سیناریۆكانی دوورخستنه‌وه‌ی‌ كارلۆ ئه‌نچیلۆتی له‌ راهێنه‌ریی بایرن مونشن
سیناریۆكانی دوورخستنه‌وه‌ی‌ كارلۆ ئه‌نچیلۆتی له‌ راهێنه‌ریی بایرن مونشن ‌ 4/10/2017
ئیداره‌ی یانه‌ی‌ بایرن مونشنی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی خولی ئه‌ڵمانیا، دوای شكسته‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ یانه‌ی‌ پاریس سان جێرمان له‌ جه‌وله‌ی دووه‌می قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنس لیگدا ده‌ستبه‌رداری كارلۆ ئه‌نچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌كه‌ بوون.
دوورخستنه‌وه‌ی‌ كارلۆ ئه‌نچیلۆتی دوای ماوه‌یه‌كی كورت له‌ ده‌ستپێكردنی یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ هه‌واڵێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو ده‌بێت به‌تایبه‌ت كه‌ وه‌رزی رابردوو بۆندس لیگای بردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زیاتر بچینه‌ ناو وورده‌كاری هه‌نگاوه‌كانی دوورخستنه‌وه‌كه‌ ئه‌وا دوورخستنه‌وه‌كه‌ی‌ شتێكی پێشبینی كراو بووه‌.
به‌پێی زۆرێك له‌ هه‌واڵی رۆژنامه‌كانی ئه‌ڵمانیا ماوه‌یه‌كه‌ ناو ماڵی یانه‌ باڤاریه‌كه‌ ته‌واو نییه‌و یه‌كێك له‌ دیارترین هۆكاره‌كانیش كارلۆ ئه‌نچیلۆتیه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌كانی یانه‌كه‌و ئیداره‌ی یانه‌كه‌ش تێكچووه‌، بۆیه‌ به‌دوای هه‌لێكدا ده‌گه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌ی‌ دووری بخه‌نه‌وه‌،  شكسته‌كه‌ی‌ به‌رامبه‌ر پاریس سان جێرمانیش 0-3 باشترین هه‌ل بوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.
ئۆلی هۆنێسی سه‌رۆكی ئه‌م یانه‌یه‌ هه‌ر له‌یه‌كه‌م كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی دوای دوورخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌نچیلۆتی دانی به‌و راستیه‌دا ناو وتی: دوورخستنه‌وه‌ی‌ راهێنه‌ر به‌هۆی ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی یانه‌كه‌وه‌ بووه‌، ئه‌چنیلۆتی 5 ئه‌ستێره‌ی له‌ ژووری خۆگۆڕین له‌ده‌ستداوه‌، بۆیه‌ نه‌ده‌كرا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌رده‌وام بێت، پێویسته‌ راهێنه‌ر یاریزانه‌كانی له‌ده‌ست نه‌دات، بۆیه‌ ئه‌م بڕیاره‌ماندا.
وتیشی: هه‌میشه‌ ده‌ڵێم گه‌وره‌ترین مه‌ترسی ئه‌وه‌یه‌ دوژمنه‌كان له‌ ژووره‌كه‌تدا بن، بۆیه‌ ئێمه‌ بڕیارماندا به‌ زوویی ئه‌و مه‌ترسیه‌ نه‌هێڵین.
هه‌رچه‌نده‌ ئۆلی هۆنێس ناوی ئه‌و 5 یاریزانه‌ی‌ ئاشكرا نه‌كردووه‌، به‌ڵام رۆژنامه‌ی‌ بێڵد بڵاویكردۆته‌وه‌ ئه‌و 5 یاریزانه‌ بریتین له‌ (فرانك ریبیری و ئارین رۆبن و جیرۆم بواتینگ و ماتس هۆمێڵز و تۆماس مۆله‌ر).
ئه‌گه‌ر سه‌یری یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی‌ بایرن مونشنیش بكه‌یت ئه‌وا به‌ ئاسانی هه‌ست به‌ بوونی كێشه‌ ده‌كه‌یت به‌ جۆرێك له‌ زۆرێك له‌ یارییه‌كاندا ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌ك دانیشتون.
بۆ له‌ ئێستادا
بایرن مونشن یانه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رانه‌هاتووه‌ له‌ سه‌ره‌تا یاخود له‌ ناوه‌ڕاستی وه‌رزدا راهێنه‌ر دووربخاته‌وه‌، به‌ڵام دوورخستنه‌وه‌ی‌ راهێنه‌رێك دوای 6 هه‌فته‌ له‌ده‌ستپێكردنی بۆندس لیگا شتێكی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ به‌تایبه‌ت كه‌ یانه‌كه‌ له‌كۆی 6 یاریی 4 یاری بردۆته‌وه‌.
با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ هاوینی ئه‌مساڵ كه‌ یانه‌كان خۆیان بۆ وه‌رزی نوێ ئاماده‌ ده‌كرد، بایرن به‌ ئاستێكی وا خراپ ده‌ركه‌وت كه‌ ئیداره‌ی یانه‌كه‌ بووه‌ جێگه‌ی‌ ره‌خنه‌ی‌ هانده‌رانی یانه‌كه‌ به‌تایبه‌تی هانده‌ران چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان ده‌كرد ئیداره‌ی یانه‌كه‌ له‌ میركاتۆدا چالاك بێت و ریزه‌كانی یانه‌كه‌ به‌هێز بكات.
بایرن دوای كۆتایی هاتنی وه‌رزی رابردوو و وازهێنانی فیلیپ لام و چابی ئه‌لۆنسۆ واده‌ركه‌وت پێویستی به‌ گۆڕانكاری گه‌وره‌ بێت، به‌ڵام یانه‌كه‌ ته‌نیا 3 یاریزانی هێنایه‌ ریزه‌كانی و شوێنی لام و ئه‌لۆنسۆی پڕ نه‌كرده‌وه‌، ته‌نانه‌ت بیری له‌وه‌ نه‌كرده‌وه‌ جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ فرانك ریبیری و ئارین رۆبن بدۆزێته‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌رو 30 ساڵه‌وه‌یه‌.
یه‌كێكی تر له‌ چه‌كه‌كانی بایرن پشت به‌ستن بووه‌ به‌ هێنانی یاریزان به‌شێوه‌ی خواستن، ئه‌مه‌ش زیاتر هانده‌رانی توڕه‌كرد به‌ جۆرێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌ڵمانیاش ره‌خنه‌ له‌ یانه‌ باڤاریه‌كه‌ گیرا، مارتن ساموێلی نوسه‌ری به‌ناوبانگی ئینگلیزی له‌ راپۆرتێكدا باسی له‌وه‌ كردووه‌ یانه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌دیداس و سیمینز و تیلیكۆم و ئاودی یارمه‌تی بدرێت و یاریگاكه‌ی‌ ئه‌لیانز ئه‌رینا بێت چۆن ده‌كرێت له‌ میركاتۆدا به‌و لاوازیه‌ ده‌ربكه‌وێت.
بۆیه‌ ده‌كرێت بوترێت شكسته‌كانی بایرن ته‌نیا له‌ ئه‌ستۆی كارلۆ ئه‌نچیلۆتی نییه‌، به‌ڵكو له‌ ئه‌ستۆی ئیداره‌ی یانه‌كه‌شه‌ كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ پێویستییه‌كانی یانه‌كه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌.
به‌ڵام كاری كارلۆ ئه‌نچیلۆتی به‌ده‌ر له‌ شكستی ئیداره‌ی بایرن به‌ كارێكی سه‌ركه‌وتوو دانانرێت و رافائێل هۆنگستینی رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانیش هۆكاری ئه‌مه‌ رون ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ به‌راوردكردنی كاری ئه‌و راهێنه‌ره‌ له‌گه‌ڵ پیپ گواردیۆلا كه‌ پێش ئه‌و راهێنه‌ری بایرن بووه‌.
ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات: له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا گومان له‌لایه‌ن یاریزانان و ئیداره‌ی بایرن مونشنه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نچیلۆتی دروست بووه‌، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاندنه‌كان باسیان لێوه‌ نه‌كردوه‌.
راهێنانی بایرن مونشن له‌ وه‌رزی نوێدا ساردیه‌كی سه‌یری پێوه‌ دیاری بووه‌ به‌جۆرێك یاریزانان ته‌نیا رایانكردووه‌و دواتر 11 به‌رامبه‌ر به‌ 11 یارییان كردوه‌، ئه‌مه‌ ماوه‌یه‌كه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ ئاستی یانه‌كه‌ دابه‌زیوه‌، ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجیشه‌ ئه‌نچیلۆتی هه‌وڵی نه‌داوه‌ كێشه‌ ته‌كتیكیه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌مه‌ش یاریزانانی توشی سه‌رسوڕمان كردووه‌.
دوای 3 ساڵ كاركردن له‌گه‌ڵ پیپ گواردیۆلا كه‌ یاریزانان له‌ راهێنان ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ده‌ست سه‌ر ئێشه‌وه‌ ده‌یانناڵاند، ئه‌مه‌ش به‌هۆی زۆری كاری ته‌كتیكی له‌لایه‌ن پیپ گواردیۆلاوه‌ كه‌ هه‌موو ده‌قیقه‌یه‌ك زانیاری داوه‌ به‌ یاریزانان، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار ئه‌ستێره‌كانی یانه‌كه‌ بێزاربوون، به‌ڵام زۆرینه‌ی‌ یاریزانان به‌مه‌ قایل بوون.
یه‌كێك له‌ ئه‌ستێره‌كانی بایرن باسی له‌سه‌رده‌می پیپ كردووه‌و ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ پیپ باشتر بووم، به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز ئێستا تۆپی پێ ئه‌بینم، ئێستا گرنگی زیاتر به‌ بۆشاییه‌كانی ناو یاریگا ده‌ده‌م ئه‌مه‌ زۆر قورسه‌.
له‌سه‌ده‌می پیپ هه‌موو یاریزانانی بایرن ده‌جوڵان و شوێنی خۆیان ده‌زانی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی ئه‌نچیلۆتی ئه‌مه‌ كۆتایی هاتووه‌، راسته‌ ئه‌و راهێنه‌رێكه‌ كه‌ شێوازه‌كه‌یان له‌یه‌ك جیاوازه‌، به‌ڵام ئه‌و خۆی ماندو ناكات و له‌كاتی راهێنان كاری زۆر ناكات.
ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ كه‌ ئه‌زمونی زۆری له‌ تۆپی پێی ئه‌ڵمانیا هه‌یه‌ باس له‌ پیپ گواردیۆلا ده‌كات ده‌ڵێت: مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵی ئاسان نییه‌، ئه‌و باشتر له‌هه‌مووان له‌ تۆپی پێ ده‌گات، یاریزانانی بایرن پێیان راگه‌یاندوم كه‌ پیپ گرنگترین راهێنه‌ربووه‌ له‌ ژیانیاندا له‌رووی ته‌كتیكی و پلان دانانه‌وه‌ قسه‌ی بۆ كردون.
به‌ڵام ئیداره‌ی بایرن دوای كۆتایی كاره‌كانی پیپ وایان بینیوه‌ ئه‌نچیلۆتی ده‌توانێت ناو ماڵی بایرن هێمن بكاته‌وه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ یاریگاش یاریزانان كۆبكاته‌وه‌، بۆیه‌ پێیان وابووه‌ بایرن ئاسوده‌ تر ده‌رده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تی كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌ستێره‌كانی یانه‌كه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی پیپ ئه‌زمونیان په‌یدا كردبوو تا روبه‌ڕوی دۆخه‌ قورسه‌كان ببنه‌وه‌.
به‌ڵام هاوكێشه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوو كه‌ ئیداره‌ی یانه‌كه‌ ده‌یویست ئه‌وه‌تا بایرن به‌ خراپی ده‌رده‌كه‌وێت و راهێنه‌ریش هۆكاری سه‌ره‌كیه‌.
ئه‌وه‌تا ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات یاریزانێك چووه‌ته‌ به‌رده‌م ئیداره‌ی یانه‌كه‌و بێزاری خۆی له‌به‌رده‌م ته‌مه‌ڵی راهێنه‌ر ده‌ربڕیوه‌ به‌تایبه‌ت هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك پشویان پێده‌دات ئه‌مه‌ش به‌سوودی یانه‌كه‌ نییه‌.
رافائێل له‌ كۆتایی راپۆرته‌كه‌ی‌دا باسی له‌وه‌ كردووه‌ یه‌كێك له‌ ئیدارییه‌كانی ریاڵ مه‌درید به‌ ئیداره‌ی بایرنی راگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌نچیلۆتی زۆر شت ناكات و ئاستی یاریزانان پێش ناخات و دوای ماوه‌یه‌كیش له‌كاركردن له‌گه‌ڵی هه‌ست به‌ بێزاری ده‌كه‌ن و دووری ده‌خه‌نه‌وه‌.

جێگره‌وه‌ی‌ دیاری ده‌كرێت
بایرن مونشن به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ویسلی ساگنۆلی یاریزانی پێشووی یانه‌كه‌ی‌ كردوه‌ به‌ جێگره‌وه‌ی‌ كارلۆ ئه‌نچیلۆتی، به‌ڵام ئۆلی هۆنیسی سه‌رۆكی یانه‌كه‌ رایگه‌یاندوه‌ ئیداره‌ی یانه‌كه‌ له‌ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌دا ئه‌و بۆشاییه‌ی‌ ئه‌نچیلۆتی دروستی كردوه‌ پڕده‌كاته‌وه‌.
هۆنیس راشیگه‌یاندووه‌ دوای كۆتایی هاتنی یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر هێرتابه‌رلین دوو هه‌فته‌ یارییه‌كان به‌هۆی پاڵاوتنی مۆندیاله‌وه‌ ده‌وه‌ستێت و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌و ماوه‌یه‌دا راهێنه‌رێك بكه‌ن به‌ جێگره‌وه‌ی‌ ئه‌نچیلۆتی.
به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵیش چه‌ند راهێنه‌رێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ پالێوراون دیارترینیان تۆماس تۆخیلی راهێنه‌ری پێشووی بروسیا دۆرتمۆند و جولیان ناگلسمانی راهێنه‌ری ئێستای هۆفنهایمه‌ كه‌ ته‌مه‌نی 30 ساڵه‌ و ته‌نانه‌ت باس له‌ ویس ئه‌نریكی راهێنه‌ری پێشووی بارسیلۆناش كراوه‌.

ئه‌نچیلۆتی مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر چه‌ند راهێنه‌رێك 
هه‌مووان كارلۆ ئه‌نچیلۆتی ده‌ناسین كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ راهێنه‌ره‌ دیاره‌كانی تۆپی پێ و چه‌ندین سه‌روه‌ریی بۆ یانه‌كان نووسیوه‌ته‌وه‌و پێشتر توانیویه‌تی نازناوی پاڵه‌وانیخوله‌كانی  ئینگلته‌را و ئیتاڵیا و و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و ته‌نانه‌ت چامیۆنس لیگیش بباته‌وه‌.
بۆیه‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و راهێنه‌ره‌ و بێ ئیشبوونی ئه‌و راهێنه‌ره‌ هه‌واڵێكی ناخۆشه‌ بۆ زۆرێك له‌ راهێنه‌ران كه‌ مه‌ترسی دوورخستنه‌وه‌یان له‌ پۆسته‌كانیان زیاتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بوونی جێگره‌وه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ئه‌نچیلۆتی.
له‌پاڵ ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌نچیلۆتی ئه‌زمونی زۆری له‌ خوله‌كانی ئه‌وروپا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كانی دیارترین خوله‌كانی ئه‌وروپا كاری كردووه‌، بۆیه‌ شتێكی ئاساییه‌ یانه‌كان بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كاری له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
رۆژنامه‌كانی ئینگلته‌را باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هانده‌رانی وێستهام دڵخۆشن به‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌نچیلۆتی، چونكه‌ ئه‌وان ماوه‌یه‌كی زۆره‌ داوا ده‌كه‌ن بیلیچی راهێنه‌ری یانه‌كه‌یان دوور بخرێته‌وه‌و له‌ شوێنی ئه‌و ئه‌نچیلۆتی دیاری بكرێت.
هه‌ر له‌ ئینگلته‌را یانه‌ی‌ ئێڤه‌رتۆن ره‌نگه‌ هه‌وڵه‌كانی بخاته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نچیلۆتی بكات به‌ راهێنه‌ری یانه‌كه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی رۆناڵد كۆمانی راهێنه‌ر ئاستی یانه‌كه‌ وه‌كو پێویست نییه‌.
هه‌ر له‌گه‌ڵ دوورخستنه‌وه‌شی له‌ بایرن ناوی ئه‌نچیلۆتی به‌ یانه‌ی‌ ئه‌ی سی میلانه‌وه‌ به‌سترایه‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌ دوو كاتی جیاوازدا كاری له‌گه‌ڵدا كردون، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ میلانی نوێ به‌سه‌ركردایه‌تی چینییه‌كان و دوای خه‌رجكردنی پاره‌یه‌كی زۆر له‌ میركاتۆی هاوینه‌دا ئاستی یانه‌كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی مۆنتێلای راهێنه‌ر وه‌كو پێویست نییه‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ میلان بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ بۆ جاری سێیه‌م ئه‌نچیلۆتی بكاته‌وه‌ به‌ راهێنه‌ر.
راهێنه‌رایه‌تی كردنی هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئیتاڵیاش بژارده‌یه‌كی تره‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نچیلۆتیدا كه‌ ئێستا هه‌ڵبژارده‌كه‌ بێ هیوا بووه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بگاته‌ مۆندیال، بۆیه‌ ره‌نگه‌ یه‌كێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ به‌سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونی ئه‌نچیلۆتی هه‌ڵبژارده‌كه‌ له‌ رێگه‌ی‌ پاشكۆوه‌ بگه‌یه‌نێته‌ مۆندیالی روسیا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP