باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ
باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ ‌ 22/9/2017
زانست زانا
خه‌ون‌و خولیای‌ مرۆڤ سه‌ركه‌وتن‌و باشتر بوونه‌، ئه‌و ده‌یه‌وێ‌ له‌ هه‌موو شتێكدا باشترین بێ‌‌و له‌ پێشتر بێ‌‌و به‌شی‌ زۆر تربێ‌، مرۆڤ ڕا ئه‌كات به‌ دوای‌ سه‌ركه‌وتنا، به‌دوای‌ به‌ختی‌ باشترو ژیانی‌ باشتردا، به‌ڵام هه‌موو كات ئه‌م خه‌ونه‌ی‌ مرۆڤ نایه‌ته‌ دی‌، ئه‌ی‌ چاره‌سه‌ر چییه‌؟ 
تۆش خه‌ونی‌ زۆر و ئامانجی‌ زۆرت هه‌یه‌و پێیان ناگه‌یت‌و  زۆر شكست ده‌هێنیت! زۆر شت ڕێگرن له‌وه‌ی‌ سه‌ركه‌وتوو بیت؟ كه‌واته‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌م بابه‌ته‌ی‌ خواره‌وه‌ هۆكاری‌ شكسته‌كانت بزانه‌و به‌ خێرایی چاره‌سه‌ریان بۆ دابنێ و كۆتاییان پێ بهێنه‌.

موماته‌ڵه‌
هه‌میشه‌ كرده‌وه‌كانی مرۆڤ  له‌ قسه‌كانی‌ به‌رزتر به‌ر گوێ‌ ده‌كه‌ون، كاره‌كانت له‌به‌رچاوترن له‌ به‌ڵێنه‌كانت، هه‌تا له‌جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و شتانه‌دا دوا بكه‌وی‌ كه‌ به‌ عه‌قڵتدا دێت دوا ئه‌كه‌وی‌ له‌ گه‌یشتنه‌ سه‌ركه‌وتن‌و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانت، به‌مه‌ش ده‌رفه‌تی‌ زیاتر بۆ مونافیسه‌كانت ده‌ڕه‌خسێت كه‌ به‌هۆی‌ ته‌ممه‌ڵی‌ تۆوه‌ پێشت بكه‌ون‌و تۆش له‌ خه‌ون‌و ئامانجه‌كانت به‌جێ‌ ئه‌مێنیت.

له‌كۆتاییه‌كه‌ی‌ بێ ئاگای‌
 هیچ كه‌س بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ناژی‌، هیچ كه‌سیش نییه‌ كه‌ نه‌مردبێت، كات له‌ ئاڵتوون ده‌گمه‌نتره‌، هه‌موو چركه‌كانی‌ له‌به‌نرخیدا بێ‌ وێنه‌ن و قه‌ره‌بوو ناكرێنه‌وه‌، ئاگاداربه‌ هه‌موو شتێك كۆتایی هه‌یه‌و ئێمه‌ی‌ مرۆڤیش كۆتایمان هه‌یه‌، ته‌مه‌نی‌ مرۆڤ وه‌كو گوریسێك وایه‌ ئه‌گه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌ر چركه‌یه‌كدا بپچڕێ، تۆش ئێستا ده‌ست پێبكه‌ی‌ له‌ چركه‌یه‌كی‌ تر باشتره‌، ئه‌گه‌ر زانیمان ته‌مه‌نمان وه‌كو شه‌حنی‌ مۆبایله‌كانمان ته‌واو ئه‌بێ‌ و وه‌كو خۆر ئاوا ئه‌بێ‌، ئه‌وا ده‌بێت زۆر باشتر هه‌وڵ بده‌ین ‌و هیچ ساتێكی‌ ژیانمان به‌ فیڕۆ نه‌ده‌ین و هه‌ر ئێستا ده‌ست به‌كاربین.

گوێ‌ به‌ گێله‌كان مه‌ده‌ 
هه‌رگیز گوێ‌ بۆ ئه‌و گێلانه‌ مه‌گره‌ كه‌ ئه‌م ده‌سته‌واژانه‌ی‌ خواره‌وه‌ بنێشته‌ خۆشه‌ی‌ سه‌رزمانیانه‌ ( ئه‌مه‌ قورسه‌، ئه‌مه‌ بێ سوده‌، ته‌مه‌نت زۆره‌، پێت ناكرێ‌، موسته‌حیله‌، خۆت هیلاك مه‌كه‌، بۆكێی‌ ئه‌كه‌ی‌.......هتد). ئه‌مانه‌ ئامۆژگاری‌ نین، به‌ڵكو قسه‌ی‌ پووچن، ئه‌گه‌ر هه‌مووان گوێ‌ بۆ ئه‌م قسه‌ ڕه‌شبینانه‌ بگرین دونیا وێران ده‌بێت و ناتوانین به‌ردێك بخه‌ینه‌ سه‌ر به‌ردێك، نهێنی‌ سه‌ركه‌وتن له‌وه‌دایه‌ گوێ‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ قسانه‌ نه‌گرین هه‌روه‌كو له‌م چیرۆكه‌ی‌ خواره‌وه‌دا ده‌یزانین:
  كۆمه‌ڵێك بۆقی‌ بچووك هه‌بون، بڕیاریاندا پێشبڕكێیه‌ك ئه‌نجام بده‌ن. كه‌بریتی‌ بوو له‌گه‌یشتن به‌لوتكه‌ی‌ چیایه‌ك
هه‌موو بۆقه‌كان كۆبونه‌وه‌ بۆ سه‌یركردنی‌ پێشبڕكێكه‌و بۆ هاندانیان

پێشبڕكێكه‌ ده‌ستی‌ پێكرد
به‌ڕاستی‌ هیچ كام له‌ ئاماده‌بوانی‌ پێشبڕكێكه‌ بڕوایان نه‌ده‌كرد كه‌  بۆقه‌ پێشبڕكێكاره‌كان بتوانن بگه‌نه‌ سه‌ر لوتكه‌ی‌ چیاكه‌
هه‌موو ئاماده‌بوان هاواریان ده‌كرد:  ناكرێت، ناكرێت،
یان ده‌یانوت: هه‌رگیز ئه‌و بۆقه‌ بچوكانه‌ ناتوانن بگه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و لوتكه‌یه‌،
ورده‌ ورده‌ بۆقه‌ پێشبڕكێكاره‌كان سارد ده‌بونه‌وه‌و پاشه‌كشه‌یان ده‌كرد
ته‌نها بۆقێكی‌ بچوك  گه‌رم و گوڕو چالاك و به‌رده‌وام بوو
ئاماده‌بوان له‌ هاواركردن به‌رده‌وام بون و ده‌یان وت:
به‌ڕاستی‌ قورسه‌و ناكرێت، كه‌س ناتوانێت بگات و سه‌ربكه‌وێت
وازهێنانی‌ بۆقه‌ پێشبڕكێكاره‌كان درێژه‌ی‌ هه‌بوو
ته‌نها بۆقێك به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر لوتكه‌ی‌ چیاكه‌داو ورده‌ ورده‌ به‌رز ده‌بوه‌وه‌و كۆڵی‌ نه‌دا
له‌كۆتایدا هه‌موو بۆقه‌كان وازیان هێنا ته‌نها بۆقه‌ بچوكه‌كه‌ نه‌بێت، كه‌گه‌یشته‌ سه‌ر لوتكه‌ی‌ چیاكه‌و سه‌ركه‌وت
له‌دوایدا هه‌موو بۆقه‌كان ئه‌یانویست بزانن چۆن ئه‌و بۆقه‌ توانی‌ به‌رده‌وام بێت‌و سه‌ر بكه‌وێت
هه‌موویان پرسیاریان كرد: تۆ به‌و بچوكیه‌وه‌ چۆن توانیت بگه‌یته‌ ئه‌و لوتكه‌ به‌رزه‌؟
ئه‌نجام بۆ هه‌مویان ئاشكرابوو، ئه‌و بۆقه‌ی‌ بردیه‌وه‌و سه‌ركه‌وت گوێی‌ نه‌ی‌ ده‌بیست و كه‌ڕ بوو!
له‌به‌ر ئه‌وه‌  هه‌رگیز گوێ‌ به‌قسه‌و مه‌یله‌ سلبی و ره‌شبینانه‌كانی‌ خه‌ڵكانی‌ تر مه‌ده‌، چونكه‌ ئه‌وان زیان به‌ خه‌وو خولیا جوان‌و ناوازه‌كانت ده‌گه‌یه‌نن كه‌ له‌دڵتدایه‌.
هه‌میشه‌ بیر له‌هێزی‌ كاریگه‌ری‌ وشه‌كان بكه‌ره‌وه‌، چونكه‌ هه‌رشتێك كه‌ ده‌یبیستیت یان ده‌یخوێنیته‌وه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر كرداره‌كانت ده‌بێت. تۆش  هه‌میشه‌ ئیجابی‌ و گه‌شبین به‌و سه‌ر بكه‌وه‌. 
مرۆڤ ئه‌بێت نه‌بیست و گوێگران و كه‌ڕ بیت كاتێك خه‌ڵكانێك پێت ده‌ڵێن: ناتوانیت ئامانجه‌كانت به‌دی‌ بهێنیت.
كه‌واته‌ هه‌میشه‌ بڵێ‌: من ئه‌توانم، به‌ڵێ‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ تۆ ئه‌توانیت. 

له‌ ژینگه‌یه‌كی‌ خراپدایت
 مرۆڤ پێویستی‌ به‌ ژینگه‌یه‌كی‌ ئاسوده‌و ئارامه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئامانجه‌كانی‌ و به‌دیهێنانی‌ خه‌ونه‌كانی‌‌و داهێنانكردن، ئه‌مه‌ش له‌ ژینگه‌یه‌كی‌ ئیجابی‌و به‌ هاوڕێیه‌تیكردنی‌ مرۆڤی‌ ئیجابی ده‌كرێت، مرۆڤ به‌ ژینگه‌كه‌یی‌‌و مرۆڤه‌كانی‌ چوارده‌وری‌ كاریگه‌ر ده‌بێت و هه‌ڵسوكه‌وت و جووڵه‌و دنیابینیه‌كانی‌ ئه‌وان كار ده‌كاته‌ سه‌ر بیرو هه‌ڵسوكه‌وت و كردارو تێڕوانین و  ئه‌نجامه‌كانی‌.

باوه‌ڕی‌ ته‌وات نییه‌
ئه‌بێت  باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ، ئه‌گه‌ر بڕوای‌ ته‌واو و سه‌دا سه‌دت به‌ خه‌ون‌و ئامانجه‌كه‌ت هه‌بێ ئه‌وا هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان بچوك ده‌بنه‌وه‌و به‌سه‌ریاندا باز ئه‌ده‌ی‌، عه‌قڵ‌و  جه‌سته‌ی‌ مرۆڤ ئامێرێكی‌ سه‌رسوڕهێنه‌رن، خۆیان له‌ شتی‌ ساده‌و كه‌م نرخدا هیلاك ناكه‌ن، ئه‌و كاته‌ی‌ زانیان ئامانجه‌كه‌ت له‌بیروڕایه‌كی‌ قوڵه‌وه‌ نییه‌ هاوكارت نابن، به‌ڵام له‌ پێناو بیروباوه‌ڕی‌ چه‌سپیودا نه‌ ماندوو بوون ده‌زانن‌و  نه‌ ته‌مه‌ڵی‌‌و سستی‌، هه‌ر بۆیه‌ یارمه‌تیده‌رت ده‌بن، تۆش له‌ پێناو ئامانج و خه‌ونی‌ مه‌زندا وه‌به‌رهێنانیان پێ بكه‌.

ئایا هیچ له‌ئه‌نجامی‌ په‌شیمانیه‌كانی‌ 
ڕابردووت فێر بوویت
 هه‌ستكردن به‌ په‌شیمانی‌ له‌ خراپترین هه‌سته‌كانی‌ مرۆڤه‌، ئاااااای چه‌ند سه‌خته‌ ئه‌و ساتانه‌ی‌ كه‌ ده‌ڵێی: خۆزگه‌ وام بكردایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ كورد وته‌نی‌ (كرده‌ په‌شیمان به‌)، هیچ كاتێك گونجاوتر نییه‌ له‌ئێستادا بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ ئاڕاسته‌ی‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانت بڕۆی.
ئایا خه‌ون به‌ رۆژی‌ مۆڵه‌ت‌و پشووه‌وه‌ ده‌بینی‌
 ئایا به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕێی‌ مۆڵه‌ت‌و پشوویت؟ ئایا سه‌ره‌تای‌ هه‌فته‌ به‌ چاوه‌ڕوانی‌ هاتنی‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌‌و پشووه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ی‌؟ ئه‌گه‌ر له‌م جۆره‌ كه‌سانه‌یت ئه‌وا رێگای‌ سه‌ركه‌وتنت لێڵ‌و نه‌گونجاوه‌، ئه‌وه‌ نیشانده‌ری‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا پاڵنه‌ره‌كانی‌ سه‌ركه‌وتنت زۆر سست و لاوازو كزن. 
وه‌كو خۆی‌ له‌و دێڕانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ تێبگه‌، ده‌زانم مرۆڤ پێویستی‌ به‌ پشوو گه‌شت و رابواردن هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئاگاداری‌ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ بێت له‌ نێوان ئیش‌و پشوو، له‌وه‌ش گرنگتر ده‌بێت پشوو بكه‌ینه‌ هانده‌رو پاڵنه‌ر بۆ دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كار به‌ وزه‌ی‌ نوێ‌‌و بیری‌ داهێنه‌رانه‌وه‌.

پاڵنه‌ره‌كه‌ت جددی‌ نییه‌
بۆچی‌ ئه‌ته‌وێ‌ سه‌ربكه‌وی‌؟ وێنای‌ ئه‌و هۆكارو پاڵنه‌رانه‌ بكه‌ كه‌ له‌ ناخه‌وه‌ ده‌تجوڵێنن‌و پاڵت پێوه‌ ده‌نێن بۆ ئامانجه‌كه‌ت بۆ سه‌ركه‌وتن، ئه‌و وێنه‌یه‌ بهێنه‌ره‌ پێش چاوی‌ خۆت كه‌ دوای‌ سه‌ركه‌وتن ده‌بیته‌ خاوه‌نی‌. به‌ڵێ‌ ده‌بێت ئه‌و وێنه‌ زیهنیه‌ به‌ ته‌واوی‌ دروست بكه‌ی‌، زاناكان ده‌ڵێن یه‌كێك له‌هه‌ره‌ دۆزینه‌وه‌ گرنگه‌كانی‌ ده‌روونناسی له‌م سه‌رده‌مه‌دا بریتیه‌ له‌ كه‌شفكردنی‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی‌ كه‌ وێنه‌ی‌ زیهنی‌ وه‌كو ئه‌زمونێكی‌ راسته‌قینه‌ له‌ ژیانی‌ مرۆڤدا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌. كه‌واته‌ ده‌بێت ئه‌و وێنه‌ زیهنیه‌ی‌ بۆ ئامانجه‌كه‌تت كێشاوه‌ ته‌واو به‌رجه‌سته‌ی‌ ناواخنت بووبێ، ئیدی‌ له‌و ڕێگایه‌شه‌وه‌ وه‌كو ڕووناكی‌ و نه‌خشه‌یه‌ك ئاسانكاری‌ ده‌كات بۆ هاتنه‌دی‌ ئامانجه‌كانت و سه‌ركه‌وتنت.

له‌گه‌ڵ كێدا هه‌ڵسوو كه‌وت ئه‌كه‌یت و دائه‌نیشی‌
سه‌یری‌ ئه‌و پێنج كه‌سه‌ بكه‌ كه‌له‌گه‌ڵیان سه‌رو سه‌وداو دانیشتنت هه‌یه‌، ئێمه‌ی‌ مرۆڤ له‌و كه‌سانه‌وه‌ زانیاریمان بۆ ده‌گوازرێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیان هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت هاوڕێ‌ نزیكه‌كانمان، ئه‌وان پشكی‌ شێریان هه‌یه‌ له‌ كارتێكردنیان له‌سه‌ر ژیان‌و بیره‌كانمان، هه‌رگیز له‌ سڕینه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ مه‌ترسه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نه‌رێنی‌ كارت لێده‌كه‌ن، لانی‌ كه‌م له‌پێناوی‌ خۆتدا بزانه‌ چوار ده‌ورت كێن، چونكه‌ ئه‌وان به‌شێكی‌ هه‌ره‌ گرنگی‌ پلان داڕێژه‌ری‌ ژیانتن، له‌ لیستی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بڕوانه‌ كه‌لێت نزیكن، بزانه‌ كێ‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئیجابی هانت ده‌دا له‌ ڕووی‌ مادی‌‌و مه‌عنه‌وی‌‌و جه‌سته‌ییی‌ و ڕوحیه‌وه‌ بێگومان ئه‌وه‌ به‌ سوودترینیانه‌.

پلانی‌ پێویستت نییه‌
له‌ سه‌ره‌تاترین وانه‌كانی‌ سه‌ركه‌وتن ئه‌وه‌یه‌ پلانی‌ گونجاومان هه‌بێ بۆ رێكخستنی‌ كاروباره‌كانی‌ ژیانمان‌و ئامانجه‌كانمان، ده‌كرێت به‌شێك له‌ پلان و هانده‌ره‌كان له‌ مۆبایله‌كه‌تدا بێ، ده‌كرێت هه‌ندێك شیعرو وته‌ی‌ زانایانمان پێبێ كه‌ به‌خوێندنه‌وه‌یان دووباره‌ گه‌رم‌و گوڕ ببینه‌وه‌ و پاڵنه‌ره‌كانمان یاد بخاته‌وه‌، خاڵه‌ گرنگه‌كه‌ت بیرنه‌چێ‌، ده‌بێ بزانی‌ چیت هه‌یه‌، چیت ده‌وێ‌، چۆن‌وكه‌ی‌ و كامه‌ت ده‌وێ‌. ئه‌مه‌ش پلانه‌.

كۆڵنه‌ده‌ربه‌
ئه‌گه‌ر كێشه‌و گیرو گرفت و رێگریت بۆ دروست بوو نابێت كۆڵبده‌ی‌، ئه‌گه‌ر كه‌وتی‌ دووباره‌ هه‌ڵبسته‌ره‌وه‌و ده‌ست پێ بكه‌ره‌وه‌، جگه‌ له‌ به‌رده‌وامبوون ریگاكه‌ی‌ تر ته‌سلیم بوونه‌، ته‌سلیمبوون دۆران و كۆتاییه‌كی‌ تاڵه‌، بێگومان مرۆڤ بۆ سه‌ركه‌وتن دروست بووه‌، نه‌ك بۆ شكست، به‌ كۆڵنه‌دان له‌ ده‌شته‌كانه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ لوتكه‌ی‌ چیاكان‌و له‌ زستانه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ به‌هار، به‌ كۆڵنه‌دان به‌رسیله‌ی‌ ترش به‌ ترێی‌ شیرن ده‌خۆین، توێژینه‌وه‌كانیش ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌كه‌ مرۆڤه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان ئه‌وانه‌ن كه‌ گه‌رم‌و گوڕو كۆڵنه‌ده‌رن‌و سوورن له‌سه‌ر به‌دیهێنانی‌ ئامانجه‌كانیان.

به‌خــــته‌وه‌ریت بـــیر نه‌چێ‌
  ماڵ و سامان و پله‌و پایه‌و ناوبانگ چ مانایه‌كی‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌ به‌خته‌وه‌ری‌ نه‌كه‌یت. زۆربه‌مان ئه‌و بیرۆكه‌یه‌مان له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بووه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتن ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ به‌خته‌وه‌ری‌، به‌ڵام ده‌شگونجێ‌ وا نه‌بێ، چونكه‌ هه‌ندێكجار له‌ سه‌ركه‌وتنیشدا هه‌ست ناكه‌ین به‌خته‌وه‌رین! هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت بیرمان بێ به‌خته‌وه‌ری‌ وێستگه‌یه‌ك نییه‌ پێی‌ بگه‌ین، به‌ڵكو ده‌بێت له‌سه‌راپای‌ گه‌شتی‌ ژیانماندا هاوڕێ‌‌و هاوسه‌فه‌رمان بێ، ده‌بێت هه‌موو هه‌نگاوێكی‌ سه‌ركه‌وتنمان هه‌ڵگری‌ هه‌ستی‌ به‌خته‌وه‌ری‌ بێ، خودی‌ ژیان ئه‌و رۆژانه‌ن كه‌ چاوه‌ڕێی‌ تێ په‌ڕینیان ئه‌كه‌ین، نابێ هه‌رگیز بهێڵین بوغرایی‌و سه‌رقاڵی سه‌ركه‌وتن جێگه‌ی‌ ساده‌یی‌و له‌زه‌تی‌ ژیانمان به‌رێ‌، به‌ڵكو ده‌بێ‌ سه‌ركه‌وتن ده‌رفه‌تی‌ زیاترمان باتێ‌ بۆ ژیانكردن‌و پێكه‌نین‌و دره‌وشانه‌وه‌، به‌خته‌وه‌ری‌ جۆری‌ بیركردنه‌وه‌و حاڵه‌تی‌ روحیه‌، ئه‌گه‌ریش له‌ سه‌ركه‌وتنه‌ بچوك‌و سه‌ره‌تاكانی‌ ژیانماندا چێژی‌ به‌خته‌وه‌ریشمان له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنا ئه‌وا زۆر ئاسانتر به‌ڕێگای‌ سه‌ركه‌وتنا ڕێ ته‌ی‌ ئه‌كه‌ین.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7395
20/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP