گەورەترین ناوەندی‌ تەسەوف لە كـوردستاندا
گەورەترین ناوەندی‌ تەسەوف لە كـوردستاندا ‌ 18/9/2017
میران محەمەد، كە تەنیا 10 بەهاری‌ تەمەنی‌ تێپەڕاندبوو، لە ناو حەوشەی‌ مزگەوتی‌ بیارە پیاسەی‌ دەكرد و چاوەڕێی‌ قامەتی‌ بانگبێژی‌ مزگەوتەكەی‌ دەكرد، بۆ ئەوەی‌ بچێتە ریزی‌ نوێژخوێنەكانی‌ مزگەوتەكەوە و نوێژی‌ هەینی‌ بە كۆمەڵ بكات.
میران، كە خاوەنی‌ جەستەیەكی‌ لاواز بوو، بە دەموچاوییەوە كەمخەوی‌ بە قسەكردنی‌ بێتاقەتی ‌‌و بە سەیركردنەكانیشی‌ برسییەتی‌ دیار بوو، زوو زوو سەیری‌ ئەو ژوورەی‌ دەكرد خواردنی‌ لێئامادە دەكرا، ئەو منداڵە هاتبووەوە خانەقای‌ بیارە، ئەوەش بۆ تەواوكردنی‌ خوێندنی‌ ئاینی‌‌و بوون بە ئیمام‌و خەتیب لە داهاتوودا.
میران نموونەی‌ دەیان منداڵ‌ و مێردمنداڵ‌ و كەسانی‌ تری‌ گەنج بوو، كە لە زۆربەی‌ ناوچەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان هاتبوون بۆ خوێندن لەو خانەقایە، كە مێژووی‌ دروستبوونی‌ بۆ 132 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لە كاتی‌ دروستبوونییەوە تا ئێستا گۆڕانكاری‌ بەسەردا نەهاتووە.
خانەقای‌ بیارە «شەریفە»، لە شارۆچكەی‌ بیارەی‌ هەورامان دروستكراوە (ناحیەی‌ بیارە لەباكووری‌ رۆژهەڵاتی‌ هەڵەبجە)، ئەوەش لەسەر دەستی‌ (شێخ عومەر زیائەدین) لەساڵی‌ 1885 .
خانەقاكە بارەگای‌ سەرەكی‌ تەریقەتی‌ نەقشبەندییە لە هەرێمی‌ كوردستان - نەقشبەندی، یان نەقشی، یاخود نەخشی تەریقەتێكی سەرەكی تەسەوفی ئیسلامییە - وەك شێخەكانی‌ تەریقەتەكە دەگێڕنەوە خانەقاكە لەسەر بنەمای‌ خەوێكی‌ (شێخ عومەر زیائەدین) دروستكراوە.
گوایە شێخ عومەر بۆ زیارەتی‌ مەرقەدی‌ ئیمام حوسێن چووتە كەربەلا لەوێ‌ خەوێكی‌ بە پێغەمبەری‌ ئیسلامەوە بینیوە كە لە خەوەكەیدا منداڵێكی‌ ساوای‌ نەخۆشی‌ داوەتە دەست ئەو شێخە و داوای‌ لێكردووە، چارەسەری‌ بكات.
شوێنكەوتوانی‌ ئەو تەریقەتە وای دەگێڕنەوە كە شێخ عومەر پاش گەڕانەوەی‌ وەها لێكی‌ داوەتەوە كە ئەو منداڵە نەخۆشە زانستی‌ ئیسلامی‌ بووە و پێغەمبەری‌ داوای‌ زیندووكردنەوەی‌ لێكردووە، بۆیە ئەویش ئەو خانەقایەی‌ دروستكردووە.
لە دوای‌ شێخ عومەر زیائەدین، هەر یەكە لە كوڕ و نەوەكانی‌ (شێخ محەمەد بەهائەدین، شێخ عەلائەدین، شێخ نەجمەدین ‌و شێخ عوسمان سراجەدینی‌ دووەم) لە خانەقاكە شێخایەتیان كردووە و بەردەوامیان پێداوە، تائێستا گەیشووتە بە (شێخ مادیح)، كە كوڕی‌ شێخ عوسمانەو لە ژیاندا ماوە و سەرپەرشتی‌ گشتی‌ خانەقاكە دەكات.
فاخر محەمەد شەقڵاوەیی سەرپەرشتیاری‌ مەدرەسەی‌ خانەقای‌ بیارە دەڵێت، بە درێژایی مێژوو ئەو خانەقایە دوو ئەركی‌ هەبووە، یەكەم ئەركی‌ ئاینی ‌‌و فێركردنی‌ زانستی‌ ئیسلامی‌، دووەم خزمەتی‌ كەسانی‌ هەژار، كە رۆژانە بۆ پشوودان ‌و نانخواردن روو لە خانەقاكە دەكەن.
لە ئێستادا خانەقای‌ بیارە، بۆ فێركردنی‌ زانستی‌ ئیسلامی‌، خاوەنی‌ 121 خوێندكارە، كە ئەوان بە فەقێ‌ ناویان دەبەن، ئەوەش لە تەمەنەكانی‌ 10 ساڵی‌ بۆ 35 ساڵی‌‌ و خەڵكی‌ هەموو ناوچەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان ‌و تەنانەت ئێران ‌و توركیا و سوریاشی‌ تێدایە.
ئەمە جگە لە بوونی‌ ئاستی‌ خوێندنی‌ جیاواز لە ناو فەقێكان، كە تێیاندایە هیچ خوێندەوارییەكی‌ نییە و تێشیاندایە خوێندنی‌ بەكالۆریۆس ‌و ماجیستێرشی‌ تەواو كردووە و هەمووشیان بە یەك جۆر زانست ‌و بە یەك یاسا دەخوێنن‌ و دەبێت ئاستەكانی‌ خوێندنەكە بە قۆناغ ببڕن. فاخر شەقڵاوەیی، كە 22 ساڵە لە خانەقاكە كاردەكات دەكات، دەڵێت: ئێمە یەك جۆر خوێندن ‌و چەند زانستێكی‌ جیاواز فێری‌ فەقێكان دەكەین، دوای‌ تەواوكردنی‌ ئەو زانستانەش فەقێ‌ مۆڵەتی‌ مەلایی وەردەگرێت ‌و دەتوانێت ببێتە ئیمام ‌و خەتیب ‌و چەندیش ساڵیشە بەو شێوە خوێندنە فەقێ‌ پێدەگەیەنین.
ئەو زانستانەی‌ لە ماوەی‌ خوێندنی‌ خانەقای‌ بیارە دەوترێنەوە بریتین لە قورئان، زانستی‌ تەجویدو زانستی‌ سەرف.. ‌و چەند زانستێكی‌ تر، كە ژمارەیان دەگاتە 12 زانستی‌ تر و سەرجەمیان زانستی‌ ئیسلامین‌ و دەبێت فەقێ‌ لە ماوەیەك تەواویان بكات، كە دیاری نەكراوە و بە پێی‌ فێربوون كۆتایی بە خوێندنەكەی‌ دەهێنرێت ‌و مۆڵەت وەردەگرێت.
مەرجی‌ وەرگرتنیش لەو خانەقایە تەنیا پابەندبوونە بە رێنماییەكانی‌ خانەقاكەوە، كە ساڵانێكە پەیڕەو دەكرێت ‌و گرنگترین مەرجیش مانەوەیە لەناو خانەقاكە و دووركەوتنەوەیە لە هەموو ئەو كەرەستانەی‌ رۆژانە بەكاریدەهێنرێت، بە تایبەتی‌ بابەتە تەكنەلۆژییەكانی‌ وەك مۆبایل‌ و ئینتەرنێت‌ و تەلەفزیۆن هتد..
سەرپەرشتیاری‌ مەدرەسەی‌ بیارە لەو بارەوە جەختدەكاتەوە، ئەوان بەكارهێنانی‌ مۆبایل‌ و بابەتەكانی‌ تری‌ تەكنەلۆژی‌ لە فەقێكان وەردەگرن ‌و نابێت لە كاتی‌ پابەندبوونیان بە ناو حەرەمی‌ خانەقاكەوە بەكاریبهێنن، تەنیا بۆ حاڵەتی‌ پێویست نەبێت. فاخر شەقڵاوەیی هۆكاری‌ ئەوەشی‌ بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە نایانەوێت فەقێكان بەشتی‌ لاوەكی ‌‌و دنیایی خۆیان سەرقاڵ بكەن.
میران محەمەد، یەكێك بوو لەو فەقێیانەی‌ لەشارۆچكەی‌ وارماوەوە هاتوە، وەك خۆی‌ دەڵێت، ماوەی‌ چەند مانگێكە پەیوەندیی‌ بە خانەقای‌ بیارەوە كردووە و ئەوەش لەسەر خواستی‌ باوكی‌ بووە.
میران دەڵێت، ماوەی‌ 30 رۆژە نەچوومەتە ماڵی‌ خۆمان‌ و لەو ماوەیەشدا هیچ پەیوەندییەكم بە ماڵەوە نەكردووە.
لە بارەی‌ ئەوەی‌ بۆچی‌ جگە لە زانستە ئیسلامییەكان لە خانەقای‌ بیارە هیچ زانستێكی‌ تر ناخوێنرێت، فاخر شەقڵاوەیی وتی‌، كاری‌ زۆرمان كردووە، بۆ ئەوەی‌ لە داهاتوو وانەی‌ كۆمپیوتەر و ئینگلیزی‌ بخەینە ناو بەرنامەی‌ خوێندنەوە، بەڵام كۆمەڵێك كێشەمان هەیە و ئێستاش سەرقاڵی‌ كێشەكانین.
خوێندن لە خانەقای‌ بیارە كراوە بە دوو قۆناغ، ئەوان قۆناغەكانی‌ سوختەو موستەعیدە، كە ئەوەی‌ یەكەمیان لەسێ‌ ئاست پێكهاتووە و ئەوەی‌ دووەمیش پێگەیشتنی‌ فەقێیە بۆ قۆناغی‌ وەرگرتنی‌ مۆڵەت كە بەنزیكەیی‌ ئەو دوو قۆناغە لە 5 ساڵ بۆ 7 ساڵ تەواو دەكرێت، ئەگەر ئەو كەسە ئاستی‌ خوێندنی‌ بەكالۆریۆسی‌ هەبێت‌ و بۆ ئاستەكانی‌ تری‌ خوێندن‌و گۆڕانكاری‌ بەسەردا دێت.
خانەقاكە خاوەنی‌ پێنج مامۆستای‌ سەرەكییە و ئەو مامۆستایانە تەنیا وانە بە كۆمەڵێك فەقێیەك لە قۆناغی‌ موستەعید دەڵێنەوە و لەدوای‌ ئەوانیش موستەعیدەكان بە پێی‌ ئاستی‌ زیرەكی ‌‌و فێربوونی‌ زانستەكان وانە بە «سوختەكان» دەڵێنەوە.
بەهرام ئەحمەد یەكێكی‌ تر بوو لەو فەقێیانەی‌ ماوەی‌ چەند ساڵێكە لەو خانەقایە وانە دەخوێنێت و وتی‌: لەشاری‌ قەڵادزێوە هاتووم بۆ خوێندن ‌و دەمەوێت فێری‌ زانستە ئیسلامییەكان بم.
ئەو فەقێیە هەرچ ەندە رازیی‌ بوونی‌ خۆی‌ لەسەر ئەو زانستانە نیشاندا لە ناو خانەقای‌ بیارە دەیخوێنن، بەڵام نەیشاردەوە، كۆمەڵێك زانستی‌ تر هەیە پێویستە بیخوێنن، بۆ ئەوەی‌ لە داهاتوو بڕوانامەكەیان پەسەند بكرێت.
وەزارەتی‌ پەروەردەی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و تەنانەت ناوەندە پەروەردەییەكانی‌ عێراقیش، پەسەندی‌ ئیجازەی‌ مەلایی ناكەن‌و وەك بڕوانامەیەكی‌ باوەڕپێكراو مامەڵەی‌ لەگەڵدا ناكەن، وەك فاخر شەقڵاوەیی‌ دەڵێت تا ئێستا هیچ بیانوویەكیان پێنەداون كە بۆ پەسەندی‌ ناكەن.
وتیشی‌، لە سەردەمی‌ رژێمی‌ پێشووی‌ عێراق‌و بە تایبەتی‌ لە هەشتاكانی‌ سەدەی‌ رابردوو بڕوانامە و مۆڵەتی‌ خوێندنەكەمان لە زانكۆی‌ ئەزهەری‌ میسری‌ دانی‌ پێدانراوە.
لایەنێكی‌ تری‌ سەرنجڕاكێشی‌ خانەقای‌ بیارە بوونی‌ سەرجەم گۆڕی‌ شێخەكانی‌ تەریقەتە لە ناو مزگەوتەكە جگە لە گۆڕی‌ شێخ عوسمان سراجەدینە (گۆڕەكەی‌ لەشاری‌ ئەستەنبوڵە لەتوركیایە) كە رۆژانە دەیان كەس سەردانی‌ دەكەن ‌و بەشێكیان تەنیا وەك بۆ سەیكردن‌ و بەشێكی‌ تریشیان وەك زیارەتی‌ شوێنێكی‌ ئاینی‌ پیرۆز سەردانی‌ دەكەن.
ئەو مەزارگایانە ئێستا بووەتە سەرچاوەیەكی‌ داهاتی‌ باش بۆ خانەقاكە، بەو پێیەی‌ رۆژانە ئەو كەسانەی‌ سەردانی‌ دەكەن وەك نەریتێكی‌ ئاینی‌ پڕێك پارە دادەنێن.
لە خانەقاكەدا شوێنی‌ مانەوە و خەوتن ‌و تەنانەت خواردنیش بۆ تەواوی‌ فەقێكان دابینكراوە، ئەمە جگە لەوەی‌ رۆژانە سەدان كەس سەردانی‌ خانەقاكە دەكەن ‌و لەگەڵ فەقێكان لەو خواردنە دەخۆن سێ‌ ژەممە ئامادە دەكرێت.
مەلا یاسین یەكێكی‌ تر بوو لە سەرپەرشتیارانی‌ خانەقای‌ بیارەو وتی‌، بەو داهاتەی‌ مانگانە دەستمان دەكەوێت رۆژانە خواردن ‌و خەرجی‌ فەقێكان ‌و خواردنی‌ ئەو كەسانەش دابیندەیكەن، كە سەردان دەكەن‌و بۆ پشوودان‌و نانخواردن دەمێننەوە.
مەلا یاسین كە ئامادە نەبووە وردەكاری‌ ئەو داهاتە ئاشكرا بكات، مانگانە دەست خانەقا دەكەوێت‌و وتی، ئێمە چەندێك باوەڕمان بەو داهاتە هەیە دەستمان دەكەوێت، سەد هێندە باوەڕمان وایە، كە خودا بەرەكەتی‌ تێدەكات ‌و زیاد دەبێت‌ و بەشی‌ هەموو لایەك بەزیادیشەوە دەكات.
لە سەردەمی‌ گروپی‌ توندڕەوی‌ ئەنساروئیسلام ساڵی‌ 2001 بۆ 2003 خانەقای‌ بیارە بە هۆی‌ ئەوەی‌ ئەو گروپە لە ناوچەكانی‌ هەورامان دەسەڵاتیان هەبوو داخرا، تەنانەت گۆڕی‌ شێخەكانیش دەرهێنراو گوازرانەوە بۆ شوێنێكی‌ تر، دوای‌ نەمانی‌ دەسەڵاتی‌ ئەنسارولئیسلام گۆڕەكان لەناوچەیەكی‌ نزیك بیارە دۆزرانەوە و جارێكی‌ تر لە شوێنی‌ خۆیان نێژرانەوە.
فاخر شەقڵاوەیی‌ ئەو رووداوە بە رووداوێكی‌ ناخۆش‌و ساڵانێكی‌ تاریك‌و رەش ناوبرد و وتی‌، بەدرێژایی مێژووی‌ خانەقاكە، ئەو دوو ساڵە نەبێت، هەرگیز دەرگای‌ خانەقای‌ بیارە بە رووی‌ كەسدا دانەخراوە، بۆیە ئێمە ئەو دوو ساڵە بە ساڵی‌ رەش دەزانین.
لە بارەی‌ ئەوەی‌ ئەوان پەیڕەوی‌ تەریقەتی‌ نەقشبەندی‌ دەكەن‌و چ پەیوەندییەكان بەو گروپە ئیسلامییە نەقشبەندییە هەیە، كە لە ناوەڕاستی‌ عێراق وەك گروپێكی‌ چەكدار چالاكە، فاخر شەقڵاوەیی‌ وتی‌، ئەوانە تەنیا ناویان نەقشبەندییە و دوور و نزیك پەیوەندییەكانیان بە ئێمەوە نییە و كارەكانیان رەتدەكەینەوە.
سەرچاوە: سایتی نیقاش


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7395
20/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP