ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ له‌ بواری پزیشكیی و پیشه‌سازیدا
ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ له‌ بواری پزیشكیی و پیشه‌سازیدا ‌ 13/9/2017
كه‌شتی نوح
ڕه‌نگه‌ زۆرجار بوونی ته‌ون‌و په‌رده‌ی جاڵجاڵۆكه‌ له‌ماڵێكدا به‌ڵگه‌ بێت بۆ كۆنی  ماڵه‌كه‌‌و پاكنه‌كردنه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ، به‌ڵام پسپۆڕان جۆرێكی تر ده‌ڕواننه‌ ئه‌و مادده‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و ئاوریشمه‌ی جاڵجاڵۆكه‌ ده‌ریده‌دات بۆ دروستكردنی ته‌ونه‌كه‌ی زۆر سه‌رنج ڕاكێشه‌ و له‌چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه‌ سوودی لێوه‌رده‌گیرێت.
پرۆفیسۆر تۆماس شایپڵ به‌هاریكاری له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌ی زانكۆی ئیرلانگن، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو كه‌ ئاوریشمی جاڵجاڵۆكه‌ به‌كاره‌ بۆ دروستكردنه‌وه‌ی شانه‌كانی دڵ له‌و كه‌سانه‌ی تووشی نۆره‌ دڵه‌ بوون، به‌ تایبه‌ت ئه‌و پرۆتینانه‌ی ئه‌و ڕیشاڵه‌ ئاوریشمییه‌ی لێ دروست ده‌بێت بونیادێكی توند و تۆڵی هه‌یه‌، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پرۆفیسۆر فلیكس ئه‌نگل كه‌ پرۆفیسۆرێكی ئه‌ڵمانییه‌‌و له‌هه‌مان زانكۆی ئیرلانگنه‌  ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ ئاوریشمی جاڵجاڵۆكه‌ی هیندی به‌ شێوه‌یه‌كی باش ده‌ست ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك مادده‌یه‌كی بونیادی به‌كار بهێنرێت له‌ شانه‌كانی دڵدا، به‌ڵام تا ئێستا نه‌توانرابوو كه‌ ئه‌و پرۆتینه‌  به‌ بڕێكی زۆر و كوالیتییه‌كی به‌رده‌وام ده‌ربهێنرێت، به‌ڵام زاناكان به‌م دواییه‌ توانیویانه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و كاره‌بكه‌ن.
 له‌مباره‌یه‌وه‌ پڕۆفیسۆر شایپل ده‌ڵێت» توانیمان پرۆتین له‌ ئاوریشمی ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ی ناو باخ به‌بڕێكی زۆر‌و كوالیتییه‌كی به‌رزی به‌رده‌وام  ده‌ربهێنین «.
له‌لای خۆیشییه‌وه‌ ڤۆلڤرام هۆبیرتۆس تسیمرمان له‌ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی دڵ‌و بۆرییه‌كانی خوێنی زانكۆی پزیشكیی گۆنتینگ له‌ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ توێژینه‌وه‌ی زۆر  ده‌كرێت له‌بواری ئه‌ندازیاریی شانه‌كان، واته‌ پێكهاته‌ی شانه‌كان و په‌ره‌پێدانی، ئه‌و ده‌ڵێت» ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی ئێستا چه‌ندین مادده‌ له‌خۆ ده‌گرێت‌و  ئه‌وه‌شی تائێستا پێی گه‌یشتووین شتی سه‌ره‌تایین».
هه‌روه‌ها وتیشی» ئه‌وه‌ی نوێیه‌ له‌م توێژنه‌وانه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاوریشم له‌ده‌ره‌وه‌ی له‌شی جاڵجاڵۆكه‌كه‌ دروست بكه‌ین‌و ئه‌وه‌ش كاتی زۆری ده‌وێت بۆ سه‌ركه‌وتنی ته‌واوه‌تی».
ئاوریشمی جاڵجاڵۆكه‌ زۆر پته‌‌و به‌رگه‌گرتره‌ له‌نایلۆن و ریشاڵی كیفلار كه‌ ئێله‌گی گولله‌به‌ندی لێ دروست ده‌كرێت و نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌، به‌ڵكو له‌سه‌رجه‌م مادده‌‌و بابه‌ته‌ ڕیشاڵییه‌كانی دیكه‌ش پته‌وتره‌.
 هه‌رچه‌نده‌ له‌ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ ئاوریشمه‌ وه‌ك مادده‌یه‌كی به‌كار ناسراوه‌، به‌ڵام كۆمپانیا به‌ناوبانگه‌كانی بواری پیشه‌سازیی كیمیایی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌ به‌رهه‌مهێنانی بڕێكی زۆری ئه‌و جۆره‌ ئاوریشمه‌
دوباره‌ تۆماس شایپڵ ده‌ڵێت «هه‌موان له‌و كاته‌دا ده‌یانوت ناتوانین ئه‌و كاره‌ بكه‌ین»، وتیشی « په‌روه‌رده‌كردنی ژماره‌یه‌كی زۆری جاڵجاڵۆكه‌‌و ده‌رهێنانی ئه‌و پرۆتینه‌ له‌و زینده‌وه‌ره‌ له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ سودێكی زۆری نابێت‌و كوالیتی ئه‌و ئاوریشمه‌ی جالجالۆكه‌كه‌ش باش نابێت كه‌ جاڵجاڵۆكه‌كه‌ له‌ سروشتدا نه‌بێت و وه‌ك دیل وابێت».

ئاوریشمی جاڵجاڵۆكه‌ وه‌ك دژه‌ به‌كتریا
شایپڵ ده‌ڵێت « كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و ئاوریشمه‌ی كه‌ له‌پرۆتینه‌كانه‌وه‌ دروست ده‌بێت، چونكه‌ هه‌موو پرۆتینێك ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ مه‌به‌ستی ئێمه‌یه‌ و ئه‌و جۆه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك دروست بووه‌ كه‌ پێویستی به‌ پاڵنه‌رێكی ئاسانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چڕ ببێته‌وه‌ ببێته‌ ئه‌و بونیاده‌ زۆر پته‌وه‌‌و ئه‌مه‌ش شتێكی پێویسته‌ له‌پرۆسه‌ی چنیندا له‌سروشتدا‌و ئه‌و بونیاده‌ پته‌وه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌ له‌ كاتی پێچانه‌وه‌ و پاككردنه‌وه‌یدا».
ئه‌مه‌ش  وای كردووه‌ كه‌ توێژه‌ره‌وه‌كان پرۆتینی جالجاڵۆكه‌ چاككبكه‌ن به‌ڕێگه‌ی ئه‌ندازه‌ی پرۆتینه‌كان‌و په‌ره‌پێدانی پرۆسه‌ی پاككردنه‌وه‌ و چنینی تایبه‌ت، به‌م شێوه‌یه‌ش تۆرێكی سپی دروست ده‌بێت كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زۆر جیاواز نییه‌ له‌ مادده‌ ڕیشاڵییه‌كانی دیكه‌ ، ئه‌ونده‌ هه‌یه‌ كه‌ جیاوازی گه‌وره‌ی نێوان ئه‌و پرۆتینانه‌‌و پۆلیمه‌تره‌ ده‌ستكرده‌كانی دیكه‌ خۆی له‌ مادده‌یه‌كی زینده‌یی كارادا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ شیاوی دوباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ ده‌بێت، چونكه‌ له‌سروشتدا جاڵجاڵۆكه‌ ته‌ونه‌كانی خۆی ده‌خوات .
 جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ئاوریشمی جاڵجاڵۆكه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی هه‌یه‌ كه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ بواری پزیشكیی كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ زۆر پاكژه‌‌و بۆیه‌ هێنده‌ پته‌ویشه‌ چونكه‌ دژه‌ به‌كتریایه‌.
 شایپڵ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت» به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئاوریشمه‌ به‌ شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ هیچ به‌كتریا‌و كه‌ڕوویه‌ك ناتوانێت له‌سه‌ر بمێنێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌رستۆی فه‌یله‌سوفی گریكیش پێی وابووه‌ كه‌ ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ باشترین هه‌توانه‌ بۆ برینه‌كان.

 له‌ مه‌مكی ده‌ستكرده‌وه‌ بۆ پێڵاوی وه‌رزشیی
توێژه‌رانی زانكۆی بایرویت شێوازێكیان داهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی  له‌ كاتی دروستكردنی مه‌مكی ده‌ستكرد دا به‌چینیك له‌ پرۆتینی ئاوریشمی جاڵجاڵۆكه‌ ڕووپۆشی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی  له‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر وه‌ریبگرێت.
 له‌مباره‌یه‌وه‌ فلیپ تسیبلین ڕاوێژكاری نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاری له‌نه‌خۆشخانه‌ی لۆدفیگسبۆرگی ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت» ئه‌گه‌ر ئه‌و شێوازه‌ به‌كار نه‌هێنین  له‌چاندنی مه‌مكه‌ سیلیكۆنییه‌كاندا  ئه‌وا به‌ رێژه‌ی 10% مه‌ترسی هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت لای ئه‌وانه‌ی  كه‌ نه‌خۆش نین‌و بۆ جوانكاری مه‌مكیان گه‌وره‌ ده‌كه‌ن و تووشی نه‌خۆشییه‌ك ده‌بن به‌ ناوی گرژ بوونی لووله‌كیی، ئه‌مه‌ش وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كی كۆئه‌ندامی به‌رگرییه‌ بۆ پاڵپێوه‌نانی مه‌مكه‌ چێندراوه‌كه‌. ڕێژه‌ی مه‌ترسییه‌كه‌ لای نه‌خۆشانی تووشبوو به‌ شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك ده‌بێته‌ (26%)  ئه‌وه‌ش به‌ هۆی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری تیشكییه‌، به‌ڵام كاتێك ئه‌و پرۆتینه‌ی جاڵجالۆكه‌یه‌ به‌كار بهێنین له‌ش زیاتر په‌سه‌ندی ده‌كات».
بڕیاریش وایه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی پرۆتین له‌سه‌ر مرۆڤ ده‌ست پێ بكرێت دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌ له‌سه‌ر گیانه‌وه‌رانی تاقیگه‌یی سه‌ركه‌وتوو بووه‌.
 پسپۆڕان له‌و بڕوایه‌دان كه‌ ئه‌و شێوازه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا گونجاو ده‌بێت بۆ چاندنی ئه‌ندامه‌كانی دیكه‌ی له‌ش و نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی دڵ‌و شوشتنی گورچیله‌ چه‌ند نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی دیكه‌.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كارگه‌ و كۆمپانیا پیشه‌سازییه‌كانیش چاویان له‌سه‌ر ئاوریشمی جاڵجاڵۆكه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ كۆمپانیای ئه‌دیداسی ئه‌ڵمانیی كه‌ له‌بواری دروستكردنی پێداویستی وه‌رزشیدا ناوبانگی جیهانیی هه‌یه‌ له‌ ڕێگه‌ی وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ سود له‌ ئاوریشمی جالجاڵۆكه‌ وه‌رده‌گرن و تا ئێستا یه‌كه‌مین پێڵاوی وه‌رزشیان دروست كردووه‌ كه‌ خۆبه‌خۆی شیده‌بێته‌وه‌، واته‌ كاتێك كۆن ده‌بێت خۆی شیده‌بێته‌وه‌ و ژینگه‌ پیس ناكات.
 ئه‌و كۆمپانیایه‌ بڕیاریداوه‌ له‌ چه‌ند ساڵی دادێت ئه‌و جۆره‌ پێڵاوه‌ بخاته‌ بازاڕه‌وه‌.
سه‌رچاوه‌: علوم والتكنولوجیا


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7370
22/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP