كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی: رێز له‌ رای گه‌لی كورد‌ و مافه‌كانی بگرن
كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی: رێز له‌ رای گه‌لی كورد‌ و مافه‌كانی بگرن ‌ 11/9/2017
مه‌لا به‌ختیار: هه‌میشه‌ رۆڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان ‌بینیوە
هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: بۆ یه‌كڕیزیی نیشتمانی به‌رده‌وام ده‌بین
د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم: كه‌ركوك كه‌وتۆته ‌به‌ر هه‌ڵمه‌تێكی زاڵمانه‌وە
كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك) له‌میانی پێشوازیی له‌ ماركۆ كارنیلۆس باڵیۆزی ئیتاڵیا له‌عیراق‌و سیرینا مورونی كونسوڵی ئیتاڵیا له‌هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ دۆست‌و هاوپه‌یمانان رێز له‌ڕای گه‌لی كورد‌و مافه‌كانی بگرن.
له‌دیداره‌كه‌دا، كه‌ رۆژی ٩/٩ له‌سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو به‌ئاماده‌بوونی شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی‌و ئیسماعیل مه‌حمود ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان، گفتوگۆیانكرد له‌باره‌ی دوایین پێشهات‌و گۆڕانكارییه‌كان‌و ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م ناوچه‌كه‌و قۆناغی دوای جه‌نگی داعش‌و جه‌نگی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر‌و دوا قۆناغه‌كانی رزگاركردنی ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی داعش‌و رۆڵی پێشمه‌رگه‌ تێیدا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌ردوولا رۆڵی پێشمه‌رگه‌یان به‌رزنرخاندو جه‌ختیان له‌هاوكاریی زیاتری پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌.
په‌یوه‌ست به‌پرسی ریفراندۆم‌و ئه‌نجامدانیشی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی‌و باڵیۆزی ئیتاڵیا، گفتوگۆی وردیان كرد له‌باره‌ی پرسه‌كه‌و ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌می‌و تێبینییه‌كان له‌باره‌ی كاتی ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌كه‌و له‌وڕووه‌شه‌وه‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی؛ جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ دۆست‌و هاوپه‌یمانان رێز له‌ڕای گه‌لی كورد‌و مافه‌كانی بگرن.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، هه‌ردوولا دۆخی ناوخۆی كوردستان‌و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان تاوتوێكرد، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی؛ به‌وردی باسی له‌هه‌وڵه‌كان‌و دوایین پڕۆژه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌و قه‌یرانه‌كان‌و چۆنێتی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و راشیگه‌یاند: یه‌كێتی مه‌به‌ستێتی به‌گفتوگۆ‌و لێكتێگه‌یشتن كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكرێ‌و په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه‌‌و كاره‌ یاساییه‌كانی خۆی ئه‌نجامبدات.
دیداری مه‌لا به‌ختیار له‌گه‌ڵ باڵیۆزو كونسوڵی ئیتاڵیا
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، هه‌مان رۆژ، مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، پێشوازییكرد له‌باڵیۆزو كونسوڵی ئیتاڵیا له‌عیراق‌و كوردستان‌و رایگه‌یاند: هه‌رچۆنێك هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تی‌و ناوچه‌كه‌‌و هه‌رێمایه‌تی‌و عیراقیش لێكده‌ده‌ینه‌وه‌، مه‌ترسیمان زۆره‌‌و وتیشی: له‌دوای هه‌موو شه‌ڕێك، سه‌ركه‌وتن بۆ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان‌و به‌دبه‌ختییه‌كانیش بۆ كورد ده‌مێنێته‌وه‌. لای خۆیشییه‌وه‌، باڵیۆز؛ جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ویستی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌و به‌باشییش له‌دوودڵی‌و نیگه‌رانییه‌كانی كورد تێده‌گه‌ن.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، مه‌لا به‌ختیار؛ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌گه‌ر له‌رابردوودا نه‌مانتوانیبێت ئاراسته‌ی شه‌ڕه‌كان‌و رێكه‌وتنه‌كان بگۆڕین، به‌ڵام ئێستا له‌شاخ نین‌و له‌كوردستانی وڵاتی خۆمانداین، حكومه‌تمان هه‌یه‌و په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیمان هه‌یه‌، پێشمه‌رگه‌؛ هێزێكی یاساییه‌، بازاڕمان ئازاده‌و ئاسایش‌و ئارامیش به‌رقه‌راره‌، بۆیه‌ چیتر چاوه‌ڕێ ناكه‌ین كۆتایی به‌ڕووداوه‌كان بێت‌و وتیشی: ریفراندۆم؛ بڕیارێكه‌و داومانه‌‌و وه‌ك كوردیش دواهه‌مین نه‌ته‌وه‌ نین كه‌ داوای مافی دیموكراسی‌و چاره‌نووسی خۆمان ده‌كه‌ین‌و به‌پێی بڕیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش، مافی سیاسی دیموكراسی نه‌ته‌وه‌كه‌مان وه‌دیده‌هێنین.
له‌باره‌ی ناوخۆی كوردستانیشه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌دواكۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كردو روونكردنه‌وه‌ی پێویستی له‌باره‌ی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كان خسته‌ڕوو، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌یه‌كێتی؛ هاوسه‌نگیی خۆی پاراستووه‌و له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌كدا نابێت، له‌دژی لایه‌كی تر‌و وتی: ئێستا له‌به‌رده‌م دواهه‌مین سیناریۆی چۆنێتی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانداین‌و وه‌ك یه‌كێتی-ش هه‌میشه‌ رۆڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌بینین. له‌ئاماژه‌كردنیش به‌بارودۆخی عیراق، وتی: ده‌رگای دیالۆگ‌و چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا دانه‌خستووه‌.
كۆبوونه‌وه‌ی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ باڵیۆزو كونسوڵی ئیتاڵیا
هه‌مان رۆژ، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی (ی.ن.ك) له‌میانی پێشوازی له‌ باڵیۆزو كونسوڵی ئیتاڵیا له‌عیراق‌و هه‌رێمی كوردستان، دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان‌و پرسی ریفراندۆمیان تاوتوێكردو جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌»یه‌كێتی؛ بۆ یه‌كڕیزیی نیشتمانی‌و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامده‌بێت».
له‌دیداره‌كه‌دا، كه‌ بافڵ تاڵه‌بانی لێپرسراوی كاروباری دژایه‌تی تیرۆر ئاماده‌یبوو، جه‌نگی دژ به‌تیرۆریستانی داعش‌و پێویستیی به‌رده‌وامیی هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه‌ تاوتوێكرا له‌پێناوی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی زیاتری مه‌ترسییه‌كانی تیرۆرو به‌رقه‌راركردنی ئارامی له‌ناوچه‌كه‌دا. گفتوگۆشیانكرد له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عیراق‌و په‌یوه‌ندیی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم‌و كێشه‌و قه‌یرانه‌كان‌و هۆكاره‌كانیان‌و ته‌ئكیدیانكرده‌وه‌ كه‌پێویسته‌ به‌دیالۆگ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكرێت. له‌وڕووه‌شه‌وه‌ خاتوو هێرۆ؛ دیدوبۆچوونی‌ یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان خسته‌ڕوو و وتی:»یه‌كێتی؛ بۆ یه‌كڕیزیی نیشتمانی‌و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك دامه‌زراوه‌ی ده‌ستووری‌و شه‌رعیی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، له‌هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامده‌بێت». باڵیۆزی‌ ئیتاڵیاش؛ پشتیوانیی وڵاته‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ڕێگاچاره‌ی ئاشتییانه‌ ده‌ربڕی.
سه‌باره‌ت به‌مافی چاره‌ی خۆنووسینیش، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د؛ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌»گه‌لی كوردستان وه‌ك گه‌لانی تر مافی خۆیه‌تی چاره‌نووسی خۆی دیاری بكات، كه‌مافێكی‌ ره‌واو دیموكراتییانه‌ی میلله‌ته‌كه‌مانه‌‌و یه‌كێتی-ش له‌خه‌باتی‌ سیاسی‌‌و دیموكراسی‌‌و ئاشتییانه‌ی‌ به‌رده‌وامده‌بێت». باڵیۆزیش، تێڕوانین‌و تێبینییه‌كانی له‌سه‌ر پڕۆسه‌كه‌ خسته‌ڕوو.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاریی بۆ گه‌ل‌و حكومه‌تی ئیتالیا له‌پای پاڵپشتی‌و هاوكارییان بۆ كوردستان‌و به‌تایبه‌تیش له‌شه‌ڕی دژی داعشدا، پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌بواره‌ جیاجیاكاندا، جه‌ختی له‌سه‌ر كرایه‌وه‌.

پارێزگاری كه‌ركوك‌و باڵیۆزی ئیتاڵیا
هه‌روه‌ها، له‌دیدارێكدا، د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك‌و باڵیۆزی ئیتاڵیا له‌عیراق، پرۆسه‌ی رزگاركردنی حه‌ویجه‌و بارودۆخی ئاواره‌كان‌و كاركردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان‌و پرۆسه‌ی ریفراندۆمیان، تاوتوێكرد.
له‌دیداره‌كه‌دا، د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم؛ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌»كه‌ركوك شارێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر نه‌ته‌وه‌‌و ئایین‌و سامان، به‌ڵام كه‌وتۆته‌به‌ر شاڵاوی هه‌ڵمه‌تێكی سیاسیی زاڵمانه‌‌و دانیشتووانه‌كه‌ی بۆ چه‌ندین ساڵه‌ كراوه‌ته‌ ئامانج»، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ له‌ڕۆڵی به‌رچاوی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌رگرییكردن له‌كه‌ركوك‌و دانیشتوانه‌كه‌ی‌و رۆڵی ئیتالیاشی له‌هاوپه‌یمانێتیی دژ به‌داعش به‌رزنرخاند.
لای خۆیشییه‌وه‌ كارنیلۆس، كاره‌كانی ئیداره‌ی كه‌ركوكی به‌رزنرخاند له‌به‌هاناوه‌چوونی ئاواره‌كان‌و قاره‌مانێتی‌و به‌رگریی هێزی پێشمه‌رگه‌شی به‌ئازایه‌تیی بێوێنه‌ وه‌سفكردو ته‌ئكیدیشی له‌به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7370
22/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP