مه‌لا به‌ختیار: به‌رپرسیارانه‌ گفتوگۆمان كردو بۆچوونه‌كانمان هاوبه‌ش بوون
مه‌لا به‌ختیار: به‌رپرسیارانه‌ گفتوگۆمان كردو بۆچوونه‌كانمان هاوبه‌ش بوون ‌ هه‌ولێر، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ 13/9/2017
دوێنێ له‌باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك له‌هه‌ولێر «كۆشكی ئاشتی» دوو كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵی (یه‌كێتی-پارتی-گۆڕان) (یه‌كێتی-پارتی-كۆمه‌ڵ) به‌ڕێوه‌چوو، بڕیاریشه‌ كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وام بن.
له‌كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵی (یه‌كێتی-پارتی-گۆڕان)دا، كه‌ مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی‌و د.ڕۆژ نوری شاوه‌یس ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی‌و جه‌لال جه‌وهه‌ر ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كرد، تاوتوێی پرسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و ریفراندۆم‌و بژێویی خه‌ڵك‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم‌و به‌غدایان كرد.

ئه‌وه‌ی ماوه‌ میكانیزم‌و جێبه‌جێكردنی نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌یه‌و بۆ ئه‌وه‌ش گفتوگۆ ماوه‌
پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ش مه‌لا به‌ختیار؛ له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا، به‌ناوی هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌وه‌، ئه‌نجامی گفتوگۆكانی خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كه‌مان مێژوویی‌و گرنگترین كۆبوونه‌وه‌ی هه‌رسێ لایه‌ن بوو، به‌رپرسیارانه‌ گفتوگۆمان كردو بۆچوونه‌كانمان هاوبه‌ش بوون، به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و ریفراندۆم‌و كۆی بابه‌ت‌و رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌‌و نه‌خشه‌ڕێگا حه‌وت خاڵییه‌كه‌ی یه‌كێتی بوو، كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ نه‌خشه‌ڕێگه‌ حه‌وت خاڵییه‌كه‌ په‌سه‌ندكراو له‌كۆبوونه‌وه‌شمان له‌گه‌ڵ پارتی نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌ ئیمزاكرا. له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆشدا سه‌رله‌نوێ باسی ئه‌و خاڵانه‌مان كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی ماوه‌ میكانیزم‌و جێبه‌جێكردنێتی، بۆ ئه‌وه‌ش گفتوگۆمان ماوه‌ به‌تایبه‌ت یه‌كێتی‌و پارتی له‌گه‌ڵ گۆڕان‌و ته‌نهاش چه‌ند ته‌كنیكێك ماوه‌ بۆ ده‌ركردنی بڕیاره‌كان‌و له‌وڕووه‌شه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی گۆڕان ده‌كه‌ین بچنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خانه‌ی راپه‌ڕاندن‌و جڤاته‌كانیاندا گفتوگۆبكه‌ن‌و وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه‌، تا له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی یه‌ك دوو رۆژی داهاتوودا بڕیار كۆتایی بده‌ین‌و وتیشی: ئێمه‌و پارتی پابه‌ندبوونمان هه‌یه‌ به‌نه‌خشه‌ڕێگا حه‌وت خاڵییه‌كه‌ی یه‌كێتی.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ ئێمه‌و هه‌موو لایه‌ك‌و هاووڵاتیانیش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین‌و ئومێده‌وارین كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌رێنی‌و سه‌ركه‌وتووبن له‌باره‌ی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌، تا له‌وێوه‌ به‌یاسا بڕیار له‌ڕیفراندۆم بدرێت‌و چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی‌و ئابووری‌و پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ بکرێت.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامیش، كه‌ له‌لایه‌ن مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی وه‌فدی كۆمه‌ڵ ده‌كرا، عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، رایگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن.
عه‌بادی: وه‌فدی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا بكات
لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق جارێكی دیكه‌ دژایه‌تی خۆی بۆ ریفراندۆم راگه‌یانده‌وه‌و به‌ «ناده‌ستووری» ناویبردو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا «سه‌پاندنی بڕیاری تاكلایه‌نه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌».
سه‌رۆك وه‌زیران وتیشی: داوا له‌ وه‌فدی هه‌رێم ده‌كه‌م سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

(نوێنه‌ران) ریفراندۆمی ره‌تكرده‌وه‌
له‌ دانیشتنی دوێنێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقیشدا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان ره‌تكرایه‌وه‌و نوێنه‌رانی كوردیش بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌یان كرد.
هه‌ر له‌ دانیشتنه‌كه‌دا، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق راسپێردرا كه‌ «یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق بپارێزێت».
دوای بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌ش له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كورده‌وه‌، د.موسه‌نا ئه‌مین وه‌ك نوێنه‌ری سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند: بڕیاره‌كه‌ ته‌واو نایاسایی بوو، «له‌كاتی ده‌نگدانه‌كه‌دا ژماره‌ی یاسایی په‌رله‌مانتاران ته‌واو نه‌بوو، به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مانتارانی كورد دانیشتنه‌كه‌یان به‌جێهێشت»، راشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌و بڕیاره‌دا نه‌چێته‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتارانی كورد هه‌ڵوێستی دیكه‌مان ده‌بێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7370
22/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP