بۆشایی‌ دەستی‌ كاریان پڕ كردبۆوە».
گەڕانەوەی‌ ئاوارەكان، عەلی‌‌‌و حەسەن‌‌و هاوشێوەكانیانی‌ لەخاوەن كارەكان خستووەتە بەردەم قەیرانێك كە نازانن چۆن چارەی‌ بكەن، بەڵام كرێكارە كوردەكانیش ئاسوودەن بەگەڕانەوەی‌ ئاوارەكان، چونكە ئیتر خاوەنكارەكان دەبێت بگەڕێنەوە سەر تواناكانی‌ ئەوان‌‌و ئەوانیش گیرفانیان گەرم دەبێتەوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7370
22/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP