بـۆ دەبێ برسێتی هەبێت؟
لەكاتێكدا جیهان خۆراكی زێدەی هەیە بـۆ دەبێ برسێتی هەبێت؟ ‌ فه‌یسه‌ڵ عه‌لی‌ 10/9/2017
جیهان هیچ كاتێك هێندەی ئێستا خۆراكی زۆری بەخۆیەوە نەدیوە. ساڵی رابردوو (٢٠١٦) جووتیاران زیاد لەوەی ئێمەی دانیشتووانی سەر گۆی زەوی (حەوت ملیار كەس) بەكاریببات خۆراكیان بەرهەمهێنا، لەبەر ئەوە شاخێكی گەورەی خۆراك لە چەندین دەوڵەتی جیهان كەڵەكە بووە، لەوانە كەنەدا. نرخی ئەو خۆراكانە بە خێرایی دادەبەزن. لەگەڵ ئەوەشدا برسێتی هەیە.

(مردن لەبرسان)
جیهان هیچ كات ئەو ژمارە زۆرەی خەڵكی بەخۆیەوە نەدیوە كە دووچاری برسێتی بوونە. بۆ یەكەمجار، هەر لەساڵی ٢٠١١وە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم عیبارەتە بەكاردەهێنێت (مردن لەبرسان)، بۆ ئەوەی لێوەی رەوشی هەندێك دەوڵەت بكات كە بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن. نەتەوە یەكگرتووەكان پێش دوو مانگ ئاگادارییەكی بڵاوكردەوە كە نزیكەی یەك ملیۆن كەس لە ئەفریقیا و یەمەن لە كەناری برسێتیدان، ٢٠ ملیۆن كەس لەو ناوچانەدا دەژین كە وەرزی دروێنەیان شكستی هێناوە و رووبەڕووی حاڵەتی بەدخۆراكی بوونەتەوە. چۆن دەبێ ئەو دوو راستییە دژ بەیەكە (زۆری خۆراك و برسێتی) راست و دروست بن؟ ئاژانسی رۆیتەرز رۆژی ١١/٤/٢٠١٧ دوو هەواڵی بڵاوكردەوە كە چەند سەعاتێكیان نێوان بوو، دوو ناونیشانی جیاوازییان هەبوو. یەكەمیان، دانەوێڵە لە مەدرەجی فڕۆكەخانە و وێستگەی ئۆتۆمبێل و كێڵگەكانی سیخناخ كردووە. دووەمیان، مەترسیی برسێتی لە ئەفریقیا و یەمەن گەورەتر دەبێت. برسێتی بەهۆی كەمی خۆراك و زۆربوونی بێ ئەندازەی مرۆڤەوە دروست نابێت. 
خۆراكێكی ئێجگار زۆر هەیە كە بەشی پێداویستییەكانی تەواوی دانیشتووانی سەر گۆی زەوی دەكات. لەڕاستییدا دەكرێ بە هەندێك هەوڵ‌و ماندووبونی زیاتر ئەو خۆراكەی هەیە دوو هێندە بكرێت. حكومەتەكان پارە بە جووتیارەكان دەدەن تا ئاستی بەرهەمهێنانیان كەم بكەنەوە، چونكە شوێنی تەواویان بۆ كۆگاكردنیان نییە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧ برسێتی روو نادات، چونكە خۆراك گرانە. ئەوە حاڵی 10 ساڵی بەر لەئێستا بوو، كە هەڵكشانی نرخی شمەك بەرزبوونی نرخی خۆراكی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەش دوای چوار دەیە لە داڕمانی نرخی خۆراك هات كە خەرجیی تەرخانكراو بۆ خۆراك لە بودجەی خێزان كەمترین بەخۆیەوە بینی. وەك پەرچەكرداری ئەو بەرزی نرخی خۆراكە، وەبەرهێنانی كشتوكاڵی زۆر زیادیكردو پانتایی زەویی بەكارهێنراو ئێجگار فراوان بوو. ئەو هەنگاوە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆراكی گەیاندە ترۆپك‌و یەك لە دەرئەنجامەكانی ئەو زێدە بەرهەمە داشكاندنی نرخی خۆراك بوو بۆ ئاستی پێوانەیی.

خۆراكی یەك ساڵی خەڵكی چین
لەمانگی ئازاری ٢٠١٧، رێكخراوی خۆراك‌و كشتوكاڵی (فاو) سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاند كە تەنیا لە ماوەی یەك مانگدا نرخی جیهانی خۆراك بە رێژەی (٢.٨%) داشكا. نرخی رۆنی رووەكی بە رێژەی (٦.٢%) و شیر بە رێژەی (٢.٣%) دابەزی، (گۆشت تاكە بەرهەم بوو كە نرخەكەی بەرزبووەوە). ئێستا جیهان خاوەنی بڕێكی زۆری گەنم و برنجە كە سێ یەكی زیاترە لەوەی كە پێشبینی دەكرێت جیهان لە ساڵی ٢٠١٧ بیفرۆشێت و بیخوات و بیكاتە زیندەوزە.
 لەم دواییەدا ئاسی بەرهەمهێنانی جیهان لە گەنمەشامی‌و سۆیا ٦٧٠ ملیۆن تۆنی لەكۆی پێداویستییەكانی جیهان زیاتر بوو. ئەوە بەشی خۆراكی یەك ساڵی خەڵكی چین دەكات. بۆچی كەس ئەو زێدە خۆراكە بۆ یەمەن و سۆماڵ و نەیجیریا و باشووری سودان نابات؟ ئەگەر ئەوە روو بدات، كاتێكە كە وشكەساڵی یان كارەساتێكی كشتوكاڵی رووبدات. بۆ نمونە سیریلانكا ئەم ساڵ دووچاری وشكەساڵی بوو و بەهۆیەوە رووبەڕووی توندترین كەم ئاویی بوو، كە لێوەی تەواوی بەرهەمی برنجی ئەو ساڵەی لە كیس چوو. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ كەسێكی سیریلانكی دووچاری برسێتی نەبوەوە لەكاتێكدا خەڵكی ئەو دەوڵەتە برنج خۆراكی سەرەكی خەڵكەكەیەتی بە كورتی حكومەتی سیریلانكی بڕی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ هاوردەكردنی برنج تەرخانكرد بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی وشكەساڵی.
ئەوە زیانی بە دراوی سیریلانكی گەیاند، بەڵام ئابووریی ئەو دەوڵەتە لە گەشەكردنی بەردەوام بوو و خەڵكەكەیشی خۆراكی پێویستی خۆی هەبوو. ئەمە حاڵەتی سروستییە كاتێك وشكەساڵی لەدەوڵەتێك دەدات كە ئاشتی تێیدا بەرقەرار بێت، دەتوانێ خۆراكی زیاتر هاوردە بكات. بەڵام ئەو دەوڵەتە ئەفریقی و ئاسیاوییانەی ئەم ساڵ رووبەڕووی برسێتی بوونە، هیچ كامیان ئاشتی تێیدا نییە.

منداڵی جوتیارەكان
لە زۆر حاڵەتدا هیچ پەیوەندییەك لە نێوان برسێتی‌و وشكەساڵی و كارەساتی كشتوكاڵییدا نییە. لەباكووری خۆرهەڵاتی نەیجیریا، جەنگی دژ بە (بۆكۆ حەرامی تیرۆریست) رێگری لە جووتیارەكان گرت تا كشتوكاڵ بكەن، شەڕ نەیهێشت لە مانگی مایۆ و یۆنیۆ سود لە وەرزی تۆكردن وەربگرن، حەوت ملیۆن كەس رووبەڕووی مەترسی برسێتی دەبنەوە. لە سۆماڵ گروپی شەبابی تیرۆریستی هەموو دەرگاكانی بەردەم یارمەتییەكانی رێكخراوە مرۆییەكان داخستوە و هەروەها رێگری لە بەشكردنی بەسەر خەڵكیدا دەكەن و خۆیان تا بۆیان بكرێت دەستی بەسەردا دەگرن بۆ بەرژوەندیی خۆیان دەیفرۆشنەوە.
لە باشووری سودان، حكومەت و دەزگا ئەمنییەكان رێگری لە یارمەتییە مرۆییەكان دەكەن و شەڕی ئەهلی باڵی بەسەر ژیانی خەڵكییدا گرتووە. لە ساڵی ٢٠١٧ تەنیا جەنگ و توندڕەویی گەورەترین رێگری و كۆسپی بەردەم گەیشتنی خۆراكە بەوانەی پێویستییان پێی هەیە. دەبێ ئەولەویەتی هەر حكومەتێكی دەوڵەتانی پێشكەوتوو شكاندنی بەربەستەكانی بەردەوام گەیاندنی خۆراكە بەوانەی پێویستییان پێی هەیە، تا ئەوكاتەی قەیرانەكە تێ ئەپەڕێنن، پاشان كار بكرێت بۆ ئەوەی جاریكی تر دەوڵەتەكانیان بە بازاڕی كشتوكاڵی جیهانییەوە گرێ بدەنەوە. زۆربەی قوربانییەكانی برسێتی منداڵی جوتیارەكانە، ئەوان زیاتر لەوانیتر رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، دەكرێ جیهان بە هاوبەشی رێگری لەو كارەساتانە بكەن كە رووبەڕووی كۆمەڵگەی مرۆیی دەبێتەوە.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7370
22/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP