یەکێتی: له‌ قۆناغی كۆتایی سـه‌رخستنی هه‌وڵه‌كانمانداین
یه‌كێتی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو؛ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان-ی تاوتوێكرد یەکێتی: له‌ قۆناغی كۆتایی سـه‌رخستنی هه‌وڵه‌كانمانداین ‌ هه‌ولێر، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ 12/9/2017
كۆمه‌ڵ: هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی به‌رز ده‌نرخێنین
یه‌كگرتوو: بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هاوڕاین
هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌رده‌وامه‌و لایه‌نه‌كانیش پێشوازیی له‌ دوا هه‌وڵی یه‌كێتی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دوێنێ له‌ هه‌ولێر وه‌فدی باڵای یه‌كێتی له‌گه‌ڵ وه‌فدی باڵای كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی كۆبۆوه‌، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆش دوو كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی (یه‌كێتی، پارتی، گۆڕان)، (یه‌كێتی، پارتی، كۆمه‌ڵ) به‌ڕێوه‌بچێت.
دوێنێ له‌هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان وه‌فدێكی باڵای یه‌كێتی به‌سه‌رۆكایه‌تیی مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی‌و ئه‌ندامێتیی د.ئه‌رسه‌لان بایزو سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌‌و رزگار عه‌لی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و بێگه‌رد تاڵه‌بانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی‌و سه‌رۆكی فراكسیۆنی سه‌وز له‌په‌رله‌مانی كوردستان، له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵ‌و ئه‌ندامێتیی عه‌بدولستار مه‌جیدو ئەنوەر سەنگاوی ئه‌ندامانی ئەنجومەنی سیاسی‌و مه‌ڕوان گه‌ڵاڵی سه‌رۆكی فراكسیۆنی ئه‌و حزبه‌ له‌په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.

كۆمه‌ڵ به‌هه‌ڵوێستێكی ئیجابی له‌ هه‌وڵ‌و كاره‌كانی یه‌كێتی ده‌ڕوانن‌
پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیی هاوبه‌شدا، سه‌ره‌تا، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی، سه‌باره‌ت به‌ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، رایگه‌یاند: دوای زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی بۆ كۆتاییهێنان به‌بارودۆخی ئێستای كوردستان، بۆ هه‌مان مه‌به‌ستیش ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌مان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان ئه‌نجامدا، كه‌ برایانی كۆمه‌ڵ به‌هه‌ڵوێستێكی ئیجابی له‌ هه‌وڵ‌و كاره‌كانی یه‌كێتی ده‌ڕوانن‌و به‌هه‌مان نه‌فه‌سیش ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ وه‌فدی یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌‌و گفتوگۆی باشیشمان كرد، به‌دڵنیاییشه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ی تریشمان ده‌بێت‌و له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كۆده‌بینه‌وه‌و هیوادارین بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێكی سه‌ركه‌وتوو. وتیشی: وه‌ك یه‌كێتی؛ به‌درێژایی دوو ساڵی رابردوو، بە نه‌فه‌سێكی درێژه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری بارودۆخی ئاڵۆزی كوردستان‌و كێشه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، كارمانكردووه‌‌و ئێستاش له‌قۆناعی كۆتایی پرۆسه‌كه‌داین.

بۆ هه‌موو بڕیارێك پێویستمان به‌په‌رله‌مانه‌
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ پێمانوایه‌ ده‌بێت په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قفێكی یاسایی دابنێت‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌ یاساییه‌كانی ریفراندۆم بكات، كه‌ ئێمه‌ بۆ هه‌موو بڕیارێك پێویستمان به‌په‌رله‌مانه‌و ئه‌گه‌ریش ئێمه‌ یه‌كگرتووبین ده‌توانین سوود له‌پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگرین، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ پشتیوانمان نابێت‌و زه‌ره‌رمه‌ندده‌بین.

له‌قۆناغی كۆتایی 
سه‌رخستنی پڕۆژه‌كه‌داین
ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد كه‌ پڕۆژه‌ حه‌وت خاڵییه‌كه‌ی یه‌كێتی، كه‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و یه‌كخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردو ریفراندۆم‌و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم‌و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ له‌خۆده‌گرێت، زۆر گرنگه‌و ئێستاش له‌قۆناغی كۆتایی سه‌رخستنی پڕۆژه‌كه‌داین، به‌هیواشین ئه‌نجامێكی باشی هه‌بێت‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش به‌گشتی پڕۆژه‌كه‌یان پێباش بوو.

هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی به‌رزده‌نرخێنین‌
لای خۆیشییه‌وه‌ عه‌بدولستار مه‌جید، رایگه‌یاند: وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی به‌رزده‌نرخێنین‌و ئه‌و خاڵانه‌ی یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان دایناون، هه‌مووی خاڵی باشن‌و به‌باشی هه‌ڵیده‌سه‌نگێنین. له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌شه‌وه‌، وتی: ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ كۆتایینه‌هاتووه‌و كۆبوونه‌وه‌ی تری به‌دوادادێت، بڕیاریشه‌ ئه‌مڕۆ 12/9 له‌چوارچێوه‌ی دوو كۆبوونه‌وه‌دا یه‌كێتی‌و پارتی‌و كۆمه‌ڵ ‌و دواتریش یه‌كێتی‌و پارتی‌و گۆڕان كۆببنه‌وه‌.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌و هه‌ر دوێنێ، وه‌فدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی هادی عه‌لی یاریده‌ده‌ری ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتوو، خه‌لیل ئیبراهیم‌و فه‌رهاد مه‌لا ساڵح‌و سه‌لاحه‌دین بابه‌كر ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی، كۆبوونه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ په‌راوێزخستنی
هیچ لایه‌نێكدا نین
سه‌باره‌ت به‌ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، خه‌لیل ئیبراهیم له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ وه‌ك یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌گه‌ڵ په‌راوێزخستنی هیچ لایه‌نێكدا نین له‌كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا‌و ده‌مانه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شداربن له‌كاراكردنه‌وه‌كه‌دا. له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری به‌شداریی یه‌كگرتووش له‌كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا به‌بێ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، وتی: هیوادارین له‌كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆدا 12/9 بگه‌نه‌ رێككه‌وتن‌و له‌هه‌ر حاڵه‌تێكیشدا وه‌ك یه‌كگرتوو كۆبوونه‌وه‌ی خۆمان ده‌كه‌ین‌و هه‌ڵوێستمان راده‌گه‌یه‌نین.

له‌كۆتاییدا گه‌یشتینه‌
چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كان
پاشان، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، باسی له‌وه‌كرد له‌كۆبوونه‌وه‌ماندا له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو، هه‌ردوولا هاوڕابووین بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، كه‌ ماوه‌ی ساڵ‌و نیوێكه‌ وه‌ك یه‌كێتی هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه‌ ده‌ده‌ین له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان. وتیشی: به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی له‌سۆشیال میدیاو راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ئاڕاسته‌مان ده‌كرا، بێگوێدانه‌ كات، له‌كۆتاییدا گه‌یشتینه‌ چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كان‌و پێویستیشه‌ سوپاس‌و ستایشی هه‌موو ئه‌و كه‌س‌و لایه‌نانه‌ بكرێت كه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان داوه‌، به‌تایبه‌ت سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی‌و كه‌سایه‌تییه‌ نیشتمانییه‌كان.

زۆر بابه‌تی گرنگ هه‌یه‌ پێویستیان به‌په‌رله‌مانی كوردستانه‌
له‌كۆتایی قسه‌كانیشیدا، رایگه‌یاند: ناكرێت به‌بێ په‌رله‌مان، باسی ریفراندۆم بكه‌ین، كه‌ بابه‌تێكی نیشتمانییه‌، ئێستاش زۆر بابه‌تی گرنگ هه‌یه‌ له‌وانه‌ ده‌ستووری هه‌رێم، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان‌و كۆتاییهاتنی شه‌ڕی تیرۆر‌و چه‌ند پرس‌و باسێكی تر، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ گرنگن‌و پێویستیان به‌په‌رله‌مانی كوردستانه‌ تا بڕیاریان له‌باره‌وه‌ بدات، وتیشی: به‌دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ك یه‌كێتی كارمان نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ته‌نها بۆ به‌یاساییكردنی پرسی ریفراندۆم كارابكرێته‌وه‌، هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ بوو په‌رله‌مان له‌كوێ په‌كخراوه‌ له‌وێوه‌ ده‌ست به‌كاروباره‌ یاساییه‌كانی بكاته‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7370
22/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP