یاریگای كامپ نو 90 ده‌قیقه‌ ده‌نگی لێوه‌ نه‌هات
یاریگای كامپ نو 90 ده‌قیقه‌ ده‌نگی لێوه‌ نه‌هات ‌ 4/10/2017
یانه‌ی بارسیلۆنا سونبولی كه‌ته‌لۆنییه‌كانه‌، ئه‌م سونبوله‌ش له‌ رۆژی ریفراندۆمی ئه‌و هه‌رێمه‌دا وه‌ك خه‌ڵكی ده‌نگده‌ر به‌ به‌ڵێ بۆ جیابوونه‌وه‌ و بۆ ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ له‌ گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی رۆژی ده‌نگداندا بریندار بوون ده‌نگی خۆی دا و 90 ده‌قیقه‌ ده‌نگی لێوه‌نه‌هات و كه‌س ئاماده‌ی یارییه‌كه‌ی بارساو لاس پاڵماس نه‌بوو.
رۆژی 1/10/2017  كه‌ خه‌ڵكی كه‌ته‌لۆنیا ده‌نگیان بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ ئیسپانیا ده‌دا، هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ یانه‌ی بارسیلۆنا سه‌عات 5:15 ده‌قیقه‌ی عه‌سر یاریی هه‌فته‌ی حه‌وته‌می خۆی لا لیگادا له‌ ناوجه‌رگه‌ی كه‌ته‌لۆنیاو له‌یاریگای كامپ نو هه‌بوو، ئیداره‌ی یانه‌كه‌ زۆر هه‌وڵیدا یارییه‌كه‌ نه‌كات ئه‌وه‌ش له‌ پێناوی سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆم و بۆ رێزگرتن له‌ گیانی بریندارانی توندو تیژییه‌كانی ئه‌و رۆژه‌، به‌ڵام وه‌ڵامی به‌ڕێوه‌به‌رانی لا لیگا له‌ مه‌درید ئه‌وه‌بوو یارییه‌كه‌ ده‌بێت بكرێت و ئه‌گه‌ر یانه‌ی بارسا یارییه‌كه‌ نه‌كات ئه‌وا جگه ‌له‌وه‌ی یارییه‌كه‌ی به‌دۆڕاو بۆ داده‌نرێت، شه‌ش خاڵیش له‌ خاڵه‌كانی كه‌ ئێستا هه‌یه‌تی كه‌م ده‌كرێته‌وه‌.
پاش وتووێژی ئیداره‌ له‌گه‌ڵ یاریزانان و شاره‌زایان بڕیاردرا یارییه‌كه‌ بكرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی هیچ رووداوێكی نه‌خوازراوی وه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌كاتی ده‌نگاندا رویاندا له‌كامپ نوش رونه‌داته‌وه‌، وابه‌باشزانرا یارییه‌كه‌ به‌بێ ئاماده‌بوونی هانده‌ران و له‌پشت ده‌رگا داخراوه‌كانه‌وه‌ بكرێت، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مینجاره‌ له‌مێژوی یاریگای كامپ نودا رووده‌دات که‌ یاریی به‌بێ ئاماده‌ بوونی هانده‌ر و به‌چۆڵی و له‌پشتی ده‌رگا داخراوه‌كانه‌وه‌ بكرێت، پەیامی بارتۆمیۆی سەرۆکی یانەکەش ئەوەبوو ئامادەنەبوونی هاندەران گوزارشت بوو تا‌ هەموو جیهان بزانێت کەتەلۆنیا لە چ دۆخێکدایە.
هه‌ر له‌و یارییه‌دا یانه‌ی لاس پاڵماس كه‌یارییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بارسا هه‌بوو، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مان ئاڵای ئیسپانیایان له‌سه‌ر سینگیان نه‌خشاندبوو، هانده‌رێكی بارساش توانی سنوری ئه‌و چاودێرییه‌ تونده‌ی پۆلیس بشكێنێت بۆ چوونه‌ ناو یاریگاوه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌م توانی بگاته‌ ناو یاریزانه‌كان و دواتر ده‌ستگیر گرا.
 له‌مه‌درید هه‌وادار و هانده‌رانێكی زۆری یانه‌ی ریاڵ مه‌درید رژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌كانی مه‌درید و له‌دژی بڕیاری ریفراندۆمی كه‌ته‌لۆنیا هاواریان ده‌كرد بژی ئیسپانیا.
پاش ته‌واو بوونی یارییه‌كه‌ش كه‌ به‌بردنه‌وه‌ی كه‌ته‌لۆنییه‌كان 3-0 له‌ هه‌ڵگرانی ئاڵای ئیسپانیا كۆتاییهات، پیكێ له‌به‌رده‌می كامێرای كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا فرمێسكی خه‌مباری خۆی بۆ ئه‌وه‌ رشت كه‌ یارییه‌كه‌یان به‌زۆر پێكراوه‌، بۆ خوێنی بریندارانی خه‌ڵكی كه‌ته‌لۆنیا گریا، ته‌نانه‌ت وتی ئه‌گه‌ر پێویستیش بكات من ئاماده‌م واز له‌ یارییكردن بۆ ئیسپانیاش بهێنم.
به‌وشێوه‌یه‌ رۆژی 1/10/2017 وه‌رزش و سیاسه‌ت له‌یاریگای كامپ نو و ده‌ره‌وه‌ی یاریگاکه‌ش‌ ئاوێزانی یه‌كتری بوون، وه‌ك زۆرێك له‌رۆژنامه‌كانی ئیسپانیا و ته‌نانه‌ت ئه‌وروپاش نووسیبوویان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یارییه‌كه‌ی بارساو لاس پاڵماس به‌بێ هانده‌ر كرا نووسییان (یاریگای كامپ نو ماته‌مینی بۆ بریندارکردنی كه‌ته‌لۆنیا راگه‌یاندو 90 ده‌قیقه‌ ده‌نگی لێوه‌ نه‌هات).


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP