ئایا ریفراندۆمه‌كه‌ی پایز، به‌هاری سه‌ربه‌خۆیی بۆ كه‌ته‌لۆنیا دێنێت؟
ئایا ریفراندۆمه‌كه‌ی پایز، به‌هاری سه‌ربه‌خۆیی بۆ كه‌ته‌لۆنیا دێنێت؟ ‌ بارزان شێخ عوسمان‌ 10/9/2017
لایه‌نگرانی سه‌ربه‌خۆیی و ناسیۆنالیسته‌ به‌رسالۆنه‌ییه‌كان له‌ كه‌ته‌لۆنیا له‌ مێژه‌ ده‌ڵێن: ئێمه‌ له‌ ئه‌وروپا له‌ هه‌مووان به‌خته‌وه‌رترین، ده‌ریا، خۆری به‌تین، كه‌نار ده‌ریاو داهاتی باشمان هه‌یه‌،  ده‌روازه‌ی ئیسپانیاشین به‌ڕووی ئه‌وروپادا، ئیتر بۆچی له‌ ئیسپانیا جیانه‌بینه‌وه‌!

هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی
ئه‌م خه‌ونی سه‌ربه‌خۆبوون و ماڵ جیاكردنه‌وه‌یه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا، هه‌ر لای كه‌ته‌لۆنیاییه‌كان سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه‌، به‌ڵكو  له‌ بریتانیا سكۆتله‌نداییه‌كان، له‌ به‌لژیكا ڤلانده‌رییه‌كان له‌ هه‌رێمی  فلامه‌ندی به‌لژیكا، تیرۆلییه‌كانی باشووری ئیتالیاو دووباره‌ لای باسكییه‌كانی ئیسپانیا ئه‌م خه‌ونی جیابوونه‌وه‌یه‌ له‌ ئارادایه‌و دانوستانی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت .
هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی لای كه‌ته‌لۆنییه‌كان ریشه‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1700 كه‌ ئیمپراتۆریی هابسبۆرك له‌به‌رده‌م بۆربۆنییه‌كاندا شكستیخوارد، به‌مه‌ش سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا زیانی به‌ركه‌وت و بووه‌ پاشكۆو به‌زۆر پێوه‌لكێنراوی ئیمپراتۆری دووه‌میان.
هه‌رچه‌نده‌ كه‌ته‌لۆنیا كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كیبوو له‌ بنیاتنانی كۆمارییدا،  به‌ڵام دوای شكست‌و روخانی كۆمارییه‌كان به‌ده‌ستی ژه‌نڕاڵ فرانكۆ له‌ ساڵانی 1932 و 1939 ئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی  سه‌ربه‌خۆیی و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی له‌ده‌ستدا، ته‌نانه‌ت زمانی دایكیش له‌ دانیشتووانه‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌كرا كه‌ تائێستاش ئاسه‌واره‌كانی ماوه‌. ساڵی 1975 له‌ دوای نه‌مانی فرانكۆو گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی دیموكراسیی بۆ ئیسپانیا، كه‌ته‌لۆنیا ئاهێكی به‌به‌ردا هاته‌وه‌و له‌ده‌ستووری 1979دا كه‌ته‌لۆنیا له‌گه‌ڵ باسكی ده‌سته‌خوشكیدا به‌ حوكمی خۆبه‌ڕێوه‌بردن شادبونه‌وه‌، زمانی كه‌ته‌لۆنیی له‌پاڵ ئیسپانیدا بووه‌ زمانی ره‌سمیی، سه‌رباری دیموكراسی، ئازادیش ده‌سته‌به‌ر كرا، به‌ڵام ئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌ر خۆی به‌ بێبه‌ش و مافخوراو ده‌زانی.

په‌ره‌سه‌ندنی بیری سه‌ربه‌خۆیی
له‌دوای ساڵی 2003 له‌سه‌رده‌می هاتنه‌سه‌ركاری چه‌په‌كان، ده‌رفه‌ت ره‌خسا بۆ زه‌مینه‌خۆشبوونی په‌ره‌سه‌ندنی بیری سه‌ربه‌خۆیی و ده‌سكه‌وتی زیاتری ناسیۆنالیستی، له‌وانه‌ په‌سه‌ندكردنی  ده‌ستوورێكی نوێ له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه‌ به‌ رێژه‌ی 74%  كه‌ ئێستا بوه‌ته‌ جێی ره‌خنه‌ی  دادگای ده‌ستووری، له‌ 9ی /نۆڤامبری/2014یشدا  راپرسییه‌كی نائیلزامیی به‌ڕێوه‌چوو، زۆرینه‌ ده‌نگیان له‌ته‌ك جیابوونه‌وه‌دا بوو. ئه‌مساڵیش له‌ مانگی ئۆگه‌ستدا  په‌رله‌مانی كه‌ته‌لۆنیا رۆژی 1ی نۆڤامبری  دیاریكردووه‌  بۆ ریفراندۆمی بڕیاردان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی ئاینده‌ی هه‌رێمه‌كه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی مه‌دریددا. له‌ كاردانه‌وه‌یه‌كیشدا ماریانۆ زاخوای سه‌رۆك وه‌زیر نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی و داوای له‌ دادگای ده‌ستووریی كرد به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و ریفراندۆمه‌ به‌ ناقانونی رابگه‌یه‌نێت، دادگای ده‌ستووریش بواری داوه‌ بۆ بڕیاری كۆتایی  دادوه‌ره‌كان  كه‌ ئایه‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌، پێشێلكردنی ده‌ستووره‌، یان نا؟، له‌ولاشه‌وه‌ لایه‌نگرانی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ڵێن: دوای تێپه‌ڕبوونی 48 سه‌عات به‌سه‌ر ئه‌نجامی ئه‌رێ، سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نرێت و كه‌ته‌لۆنیا ده‌بێته‌ 29یه‌م وڵاتی یه‌كێتیی ئه‌وروپا.
له‌م هه‌رێمه‌ 8 ملیۆن كه‌سییه‌ی باكووری خۆرهه‌ڵاتی ئیسپانیا كه‌  هێنده‌ی به‌لژیكا ده‌بێت و بارسلۆنا پایته‌خته‌كه‌یه‌تی، 20٪ی سه‌رجه‌می داهاتی نیشتمانی پێكئه‌هێنێ، لایه‌نگرانی سه‌ربه‌خۆیی به‌هانه‌و بیانووی زۆریان هه‌یه‌ بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و جیابوونه‌وه‌و ئه‌ڵێن «ئێمه‌ ده‌روازه‌ی ئیسپانیاین بۆ هاورده‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندترین هه‌رێمین، كه‌چی 42 ملیار یۆرۆ قه‌رزارین، چونكه‌ مه‌درید له‌داهاتی ئێمه‌ كورتهێنانه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر ئه‌كات و 10٪ ی داهاته‌كه‌شمان ده‌داته‌ خه‌رجیی هه‌رێمه‌كانی تر، ئێمه‌ش ناچاری په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی سك هه‌ڵگوشین و كه‌مكردنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانین».

كه‌ته‌لۆنیا روبه‌ڕوی كێشه‌و كۆسپ ده‌بێته‌وه‌؟
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ بیانووی لایه‌نگرانی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تائێستاش زۆرینه‌ی دێهات و ناوچه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌یان، خۆیان به‌ ئیسپانی نازانن و هه‌ر به‌ كه‌ته‌لۆنیایی ئه‌دوێن، هه‌ر بۆیه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا په‌رله‌مان قانونێكی په‌سه‌ند كرد كه‌ ئاخاوتنی ره‌سمیی ته‌نیا به‌زمانی ناوچه‌یی ئه‌بێت، ئه‌مه‌ش په‌رله‌مانی فیدراڵی  تووڕه‌ كرد كه‌ له‌پاڵ زمانی ئیسپانیادا رێگه‌ به‌ كه‌ته‌لۆنیایش دراوه‌. هاوكات لافلێدانی سه‌ربه‌خۆیی وای كردووه‌ كه‌ نووسینی تابلۆی شوێنه‌ گشتییه‌كان و پیشانگه‌كان  ته‌نیا به‌ زمانی ناوچه‌یی بێت و ئاڵای ئیسپانیاش به‌ كه‌می ئه‌بینرێت، ده‌مارگیره‌ ناسیۆنالیسته‌كانیش له‌چه‌ندین بۆنه‌دا وێنه‌ی پادشای وڵاتیان دڕاندووه‌و سوتاندووه‌. ئاگایانی سیاسی روانین و بۆچوونی جیاجیان خستۆته‌ڕوو له‌ ئاست ئه‌م هه‌نگاوه‌، به‌وه‌ی ئایا له‌كاتی سه‌رگرتنی ئه‌م خواستی سه‌ربه‌خۆییه‌ (كه‌ته‌لۆنیا) روبه‌ڕوی كێشه‌ و كۆسپ نابێته‌وه‌! ئایا كه‌ته‌لۆنیای سه‌ربه‌خۆ ئه‌توانێت به‌شداریی بكات له‌ قه‌رزدانه‌وه‌كانی ئیسپانیا كه‌ 100 ملیار یۆرۆیه‌ به‌و پێیه‌ی پێشتر به‌شێك بووه‌ له‌و وڵاته‌؟. ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی ئه‌وروپاو بانكی ناوه‌ندیی ئه‌وروپا نه‌یان ویست، یان نه‌یانتوانی یارمه‌تی دارایی بده‌ن، ئایا كه‌ته‌لۆنیای نوێ ئه‌توانێت به‌رگه‌ی سوودو قازانجی ئه‌و قه‌رزانه‌ بگرێت كه‌ له‌ بانكی جیهانیی وه‌رئه‌گرێت كه‌ لانیكه‌م سووه‌كانی ئه‌و قه‌رزانه‌ 10٪ زیاتره‌؟! وه‌ك ئه‌و ئاگا سیاسییانه‌ ئه‌ڵێن: ئه‌و قه‌رزاربوونه‌ گوشارێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دروست ئه‌كات كه‌نزیكی ئه‌كاته‌وه‌ له‌ خۆكوژیی.

كه‌ته‌لۆنیای دوای ئه‌نجامه‌كان
ئایا كه‌ته‌لۆنیای تازه‌ سه‌ربه‌خۆ روبه‌ڕوی گوشار، یان كاردانه‌وه‌ی توندوتیژیی نابێته‌وه‌؟. دوای ئه‌نجامه‌كان به‌ به‌ڵێ شه‌قامه‌كانی بارسلۆنا تانك و ئۆتۆمبیله‌ سه‌ربازییه‌كانی لێ جێگیر ناكرێت وه‌ك ساڵانی سی سه‌ده‌ی رابردوو؟ یاخود ئه‌ویش  وه‌ك ده‌وڵه‌تانی یۆگۆسلاڤیای جاران به‌ سه‌ربه‌خۆیی شاد ئه‌بێت و ئیسپانیاش وه‌ك چیكۆسلۆڤاكیا ئه‌بێته‌ دوو ده‌وڵه‌ت و دواتریش هه‌رێمی باسك هه‌مان هه‌نگاو ئه‌نێت.
سه‌رچاوه‌، بی بی سی فارسی


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7370
22/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP