ئه‌تڵه‌نتیس؛ شارستانیه‌تی ونبوو
ئه‌تڵه‌نتیس؛ شارستانیه‌تی ونبوو ‌ 14/9/2017
زنجیره‌ بابه‌تێكم له‌باره‌ی ئه‌تڵه‌نتیسه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست ئاماده‌ كردووه‌ و، هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌ ره‌هه‌نده‌ جۆراوجۆره‌كانی كیشوه‌ری ونبووی «ئه‌تڵه‌نتیس» ئاشناتان بكه‌م، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی ئه‌م بابه‌ته‌ و نهێنییه‌كانی ترتان بۆ شی بكه‌مه‌وه‌. نهێنیگه‌لێكی وه‌ك هه‌ره‌مه‌كانی میسر، ده‌فره‌ فڕیوه‌كان، شارستانیه‌تی مایا، ژیان له‌ هه‌ساره‌كانی تردا و...هتد. ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌ درێژه‌ی باسه‌كه‌ماندا دێن و ته‌نیا ئاماژه‌یه‌كی كورتن بۆ ئه‌و شتانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌تڵه‌نتیسه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ ده‌كرێ فه‌سڵی كتێبێكی جیا بێت. ئه‌تڵه‌نتیس به‌ بێ زێده‌ڕۆیی، یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین نهێنییه‌كانی جیهان كه‌ تاكو ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زۆری له‌ باره‌وه‌ كراوه‌، به‌ڵام هێشتاش زۆربه‌ی ره‌هه‌نده‌كانی به‌ شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌.
1-2
ئه‌تڵه‌نتیس چییه‌؟ 
ئه‌تڵه‌نتیس ناوی كیشوه‌رێكه‌ كه‌ به‌ پێی وتراوه‌كان، 12هه‌زار ساڵ پێش ئێستا به‌ هۆی رووداوێك یان شه‌ڕ یان شتێكی هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌، نوقمی ژێر ئاو بووه‌. نووسینه‌كانی ئه‌فلاتون، فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگی یۆنانی گرنگترین به‌ڵگه‌ی باوه‌ڕپێكراون سه‌باره‌ت به‌ ئه‌تڵه‌نتیس كه‌ 3 هه‌زار ساڵ به‌رله‌ ئێستا كۆمه‌ڵێك زانیاریی نووسراو و سه‌رنجڕاكێشی له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌جێ هێشتووه‌. به‌ وته‌ی ئه‌فلاتون، ئه‌م كیشوه‌ره‌ لانكه‌ی شارستانیه‌تێكی زۆر گه‌وره‌ و پێشكه‌وتوو بووه‌ كه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیا، به‌ڵكو له‌ هه‌موو لق و پۆپه‌كانی زانست و هونه‌ردا ئاستێكی پێوانه‌ییان بڕیوه‌. ئه‌فلاتون، سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵكی ئه‌تڵه‌نتیس و شێوازی ژیانیان ئاماژه‌ به‌ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی سه‌رنجڕاكێش ده‌كات و، ده‌ڵێت: خه‌ڵكه‌كه‌ی زۆر سه‌رورووخۆش و دڵنزم بوون، باڵابه‌رز و سپی پێست و قژكاڵ بوون. خه‌ڵكێكی باوه‌ڕدار بوون و لای ئه‌وان هیچ شتێك له‌ ئه‌خلاق و به‌ها ئه‌خلاقییه‌كان گرنگتر نه‌بووه‌. به‌ خۆشه‌ویستییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌ژیان و ئابوورییه‌كه‌یان دراوی تێدا نه‌بوو. سوپای ئه‌تڵه‌نتیس زیاتر له‌ ملیۆنێك و 200 هه‌زار سه‌ربازی هه‌بووه‌ كه‌ به‌و پێیه‌، ده‌توانین حه‌شیمه‌تی هه‌موو ئه‌تڵه‌نتیس به‌ چه‌ندین ملیۆن كه‌س بخه‌مڵێنین. ده‌شتاییه‌كانی ئه‌تڵه‌نتیس پڕ بووه‌ له‌ كێڵگه‌ و مه‌زرای پان و به‌رین كه‌ به‌روبوومێكی فراوانی لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرا. ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌ وته‌كانی ئه‌فلاتون سه‌باره‌ت به‌و كیشوه‌ره‌ ونبووه‌.
هه‌تا سه‌ده‌یه‌ك پێش ئێستا، ئه‌تڵه‌نتیس ته‌نها ئه‌فسانه‌یه‌ك بوو، به‌ڵام له‌ درێژه‌ی ئه‌م یه‌ك سه‌ده‌یه‌دا، به‌هۆی ئامرازی پێشكه‌وتووی وه‌ك كه‌ڵه‌كۆمپیوته‌ر و مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه‌، لێكۆڵه‌ران و شاره‌زایانی بواری كه‌ونارا توانیان به‌ گوێره‌ی به‌ڵگه‌ و بینراوه‌كان، له‌وه‌ دڵنیا ببنه‌وه‌ كه‌ ئه‌تڵه‌نتیس ئه‌فسانه‌ نییه‌. ئه‌م وێنانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ نووسراوه‌كه‌دا هاتوون، وێنه‌ی به‌رزی و نشێوییه‌كانی ئاستی زه‌وین له‌ 12 هه‌زار ساڵ پێش ئێستادا كه‌ به‌ پێی جووڵه‌كانی توێكڵی زه‌وی، له‌لایه‌ن كه‌ڵه‌كۆمپیوته‌ره‌كانه‌وه‌ كاری لێكچوواندنی بۆ كراوه‌. ئه‌م وێنانه‌ وته‌كانی ئه‌فلاتون پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ ئه‌تڵه‌نتیس كیشوه‌رێك بووه‌ له‌ ناو زه‌ریای ئه‌تڵه‌سیدا. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌فلاتون له‌ ناو نووسینه‌كانی خۆیدا ئه‌وه‌ش باس ده‌كات كه‌ له‌ خۆرئاوای ئه‌تڵه‌نتیسه‌وه‌ كیشوه‌رێكی فراوانتر هه‌یه‌. ئه‌مه‌ ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌فلاتون كیشوه‌ری ئه‌مریكا و ئه‌تڵه‌نتیس لێك جیا ده‌كاته‌وه‌ و به‌ هه‌ڵه‌دا نه‌چووه‌. دیسانه‌وه‌، له‌ سه‌ر نه‌خشه‌یه‌كی مێژوویی كه‌ به‌ نه‌خشه‌ی «پیر ره‌ئیس»ی مه‌له‌وانی تورك ناسراوه‌، كیشوه‌ری ئه‌تڵه‌نتیس به‌ روونی ده‌بینرێت. 
ئه‌تڵه‌سی سیحراوی/ نه‌خشه‌ی (Piri Reis).
به‌ڵێ ئه‌تڵه‌نتیس راستییه‌كه‌ و حاشای لێ ناكرێت، ئه‌مڕۆكه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو و پێشكه‌وتوو، ته‌نانه‌ت به‌ نهێنیش لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت؛ به‌ڵام بۆچی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌تڵه‌نتیس ئه‌وه‌نده‌ گرنگه‌؟ ئه‌مه‌تان زیاتر بۆ شی ده‌كه‌مه‌وه‌، به‌ڵام لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ گرنگترین هۆكاره‌كه‌ی ده‌كه‌م. یه‌كێك له‌ گرنگترین هۆكاره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌تڵه‌نتیس، میراتی ئه‌و شارستانیه‌ته‌یه‌ كه‌ به‌ «گه‌نجینه‌»ی ئه‌تڵه‌نتیس به‌ناوبانگه‌. تووشی هه‌ڵه‌ نه‌بن، گه‌نجی ئه‌تڵه‌نتیس ئه‌و شته‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ وه‌ك خه‌زێنه‌ ده‌یناسین. میراتی ئه‌تڵه‌نتیس ئه‌و كتێب و سه‌رچاوانه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ زانستییه‌كانی ئه‌تڵه‌نتیس له‌خۆ ده‌گرێت. گوایه‌ پێش له‌ناوچوونی ئه‌تڵه‌نتیس، له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ له‌وێ دوور خراوه‌ته‌وه‌ و له‌ شوێنێكی پارێزراو شاردراوه‌ته‌وه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ پاشماوه‌كانی ئه‌تڵه‌نتیس ده‌ژمێردرێن. لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌تڵه‌نتیس به‌سه‌ر سێ قۆناغدا دابه‌ش ده‌كرێن. قۆناغی پێش رووداوه‌كه‌، قۆناغی دوای رووداوه‌كه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه‌ی كه‌ ئه‌تڵه‌نتیسی له‌ناو برد. سه‌رچاوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به‌ قۆناغی پێش له‌ناوچوونی ئه‌تڵه‌نتیس، زیاتر ئه‌و ئه‌فسانه‌ تۆماركراوانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر كاغه‌زی پاپیروس و كه‌تیبه‌ به‌ردینه‌كان نووسراون، هه‌روه‌ها ئه‌فسانه‌كانی گه‌لی «مایا» و «ئازته‌ك» له‌ ئه‌مریكای ناوه‌ڕاست و باشووری ئه‌مریكا كه‌ ژماره‌شیان كه‌م نییه‌. هاوڕێی خۆشه‌ویستم «سه‌ید جه‌لال سه‌یادمیری» به‌م دواییه‌ چه‌ند بابه‌تێكی زۆر سه‌رنجڕاكێشی بڵاو كردۆته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ شارستانیه‌تی مایا و ئاسه‌واری شارستانیه‌ته‌ پێشكه‌وتووه‌كه‌یان و، تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كرا كه‌ هێشتا دیار نییه‌ گه‌لی مایا چۆن توانیویانه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ له‌ زانستدا پێش بكه‌ون. له‌ راستیدا ئاسه‌واری شارستانیه‌ته‌ زۆر پێشكه‌وتووه‌كان ته‌نیا له‌ ئه‌مریكای باشوور نییه‌، به‌ڵكو له‌ زۆر شوێنی جیهان ئه‌م ئاسه‌وارانه‌ به‌دی ده‌كرێن، وه‌كو میسر، ئه‌وروپا و ئاسیا كه‌ هیچ كامێكیان به‌ روونی وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه‌؛ به‌ڵام شاره‌زایانی بواری ئه‌تڵه‌نتیس له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ ره‌گ و ریشه‌ی هه‌موو ئه‌م شارستانیه‌تانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌تڵه‌نتیس. بۆیه‌ شیكردنه‌وه‌كانمان سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندیی نێوان شارستانیه‌تی مایا و شارستانیه‌تی میسر له‌گه‌ڵ ئه‌تڵه‌نتیسه‌ كه‌ هه‌م به‌ بابه‌ته‌كانی پێشووی ببه‌ستینه‌وه‌ و هه‌م له‌ درێژه‌ی باسه‌كه‌دا بێت. ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ به‌هێزه‌ی كه‌ كه‌وتبووه‌ ناوه‌ڕاستی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سیه‌وه‌، بێگومان چه‌ند وڵاتێكی ژێرده‌سته‌ی له‌ ئه‌وروپا و ئه‌فریقا و ئه‌مریكاش هه‌بووه‌. بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ هۆگه‌لێكی زۆر له‌به‌ر ده‌ستن.
فه‌یله‌سوفه‌كان، زاناكان، شاعیر و هونه‌رمه‌نده‌كان، په‌رستیاره‌كان، ژه‌نیار و نووسه‌ره‌كان، هه‌موویان بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ كاره‌كانیاندا پێویستیان به‌ خه‌ڵوه‌ت و شوێنی بێده‌نگه‌ و، بێزارن له‌ بیستنی ده‌نگی پۆستاڵی سه‌ربازه‌كان یان هه‌رای كاسبكاره‌كانی بازاڕ. كه‌س مافی تۆمه‌تباركردنی ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ی نییه‌ به‌وه‌ی كه‌ خۆپه‌رستن، یان بۆچی به‌ درێژایی مێژوو، هه‌رگیز ئاماده‌ نه‌بوون زانیارییه‌كانیان جگه‌ له‌وانه‌ی كه‌ توانای تێگه‌یشتنی ئه‌و زانیارییانه‌یان هه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ كه‌سی دیكه‌دا دابه‌ش بكه‌ن. هه‌ڵبژاردنی خه‌ڵوه‌ت و بێده‌نگی بۆ ئه‌وان وه‌كو قه‌ڵغانێكی به‌رگری وایه‌. 
ئاخۆ یاسا به‌ناوبانگه‌ كۆنه‌كه‌ كه‌ ده‌ڵێ: «هه‌میشه‌ حه‌ق لای به‌هێزه‌»، كاریگه‌رییه‌كه‌ی جارانی نه‌ماوه‌؟ ئاخۆ ئه‌و مشته‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ناو زرخه‌ ئاسنیه‌كه‌ی ته‌كنه‌لۆژیادا خۆی مه‌ڵۆس داوه‌، له‌ مشته‌ رووته‌نه‌كه‌ی رابردوو مه‌ترسیدارتر و وێرانكه‌رتر نییه‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م زانسته‌ بگاته‌ ده‌ستی خه‌ڵكانێكی ناڕه‌سه‌ن، ئه‌نجامه‌كه‌ی روون و ئاشكرایه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7370
22/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP